هەڵسەنگاندنێك بۆ 100 رۆژی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان . . . خوێندنەوەیەك بۆ گوتارە بێدەنگەكەی مسرور بارزانی

هەڵسەنگاندنێك بۆ  100 رۆژی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان . . . خوێندنەوەیەك بۆ گوتارە بێدەنگەكەی مسرور بارزانی
میشێل فۆكۆ لە سیستمی گوتاردا ئەوەمان فێردەكات، كاتێك گوێ لە گوتار دەگرین، دەبێت لەناو دەنگە بەرزەكەی گوتارداندا، گوێ بۆ ئەو گوتارەی دیكە بگرین كە دەنگە بەرزەكەی گوتار لە ناو هەمان گوتاردا بێدەنگی كردووە، واتە ئەو دەنگە كپانەی كە دەنگە بەرزەكەی گوتار ناهێڵێت ببیسترێن، بەڵام ئەوەی فێرنەكردووین، چۆن لەگەڵ گوتارێك مامەڵە بكەین كە هەموومان ئاكامەكەی دەبینین، بەڵام گوێمان لە وشەكانی ناو گوتارەكە نییە. ئەوجا بۆ ئەوەی فێربین مامەڵە لەگەڵ گوتاری بێدەنگ بكەین، ناچارین پەنا بۆ كتێبی (فەلسەفە هونەرێك بۆ ژیان)ی بیرمەندی عەرەبی عەبدولسەلام بن عەبدعالی بەرین، كە ئەویش شاگردێكی دیكەی فۆكۆیە و هەر لە رێگەی فیكری فۆكۆ و نیچەی مامۆستای فۆكۆەوە فێرمان دەكات چۆن مامەڵە لەگەڵ گوتاری بێدەنگ بكەین و سەرەتای كتێبەكەی بەم گوتەی نیچە دەست پێ دەكات و نووسیویەتی: «بایەخدان بە وانەی بیركردنەوە و گۆڕینی بۆ هونەری خۆشگوزەرانی، بریتییە لەوەی تا چەند ئەم بیركردنەوە دەبێتە پێشەنگ و بە رێگەی ئەم پێشەنگییەش رێگەی ژیانێكی خۆشگوزەران بۆ گەلەكەی دابین دەكات، نەك لە رێگەی بایەخدان بە گوتار و نووسینەكانی بیرمەندەكە، ئەمەش مانای وایە: دەبێت هەڵەسەنگاندنەكەمان لەسەر ئەو شێوازە بێت كە فەیلەسوفەكانی یۆنانی لەسەر فێركراون و، دەبێت ئەو كەسانە بە رێگەی رەفتار و بڕیارەكانیان بناسرێنەوە، نەك بە رێگەی ئەوەی گوتاریان چۆن بووە، یان چییان نووسیووە..» سەبارەت بەوەرچەرخانی فەلسەفەش بۆ هونەر، بن عەبدعالی گوتەیەكی فۆكۆ لە كتێبەكەیدا دووبارە كردۆتەوە كە دەڵێت: «ئەوەی بۆتە جێگەی سەرسوڕمانم، ئەوەیە كە هونەر هەتا ئێستا پەیوەندیدارە بە شتەكان، نەك بە تاكەكان و ژیان، بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئایا نابێت ژیانی هەر تاكێك تابلۆیەكی دەگمەنی ژیان بێت؟ بۆچی دەبێت چرایەك، یان خانوویەك، بابەتێك بن بۆ هونەر، بەڵام بە هەمان شێوە ژیانی ئێمە بابەتێك نەبێت بۆ هونەر؟» بەڵام پرسیاری گرنگتر لێرەدا ئەوەیە چۆن فیكر لە ناو پرۆسەی حوكمڕانیدا دەبێتە ئەو هونەرەی كە حوكمڕانیی وڵات بگۆڕێت بۆ حوكمڕانیی باش؟ دیسان هەر میشیل فۆكۆ لە مایكرۆفیزیای دەسەڵاتدا فێرمان دەكات بەوەی كە پێویستە لەگەڵ دامەزراوەكاندا ئاقڵانییەت و مەعریفە موتوربە بكرێت، ئەوجا دامەزراوەكان بەو جۆرە كاردەكەن كە ئەو هونەرە بەرهەم بهێنن كە تابلۆكەی ژیانی هەر تاكێكی كۆمەڵگە دەبێت.
