ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا رەوت و ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بەرەو كوێ دەچێت؟

ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا رەوت و ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بەرەو كوێ دەچێت؟
لە سەرەتای ساڵی 2019، لایەنە سیاسییەكانی دژی حكومەتی ئێستای عێراق، گرەویان لەسەر مانگە گەرمەكانی هاوین و خۆپیشاندانەكانی بەسرە و پارێزگاكانی باشووری عێراق دەكرد، تەلەفزیۆنە عێراقییەكان دەیانگوت، ئەو هێزە سیاسییانە لە ئێستادا خۆیان بۆ ( ئۆلۆمپیادی خۆپیشاندانەكانی هاوین) ئامادە دەكەن. بەڵام حكومەتی عێراق توانی تا راددەیەك پێداویستییە بەپەلەكانی وەك (ئاو و كارەبا) بۆ ئەو شارانە دابین بكات و نەهێڵێت ئەو لایەنە سیاسییانە بازرگانیی سیاسی بە نەهامەتییەكانی خەڵكەوە بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە زەمینەیەكی لەباری ئەوتۆ لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە كە هەموو كاتێك لایەنە سیاسییەكان دەتوانن بە ئاسانی سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك بن و بارودۆخەكە بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان بقۆزنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا هەوڵدان بۆ ورووژاندنی هەست و سۆزی هاووڵاتیان و هاندانیان بۆ رژانە سەر شەقامەكان كارێكی قورس نییە بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێت بە رێگەی بەكارهێنانی نەهامەتییەكانی خەڵك مەرامەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن، لەم راستەدا هەموو هێزێكی سیاسی لە عێراقدا (ئەوجا قەوارەی گەورە بێت، یان بچووك) دەتوانێت بارودۆخی شەقامی سیاسی عێراق بقۆزێتەوە، هەروەك چۆن لە هاوینی 2018 و لەمیانەی خۆپیشاندانەكانی بەسرا و پارێزگاكانی باشووری عێراق بارودۆخەكە بە ئاستێك شێوێندرا كە دەرهاویشتەی خراپی لێ كەوتەوە و سەرەنجامیش بە دوورخستنەوەی عەبادی لە كاندیدكردنی بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتیی وەزیران كۆتایی هات.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە بە هەمان شێوەی عەبادی كۆتایی بە د.عادل عەبدولمەهدی-یش دەهێنێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بەوە هەیە، بگەڕێینەوە بۆ ئەو هۆكارانەی كە وایكرد عەبادی شكست بهێنێت، بەڵام هەتا ئێستا ئەو هۆكارانە بۆ عەبدولمەهدی دروست نەبووە، هەر بۆ نموونە هۆكاری سەرەكی بۆ دوورخستنەوەی عەبادی لە پۆستەكەی و تا راددەیەكی زۆریش لەناو پرۆسەی سیاسیدا، ئەوە بوو كە هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ (هاوپەیمانیی نەسر) لەبەریەك هەڵوەشاندەوە و هاوپەیمانییەكانی دیكەش بۆ كاندیدی سەرۆك وەزیران قبووڵیان نەبوو، بەڵام ئەو هاوپەیمانییەی كە د.عادل عەبدولمەهدی كردووە بە سەرۆك وەزیران هەتا ئێستاش هاوپەیمانییەكی یەكگرتووە و بەهێزترین فراكسیۆنە لەناو پەرلەمانی عێراقدا و دەتوانێت نیسابی دانیشتنەكانی پەرلەمان پەك بخات، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا هەتا ئێستاش ئەوە بەدوور دەزانرێت كە هێزە سیاسییەكانی عێراق بتوانن بە ئاسانی هاوپەیمانییەكی ئەوتۆ لەناو پەرلەمان دروست بكەن، كە عەبدولمەهدی ناچار بكەن دەست لەكار بكێشێتەوە.
