دەستێوەردانی قورسی دەوڵەت

دەستێوەردانی قورسی دەوڵەت
ئەگەرچی كۆمەڵگەیەك توانیبیتێ لەم توندوتیژییە بەربڵاوە رزگاری بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رووبەڕووی تەحەددی گەورە دەبێتەوە. لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت كە كێشە و ناكۆكیی دیكە لە كۆمەڵگەی رواندا سەریانهەڵداوە و بەربڵاون. لە نێویاندا توندوتیژیی خێزان و كێشە و ناكۆكیی نێوان خێزانەكان، زۆرێك لەم كێشانەش دەرهاویشتەی جینۆسایدن، بۆ نموونە: (بەهۆی دووبارە هاوسەرگیریكردن لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی هاوسەرەكانیان زیندانیكرابوون، بەهۆی ئەوەی گومانلێكراوبوون بە ئەنجامدانی جینۆساید)، هەروەها بە هۆی تاسانی دەروونییەوە كە لە نێو كۆمەڵگەكەدا بەربڵاوە. لەوەش زیاتر، زۆرێك لە خەڵكی رواندا زیاتر و زیاتر نیگەرانن لەبارەی رەوتی خاو و لەسەرخۆی گەشەكردنی دیموكراسی لەسەر ئاستی نیشتمانی لە وڵاتەكەیاندا. لە ماوەی حوكمڕانی و دەسەڵاتداری بەرەی نیشتمانیی رواندا، ئەم پارتە لێبوردەییەكی كەمی پیشان داوە لە ئاست ئەو خەڵكانەی بۆچوونێكی جیاوازیان هەیە لە بۆچوونی دەسەڵات. لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بەرهەڵستكار تووشی تەنگپێهەڵچنین و دوورخستنەوە و كوشتن بوونەتەوە.
لە كاتێكدا خولی دووەم- بە پێی دەستوور- و دوایین خولی سەرۆكایەتی كاگامی بەرەو كۆتایی دەچێت، ئەوا حكومەت لە ساڵی 2015دا راپرسییەكی رێكخست بۆ ئەوەی بتوانێت خولێكی دیكەش سەرۆكایەتی بكات. ئەوە بوو لە سەتا 98ی دەنگدەران بۆ بەرژەوەندیی ئەم پێشنیارە دەنگیان دا و لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2017شدا كاگامی لە سەتا 99ی دەنگەكانی بەدەست هێنا. هەروەها لەبەر ئەوەی كە راپرسییەكە بووە هۆی هەمواركردنەوەی دەستوور و ئەو هەمواركردنانەش تاوەكو ساڵی 2024 ناكەونە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا كاگامی دەتوانێت دوو خولی دیكەیش هەوڵی بەدەستهێنانی سەرۆكایەتی بدات، واتە بواری ئەوە هەیە تاوەكو ساڵی 2034 سەرۆك بێت.
لە ماوەی راپرسی و هەڵبژاردنەكەدا حكومەت بە بەردەوامی دەنگدەرانی دەترسان و پارتە موعارەزەكانی لاواز دەكرد و سەركردەكانی هەراسان دەكرد و هەندێ جار رێگری لە تۆماركردنیان دەكرد. لە ململانێیەكی دادپەروەرانەدا پارتی نیشتمانیی رواندا بە رێژەیەكی گەورە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیشی دەبردەوە، ئەویش بەهۆی تۆماری سەركەوتووی لە بواری گەشەپێدان و دەستەبەركردنی ئاسایشدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پارتە كۆمەڵێك رێكاری قورسی گرتەبەر بۆ دەستەبەركردنی سەركەوتن لە هەڵبژاردنەكاندا.
لە ساڵانی داهاتوودا تەحەددای سەرەكی لە بەردەم ئەم پارتەدا بریتییە لە راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێویستیی بوونی دەوڵەتێكی بەهێز بۆ دەستەبەركردنی ئاسایش و گەشەكردن، لەگەڵ پێویستیی پێدانی ئازادییەكی زیاتری سیاسی و كۆمەڵایەتی بە هاووڵاتییان. پێدانی سەربەخۆییەكی زیاتر بە هاووڵاتییان دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی پتر بەهرەمەند بن بە رۆژگاری بووژانەوەی دوای جینۆساید و ساڕێژكردنەوەی زیاتری برینەكانیان. كەواتە لەسەرپێوەستانەوەی رواندا لە دوای جینۆساید هەر تەنیا بەهۆی كاردانەوەی حكومەتەوە نەبووە، بەڵكو بە هۆی خۆڕاگری خەڵكەكەشەوە بووە، بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم توانایەی خەڵك پێویستە حكومەت ئازادییەكی زیاتریان پێ بدات بۆ داڕشتنی پاشەڕۆژی خۆیان.
Top