فەلسەفەی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئێستای خۆمان و ئایندەی نەوەكانمان

فەلسەفەی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئێستای خۆمان و ئایندەی نەوەكانمان
ئامانجی شۆڕشی نەتەوەیی گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، بەڵام میكانیزم و شێوازەكانی خەبات بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە بەپێی سەردەم و قۆناخە جیاوازەكان دەگۆڕێت، لەسەر ئەم پرسە زۆر جاران لەنێوان بەشێك لە رۆشنبیراندا مشتومڕ لەسەر ئەو پرسە دەكرێت، بەوەی كە ئایا لە ئێستادا قۆناخی رزگاریی نیشتمانیمان تێپەڕاندووە، یان ئەم شێوازە حوكمڕانییەی ئێستای هەرێمی كوردستانیش هەر بەشێكە لەو قۆناخە و هەتا نەبینە خاوەنی قەوارەی سەربەخۆی خۆمان، ئەم قۆناخە هەر درێژەی دەبێت و لە هەمانكاتدا هەر دەبێت پابەندی ئەو گوتار و ستراتیژە بین، كە شۆڕشی ئەیلوول رێبەرایەتی كردووە؟ بێگومان وەڵامدانەوەی بەشی زۆری رۆشنبیران لەسەر ئەم پرسە بەو جۆرەیە كە هێشتا قۆناخی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتمانیمان بەجێنەهێشتووە و دەبێت بە میكانیزم و شێوازی جیاواز درێژەپێدەری ئەو قۆناخە بین.

پرسیاری سەرەكی و گرنگ كە لەسەر میكانیزم و شێوازی جیاواز بۆ درێژەدان بە قۆناخی رزگاریی نیشتمانی دێتەئاراوە، ئەوەیە: ئەو میكانیزمە جیاوازانە كە پێویستە بیانگرینەبەر چین؟ دیارە لەسەر ئەم میكانیزم و شێوانەش لە نێوان حزبە سیاسییەكانی ئەم بەشەی كوردستاندا بیرو بۆچوون و تێڕوانینی جیاواز هەیە، هەندێك لە حزبەكان پێیان وایە، لكاندنی ئەم بەشەی كوردستان بە عێراقەوە بۆتە ئەمری واقیع و دەبێت وەك پرسێكی عێراقی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، بەڵام لایەنی سەرەكییش لەناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا كە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانەكانی دەگرێتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن، لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە، كوردستان ناكات بە بەشێك لە دەوڵەتێكی بەزۆر دروستكراو كە ناوی لێنراوە عێراق، بەڵكو عێراق خۆی دروستكراوە و دەبێت لەناو ئەم دەوڵەتە دروستكراوەدا ناسنامەی نیشتمانیی كوردستان پارێزراو بێت، بەڵام بۆ داكۆكیكردن لەسەر ئەم پرسە لایەنی كوردستانی هەرگیز دەرگای دیالۆگ، هاتنە ناوەی ناوبژیوان، تەنانەت رێكاری یاسایی و دەستووریش رەتناكاتەوە، ئەمەش لەو قەناعەتەوە سەرچاوەی گرتووە كە هەرگیز مێژوو و جوگرافیای نیشتمانیی نەتەوەیەك بە نەتەوەیەكی دیكە ناسڕێتەوە.
دیارە هەتا ئێستاش لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا، چەندین كێشەی هەڵواسراو بێ چارەسەر ماونەتەوە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی نەفەسدرێژی بۆ شێوازی دیالۆگ و چارەسەری كێشەكان پیشانداوە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت لەو چوارچێوە ستراتیژییە دەربچێت كە شۆڕشی ئەیلوول بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردستان لە عێراقدا دایڕشتووە.

سەرۆك مسعود بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە یەكێك لە چارەسەرە گرنگەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، گرێدانی دیالۆگی راستەوخۆیە لە نێوان ( كورد و عەرەب، كورد و تورك، كورد و فارس) دا، بەڵام ئەوەی هەنگاوی زۆر باشی بۆ هەڵگیراوە و تا راددەیەكی باش بەرەوپێشەوەچوونی بەخۆیەوە بینیوە، دیالۆگی (كورد و عەرەبە)، ئەم دیالۆگەش نەك تەنیا لەنێوان (كورد و عەرەبی عێراقدا) بەڵكو ئێستا زۆر فراوان بووە و بۆتە دیالۆگی نێوان كورد وتەواوی وڵاتانی عەرەبی.

مەبەستی سەرۆك بارزانی لە بایەخدان بە دیالۆگی نێوان كورد و نەتەوەكانی دیكە ئەوەیە كە پێویستە لەسەر ئەو نەتەوانەی دیكە لەسەر ئاستی میللی لە رووی راستەقینەی كێشەی كوردستان تێبگەن و بگەنە ئەو راستییەی كە گەلی كوردستان هیچ كێشەیەكی لەگەڵ نەتەوەكانی دیكە نییە و دەخوازێت بە ئاشتی پێكەوە بژین، بەڵام بگاتە ئەوەی رژێمی سیاسیی ئەو وڵاتانە هەڕەشە لەمانا و بوونی كوردستان بكەن بە پێچەوانەی ئەو شێوەی گەلی كوردستان دەیەوێت، ئەوا بارودۆخێك دێتەئاراوە كە هیچ لایەك نەتوانێت بە ئارامی بژی.

بۆ ئێستای كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، دیالۆگی جددی لە نێوان خەڵكی كوردستان لەگەڵ عەرەبی عێراق بە (شیعە و سوننە)وە بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەتیش كە ئێستا بە هۆی ئارامیی كوردستانەوە بەشێكی زۆری عەرەبی عێراق چ بۆ گەشت و چ بۆ مانەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەماوەی شەڕی دژی داعشیشدا شێوازی پێشوازیی خەڵكی كوردستانیان بینیوە كە چۆن بە دیدێكی مرۆڤانە و برایەتی مامەڵەی لەگەڵ كردوون.
خاڵی گرنگ و دوماهی كە لەم وتارەدا مەبەستمانە جەختی لەسەر بكەینەوە، گرنگیی تێگەیشتنی نەتەوەی بەرامبەرە لەسەر ئاستی میللی لە رەوایەتیی كێشەی كوردستان و پێشوازیكردن لەو هەوڵانەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ چارەسەری ئاشتییانە دەیگرێتەبەر. دیارە مستەفا بارزانی هەر لە دەستپێكی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی 1943وە، ئەم لایەنەی زۆر لەلا گرنگ بووە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش یەكەم نامەی بۆ عەبدولڕەحمان عەزام پاشا كەسایەتیی عەرەبی و پاشانیش سەرۆكی كۆمكاری عەرەبی نووسیوە، بۆیە ئەوەی لەو مێژووە فێری دەبین، ئەوەیە كە دەبێت ئەو رێگە راستەی مستەفا بارزانی بۆ شۆڕشی كوردستان دیاری كردووە و لە شۆڕشی ئەیلوولدا زۆر حەكیمانە پیادەی كردووە، ئێمەش درێژەپێدەری هەمان ئەو رێگەیە بین، ئەگەرچی شێواز و میكانیزمی ئێستا بۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە جیاوازیش بێت.
Top