کۆرۆنا بڵاوبوونەوەی(پەتای تەنیایی) پتەوتردەکات

کۆرۆنا بڵاوبوونەوەی(پەتای تەنیایی) پتەوتردەکات
(کاتی ھۆدگسۆن) لە گەشتێکیدا کە بە شاری کێرنیی ویلایەتی مەیسوریی ئەمریکادا دەگەڕێت، ھەست بە ھەندێ دژە ھەستیاریی دەکات، ئەو حەزدەکات خەڵکی دیکە لە دەرەوە ببینێت، چونکە تەرزەکانی ژیانی پێش لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای بیردێنێتەوە، ھۆدگسۆن مامۆستایەو تەمەنی ٤١ ساڵەو دوای ئەوەی ھاوژینەکەی تەڵاقی داوە بە تەنیا دەژی، ئەو دەڵێت: بینینی ئەو خێزانانەی بەختەوەرن و لە دەرەوە دەگەڕێن و یاری دەکەن ھانی دەدات کە لە گێژاوی تەنیاییدا ڕۆبچێت، ئەمە گۆڤاری تایم وەک راپۆرت بڵاوی کردۆتەوە.
ھۆدگسۆن دەشڵێت : (ھەروەک دەزانیت کە بە قەد ئەوەی لە ساڵی رابردوودا سەربەخۆ بووم، ئەوەندەش ھەست دەکەم کە پێویستیم بە کەسێکە شەوان لەگەڵم دابنیشێت). ھەروەھا دووپاتی دەکاتەوە کە جیاوازییەکە لەوەدایە کە پێش بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە کوشندەیە ھەستی کردووە لە بەختەوەرییەکی لە رادەبەدەردا ژیان بەسەر دەبات، چۆن ویستویەتی گەڕاوەو کاتی خۆشی بەسەربردووە و چاوی بە ھاوڕێکانی کەوتووە، بەڵام ئێستا، دوای ئەوەی لە شوقەیەکدا دەرگای داخستووەو بە تەنیا دەژی، ھەست بە بۆشایی و تەنیاییەکی قووڵ و ناخۆش دەکات.
ھۆدگسۆن دەڵێت: (ھەندێ ڕۆژ پێدەکەنم و ھەست دەکەم سەلامەتم، ڕۆژانی دیکەش بەناو ماڵدا دەسووڕێمەوە و لە خۆم دەپرسن تۆ بڵێی ئەمە زۆر بخایەنێت، ئایا دەتوانم لە ڕووی عەقڵ و ھۆشەوە بەرگەی ئەم دۆخە بگرم/ ئایا دەتوانم بۆ چەند مانگێک بە تەنیا بژیم، ڕەنگە ساڵێک؟),
تەنانەت پێش پەتای کۆرۆنا شارەزایانی تەندروستی گشتی نیگەران بوون سەبارەت بەوەی ناوە نابوو(پەتای تەنیایی) لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. ڤایرۆسەکە ئەم کێشەیەی زیاتر ئاڵۆزکردووە، لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی رێگاکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی ئەو تاکانەی لە کەڕەنتینەی ماڵەوەدان سنووردارن تا کاتێکی دیاریکراو، ئەمەش بۆ رێژەی ٣٥.٧ ملیۆن ئەمریکیش کە بە تەنیا دەژین ھەر وایە، ئەمەش مانای وایە کە ھیچ پەیوەیندییەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان کەسەکاندا بە تەواوی بۆ چەند مانگێکی داھاتوو لەئارادایە.
شارەزایان نیگەرانن سەبارەت بە دەرھاویشتەکانی تەندروستیی عەقڵیی ئەم گۆشەگیرییە بەربڵاوە، بەتایبەتیش کە ھیچ خاڵێک نییە کە لەسەری رێککەون تایبەت بەوەی کە ئەو تەنیاییە توندە ببێتە کێشەیەکی درێژخایەن کە ئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە. ھەروەھا کۆمەڵێک پزیشکی نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن و کۆلیجی پزیشکیی زانکۆی ھارڤارد ھۆشیاری دەدەن لەوەی کە ئەو لێک دوورییە جەستەییەو فشاری دەروونییەی ئەو پەتایە لەپاڵ بەرزبوونەوەی فرۆشی چەک، ببێتە ھۆی ھەڵکشانی دیاردەی خۆکوشتن لە وڵاتدا. لە لایەکی دیکەوە ھەندێ لە داکۆکیکارانی تەندروستیی دەروونی گەشبینن کە (کۆڤید ١٩)رەنگە لە ئاییندەدا پەیوەندیی کۆمەڵایەتی زیاتر بگەشێنێتەوە.
