كوَنفرانسه‌كه‌ی خانه‌ی حیكمه‌ت و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك..

كوَنفرانسه‌كه‌ی خانه‌ی حیكمه‌ت و هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك..
به‌مه‌به‌ستی سه‌ر رِێگاخستنی وتووێژو گفتوگوَ له‌گه‌ڵ روَشنبیرو سیاسه‌تمه‌دارو یاساناس و بیریارانی فكردا، روَژانی شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 26-27/6/2010 له‌لایه‌ن (خانه‌ی حیكمه‌ت)ه‌وه‌ كوَنفراسی(حیزب - حكومه‌ت - عه‌قلاَنییه‌ت) له‌ته‌لاری هونه‌ری شاری سلێمانی سازدرا، له‌ 13 سیمناردا گفتوگوَو دانیشتن بوَ چه‌ندین شروَڤه‌وانی توركی و هه‌نگاری و ئه‌ڵمانی و ئێرانی و لوبنانی و كوردی رێكخران، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له‌م كوَنفرانسه‌ دوَزینه‌وه‌ی میكانیزمه‌كان بوو بوَ جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَته‌كان. سێ جوَر ده‌سته‌بژێر بانگهێشتكرابوون كه‌ پێكهاتبوون له‌ توێژه‌ سیاسی و ئه‌كادیمی و روَشنبیرییه‌كان ، له‌ سیمناره‌كاندا ئازادانه‌ مینبه‌رو سه‌كوَ بوَ ئه‌و سێ توێژه‌ ته‌رخانكراو ده‌روازه‌ی چه‌ندین پرسیارو ئاریشه‌ خرانه‌سه‌ر پشت. به‌و ئامانجه‌ی ده‌نگوَی ناوسیمناره‌كان بگاته‌ ناوه‌نده‌كانی برِیارو چاره‌سه‌ری ریشه‌هێن بوَ گرفتی تێكه‌ڵكردنی حیزب و حكومه‌ت بدوَزرێنه‌وه‌، ته‌وه‌ره‌ فیكرییه‌كانی سمیناره‌كان له‌م بابه‌تانه‌دا كوَده‌بوونه‌وه‌ ( روَڵ و شوێنی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ سیسته‌می دیموكراتیدا، ده‌ستوورگه‌رایی، نوێكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌لاَت ، هاوولاَتیبوون ، قه‌یرانی پارت له‌ رووی كوَمه‌لاَیه‌تی و بونیادییه‌وه‌ ، روَڵی زانكوَ له‌سه‌ر برِیاری سیاسی ، دانانی میتوَد بوَ ئیشكالییه‌تی جیاكردنه‌وه‌ی داموده‌زگا حیزبیه‌كان له‌سیسته‌می ئیداری ده‌وڵه‌ت ....تاد ) جیاكردنه‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی حیزب له‌ پێكهاته‌ حكومییه‌كان گرفتێكی سه‌رتاپاگیری كوَمه‌ڵگا خوَرهه‌لاَتییه‌كانه‌ به‌ كوردستانیشه‌وه‌، ئه‌م سمینارانه‌ له‌ باكگراوه‌ندی روَشنبیری كوردیدا بابه‌تی كاریگه‌رن و جه‌ماوه‌ری كوردستان هوَشیارییان له‌باره‌یانه‌وه‌ لاوازه‌، روون و ئاشكرایه‌ سه‌رده‌مانێك حیزبی به‌عس به‌ناعه‌قلاَنی و ده‌سه‌لاَتێكی ره‌هاوه‌ له‌م نیشتمانه‌دا ته‌راتێنی به‌حوكم ده‌كرد ، ئینجا له‌ رووی سایكوَ ــ سوَسیوَلوَژیكه‌وه‌ حزبی كوردی و كوردستانی خه‌ڵكان و لایه‌نگرانی خوَیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ راده‌هێنا چوَن به‌سه‌ر زات و ناخی خوَیاندا بكرێنه‌وه‌ ، هاوكات فێریان ده‌كردن به‌چ شێوازێك ئینتما بوَ نیشتمانێك بكه‌ن كه‌ كوردستانه‌ ، هه‌روه‌ها به‌چ ئامرازێك ده‌ست و به‌نچه‌ی خه‌ڵك نه‌رم بكرێت تا ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كان به‌رووی ئازادی و دیموكراتیدا بكرێنه‌وه‌ به‌لاَم كاتێك له‌ پێكهاته‌ی هه‌ره‌میانه‌و وه‌زیفه‌ی