عێراق نابێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و بەم مۆدێلەی ئێستاش بەردەوامی نابێت بڕیارەكەی 7ی ئایاری سەرۆك بایدن زەمینە بۆ دابەشكردنی نەرم خۆش دەكات

عێراق نابێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و بەم مۆدێلەی ئێستاش بەردەوامی نابێت  بڕیارەكەی 7ی ئایاری سەرۆك بایدن زەمینە بۆ دابەشكردنی نەرم خۆش دەكات
لیسلی. ئێچ . گلب (1937-2019)، كە تا ئەو رۆژەی كۆچی دوایی كرد، سەرۆكی فەخریی ئامۆژگای ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەمریكا بوو، ساڵی 2006 لە بری وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی كە «گۆڤاری گوڵان» سەبارەت بە ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لێی كردبوو، نامەیەكی بۆ بەڕێوەبەری نووسینی ئەو كاتی گۆڤارەكە ناردبووەوە، تیایدا نووسیبووی: «عێراق وەك دەوڵەتێكی سەنتڕاڵی جارێكی دیكە بەڕێوەناچێت و بەردەوامیش نابێت. ئەگەر ئەم مۆدێلە فەرز بكرێتەوە بە بیانووی (دەوڵەتێكی بەهێز) ئەوا بێجگە لە ناسەقامگیری و ئاژاوە هیچ بەرهەمێكی دیكەی نابێت، هەر بۆیە لە دوای ساڵی 2003وە پڕۆژەیەكم ئامادە كردووە بۆ بەفیدڕاڵیزەكردنی عێراق و ماوەی سێ ساڵە (2003-2006) هەوڵمداوە لە كۆنگریس و سەنات پشتیوانی بۆ پەیدا بكەم، بەڵام لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا تەنیا توانیومە جۆزیف بایدن (سەرۆكی ئێستای ئەمریكا) كە ئەو كات سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بوو لە سەنات، قەناعەتی پێ بكەم. كێشەی سەرەكیی ئێوە وەك گەلی كورد لە عێراقدا ئەوەیە لەناو ناوەندەكانی بڕیاردروستكردن لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لۆبیتان زۆر لاوازە لەچاو نەیارەكانتان، ئەندامانی كۆنگرێس و سەنات، باش دەزانن ئەم پڕۆژەیە بۆ عێراق باشە، بەڵام لەژێر گوشاری لۆبیی سعودیە و توركیا، پشتگیریی پڕۆژەكە ناكەن».
ئاماژەكردنمان بەم نامەیە، بۆ ئەوە بوو دەرگا بۆ دەرخستنی چەند زانیارییەكی دیكە واڵا بكەین:

1- سەرۆك جۆزیف بایدن كە ئەو كات سەرۆكی لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی سەنات بوو، پاش ئەوەی بە پڕۆژەی «فیدڕاڵیزەكردنی عێراق بۆ سێ هەرێم» گەیشتە قەناعەت، پڕۆژەكەی بەرەوپێشەوە بردو ناوی لێنا: «دابەشكردنی نەرم».
2- لە ساڵی 2007، گۆڤاری فۆرین پۆلیسی و رێكخراوی سندووقی ئاشتی كە ساڵانە ئیندێكسی دەوڵەتە شكستخواردووەكان ئامادە دەكەن، راپۆرتێكی دوور و درێژیان بە ناونیشانی «عێراق: لە دەوڵەتێكی شكستخواردووەوە بۆ شەڕی ناوخۆ» ئامادە كردبوو، دوای ئەم راپۆرتە لەسەر پڕۆژەكەی بایدن (دابەشكردنی نەرم)، پڕۆژەیەكی دیكەیان ئامادە كرد بە ناونیشانی: «رێگەی دەربازبوون: یەكێتی دەوڵەتانی عێراق –A Way Out: The Union of Iraqi States».
3- لە میانەی سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لە ئایاری 2015 بۆ كۆشكی سپی و دیداری تایبەتیان لەگەڵ باراك ئۆباما-ی سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا و باسكردنی پرسی سەربەخۆیی كوردستان، سەرۆك ئۆباما بە سەرۆك بارزانی راگەیاندبوو، «من دژی ئەو پرسە نیم، بەڵام پرسی عێراق بەتایبەتی لای جوزیف بایدن-ـە و بە درێژی ئەم پرسە لەگەڵ بایدن باس بكەن». ئەوكات بایدن جێگری سەرۆك ئۆباما بوو، لەمیانەی كۆبوونەوەی نێوان بایدن و سەرۆك بارزانی و باسكردنی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان، بایدن بە سەرۆك بارزانی گوتبوو: «لە تەمەنی خۆم و خۆتدا سەربەخۆیی كوردستان دەبینین».

