خۆپیشاندانەكانی عەرەبی شیعە .. پەیامی مەرجەعییەت .. دەست لەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی

خۆپیشاندانەكانی عەرەبی شیعە ..  پەیامی مەرجەعییەت ..  دەست لەكاركێشانەوەی  عادل عەبدولمەهدی
پاش نیوەڕۆی رۆژی هەینیی رابردوو (29/11/2019)، دوای ئەوەی د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكارییەكەی مەرجەعییەتی نەجەف دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند، هاوپەیمانیی سائیرون ئەمەی وەك دەستكەوتێك بۆ داواكەی موقتەدا سەدر لە قەڵەم دا كە لە رۆژی 29/10/2019 ئاراستەی د.عادل عەبدولمەهدی كردبوو، بەڵام هەر هەمان رۆژ عەبدولمەهدی وەڵامی سەدری دایەوە كە دەست لەكار ناكێشێتەوە، هەر چەند رۆژێك دوای داواكەی سەدر، د.بەرهەم ساڵح-ی سەرۆك كۆماری عێراقیش لە رۆژی 2/11/2019 رایگەیاند كە د.عادل عەبدولمەهدی-یان رازی كردووە كە دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات، بەڵام نە هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و نە د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هیچ وەڵام و لێدوانێكیان لەسەر داواكەی سەرۆك كۆماری عێراق نەدا.
لە بەرامبەر ئەم داواكارییانەی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانیی سائیرون، شەوی 23//11/2019 و لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (دیجلە)، قەیس غەزعەلی فەرماندەی هێزەكانی عەسائبی ئەهلی هەق، سەبارەت بە بەردەوامبوونی عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆكی وەزیرانی عێراق رایگەیاند: «دوای ئەوەی لایەنە سیاسییە عێراقییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتن كە ماوەی 45 رۆژ بدەنە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی تەواوی ئەو چاكسازییانە ئەنجام بدات كە بەڵێنی داوە، خۆم چوومە لای عەبدولمەهدی و پێم گوت: تۆ بە هەموو هێزی ئەقڵی خۆتەوە لەو قەناعەتەی كە لە ماوەی 45 رۆژدا بەڵێنەكانی خۆت جێبەجێی بكەیت؟ لە وەڵامدا عەبدولمەهدی پێی گوتم: بەڵێ، بە هەموو قەناعەت و هێزی ئەقڵمەوە پێت دەڵیم بەڵێ دەتوانم. دیسان لێم دووبارە كردەوە، ئەگەر ئەم ماوەیە كەمە با ماوەكەت بۆ زیاد بكەین، ئەویش دیسان جەختی لە سەر ئەوە كردەوە لەو ماوەیەدا دەتوانێت بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات.» لە دوای ئەم قسانەی قەیس غەزعەلی جارێكی دیكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە «هێزەكانی حەشدی شەعبی پشتگیریی تەواوی داوای خۆپیشاندەران دەكەن و دەیانەوێت گوتاری خۆپیشاندەران لەوەی ئێستا زۆر توندتر بێت و ئەگەر عەبدولمەهدی لە دوای ئەو 45 رۆژە نەیتوانی بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، دەستی پێ لەكار دەكێشینەوە.»
ئاماژەكردنمان بۆ ئەم سێ لێدوانە، بۆ پیشاندانی دووریی و نزیكیی بۆچوونەكانە لەگەڵ فەتوا و لێدوانەكانی مەرجەعییەت كە هەموو هەفتەیەك لەگەڵ نوێژی هەینی رایدەگەیەنێت. ئەگەر لەمەوە سەرنج بدەین، لەو كاتەی موقتەدا سەدر و د.بەرهەم ساڵح داوای دەست لەكاركێشانەوەی د.عادل عەبدولمەهدی-یان دەكرد، حەشدی شەعبی پشتگیری لە مانەوەی عەبدولەمەهدی دەكرد و مەرجەعییەتیش لە گوتارەكانی رۆژی هەینی پشتگیری لە مانەوەی عەبدولمەهدی دەكرد، بەڵام كە قەیس غەزعەلی فەرماندەی هێزەكانی عەسائیبی ئەهلی هەق، لە شەوی 23/11/2019 جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە عەبدولمەهدی ناتوانێت لەو ماوەیەدا بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات، هەر لەیەكەم هەینی دوای قسەكانی غەزعەلی، مەرجەعیەتیش رایگەیاند: «بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی لە ماوەی دوو مانگی رابردوو وڵاتی پێدا تێپەڕیوە و دەستەوەستانی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە مامەڵەكردنیان لەگەڵ پێشهاتە تازەكانی ئەو دوو مانگەی دوایی، ئەوا دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران وەك ئەوەی ئەم حكومەتەی ئێستا لەوێوە متمانەی وەرگرتووە، چاو بخشێنێتەوە بە بژارەكانی خۆیدا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەكانی عێراق و پارێزگاریكردن لە خوێنی رۆڵەكانی مامەڵە بكات.» لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری ناوەڕۆكی وتارەكەی نوێژی هەینیی رابردووی مەرجەعییەت بكەین و لەگەڵ قسەكانی غەزعەلی بەراوردیان بكەین، ئەوا راشكاوانە هەست دەكەین، كە گوتارەكەی مەرجەعییەت هەمان ناوەڕۆكی قسەكانی غەزعەلی هەبووە.
Top