شكۆی هەستانەوەی سیاسەتی ئەمریكا لە كوردستانەوە دەستی پێ كرد بەڵام ترەمپ پشتی لە كورد كرد

شكۆی هەستانەوەی سیاسەتی ئەمریكا لە كوردستانەوە دەستی پێ كرد بەڵام ترەمپ پشتی لە كورد كرد
سیاسەتی ئەمریكا لە دوای راپەڕینەكانی وڵاتانی عەرەبی لە 2011، هەتا دەركەوتنی داعش لە 2014، بە ئاستێك لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شكستی هێنابوو كە بە هیچ شێوەیەك ئیدارەی ئەمریكی توانای بڕیاردانی لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمابوو، تەنانەت تیرۆریستانی داعش نێوەی عێراق و سووریایان داگیركردبوو و خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامییان لە عێراق و شام راگەیاندبوو، ئەمریكا نەیدەتوانی هیچ هەڵوێستێك وەربگرێت.
بەڵام دوای ئەوەی لە ئابی 2018 تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و، توانییان هەندێك شوێن، وەك مەخموور و شنگال و چەند ناوچەیەكی دیكە داگیربكەن، بەڵام كوردستان هەر بە پێوە وەستاو تەسلیم نەبوو و هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعشی راگرت، ئەوجا دوای 9 رۆژ لە مقاوەمەتی پێشمەرگە، باراك ئۆباما لە 11ی ئابی 2014 بڕیاری دا بێتە ناو شەڕی دژی داعشەوە، دوای مانگێكی دی لە 11ی ئەیلوولی 2014 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعشی راگەیاند و سەركردایەتیی ئەو هاوپەیمانییەی گرتە دەست. هەروەها دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كۆبانێ و وێڕای مقاوەمەتی جوامێرانەی كورد لەو بەشەش، بەڵام داعش توانی بەشێكی زۆری ئەو شارە داگیر بكات، سەبارەت بە كۆبانێ ستراتیژزانەكانی ئەمریكا، كەوتنی كۆبانێیان بە كەوتنی شكۆی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدا، هەر بۆیە هێرشە ئاسمانییەكان زۆر چڕكرانەوە بۆ ئەوەی كۆبانێ لە كەوتن رزگار بكەن، بەڵام كاتێك سەرۆك مسعود بارزانی دوای لە پەرلەمانی كوردستان كرد، بڕیاری جووڵانی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بدەن، باراك ئۆباما هەموو هەوڵی خۆی چڕكردەوە بۆ ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا بە چوونی هێزی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیادا بۆ كۆبانێ قەناعەت پێ بكات. بە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و رزگاركردنی كۆبانێ لە كەوتن، وەرچەرخانێكی گەورە بە سەر سیاسەت و شكۆی ئەمریكا و رۆژئاوا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی و جیهان بەگشتیدا هات.
دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش كە تیایدا خەلافەتی ئیسلامی رووخا و بە سەركەوتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش كۆتایی هات، كورد چاوەڕێی ئەوە بوو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی بە رێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان پاداشتی ئەو جوامێرییە بدەنەوە كە هێزی پێشمەرگە بۆ ئەمریكا و رۆژئاوای لەشەڕی دژی داعشدا دروستكرد، بەڵام ئیدارەی ترەمپ هەروەك مەلای مەشهووری كرد، خەریكی بڕینەوەی ئەو دارە بوو كە خۆی لەسەری راوەستابوو، بە مانایەكی دی ئیدارەی ترەمپ لە دوای ریفراندۆمەكەی باشووری كوردستان، لە بری ئەوەی پشتگیری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكات و، خۆی ببێتە ناوبژیوان بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەكی تازە رێك بخاتەوە، یان گوشار و نفووزی خۆی بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دەستووری عێراق و ماددەی 140ی دەستوورەكە جێبەجێ بكرێت، لە بری ئەمانە گلۆپی سەوزی بۆ دوژمنەكانی خۆی هەڵكرد و پشتی لە كوردستان كرد.