4- لە 7ی ئایاری 2021، سەرۆك بایدن، بڕیاری لەسەر درێژكردنەوەی بارودۆخی فریاگوزاریی نیشتمانی پەیوەندیدار بە سەقامگیریی عێراق كە لە مارتی 2003 لە سەردەمی ئیدارەی جورج دەبلیو بۆش دەرچووە، جارێكی دی و بۆ ساڵێكی دیكە درێژی كردەوە و، وەك ماڵپەڕی كۆشكی سپی دەقی بڕیارەكەی بڵاوكردووەتەوە، تێیدا هاتووە: «هەتا ئێستاش ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی بونیادنانەوەیەكی سیستماتیكیی عێراق دەبنەوە، وەك گێڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتدا و پاریزگاریكردنی و، پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەكانی عێراق بوونیان هەیە و، ئەو ئاستەنگانەش هەڕەشەیەكی نائاسایین بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش، هەر بۆیە جوزیف بایدن بە پێویستی زانی كە بارودۆخی فریاگوزاریی نیشتمانیی پەیوەندیدار بە سەقامگیریی عێراق بەردەوام بێت و، بە بڕیاری جێبەجێكاری ژمارە 13303 راگەیەندراوە».

دیارە مەبەست لە پێكەوەگریدانەوەی هەوڵەكانی بۆ سەقامگیریی عێراق هەر لە 2003وە هەتا هەینیی رابردوو(7ی ئایاری 2021) بۆ ئەوە بوو، بڵێن، بڕیاری 13303 پەیوەندیدار بە سەقامگیریی عێراق لە 22ی ئایاری 2003 وەك بڕیارێكی تەنفیزی لەلایەن سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش ئیمزا كراوە، بۆیە كاتێك لە 7ی ئایاری 2021، جارێكی دیكە سەرۆك بایدن هەمان بڕیاری تەنفیزی بۆ هەمان پرسی سەقامگیریی عێراق درێژ دەكاتەوە، ئەمە مانای ئەوەیە كە لە تێڕوانینی سەرۆك بایدن-دا، هیچ جیاوازییەك لە نێوان ئایاری 2003 و ئایاری 2021 بۆ سەقامگیری و ئاشتی و ئاسایشی وڵات و هەروەها هەنگاوەكان بۆ دووبارە بونیادنانەوەیەكی سیستماتیك و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەكان لە عێراقدا بوونی نییە.
ئەوجا با ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین و بپرسین: لە ئایاری 2003 پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا چۆن بووە؟ بە چەند خاڵێك وەڵامی دەدەینەوە:

1- لە 9ی نیسانی 2003 هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا رژێمی پێشووی سەدام حوسێنیان رووخاند، بە رووخانی ئەم رژێمە، هەموو دامەزراوەكانی بەشە عەرەبییەكەی عێراق هەر لە دامەزراوەی سیاسی و كارگێڕی و ئابووری و سەربازی لەبەریەك هەڵوەشانەوە و شتێك بە ناوی دەوڵەت لە عێراقدا نەما. هەر بۆیە لە 21ی نیسانی 2003 دەسەڵاتی كاتیی هاوپەیمانان (CPA) بە سەرۆكایەتیی پۆل بریمەر دامەزرا و، دوای مانگێك لە دامەزراندنی ئەم دەسەڵاتە كاتییەی هاوپەیمانان، سەرۆك بوش بڕیاری 13303ی بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و ئاشتی و بونیادنانەوە و پەرەپێدانی دامەزراوەكان دەركرد. پاش دوو مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارە لە تەمموزی 2003 ئەنجومەنی حوكم دامەزرا، ئەم ئەنجومەنە بۆ ماوەی ساڵێك بوو، هەر مانگێك یەكێك لە سەركردە عێراقییەكان سەرۆكایەتی دەكرد. كەواتە درێژكردنەوەی بڕیاری 13303 تایبەت بە سەقامگیریی عێراق، دووبارە پێمان دەڵێت، ئێستا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا هاوشێوەی ئایاری 2003یە، واتە پێش دامەزراندنی ئەنجومەنی حوكم بە دوومانگ.
2- لە ئایاری 2003، كردەوە تیرۆریستییەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی «ئەلقاعیدەی عێراق»، هاوشێوەی كردەوە تیرۆریستییەكانی ئێستای رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە هەڵكشاندا بوو. هەر لەو ساڵەدا توانییان لە دوو كردەوەی تیرۆریستیدا، سیرجیۆ دی میلۆی نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا تیرۆر بكەن، هەروەها لە نەجەفیش محەمەد باقر سەدر، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراقیان تیرۆر كرد، لێرەوە ئەگەر سەرنجی ئاستەنگەكانی بەردەم ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی عێراق بدەین، دەبینین جیا لەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بە هاوشێوەی قاعیدەی 2003 لە هەڵكشاندایە، ئێستا مەترسییەكی دیكەش پەیدا بووە كە هیچی لە مەترسیی داعش كەمتر نییە، ئەویش ئەو گرووپە چەكدارانەن كە حكومەتی عێراق پێی دەڵێت: « لە یاسا دەرچووەكان» .

