سەرەتایەكی نوێ . بەڵام تاڵ و نادیار و ناچاری

سەرەتایەكی نوێ . بەڵام  تاڵ و نادیار و ناچاری
جوانترین خاڵ كە دۆناڵد ترەمپ پێناسەی سیستمە شكستخواردووەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێ دەكات، ئەوەیە كە دەڵێت: هەشت ترلیۆن دۆلارمان لە شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج كردووە و هیچ دەستكەوتێكمان بەدەست نەهێناوە، ئەم قسەیەی ترەمپ راشكاوانە مانای ئەوەیە، چیتر بەو سیستمە كار ناكرێت كە 50ساڵ پێش ئێستا كیسنجەر نەخشەی بۆ كێشاوە.
بەپێی ئەو ئەو هەوڵانەی لیژنە هاوبەشەكانی هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی لە داڕشتنی رەشنووسێك بۆ سیستمێكی تازەی سیاسەتی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داویانە، هەموو هەوڵەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كێشە سەرەكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو ئەو دەوڵەتانەیە كە ئەمریكا وەك هاوپەیمانێكی تەقلیدی خۆی سەیریان دەكات، هۆكاری سەرەكیی ئەو كێشانەش، سیستمی سیاسیی ئەو دەوڵەتانەیە كە ئەمریكا لە ماوەی 50 ساڵی رابردوو هەتا ئێستاش پشتگیرییان دەكات، بۆیە ترەمپ راشكاوانە نەیشاردۆتەوە كە دەبێت پشتگیریی ئەو سیستمە سیاسییانەش كۆتایی پێ بهێندرێت، بە مانایەكی دیكە دەبێت هەیكەلی دەوڵەت سەرلەنوێ رێكبخرێتەوە، ئەمەش دەبێت بە جۆرێك بێت كە هەیكەلی سیاسیی دەوڵەت توانای ئەوەی هەبێت ماف و كەرامەتی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان بپارێزێت و لە هەمانكاتیشدا گەلانی ناو ئەو دەوڵەتە بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە خۆیان بە هاووڵاتی ئەو دەوڵەتە بزانن.
دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ساڵی 2017 و دوای دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی ئەمریكا، هەوڵی دا لە چوارچێوەی راپۆرتەكەی (ئۆلبرایت –هادلی) كێشەی ئیسڕائیل و فەلەستین چارەسەر بكات، دیارە راپۆرتەكەی (ئۆلبرایت- هادلی) بۆ چارەسەری كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر جەخت لەسەر لایەنی ئابووری و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ لاوان و دابینكردنی خزمەتگوزاریی سەرەكی بۆ هاووڵاتیانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بۆیە ترەمپیش لە چوارچێوەی پرۆسەیەكی ئابووریی وەبەرهێنان كە ناوی لێ نا «سەفقەی سەدە» بڕیاری دا، بڕی 30 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە فەلەستین و دەوڵەتانی دراوسێی ئەنجام بدات، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك دەیان هەزار هەلی كار و ئاوەدانكردنەوە دەست پێ دەكات، ئەوا زەمینەی لەبار بۆ پرۆسەی ئاشتی دێتەئاراوە، بەڵام هەر لە راگەیاندنی ئەم رێككەوتنە سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، لەبەر ئەوەی هیچ دەستپێشخەرییەك لەناو سیستمە سیاسییەكەدا سەركەوتوو نابێت.
بۆ ئێستا كە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە دەرگای هەموو ئەگەرە خراپ و مەترسیدارەكان بە روویدا كراوەتەوە، خاڵی ئەرێنی لەناو ئەو بارودۆخە خراپەدا ئەوەیە كە هەردوو لایەنی سەرەكیی كێشەكە (ئەمریكا و ئێران) وێڕای هەڕەشە و خۆگیڤكردنەوە لە یەكتری، بەڵام هیچیان دەرگای گفتگۆیان رەتنەكردۆتەوە، تەنانەت لە بەرەبەیانی رۆژی 3ی 1ی 2020 و تەنیا چەند كاتژمێرێك دوای هێرشەكەی ئەمریكا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە یەكەم كۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری دا كە هەوڵە دیپلۆماسییەكان بخاتەگەڕ و بۆ ئەمەش باڵیۆزی سویسرا بەو حیسابەی چاودێری كاروبارەكانی ئەمریكا لە ئێران دەكات، بانگهێشت كرا بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەوەوە یاداشتنامەیەك ئاراستەی ئەمریكا بكرێت، لە بەرامبەریشدا ئیدارەی ئەمریكا لەسەر زاری ترەمپەوە رایگەیاند كە ئامادەیە بۆ دانوستاندن.