زۆر لە توێژەرانی ناوەندەكانی فیكر و لێكۆڵینەوە، زۆر بە راشكاوی دەڵێن، سەرۆك ترەمپ تێگەیشتنێكی زۆر كەمی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و بایەخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، بەڵام ئەم قسەیە بەرامبەر بە پشتتێكردنی لە هەرێمی كوردستان دەقاودەق راستە، لێرەوە ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین و وای دابنێین، ئەمریكا زۆر بە لۆژیكانە رێزی لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرتایە، بێگومان ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی ئێستا بۆ ئەمریكا بۆتە سێگۆشەی بەرمۆدا و خەریكە شكۆی ئەمریكا لەناو گێژاوی ئاژاوەكانیدا نقووم دەكات، هەر ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە دەوڵەتێكی كوردستانی بەهێز و سوپایەكی جوامێری وەك پێشمەرگەی دەبوو.
پێدەچێت ئەو قسەیەش راست بێت كە دەڵێن، سەرۆك ترەمپ كێشەیەكی دەروونی لەگەڵ سەرۆك ئۆبامای پێش خۆی هەبووە، هەر بۆیە ئەوەی ئۆباما كردوویەتی، ئەو هەڵیدەوەشێنێتەوە، هۆكاری هاتنەدەرەوەی لە رێككەوتنی (وڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێران)یش بەم كێشە دەروونییەی ترەمپەوە گرێ دەدرێتەوە.
ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە سەیری ئەو بڕیارە سەیرو سەمەرەیەی ئەم دواییەی ترەمپ بكەین، بە كشانەوەی هێزەكانی لە رۆژئاوای كوردستان، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەی كە ترەمپ بە نیازە لە ریشەوە سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵتەكێنێت، لەمەش زیاتر لەوانەیە بۆ ئێمەی كورد، ئەم بڕیارە هەڵشانەی ترەمپ زیانێكی گەورە بێت و پێگەی كورد لە رۆژئاوا لاواز بكات، بەڵام با لە دیدێكی فراوانەوە سەیری پرسەكە بكەین، بزانین ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی چەند زیان دەكەن و لە بەرامبەردا كێ باڵادەست و براوە دەبێت.
لەو كاتەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا دەستی پێ كرد، ئیسڕائیل و سعودیە كە دوو هاوپەیمانە پشت پێ بەستووەكەی ئەمریكان لە ناوچەكە لە هەموو لایەك زیاتر دژی ئۆپەراسیۆنەكەی ئەردۆگان بوون، لەبەر ئەوەی سعودیە و ئیسڕائیل ترسی ئەوەیان هەیە بە نەمانی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوا، ئیدی ئێران بە تەواوەتی رێگای بۆ تەخت دەبێت، بۆ ئەوەی هیلالی شیعی تەواو بكات، بۆیە ئەم بڕیارەی ئەمریكا بە تەواوەتی سعودیە و ئیسڕائیلی نێگەران كردووە، لەبەرامبەریشدا رژێمی ئەسەد كە هاوپەیمانی پلە یەكی ئێرانە براوە بووە و رووسیاش هێندەی دیكە جێ پێی خۆی قایم كرد، كە ئەمانە هەمووی پێكەوە سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەخاتە مەترسییەوە.
مارتن ئەندیك لە وتارەكەیدا بە ناونیشانی (كارەسات لە بیاباندا) زۆر ئاقڵانە پێشنیاریك دەخاتە بەردەم بڕیارسازانی ئەمریكا و پێیان دەڵێت: ئەمریكا لە دووڕیاندایە، یان ئەوەتا دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سیستمەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە 50 ساڵە ئەمریكا سەرۆكایەتی دەكات و دووبارە دایبڕێژێتەوە، یان ئەگەر هەر دوای ئەو كاڵفامییەی ئێستای ترەمپ بكەوێت، كارەساتی لە بیاباندا بەسەردا دێت و بە گۆشەگیری دەمێنێتەوە و هەر دەبێت بە دوای سەرابدا رابكات.
Top