خۆپیشاندانەكانی عێراق شەڕی دەسەڵاتە، یان تووڕەیی خەڵك؟

خۆپیشاندانەكانی عێراق شەڕی دەسەڵاتە، یان تووڕەیی خەڵك؟
سێ شەممەی رابردوو (1ی تشرینی یەكەمی 2019)، یەكەم گردبوونەوەی خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەخت دەستی پێ كرد، لەگەڵ ئەوەی دروشمی خۆپیشاندانەكە (دابەزیوم بۆ ئەوەی مافی خۆم وەربگرم - نازل اخذ حقي) بوو، بەڵام وێنەی فەریق عەبدولوەهاب ساعدی فەرماندەی هێزەكانی قەڵاچۆكردنی تێرۆریشیان بەرز كردبووەوە كە هەفتەیەك پێشتر لەلایەن د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە پۆستەكەی لابراو گواستراوە بۆ وەزارەتی بەرگری، هەروەها چەند دروشمێكی سیاسیی دیكەش دەگوترایەوە، لەوانە: «عێراق ئازادە و ئێران بۆ دەرەوە - عراق حرة حرة»، «ئێران برة برة» دەگوترایەوە و، ئەم دروشمانە بە سەر تێكڕای دروشمی خۆپیشاندەرەكاندا زاڵ بوون.
ئاشكرایە دوای بڕیارەكەی د.عادل عەبدولمەهدی بە لابردنی ساعدی لە پۆستەكەی، ئەو لایەنە سیاسییانەی وەك ( هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم، هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و چەند فراكسیۆنێكی عەرەبی سوننەش ) كە ئەندامێتی فراكسیۆنەكانیان لە شەوی 5 لەسەر 6 ئەم مانگە هەڵپەسارد، پێشتریش لە رۆژانی 27ی ئەیلوول تا 1ی تشرینی یەكەمی 2019 كە خۆپیشاندانەكەی گۆڕەپانی تەحریر دەستی پێ كرد، بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانیان كردبوو، بە توندی داوایان دەكرد كە لە بڕیارەكەی پاشگەز ببێتەوە و عەبدولوەهاب ساعدی بگەرێتەوە بۆ پۆستەكەی، بەڵام كە بێ ئومێد بوون لەم كارە، ئەوە بوو بە ناو خۆپیشاندانی خۆڕسك و تووڕەیی جەماوەر بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان دەستیان بە خۆپیشاندان كرد و خۆپیشاندانەكەش هەر لە سەرەتاوە لە گۆڕەپانی تەحریر بە توندوتیژی دەستی پێكرد و لە یەكەم ئێوارەدا دوو خۆپیشاندەر كوژران و زیاتر لە 200 كەسی دیكەش لە خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بریندار بوون، بۆ رۆژی دواتریش واتە چوارشەممە رێكەوتی 2ی تشرینی یەكەمی 2019 خۆپیشاندانەكان چەند شارێكی دیكەی عێراقیشی گرتەوە و هەتا رۆژی شەمەی رابردوو، ژمارەی كوژراوەكان گەیشتبووە نزیكەی 100 كەس و نزیكەی 4000 بریندار لە خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش.
سەبارەت بە چیرۆكی لابردنی عەبدولوەهاب ساعدی لە پۆستەكەی، چەند چیرۆكێكی جیاواز هەیە، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی داكۆكیی ئەوەیان دەكرد كە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پۆستەكەی و بڕیاری گواستنەوەكەی هەڵبوەشێندرێتەوە، ئاماژە بەوە دەكەن كە ناوبراو رۆڵێكی گەورەی لە شەڕی دژی داعش و ئازادكرنی ئەو ناوچانە هەبووە كە داعش داگیری كردبوون، بۆیە ناكرێت پاداشتی ئەم پاڵەوانەی شەڕی داعش بەو جۆرە بدرێتەوە، بەڵام غەیس تەمیمی سەرۆكی حزبی ئەلمواتەنەی عێراقی كە ئەویش نەك هەر پشتگیری لە عەبدولوەهاب ساعدی دەكات، بەڵكو لە شەوی 5 لەسەر 6ی ئەم مانگە و لە میانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی (دیجلەی عێراقی) راشكاوانە ئەو راستییەی دركاند، كە ئەوانە لەگەڵ ساعدی بە رێگەی تەلەفۆن و تەلەفۆنكاری لە هەوڵی ئەوەدا بوون، دەستەگەرایی لە ناو هێزەكانی دژە تێرۆر دروست بكەن، ئەوجا پاش ئەوەی دەزگای هەواڵگریی عێراق ئەو تەلەفۆنانەی تۆمار كردووە و لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشمانیی عێراق بەو ئەنجامە گەیشتوون كە عەبدولوەهاب ساعدی بەرنامەی دەستەگەری هەیە و دەیەوێت كودەتای سەربازی بە سەر حكومەتی عێراقدا بكات.