ئیدیوَڵوَژیانه‌ی حیزبه‌كانمان ده‌رِوانی تووشی سه‌رسامی ده‌بووین له‌وه‌ی ده‌مانبینی حزبیش وه‌ك هه‌ر شووشه‌یه‌ك قابیل به‌ شكانه‌ ، وه‌ك هه‌ر كوَشكێكی لمین قابیل به‌دارِمانه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا گه‌ر بێتوو ستراكتوَری حزب بكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ره‌خنه‌ی فیكری و ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی ،چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌و بازنانه‌ بنكه‌ی هه‌رِه‌مه‌كه‌ پرِ له‌ ده‌روێشی نابینا ده‌بێت بوَ جێبه‌جێكردنی ئیلتیزاماتێكی دیاریكراو له‌ خه‌بات و تێكوَشان په‌یرِه‌وو پروَگرام و به‌رنامه‌كانیشی تا ئه‌و ئاسته‌ موقه‌ده‌س ده‌بن كه‌ حزب نه‌خشه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی پێ نه‌مێنێته‌وه‌ بوَ دارِژتنه‌وه‌ی چه‌مكه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌و چه‌مكانه‌ی كه‌ گرفته‌ روَحی و مادییه‌كانی مروَڤایه‌تی جیهانی پێ ته‌فسیرو ته‌ئویل ده‌كرێت.

واته‌ دووركه‌وتنه‌وه‌و نه‌بوونی فیكری ره‌خنه‌یی و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ناو پێگه‌ حزبییه‌كاندا رِێگا خوَشكه‌ر ده‌بن بوَ دروستبوونی بزووتنه‌وه‌و سه‌ركرده‌ی نیوپوَپوَلیستی له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵی حزبه‌كانه‌وه‌ ، ئه‌مانیش به‌روَڵی سلبییانه‌ی خوَیان هه‌موو سیسته‌می دیموكراتی نیشتمان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسی ته‌واو له‌ ناوچوون و وه‌ك بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك ترس و نائومێدی به‌سه‌ر شه‌قامدا بلاَو ده‌كه‌نه‌وه‌، مه‌ترسی ئه‌م نیوپوَپوَلیستانه‌ له‌ مه‌ترسی نه‌مانی مه‌سافه‌ی نێوان ئایین و حزب زیاتره‌، كه‌دواجار ئایین ده‌بێته‌ ته‌نیا پۆلیسی فریاكه‌وتن و حزبیش فریادره‌سی هه‌مووان و لێره‌وه‌ ئیشكالیه‌ته‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن ، بوَ هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌راو گرژی و ناكوَكییانه‌ی پوَپوَلیسته‌ كوردییه‌كان له‌ دژی حكومه‌ت و حزب له‌شه‌قامدا گیرسانویانه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاشكراو دیاره‌ بوَ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی چه‌ند كه‌سێكی كۆنه‌ حزبییه‌ تا بۆ راماڵینی چه‌مكه‌ دیموكراتییه‌كان بێنه‌وه‌ ، پێویسته‌ له‌سه‌ر حزب و كادیرانی حكومی و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان هه‌نجه‌تیان ببرِن ئه‌مه‌ش به‌ چاره‌كردنی گرفته‌كانی گه‌نده‌ڵی و مشه‌خوَری ناوخۆیی ، له‌مجوَره‌ كوَنفرانس و سمینارانه‌شدا چاره‌سه‌رێك بوَ ئه‌و جه‌نگه‌ سارده‌ دابنێن كه‌ كه‌وتوَته‌ نێوان خوَیان و پوَپوَلیسته‌كانه‌وه‌و باشترین رِێگاش دیالۆگ و گفتوگوَیه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا تا زیاتر هه‌موو لایه‌ك به‌ شێوازه‌كانی دیموكراتییه‌ت ئاشنا ببنه‌وه‌ .
Top