كێشەی سەرەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەمریكا ئەوە نییە كە لایەك دەیەوێت دانوستاندن بكات و ئەوی دیكە رەتی بكاتەوە، بەڵكو كێشەی هەردوولایان ئەوەیە لەكام پێگەوە دەست بە پرۆسەی دانوستاندن بكرێت، هەر بۆیە كاتێك ئەمریكا گوشارەكانی خۆی چڕدەكاتەوە بۆ ئەوەی ئێران پەلكێشی سەر مێزی دانوستاندن بكات، لەبەرامبەریشدا كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، هێرشەكانی خۆی بۆ سەر بەرژەوەندی و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بە رێگەی گرووپە چەكدارەكانی وەك حزبوڵا و حەشدی شەعبی و حوسییەكانی یەمەن چڕتر كردۆتەوە، كە لە هەموویان گرنگتر هێرشی حوسییەكانی بوو لە مانگی ئەیلوولی ساڵی پار بۆ سەر دامەزراوە پەتڕۆڵییەكانی ئارامكۆ لە ریازی پایتەختی سعودیە، ئەم ئاراستەیە لە هەردوو لاوە رووی لە هەڵكشان بوو، هەتا گەیشتە ئەوەی گرووپێكی حەشدی شەعبی لە یەك دوو هەفتەی رابردوو هێرش بكاتە سەر سەربازگەی ئەمریكی لە كەیوان، لە بەرامبەریشدا هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا چەند گەنجینەیەكی چەكی گرووپەكانی حزبوڵای عێراقیان بۆردومان كرد، لەدوای ئەمیش حەشدی شەعبی هەڵیكوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، دوایین كاردانەوەی ئەمریكاش ئەو هێرشە بوو كە كردیە سەر كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی سەرۆكی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و جێگری دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق. كە ئەمەش لوتكەی ئەو هەڵكشانەیە كە هەردوولایان دەستیان بردووە بۆ سیمبولی نیشتمانیی یەكتر و ئەگەر لەم لوتكە هەستیارەدا بارودۆخەكە چارەسەرێكی بۆ نەدۆزرێتەوە، ئەوا تەڕ و وشك پێكەوە دەسووتێت و ناوچەكەش هێندەی دیكە بەرەو ئایندەیەكی نادیار هەنگاو هەڵدەگرێت.
هەر بۆیە وێڕای ئەوەی لەكاتی نووسینی ئەم دێڕانە، رووكاری دەرەوەی هەڵكشانی تەنگژەكە سیمای سونامییەكی سیاسی لێ دەخوێندرێتەوە، بەڵام هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بەو ئاراستەیەن كە لێرەدا بوەستێندرێت، دەوڵەتە گەورەكانیش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر لەم خاڵەدا نەوەستێندرێت، ئەوا جوگرافیای ئەم تەنگژەیە سنووری ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەزێنێت و دەرگای هەموو ئەگەرە خراپەكان دەكرێنەوە.
بۆیە پێشبینییەكان بەو ئاراستەیەن كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و دەوڵەتانی ئەندامانی هەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش بەتایبەتی بێنە سەر خەت و زەمینە بۆ دیالۆگێكی فراوانتر لە دیالۆگی نێوان ئێران و ئەمریكا بڕەخسێنن، راشكاوانەتر دیالۆگێكی هاوشێوەی رێككەوتنی (5+1) كە بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران ناسراوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە ئەمریكا و ئێران هیچیان خۆیان بە براوە، یان دۆڕاو نەزانن و وەك هەنگاوی یەكەم كێشەی نێوان ئەمریكا و ئێران لە چوارچێوەی ئەو سیستمە نوێیەی كە ئێستا توێژەران ناویان لێ ناوە (ویستفالیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) كۆی كێشەكان سەرلەنوێ وتووێژ و دانوستانیان لەسەر بكرێتەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
لەناو ئەم گۆڕانكارییە چاوەڕاوانكراوانەدا، عێراق چەقی كێشە و تەنگژەكەیە، بۆیە دەبێت چەقی دانوستاندن و وتووێژەكانیش بێت، لەم حاڵەتەدا هەلێك بۆ كوردستان دێتە پێشەوە لەوانەیە لەو هەلە لەبارتر بێت كە یەك دوو ساڵ پێش ئێستا خەومان پێوە دەبینی، بەڵام لەو بارودۆخە نێودەوڵەتییە نالەبارەدا بۆمان نەهاتەدی.
Top