ئەم باكگراوندە بۆ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكەی چەند رۆژی رابردووی عێراق، لە هەموو میدیا جیهانییەكاندا بە ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی ستراتیژییەوە جەختی لەسەر كراوەتەوە و هەموو لایەكیش كۆكن لەسەر ئەوەی لە حوكمڕانیی عێراقدا ئەم كەموكووڕییانە بوونی هەیە:

1. دەوڵەتی عێراق هەر لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003 و پاشانیش دوای نووسینەوەی دەستوور و پێكهێنانی كابینەكەی د.ئیراهیم جەعفەری و دوو خولی نوری مالیكی و كابینەكەی عەبادی-یش، دەوڵەتمەدارێكی تیا نەبووە هەتا بتوانێت پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا بە رێگایەكی راستدا بەرێت و دامەزراوەكانی عێراق بونیاد بنێتەوە و شكۆ بۆ دەوڵەتی عێراق دروست بكاتەوە.
2. سەركردە سیاسییەكانی عێراق بەگشتی و سەركردەی لایەنە شیعەكان كە لە دەسەڵاتدا بوون، لە ماوەی ئەم 15 ساڵەی رابردوو، عێراقیان لەناو گەندەڵیدا نوقم كردووە و دامەزراوەكانیان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و حزبەكانیان بەكار هێناوە و نەك هەر نەیانتوانیوە ژێرخانی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بونیاد بنێنەوە، بەڵكو ئەو ژێرخانەی كە عێراق وەك دەوڵەت پێشتر هەیبووە، ئەویش لە ریشە هەڵكێشرا و كاولتر بووە، بۆیە عێراق لە هەموو روویەكەوە لە ماوەی 10-15 ساڵی رابردوو یەكێك بووە لە ریزبەندی دەوڵەتە گەندەڵ و شكستخواردووەكان لە پۆلێنكردنی دامەزراوەی شەفافییەتی نێودەوڵەتیدا.
3. بە درێژایی 10-15 ساڵی رابردوو، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیوە، لە بەر ئەوەی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق هەرگیز هەوڵیان نەداوە كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵكو هەوڵیانداوە كێشەی دیكە دروست بكەن، بۆ ئەوەی كێشە چارەسەرنەكراوەكان بشارنەوە.

4. بە درێژایی 10-15 ساڵی رابردوو بەشی هەرە زۆری هێزە سیاسییەكانی عەرەبی (شیعە و سوننە) هەوڵیانداوە لەسەر رەوتی رەگەزپەرستی دژی خەڵكی كوردستان سیاسەت بكەن و دەنگ بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، تەنانەت ئەمجارەش دوای پێكهێنانی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی لە تشرینی یەكەمی 2018 هەتا تشرینی یەكەمی 2019 هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بوو كە كێشە لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دروست بكەن و پرۆسە سیاسییەكە تێك بدەن و حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بڕووخێنن، بەڵام سیاسەتی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی و هاوپەیمانیی فەتح لە حكومەتی عێراقدا ئەو هەوڵانەی مایەپووچ كرد، بۆیە لەسەر لابردنی ساعدی لە پۆستەكەی بارودۆخەكەیان تەقاندەوە.
ئەم بارودۆخە سیاسییەی عێراق كە تیایدا هێزە سیاسییەكان، زۆنگاوێكی سیاسییان دروست كردووە بۆ ئەوەی ئامانجە سیاسییەكانی خۆیانی تێدا بهێننەدی، تەواوی گەلانی عێراقی (بە كورد و شیعە و سوننە و پێكهاتەكانی دیكەوە) كردۆتە كۆیلەی ئامانجەكانی حزب و لە هەموو خزمەتگوزارییەكی سەرەكی و ژیانێكی خۆشگوزەران بێبەشیان كردوون، بەڵام لە بەرامبەریشدا گەلانی عێراق بەرامبەر تەواوی ئەو هێزە سیاسییانە بێ وەڵام نەبوون و لە هەڵبژاردنەكانی ئایاری 2019 بە شێوەیەك بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیان كرد، كە نیشانەی پرسیار كەوتە سەر شەرعییەتی تەواوی پرۆسەكە، بۆیە لایەنە شیعەكان بەتایبەتی هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری سەرەنجام گەیشتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت دەستبەرداری گەورەترین فراكسیۆن بن و كەسێك كاندید بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كە سەر بە هیچ كام لەو لایەنە سیاسییانە نەبێت كە خاوەنی فراكسیۆنی گەورەیە لە پەرماندا، لەسەر ئەم بنەمایە حەیدەر عەبادی بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی وەزیرانی حكومەتی عێراق دروورخرایەوە و د.عادل عەبدولمەهدی وەك كاندیدی پێكەوە سازان كرایە سەرۆك وەزیرانی عێراق.