پێدەچێت تۆزێک قورس بێت کە لەوە دڵنیا بین ھەستکردن بە تەنیایی ئاستەگێک یان ھۆکارێکی سەرەکی بێت بۆ کەشەیەکی گەورەتری تەندروستی: ئایا کەسێک لەبەر ئەوەی خەمۆکە لە ژیانی کۆمەڵایەتی دووربکەوێتەوە، یان لەبەر ئەوەی تەنیایە تووشی خەمۆکی ببێت ؟ بەھەر حاڵ، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە تەنیایی درێژخایەن پەیوەندیگەلێکی بەرچاوی ھەیە بە کۆمەڵێک کێشەی تەندروستییەوە، لەوانە خەڵەفاوی و خەمۆکی و دڵەڕاوکی و ئازاردانی خود و نەخۆشییەکانی دڵ و بەکارھێنانی ھۆشبەرەکان.
توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی پاڵپشتیی کۆمەڵایەتییان نییە، دەرفەتی کەمتری چاکبوونەوەی تەواویان ھەیە دوای تووشبوون بە نەخۆشییەکی مەترسیدار بە بەراورد بەو کەسانەی پەیوەندیی بەھێزی کۆمەڵایەتییان ھەیە، زۆرجاریش ئەو تەنیاییە لێکەوتی تەندروستی دەبێت وەک ئەوەی کەسەکە رۆژانە ١٥ جگەرە بکێشێت.
لەوەتەی دانیشتوان ناچارکراون لە ماڵ بمێننەوە، سێیەکی ئەمریکییەکان کە بەتەمەن گەورەن دەڵێن لە کاتی ئاسایی زیاتر ھەست بە تەنیایی دەکەن، بەپێی ئەو ڕووماڵەی کۆمپانیای کۆمەڵایەتیی (سۆشیال برو) لە مانگی نیساندا ئەنجامی داوە، ڕاپرسییەکی دیکەش کە ھەر لەو مانگەدا کراوە دەرکەوتووە کە ژمارەکە بەرزترەو دەگاتە رێژەی ٤٧%. بۆیە ئەگەر وێنەی ئاسایی ئەو کەسەی کە بە تەنیا دەژی و تەمەنی گەورەیە یان پیرە بخەینە ڕوو، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو پەتا کوشندەیە جیاوازی ناکات لەنێوان ھیچ تەمەنێک کە ھەست بە تەنیایی بکات.
ڕاپرسییەکەی(سۆشیال برۆ) کە لەسەر ١٢٢٨ کەس کراوەو تەمەنیان لەنێوان ١٨ و ٧٥ ساڵیدان و زۆربەیان لەو وڵاتانە دەژین کە بە ئینگلیزی قسەدەکەن، دەری خستووە کە ٢٠% بە لای کەمەوە لەو تەمەنانە لە کاتی ئاسایی دیکە زیاتر، بەھۆتای پەتای کۆرۆنا، ھەست بە تەنیاییەکی زۆر توند دەکەن، نەوەی ھەزارە لەو توێژە تەمەنییەدا ئەگەری زیاتر ھەیە پێش کۆرۆنا ھەستیان بە تەنیایی کردبێت، ئەمەش روونی دەکاتەوە کە ٣٤%ی ەو نەوەیە کە لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە (ھەمیشەو زۆر جار) بە ھۆی پەتاکە زیاتر بە تەنیا بوونە. ھەروەھا ٢٥% ی ئافرەتان و ٣٠%ی پیاوان ھەستیان بەو تەنیاییە کردووەو کە لە ئەنجامی ڤایرۆسی کۆرۆنا دووچاری بوونە، ئەم تەنیاییەش پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەو کەسە بە تەنیا دەژی یان لەگەڵ خێزانەکەی.
کایترین گلادۆ، کە تەمنی ٤١ ساڵە دوو مانگی رابردووی لە ماڵەکەیدا بەسەر بردووە لە نیو ئۆرلینز لەگەڵ ھازژین و ھەر سێ منداڵە بچووکەکەی، بەڵام دەڵێت کە لە پێشتر زیاتر ھەستی بە تەنیایی نەکردووە، ھەروەھا ئاماژە بەوە دەکات کە ھیچ توانی نییە چاودێریی خۆی بکات، بەڵکو زیاتر خەریکی کاروباری ماڵەوەو وانەگوتنەوە بووە بە منداڵەکانی، ئەو دەشڵێت زیاتر مامەڵەی لەگەڵ ماندووبوون و دڵەڕاوکێدا کردووە بە ھۆی ئەو ڤایرۆسەوە.

سەرچاوە/ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت
و: بەھادین جەلال
Top