سەرەتای كاری كابینەی نۆیەم گەشبینی بۆ چوارساڵی داهاتوو دروست دەكات

سەرەتای كاری كابینەی نۆیەم  گەشبینی بۆ چوارساڵی داهاتوو دروست دەكات
لەگەڵ ئەوەی لەناو كابینەی نۆیەمیشدا وەك حكومەتێكی هاوپەیمانی نێوان چەند حزبێك، جار جارە جۆرە هەوڵێك دەبینین كە ئاستەنگ بۆ سەركەوتنی حوكمڕانی لە كوردستان دروست بكەن، لێ جێگەی خۆشحاڵییە كە ئەو هەوڵانە لەناو پرۆسەی حوكمڕانیدا نین و لە چوارچێوەی پەیوەندیی نێوان حزبە سیاسییەكانە، هەروەك لێدوانی ئەم دواییەی وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هەوڵێك بوو دروستكردنی ئاستەنگ لە ناو پرۆسەی حوكمڕانیدا، لە بەرامبەردا وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاشكرا رایگەیاند، ئێمە سێ مانگ پێش ئێستا داوامان كردووە كە لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كۆببینەوە بۆ ئەوەی ئەگەر كێشەیەك هەیە، پێكەوە چارەسەری بكەین، بەڵام مەكتەبی سیاسیی یەكێتی خۆیان ئەو كۆبوونەوەیان تا ئێستا دواخستووە و ئێمە لە هۆیەكانی راگەیاندنەوە بیستوومانە كە یەكێتی گلەیی هەیە. سەبارەت بەو لایەنانەشی كە ئۆپۆزسیۆنیان لە پەرلەمان هەڵبژاردووە، دیارە لە سەرەتای ئەم خولە و بە پەنابردن بۆ شێوازی پۆپۆلیستییانە هەوڵیاندا ئاستەنگ بۆ متمانەدان بە سەرۆكی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكەن، هەروەها هەوڵیاندا پێش ئەوەی كابینەی نۆیەم دەست بەكار بێت، بە پێشنیاركردنی چەند یاسایەك باری حكومەت بە شێوەیەك قورس بكەن كە نەتوانێت كارەكانی بە سەركەوتوویی ئەنجامبدات، بەڵام ئەوانیش بۆیان دەركەوت كە بۆیان ناچێتە سەر لەناو ئەم پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانییە سەقامگیرەدا سیاسەتی پۆپۆلیستی خۆیان باڵا دەست بكەن. كەواتە دەتوانین بڵێین: ماوەی 100 رۆژی یەكەمی كابینەی نۆیەم، جیا لەوەی ماوەیەك بوو بۆ پیشاندانی ئەو نەخشە رێگەیەی ئەم كابینەیە حكومەتی لەسەر بەڕێوەدەبات، لە هەمانكاتدا سەركەوتنێكیش بووە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی كە دەیانویست ئاستەنگ و كێشە بۆ كارەكانی حكومەت دروست بكەن.
هەر بۆیە ئەو فاكتەرانەی كە دەبنە هۆكاری ئەوەی بە گەشبینییەوە سەیری ئەدای حكومەت لە چوار ساڵی داهاتوو بكەین، ئەوەیە كە كابینەی نۆیەم لە ماوەی 100 رۆژدا توانی چوارچێوەی ئەو حوكمڕانییە پیشان بدات كە ئامانجی خزمەتكاریی هاووڵاتیانی كوردستانە، بۆیە لە قۆناخی ئێستا و داهاتوودا كە دەست دەكات بە گۆڕانكاری لە هەیكەلەی حكومەت و تەواوی بیركردنەوە تازەكانی ئەم كابینەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتی دەكەونە حاڵەتی جێبەجێكردنەوە، ئەوا ئەو بۆشاییەی پێشتر لە نێوان حكومەت و خەڵكدا هەبوو و حزبە سیاسییەكانیش (بە بەشدار و ئۆپۆزسیۆنەوە) لەو بۆشاییەوە ئاستەنگ و كێشەیان بۆ حوكمڕانی دروست دەكرد، ئەو بۆشاییە پڕ دەبێتەوە و ئەوانیش ئەگەر چاو بە سیاسەتی خۆیاندا نەخشێننەوە و بیانەوێت هەر كێشە و ئاستەنگ بۆ حوكمڕانی دروست بكەن، ئەوا ئەو حزبانە (بەشداربن لە حكومەت، یان ئۆپۆزسیۆن) لە جەماوەرەكەی خۆیان دوور دەكەونەوە و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دەكەونە پەراوێزەوە.
لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، پرۆسەی حوكمڕانی مێژوویەكی تایبەتی هەیە. ئەو مێژووە پێمان دەڵێت: حوكمڕانیی سەركەوتوو وەڵامدانەوەی ویست و خواستی هاووڵاتیانی لۆكاڵی ئەو وڵاتەیە، كاتێك هەر حكومەتێك بتوانێت لە ئاستی خواست و داوای هاووڵاتیان بێت، ئەوا هاووڵاتیان و حكومەت لە بازنەیەكدا پێكەوە كۆدەبنەوە و دیمەنێكی هامۆجینیی تیكەڵاوبوونی حكومەت و خەڵك دەبینین، ئەوەی وادەكات بە گەشبینییەوە سەیری ئەم مێژووە بكەین، ئەوەیە ئەدای كابینەی نۆیەم لە ماوەی ئەم 100 رۆژەدا پێمان دەڵێت، هەوڵەكانی بەو ئاراستەیە بووە كە ئەم دیمەنە هامۆجینییەی تێكەڵاوبوونی خەڵك و حكومەت بەرجەستە بكات.
لەوانەیە پێشتر بە هۆی ناسەقامگیریی پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی، باڵادەستی ئەقڵییەتی حزبۆكراتی وای كردبێت، بۆ حزبە سیاسییەكان ئاسان بووبێت بە رێگەی گوتارێكی پۆپۆلیستی كێشە و ئاستەنگی گەورە بۆ پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستان دروست بكەن، بەڵام لە ئێستا كە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی تا ئاستێكی باش بەرەو سەقامگیری دەچێت، ئەوا گوتاری سیاسیی حزبەكان لەنێوان پەیامی حكومەت بۆ دابینكردنی تەواوی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان جێگەی نابێتەوە.
ئەمەش مانای ئەوەیە كابینەی نۆیەم لە ماوەی ئەم 100 رۆژەدا، هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوە بووە كە گوتاری سیاسیی حزبەكان لە پەیامی حكومەت بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاری هاووڵاتیان جیا بكاتەوە، ئەم جیاكردنەوەیەش بە شێوەیەكی هێندە لۆژیكانە لە ناو گوتارە بێدەنگەكەی مسرور بارزانی ژێرخانی بۆ دروست كراوە، كە زەحمەتە حزبە سیاسییەكان بتوانن بە گوتاری سیاسیی پۆپۆلیستانە خەڵكی كوردستان چەواشە بكەن، ئەوجا ئەو خەڵكانە هەوادار و لایەنگری هەر حزبێك بن.
ئەمرۆ لە بەشێكی زۆری جیهاندا، گەورەترین كێشەی حكومەت و حوكمڕانی ئەو گوتارە پۆپۆلیستییانەیە كە حزبە سیاسییەكان شەقامی پێ دەجووڵێنن، بەڵام ئەو حكومەتانەی بە پشتبەستن بە ئیرادەی هاووڵاتیانیان و بە هەڵبژاردنی خزمەتكاریی هاووڵاتیانی خۆیان، سیحری گوتارە پۆپۆلیستییەكانیان بەتاڵ كردۆتەوە و ناتوانن بە گوتاری پۆپۆلیستی یاری بە هەست و سۆزی هاووڵاتیان بكەن. دیارە كابینەی نۆیەم لەماوەی ئەم 100 رۆژەدا توانی بە رێگەی هەنگاوەكانی بۆ خزمەتكاریی خەڵك و بڕیارەكانی بۆ بەرژەوەندیی خەڵك، سەرەتای كۆتایی بۆ هەر گوتارێكی پۆپۆلیستی دابنێت، ئەوجا ئەو گوتارە پۆپۆلیستییە، ئایینی بێت، یان عەلمانی.
لایەنێكی دیكەی گەشبینی بۆ چوار ساڵی داهاتووی ئەم حكومەتە، بەرنامەكەیەتی كە سەرۆك وەزیران مەبەستێتی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، لەمەش گرنگتر سەرۆك وەزیران نایەوێت جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە بكاتە گوتارێكی سیاسیی حزبییانە، یان حزبەكەی بەسەر حزبەكانی دیكەدا فەرز بكات، بەڵكو ئەو مەبەستێتی جێبەجیكردنی بەرنامەی حكومەت ببێتە فاكتەرێك بۆ دروستكردنی یەكڕیزی و یەكگرتوویی و ئینتیمای نیشتمانی كە هەموو هاووڵاتیانی كوردستان پێكەوە گرێ بداتەوە و ئەم بەشەی كوردستان ببێتە ئومێدێك بۆ هاووڵاتیانی هەر چوار پارچەی كوردستان.
لایەنێكی دیكەی گرنگ كە فاكتەرێكی زۆر گرنگە و گەشبینی بۆ كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستان دروست دەكات، چاودێریی وردی سەرۆك مسعود بارزانی-یە كە لە نزیكەوە چاودێریی دامەزراوەكان دەكات و هەموو هێزی خۆی داوەتە دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی یاسا لە كوردستان سەروەر بێت و هیچ كەسێك لە سەرووی یاساوە نەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی زۆر باش دەزانێت، تەنیا رێگە بۆ دروستكردنی نەتەوە و پاراستنی شكۆی دەوڵەت ئەو پەیامەیە كە حكومەت بە رێگەی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ هاووڵاتیان پێشكەشی دەكات و، سازشیش لەسەر ئەم پرسە ناكات، هەتا ئەگەر باجەكەی هەر چییەكیش بێت.
Top