لە ناو مێژووی گوتاری دەوڵەتداری و حوكمڕانیی مرۆڤایەتیدا هەموو كات كاری بیرمەند ئەوە بووە لەناو گوتاری دەنگبەرزدا گوێ بۆ چپەی گوتاری بێدەنگكراو بگرن، بۆ ئەوەی تیشك بخەینە سەر ئەو خاڵانەی كە دەنگی بەرزی گوتار ناهێڵێت گوێمان لێی بێت، بەڵام كاتێك بیركردنەوە دەگۆڕێت بۆ هونەری ژیان و حوكمڕانیی باش، گوێمان لە وتاری دەنگبەرز نابێت و لە رەفتار و بڕیارەكانی سەرۆكی حكومەتدا، گوتارە بێدەنگەكەی حكومەت و شێوازی حوكمڕانی دەخوێنینەوە.
بۆچی هەڵسەنگاندن بۆ 100 رۆژی یەكەمی حكومەت دەكەین؟
100 رۆژی یەكەمی دوای دەست بەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەت، تەنیا بۆ هەڵسەنگاندن، یان جێبەجێكردنی كۆی ئەو بەرنامەیە نییە كە لە پەرلەماندا رایگەیاندووە، بەڵكو بۆ تیشك خستە سەر ئەو میكانیزم و ئاراستانەیە كە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو بەرنامەكەی لەسەر جێبەجێ دەكات، یان بە مانایەكی دیكە بۆ خستنەڕووی ئەو فیكر و لۆژیكی تازەیەی ئەو بەرنامەیەیە كە سەرۆكی حكومەت سەركردایەتی دەكات، بۆ ئەوەی كابینەكەی لەماوەی چوار ساڵی داهاتوو جێبەجێیان بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە 100 رۆژی یەكەم زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئاراستەی چوار ساڵی داهاتووی پێ بخوێندرێتەوە، یان بە مانایەكی دیكە 100 رۆژی یەكەم زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بەرامبەر چوار ساڵی داهاتووی حكومەتەكەیان گەشبین، یان رەش بین بن.
ئاشكرایە لە ماوەی ئەم 100 رۆژەدا كابینەی نۆیەم نەیتوانیوە گۆڕانكاریی گەورە لە هەیكەلی حكومەت (گۆڕینی بریكاری وەزیرەكان و بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و...هتد) ئەنجام بدات، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە حزبەكانی دیكەی بەشدار لە حكومەتدا ناوی كاندیدەكانی خۆیان بۆ گۆڕانكارییەكانی هەیكەلی حكومەت تەواو نەكردووە و، ئەوەی گۆڕدراوە، ئەوەیە گرووپێك كە پێكهاتووە لە سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك وەزیری تازە لە كابینەكەدا دەبینرێن و، ئەم گرووپە تازەیەی كابینەی نۆیەمیش لە ماوەی 100 رۆژی رابردوودا لەگەڵ ئەو هەیكەلە كۆنەی حكومەت مامەڵەی كردووە، كە هەموو لایەنە بەشدارەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەو هەیكەلە پێویستی بە گۆڕانكاری و بیركردنەوەیەكی تازە هەیە، بۆ ئەوەی ئەم كابینەیە بە شێوەیەكی باشتر ئەدای حوكمڕانی لە كوردستاندا بكات. بەڵام پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە: ئایا بیركردنەوەی تازەی سەرۆك وەزیران و ئەو گرووپە وەزیرەی لە گەڵیدا كابینەكە بەڕێوە دەبەن، بۆتە هۆكاری ئەوەی شێوازێكی تازەی حوكمڕانی لەناو ئەم كابینەیە ببینین، یان هاووڵاتیان بە ئاشكرا هەستی پێ بكەن؟ دیارە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بەوە هەیە ئاماژە بە رەهەندە هەمەلایەنەكانی ئەدای حكومەت بكرێت كە لەو چەند خاڵەدا بەرجەستە دەكرێن:
1. لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا هیچ پڕۆژەیەكی چاكسازی وەك یاسا جێبەجێ نەكراوە و گۆڕانكاری بە شێوەیەكی گشتی لەو بەرپرسانە نەكراوە كە تۆمەتی گەندەڵییان لەسەرە، بەڵام ئەوەی خەڵك هەستی پێ دەكات، ئەوەیە گەندەڵی لە شوێنی خۆی راگیراوە و رێگە نادرێت گەندەڵی بەردەوام بێت، ئەمەش ئومێدێكی گەورەی لای هاووڵاتیانی كوردستان دروست كردووە كە سەرەتای كۆتایی گەندەڵكاران دەركەوتووە.
