شەفافییەتی كارو چارەسەركردنی گەندەڵی

شەفافییەتی كارو چارەسەركردنی گەندەڵی
گەندەڵی دیاردەیەكی نوێ نییە و مێژوویەكی كۆنی هەیەو لەناو هەموو كومەڵگەو حكومەتێكدا بوونی هەیە، بەڵام لەناو هەر حكومەتێك یاخود كومەڵگەیەكدا ئەم دیاردەیە بە شێواز و رێژەی جیاواز تەشەنەی كردووە، هەرێمی كوردستان بە حوكمی ئەوەی دەیان ساڵ لە ژێر حوكمڕانی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقدا بووە، پارتە سیاسییەكانی عێراق بەتایبەت حزبی بەعس خاوەنی ئەزموون و مێژوویەكی قێزەوەن بوو لە جینۆسایدكردن و وێرانكردنی گوند و شارۆچكەكانی هەرێمەكە، بۆیە وێڕای پەیڕەوكردنی سیاسەتی شۆڤێنی و لەناوبردنی گەلی كوردستان، گەندەڵی بڵاوكردەوە بەهەموو عێراقدا. هەرێمی كوردستانیش لەو سیاسەتە فاشیلە بێبەش نەبوو، چونكە لەسەردەمی رژێمی بەعس دا عێراق بووە ململانێی سێ جەنگی نێودەوڵەتی و شەڕی بەردەوامیشی دژی كورد هەڵگیرساند، ئەمانە هەمووی شوێنەواری لەسەر بوارە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكەی كوردستان و دانیشتوانەكەی بەجێهێشت، یەكێك لەو شوێنەوارانەش كەوتنەوەی گەندەڵی بوو كەوەكو كولتوورێكی لێهاتووە، ئێستا لە كوردستان كەموكورتی بەرچاو دەكەوێت و بوونی ئەم كەموكورتییانەش گرفت و كێشەی لێكەوتۆتەوەو ئینكار ناكرێت، بەڵام پێموایە دیاردەكەو مەترسییەكانی بەو شێوە گەورەو پڕ مەترسییەش نییە كە لە میدیاكان باسی لێوە دەكرێت، زۆرجار بۆمەبەستی تایبەتی زیادەڕەویی دەكرێت لە نیشاندانی گەندەڵییەكی سەرتاسەری و فراوان بە راددەیەك زۆر میدیا گەندەڵییەكە وانیشاندەدات كە ئیتر چارەسەركردنی زەحمەتە، گەندەڵی پەتایەكی زۆر خراپە، سەرجەم وڵات و هەرێمەكانی دنیا كاتێك بەرەو پرۆسەی بە دامەزراوەییكردن چوون و هەنگاویان بۆ وەبەرهێنان و بەتایبەتكردن و فراوانكردنی پێگەی كەرتی تایبەت ناوە، رووبەڕووی ئەم گەندەڵییە بوونەتەوە، چونكە لەو قۆناغانەدا دیاردەكە فراوانتر و گەورەتر بووە. كوردستان یەكێكە لەو هەرێمانەی كە تازە هەنگاو بەرەو گەشەكردن دەنێت، زۆر ئاساییە تووشی ئەم دیاردەیە بێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە ببێتە مایەی مەترسی لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی.
با هەموو لایەنە سیاسی و ناوەندە ئابوورییەكان پێكەوە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی گەندەڵی بدەین، چارەسەركردنی ئەم كێشەیە ماوەی دەوێت و بە شەو و رۆژێك كێشەی گەندەڵی چارەسەر ناكرێت، دەبێت كێشەكە لە رەگ و ریشەوە چارەسەر بكرێت، ئێمە پێویستمان بە دۆزێنەوەی سیستەمێكە كە لە سەرەتاوە بناغەی پتەو دامەزرێنێت بۆ شێوازی نوێی كاركردن كە لەگەڵ جیهانی عەولەمە بگونجێت، بەمشێوەیە دۆزینەوەی شێوازی هاوچەرخانە بۆ دروستبوونی شەفافییەت لەكاركردن سەرەتای هەنگاونانە بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی، سزادانی تاك و ناوزڕاندن لەمیدیاكانەوە چارەسەر نییە كە ئێستا لە میدیاكان بانگەواز بۆ ئەم هەڵوێستە دەكرێت، ئەمە شێوازی مامەڵەكردنی سەرەتاییەو كاریگەری بەهێزی نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە..
ئەم بۆچوون و تێڕوانینەی من ئەوە ناگەیەنێت لە كرداری ناگونجاو بێ دەنگ بین، بەڵكو دەبێت حكومەت پەیامی خۆی بۆ چارەسەركردنی ئەم دیاردەیە بەشێوەیەكی زانستی و لۆژیكی بگەیەنێت و سوود لە ئەزموونی هەندێ وڵاتی پێشكەوتوو وەربگرێت كە پێشتر تووشی ئەم كێشەیە بوون بەشێوەیەكی فراوان و هەنگاویان بۆ كەمكردنەوەی ناوە.
ئیمارات یەكێك بووە لەو وڵاتانەی هەوڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە داوە، بۆ ئەم مەبەستە سیستەمێكی پێشكەوتووی كارگێڕی و گرێبەستی پتەو و بەهێزی دامەزراندووە، چەندین كۆمپانیای لەوڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا هێناوە تاوەكو رێگە نیشاندەر بن بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەندەڵی، یەكێك لەو هەنگاوانەی كاریگەری هەبووە لەسەر كەمكردنەوەی كێشەی گەندەڵی، كردنەوەی خولی مەشق و راهێنانە بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت و پتەوكردنی بناغەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، بنیاتنانی تواناكان.
لەلایەكی ترەوە هەموو مامەڵەیەكی هاووڵاتی لەو وڵاتەدا دەبێت بەسیستەمی كۆمپیوتەری تێپەڕ بێت. پێموایە جەنابی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكابینەی پێنجەمەوە دەستی كردووە بەهەنگاونان بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، زۆر پێویستە هەركەسەو لەلایەن خۆیەوە بەپێی تواناو كار و رۆڵی لەچارەسەركردنی كێشەكە هەبێت..بەتایبەتی لەبوونی شەفافییەت لەكاركردندا، ناكرێت دیاردەكە بەشێوەیەك زەق بكرێتەوە كە هەموو كەس و لایەنێك بگرێتەوە، چونكە ئەو كاتە چارەسەركردن زۆر زەحمەت دەبێت و چارەسەركردنی كێشەكە دەبێتە تەنیا رەخنەگرتن و تانەو ناوزڕاندن و وروژاندنی بابەتەكە بێئەوەی هەوڵی چارەسەركردنی بۆ بدەین.

* نوێنەری حكومەتی هەرێمی
كوردستان بۆ كاروباری بازرگانی لە ئیمارات
Top