خوێندنەوەی واقیعییانە بۆ ئەو بارودۆخەی پرۆسەی سیاسیی عێراقی لە 2003- تا ئێستا پێدا تێپەڕیوە، ئەوە دەسەلمێنێت، كە پرۆسەی حوكمڕانی لە عێراقدا بە شێوەیەكی زۆر خراپ بەڕێوە براوە و هاووڵاتیان لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەش بوون، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی وتووێژەكان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانی و بەشداربوون لەم حكومەتەدا، لایەنی كوردستانی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بارزانی پێداگری ئەوەی كرد كە لایەنی كوردستانی بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی دوای خوێندنەوەی بەرنامەی حكومەتەكە بڕیار دەدات، تێیدا بەشداری دەكات، یان نە، هەر بۆیە دوای ئەوەی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی دەست بەكار بوو، سەرۆك بارزانی بە شەخسی سەردانی بەغدای كردو لەوێش بە هەموو لایەكی راگەیاند كە هەست دەكرێت نییەتێكی باش بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكانی عێراق هاتۆتەئاراوە، بۆیە ئێمەش هاتووین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی دەرفەتەكە لە دەست عێراقییەكان دەرنەچێت. لەبەرامبەردا بەشێك لەلایەنەكانی عەرەبی سوننە و شیعە كە لەم حكومەتەدا نەیانتوانی ئیرادەی خۆیان بسەپێنن، هەر لە رۆژی دەستبەكاربوونی كابینەكەی د. عەبدولمەهدی-یەوە هەوڵیان ئەوە بووە:

ئاستەنگی سیاسی بۆ تەواوكردنی كابینەكەی د.عادل عەبدولمەهدی دروست بكەن و ئەم كابینیە دوای نزیكەی 8 مانگ لە دەست بەكاربوونی ئەوجا توانی تەواوی وەزارەتەكانی پڕبكاتەوە و وەزیریان بۆ دەستنیشان بكات.
هەر لەسەرەتاوە هەوڵیاندا رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای بودجە بكەنە كارتێكی گوشار لەسەر حكومەتەكەی عەبدولمەهدی و شەقامی عێراقی لە دژی حكومەت بورووژێنن.
لەسەرەتاوە مۆڵەتی شەش مانگیان بۆ حكومەتەكەی عەبدولمەهدی دانا و ئەگەر لە ماوەی شەش مانگدا نەتوانێت خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات، ئەوا هاوپەیمانی دروست دەكەن بۆ ئەوەی حكومەتەكە بڕووخێنن، ئەوە بوو لە ئایاری 2019 ئەم هەوڵە دەستی پێكرد و چەندین كۆبوونەوەی جۆراوجۆر ئەنجام دران، بەڵام هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆكایەتیی موقتەدا سەدر هاوكاری نەكردن و هەوڵەكەیان پووچەڵ بووەوە.
لەدوای سەپاندنی قۆناخی دووەمی سزاكان لەلایەن ئەمریكاوە لەسەر ئێران، زۆر هەوڵیاندا عێراق بكەنە بەشێك لەو كێشەیە، بەڵام حكومەتی ئێستای عێراق توانی لەنێوان ئەو دوو ئاگرەدا خۆی بپارێزێت. ئاشكرایە ئەمریكا رۆڵێكی گەورەی لە عێراقدا هەیە و تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و عێراق، كارەساتی ئابووری بۆ عێراق دروست دەكات، لە هەمان كاتدا ئێرانیش نفووزێكی گەورەی لە ناو عێراقدا هەیە و دوژمنایەتیی ئێرانیش پاشاگەردانیی سیاسی لە عێراقدا دروست دەكات، هەر بۆیە حكومەتی ئێستای عێراق زۆر بە زیرەكانە هاوكێشەكەی خۆێندبووەوە و توانیبووی هاوسەنگی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا رابگرێت.
Top