3- تەواوی دامەزراوە سیاسی و كارگێڕی و ئابووری و سەربازییەكانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی ماوەی 18 ساڵە هەوڵیان لەگەڵ دەدرێت و بە ملیاران دۆلاری تێدا خەرج كراوە، بەڵام لەسەر هەموو ئاستەكانی (سیاسی، كارگێڕی، ئابووری، سەربازی و یاسایی) هیچ دامەزراوەیەكی عێراق لە دامەزراوەكانی «دەوڵەتێكی شكستخواردوو» سەركەوتووتر نین و راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش راشكاوانە ئاماژەیان پێ كردووە.
4- لە ساڵی 2003، دۆڕانی شەڕی عێراق بۆ ئەمریكا، وەك دۆڕانی شەڕی ڤێتنام بەراورد دەكرا، ئەمەش بەو مانایەی دۆڕانی ئەم شەڕە هەیبەتی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان دەهێنێتە خوارەوە و، ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام ئەگەر ئێستا سەرنج بدەین، دەبینین كەسێك سەرۆكی ئەمریكایە كە ناوی «جۆزیف بایدن»ـە و ئەم سەرۆكە كە لە ساڵی 2003 سیناتۆر بووە، دژی شەڕی عێراق بووە، بەڵام ئێستا هەر ئەو كەسە كە سەرۆكە، هەمان هەڵوێست دووبارە دەكاتەوە و لە بڕیارە تەنفیزییەكەیدا هاتووە، ئاستەنگەكانی بەردەم ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا، هەڕەشەیەكی نائاساییە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، ئەمەش دەقاودەق مانای ئەوەیە، چۆن پرسی دۆسێی عێراق بۆ سەرۆك جۆرج دەبلیو بوش پرسی یەكەم بووە، ئێستا بۆ سەرۆك بایدن-یش هەمان پرسە و لەناو ستراتیژیەتی سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، هەمان ئاراستە بەردەوامە كە دەبێت عێراق ببێتە ئەو دەوڵەتەی كە بەهێز و فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی و فرەیی بێت، بە بێ ئەمەش ناسەقامگیری و ئاژاوە بەردەوام دەبێت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاش سەلامەت نابن.

ئەوەی لە بن دێڕی 100 رۆژەی سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە شێوازی بەڕێوەبردنی كێشە جیهانییەكان دەخوێندرێتەوە، ئەوەیە كە بایدن و تیمەكەی بە پیادەكردنی سیاسەتێكی نەرم مامەڵە لەگەڵ كێشە جیهانیەكان دەكەن و، بە لۆژیكانە بڕیار دەدەن، بەتایبەتیش لەو پرسانەی كە پەیوەستن بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی و، ئەو پرسانەی تایبەتن بە كێشەی دەوڵەتانی كەنداو، ئێران، ئیسرائیل، سووریا و عێراق بە شێوەیەكی تایبەتی، دەبینین ئاراستەی سیاسەتی ئەمریكا نەرمە و هەڵەشەیی پێوە دیار نییە، بەڵام بڕیار و هەنگاوەكانیان لۆژیكانەیە و بایدن دەیەوێت بیسەلمێنێت ئەزموونی 50 ساڵەی كاری دیپلۆماتی ئاراستەی ئیدارەكەی بەرەو سەركەوتنی گەورە دەبات.
لەم راستەوە كە بە وردی سەرنج لە سیاسەتی ئەمریكا بەتایبەتی بەرامبەر عێراق دەدەین، راستە سیاسەتەكانی نەرم و لەسەرخۆن، بەڵام كاتێك لەسەر زاری كینس ماكنز-ی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، ئەوە رادەگەیەنرێت، هیزەكانیان لە عێراق ناكشێنەوە و، وەزیری بەرگری جەخت لەوە دەكاتەوە لە كاتی گونجاودا وەڵامیان بۆ گرووپە «چەكدارە لە یاسا دەرچووەكان» دەبێت و، بەردەوام دەبن بۆ هاریكاریی عێراق لە شەڕی دژی داعش و، دوایینیشیان كە خودی سەرۆك بایدن بڕیاری 13303ی تایبەت بە سەقامگیریی عێراق درێژ دەكاتەوە، مانای ئەوەیە زەمینەكە لەبارە بۆ ئەوەی بایدن پڕۆژەكەی ساڵی 2006 زیندوو بكاتەوە و هەنگاو بۆ ئەو بەڵێنە هەڵبگرێت كە لە 2015 بە سەرۆك بارزانی دابوو.
Top