لایەنێكی دیكە كە زۆر هەڵوەستەی لەسەر دەكرێت، دەستێوەردانی دەرەكییە، لەمەشدا بە زۆری ئاماژە بە رۆڵی ( ئێران و ئەمریكا) دەكرێت، دیارە سەبارەت بەم لایەنە بۆچوونی جۆراوجۆر هەیە، هەندێك حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بە هاوبەشی ئێران و هەندێكی دیكەش بە هاوپەیمانی ئەمریكای دەزانن، بەڵام ئەوەی پسپۆڕان و دیپلۆمات و توێژەرەكان شرۆڤە بۆ پێگەی حكومەتی ئێستای عێراق دەكەن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەم حكومەتە لەیەك كاتدا هاوپەیمانی (ئەمریكا و ئێرانە) و ئەمەشی نەشاردۆتەوە و بە ئاشكرا مامەڵە لەگەڵ هەردووكیان دەكات، بەڵام خاڵی گرنگ كە ئەمریكا و ئێران لە سیاسەتیان بەرامبەر بە عێراق پێكەوە كۆدەكاتەوە، ئەوەیە كە مانەوەی ئەم حكومەتە لە یەك كاتدا لە بەرژەوەندیی سیاسەتەكانی ئەمریكا و ئێرانیشدایە، سەبارەت بەم لایەنە رۆبەرت فۆرد كە ماوەی چوار ساڵ لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا كاری كردووە و یەك دوو ساڵیش باڵیۆزی ئەمریكا بووە بۆ كاروباری سووریا، رۆژی 30ی ئەیوولی 2019 بە هاوبەشی لەگەڵ توێژەر ( رەندە سەلیم) وتارێكی لە گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بە ناونیشانی (گەمە درێژخایەنەكە لە عێراقدا) بڵاوكردۆتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، چۆن ئێران گەمەیەكی درێژخایەن لە عێراقدا دەكات و پشتگیریی ئەم حكومەتەی ئێستای عێراق دەكات، بە هەمان شێوە دەبێت ئەمریكاش فێری ئەو گەمەیەی ئێران بێت و پشتگیری حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی بكات.
دیارە ئەم خوێندنەوەیە بۆ پێگەی سیاسیی ئێستای حكومەتی عێراق، كەم تا زۆر پیاهەڵدان، یان تانووت لێدان لەو حكومەتە نییە، بەڵكو ئەمە خوێندنەوەی ئەو واقیعە سیاسییەیە كە ئێستا ئەم حكومەتەی تێدا بەڕێوەدەچێت، هەموو لایەك گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی بۆ ئەوەی پاشاگەردانی سیاسیی لە عێراقدا دروست نەبێت و بەرژەوەندییەكانی هەموو لایەك پارێزراو بێت، ئەوا مانەوەی ئەم حكومەتە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدایە، بۆیە ئەمەش خاڵێكی دیكەی بەهێزە بۆ پێگەی عەبدولمەهدی و حكومەتەكەی بە بەرارود لەگەڵ عەبادی و حكومەتەكەیدا.
ئەو هەنگاوانەی ئێستا حكومەتی عێراق گرتوویەتەبەر بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە وێڕای ئەوەی هەتا ئێستا عێراق خۆپیشاندانی وا گەورە و خوێناوی بە خۆیەوە نەبینیوە، ئەوەیە كە دروشمی سەرەكیی خۆپیشاندانەكە (دابەزیوم مافی خۆم وەربگرم) بگێڕێتەوە شوێنێ كە وەڵامدانەوەیەكی ئیجابییانەی بۆ ناڕەزایەتییەكانی خەڵك هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو دەستێواردانەی لێ جیابكاتەوە كە هەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت بەو رێگایە مەرامی خۆیان بگەیێننە جێ.
وەڵامدانەوەی د.عادل عەبدولمەهدی لە پەیامەكەی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی رابردوو و پێشوازیكردنی سەرۆكی پەرلەمان لە نوێنەری خۆپیشاندەرەكان، بە تەنیا هەوڵێك نییە بۆ هێوركردنەوەی خۆپیشاندانەكان، بەڵكو هەوڵێكە بۆ جیاكردنەوەی داوای رەوای خەڵك و ئەو مەرامە سیاسییانەی كە دەیانەوێت ئەو داوا رەوایانە بەكار بهێنن.
لە ئێستادا هەڵوێستی فراكسیۆنەكان بە هەڵپەساردنی ئەندامێتییان لە پەرلەمان، ئەو بوارەیان لەو لایەنە گرتووە كە لەناو پەرلەماندا ئەم داوا رەوایانەی خەڵك بە سیاسی بكەن، بۆیە مەزندەكان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن كە ئەم خۆپیشاندانانە بە هاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی ئایاری 1968ی فەرەنسا كە لە بنەڕەتدا ئامانج لە خۆپیشاندنەكە سووتاندنی فەرەنسا بوو، نەك مافی خەڵك و سەرەنجامیش بووە سەرەتای وەرچەرخان و ریفۆرمێكی گەورە لە فەرەنسادا، بە هەمان شێوە پێشبینی ئەوە دەكرێت خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی عێراقیش ببێتە سەرەتای وەرچەرخان و ریفۆرمێكی ریشەیی گەورە لە عێراقدا .
Top