2. لەگەڵ ئەوەی هێشتا زووە ئاماژە بەوە بكەین كە دیاردەی حزبۆكراتی وەرچەرخانی گەورەی بەسەردا هاتووە بۆ سەروەریی یاسا، بەڵام لە ماوەی ئەم 100 رۆژەدا كابینەی نوێی حكومت ئەوەی بە كردەیی بۆ خەڵكی كوردستان سەلماندووە كە لەمەودوا نابێت كەس لە سەرووی یاساوە بێت و یاسای بە سەر ژمارەیەك لەو خەڵكە دەستڕۆیشتووانەدا چەسپاندووە كە پێشتر پێیان وابوو یاسا ئەوان ناگرێتەوە.
3. دیسان لەگەڵ ئەوەی گۆڕانكاریی گشتی لە هەیكەلەی حكومەت نەكراوە، بەڵام كاتێك هاووڵاتی دەچێتە هەر فەرمانگەیەكی حكومەت كە دەبینێت هەمان ستافە كۆنەكە بە شێوەیەكی تازە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و رێز لە ماف و كەرامەتی هاووڵاتی دەگرن و بە زوویی مامەڵەكەی بۆ تەواو دەكەن و بە شێوەیەكی تازە وەڵامی پرسیارەكانی هاووڵاتیان دەدەنەوە، هاووڵاتیان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ماف و كەرامەتی هاووڵاتی بووەتە میحوەری سەرەكیی بەرنامەی ئەم كابینەیە.
4. ئاشكرایە كە پرۆسەی حوكمڕانی لە حكومەتدا تەنیا بریتی نییە لە كەرتی گشتی، بەڵكو بریتییە لە هەماهەنگی و هاوكاری لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتدا، لە ماوەی ئەم 100 رۆژەدا، كابینەی نۆیەم بە راشكاوی ئەو میكانیزمە تازەیەی پیشان داوین كە سەرەتای هاوكاری و هەماهەنگییەكی تازە لە نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت دەستی پێ كردووە، ئەم هاوكاری و هەماهەنگییە تازەیە هەموو بوارەكانی ژیان دەگرێتەوە، وەك: (رێگاو بانەكان، هەموو پڕۆژە تەواو نەكراوەكانی نیشتەجێكردن، بازرگانی و پیشەسازی، تەندروستی، پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا و.. هتد)، ئەمەش بە تەواوەتی هاووڵاتیان هەستی پێ دەكەن و دەبینن هەماهەنگی و هاوكاریی تازەی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بۆتە هۆكاری دەستەبەركردنی خزمەتگوزاریی زیاتر لە هەموو بوارەكاندا بۆ هاووڵاتیان.
5. پێناسەكردنەوەی هەلی كار و جیاكردنەوەی تایبەتمەندییەكانی هەلی كار لە هەردوو كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتدا، وەك پرۆسەیەك بۆ نەهێشتن و كەمكردنەوەی بێكاری لە كوردستان و هەوڵدان بۆ فراوانكردنی هەلی كار و بوار رەخساندن بۆ خستە سەر كاری لاوانی كوردستان، ئەم پرۆسەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا بە سەدان هەلی كار لە كوردستان دروست دەكات و كاردانەوەی ئەرێنی و گەورە لەسەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی دروست دەكات.
6. هەستكردن بە واقیعییەت و ئەقڵانییەت لە شێوازی پیادەكردنی حوكمڕانی لە كابینەی نۆیەمدا، ئەمەش بەو مانایەی هەوڵەكانی ئەم كابینەیە بەو ئاراستەیەیە كە سەرەتا ئەو كێشانە چارەسەر بكەن و ئەو خزمەتگوزارییانە پێشكەشی هاووڵاتیان بكەن، كە پێداویستیی زۆر پێویستی ئێستای هاووڵاتیانن، هەر بۆ نموونە: تەرخانكردنی بڕی 30 ملیۆن دۆلار بۆ چاككردنەوەی هەموو رێگاوبانەكانی نێوان شار و شارۆچكەكانی كوردستان لە ماوەی كەمتر لە 70 رۆژدا و پێش ئەوەی وەرزی بەفر و بارانبارین لە كوردستان دەست پێ بكات، هەروەها تەرخانكردنی نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار بۆ ئەوەی بە میكانیزمێكی تازە و وەرگرتنەوەی پڕۆژەكان لە بەڵێندەرە كۆنەكان، دەست بكرێتەوە بە كاركردن لەو پڕۆژانەی تەواونەكرابوون، كە بەشی سەرەكییان پڕۆژەكانی نیشتەجێكردن و رێگاوبانەكانن، بۆیە ئەم سەرەتایەی شێوازی كاركردنی كابینەی نۆیەم بۆتە سەرەتای دروستبوونەوەی متمانەیەكی پتەو لەنێوان و حكومەت و هاووڵاتیاندا.
7. دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو خێزانانەی یەكەی نیشتەجێیان نەبووە و بە ناچاری لەسەر زەوی زێدەڕۆ خانوویان دروست كردووە كە نزیكەی 100 هەزار خێزانن لە كوردستاندا، لەمەش گرنگتر دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان وەك (دروستكردن و قیرتاوكردنی شەقامی ناو گەڕەكەكان، قوتابخانە و پارك، دابینكردنی كارەبا و ئاوی پاك بۆ خواردنەوە و.. هتد) بەو بڕە پارە رەمزییەی بۆ تاپۆكردنی خانووەكانیان كە لەلایەن حكومەتەوە لێیان وەردەگیرێت.
8. دروستكردنی گیانی پێكەوە كاركردن لە نێوان وەزیرانی لایەنە بەشدارەكان لە حكومەتدا وەك یەك تیم، ئەمەش وایكردووە لەم كابینەیەدا هەست نەكرێت كام وەزیر سەر بەكام حزبی بەشدارە لە حكومەتدا، هەموویان وەك وەزیر حكومەتی كوردستان پێكەوە بەرنامەی حكومەت جێبەجێ دەكەن.
9. هەوڵدان بۆ لابردنی ئاستەنگەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پیادەكردنی حوكمڕانییەكی باش و سەركەوتوو، بۆ نموونە: هەوڵدان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی باش لەگەڵ حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی باش و سەقامگیر لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا هەبێت، ئەم هەوڵە هەتا دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردوو بەرەوپێشەوەچوونی زۆر باشی دروست كردبوو، كاریگەریی ئەرێنیشی لەسەر بازاڕ و ئاشتیی كۆمەڵایەتی كوردستان هەبووە.
10. هەوڵدان بۆ لابردنی ئاستەنگ و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە رێگرن لە پەرەپێدانی سەرچاوە جیاوازەكانی داهات لە كوردستان، هەر بۆ نموونە: سنوورداركردنی هێنانەناوەی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵییانەی كە كوردستان توانای دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆیی خۆی هەیە، هەروەها سنوورداركردنی هێنانەنانەوەی گۆشتی مریشك و پەلەوەر لەو كاتانەی كوردستان توانای دابینكردنی پێداویستیی ناوخۆیی خۆی هەیە، دانانی بەرنامەیەك بۆ بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی، بەتایبەتی پیشەسازیی بچووك، ئاسانكاریی زیاتر بۆ كۆمپانیاكانی گەشتیاری بۆ زیادكردنی ژمارەی گەشتیاران لە كوردستان و هەروەها چارەسەركردنی پێدانی ڤیزە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بۆ ئەوەی ئەو گەشتیارانەی دێنە كوردستان بتوانن سەردانی شارەكانی دیكەی عێراق بكەن، بایەخدان و پشتگیریكردنی وەبەرهێنان لە كەرتی تەندروستیدا، بۆ ئەوەی ئەم بوارەش جیا لەوەی دەبێتە سەرچاوەیەكی داهاتی دیكە، لە هەمانكاتدا هۆكارێك دەبێت بۆ هاتنی خەڵكێكی زۆر بۆ چارەسەری نەخۆشی لە شارەكانی دیكەی عێراقەوە بۆ كوردستان، ئەمەش دەبێتە فاكتەرێكی دیكە بۆ زیادكردنی داهاتی پیشەسازیی گەشتیاری لە كوردستاندا.
بێگومان لەناو ئەم راپۆرتەدا ناتوانرێت وردەكاریی تەواوی هەنگاوە سەرەتاییەكانی ئەم كابینە تازەیە، یان هەموو لایەنەكانی ئاماژەی پێ بكرێت، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەست دەكرێت، سەرەتای ئەدا و شێوازی نوێی هەڵسووڕاندنی كابینەی نۆیەم تەنیا رەنگدانەوەی ئەرێنی و دروستبوونەوەی متمانەی لە نێوان حكومەت و هاووڵاتیان نەبووە، بەڵكو ئەم شێوازە تازەیە ئەدای كابینەی نۆیەم ژینگەیەكی سیاسیی تازەی دروست كردووە، كە هەست دەكرێت خەریكە متمانەیەكی زۆر باشیش لە نێوان لایەنە سیاسییەكان دروست دەبێتەوە، كە ئەمەش سەرەتایەكی زۆر باشە بۆ دروستبوونەوەی یەكڕیزییەكی پتەو لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا.
Top