پێشكەوتنە لەرزۆكەكان

پێشكەوتنە لەرزۆكەكان
وەك پێشتریش ئاماژەی پێكرا، سەركەوتن لە بەرەكانی شەڕدا بە مانای ئەوە نییە توانراوە ئاشتی بەدەست بهێنرێت و رێگەی بەدیهێنانی سەقامگیری مسۆگەر بكرێت، بە واتای ئەوەی دۆخی دوای شەڕ پێویستی بە هەوڵ و كۆششێكی چڕ هەیە بۆ زەمینەسازكردن بۆ ئاشتییەكی درێژخایەن و سەقامگیرییەكی جێگیر. لەم رووانگەیەوە نووسەری بابەتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە عێراق لە گۆڕەپانی شەڕدا داعشی تێكشكاندووە، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئاشتی بباتەوە، لەم رووەوە عێراق رووبەڕووی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكی گەورەی بنیاتنانەوە و ئاوەدانكردنەوە بۆتەوە. كە رەنگە ئەم كارەش دەیەیەك یان زیاتر بخایەنێت، ئەمەش بەو مەرجەی كە حكومەتی عێراق و كۆمەكبەخشە نێودەوڵەتییەكان بەردەوام بن لە پابەندبوونیان بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە سوننەنشینەكانەوە. كە بێ بەرەوپێشچوونی بەردەوام لەم رووەوە، ئەوا ئومێد و هیواكان دادەكشێن و ناڕەزایەتی و بێزارییەكان هەڵدەكشێن. كە حاڵی حازر ئاماژەی ئەوە لە ئارادایە كە گوڕ و تینی دەستەبەركردنی سەقامگیری لە عێراقدا خاو دەبێتەوە. كە ئەگەر وابێت، ئەوا بۆی هەیە دووبارە یاخیبوون سەرهەڵبداتەوە.
Top