بردنەوەی شەڕ و گرنگی لەدەستنەدانی ئاشتی لە عێراقدا

بردنەوەی شەڕ و  گرنگی لەدەستنەدانی ئاشتی  لە عێراقدا
ئاشكرایە كە عێراق وڵاتێكە كە پەرەسەندنەكان و پێشهاتەكانی بە ئەرێنی یان نەرێنی كاریگەری و دەرئەنجامی دەبێت لەسەر دەوڵەتانی دراوسێ و تەواوی ناوچەكە، لە ماوەی رابردووشدا ئەم وڵاتە چەندین رووداو و پەرەسەندنی گەورەی بەخۆوە بینی، كە دەكرێت ئاماژە بە دیارترینیان بكەین، كە بریتی بوو لە داگیركردنی ئەم وڵاتە لەلایەن ئەمریكاوە لە ساڵی 2003دا، كە وەك لەو كاتەدا ئاماژەی پێ دەكرا، ئامانجەكەش بریتی بوو لە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی كۆمەڵكوژ و هێنانەئارای دیموكراسی لەم وڵاتەدا، هەروەك لیندا رۆبینسۆن لە وتارێكیدا بە ناوی «بردنەوەی ئاشتی لە عێراق، دەست لە دیموكراسیەتی لەرۆزكی عێراق هەڵمەگرن»، ئاماژەی پێدەكات، بەڵام هەروەك ئەم نووسەرە دەڵێت، كاتێك سوپای ئەمریكا لە ساڵی 2011 عێراقی جێهێشت، ئەم خەیاڵپڵاوی و وەهمە تێكشكا، چونكە شەڕەكە 731 ملیار دۆلار لەسەر ئەمریكا راوەستا، ئەمە جگە لەوەی بووە هۆی كوژرانی 110،000 عێراقی و 5000 سەربازی ئەمریكی و زیانێكی درێژخایەنیشی بە پێگەی نێودەوڵەتیی ئەمریكا گەیاند. داگیركارییەكە بووە هۆی سەرهەڵدانی یاخیبوون لەو وڵاتەدا كە توانرا لە ساڵی 2011دا خامۆش بكرێت، بەڵام دوای پاشەكشەی سوپای ئەمریكا جارێكی دیكە دروست بۆوە و لە سەرەنجامدا گروپێكی وەك داعشی لێ دروست بوو، كە بەشێكی زۆری رۆژئاوای عێراقی داگیركرد.
ئایا ئەمە ساتەوەختێكی جیاوازە؟
داگیركارییەكەی داعش بۆ بەشێكی زۆری خاكی عێراق بێ كاردانەوە و پەرچەكرداری نێودەوڵەتی تێنەپەڕی و كاتێك عێراق لەبەردەم لێواری هەڵدێردا بوو، ئەمریكا هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی پێكهێنا بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێكشكاندنی ئەم هەڕەشەیە، كە وەك نووسەر لە وتارەكەیدا ئاماژەی پێدەكات، ئەم هاوپەیمانێتییەش سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا و، ئەو پێی وایە ئێستا عێراق وڵاتێكی جیاوازە و كاتی ئەوە هاتووە كە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدرێت و گوڕ و تینی سەركەوتن لەم شەڕەدا بگۆڕدرێت بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتێكی جیۆپۆلەتیكیی درێژخایەن. ئەو پێی وایە كە ئەوەی جێی داخە لەم رووەوە ئەوەیە كە زۆرێك لە ئەمریكییەكان شەكەتی دەستی تێوەگلانی وڵاتەكەیانن لە عێراقدا و ئەو دەرفەتە بەدی ناكەن كە رەخساوە بۆ هێنانەئارای دەرئەنجامێكی باشتر لەوەی كە چەند پێش ئێستا ئومێدی بۆ دەخوازرا.
هەڵەكە لە چیدایە؟
ئەم رەخنەیەی ئەم نووسەرە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسی بردنەوەی شەڕ و لەدەستدانی ئاشتی، بە واتای ئەوەی ئەگەر كار نەكرێت بۆ چەسپاندنی دەستكەوتەكانی شەڕ و دروستكردنی زەمینەیەكی پتەو بۆ ئاشتییەكی درێژخایەن، ئەوا هەمیشە ئەگەری داڕووخانی بارودۆخەكە لە ئارادا دەبێت و، بەو پێیە هەمیشە ئەگەری دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕ یەخەی وڵاتەكە دەگرێت. لەبەر ئەوە پێی وایە زۆرێك لە بەرپرسانی ئەمریكا وەك پانتایی و گۆڕەپانێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە عێراق دەڕوانن و ئەوان مشتومڕی ئەوە دەكەن كە لە دوای تێكشكاندنی داعش عێراق بۆتە هاوپەیمانێكی متمانەپێنەكراو و بگرە بۆتە وەكیلی تاران. بە رای ئەو ئەمە بۆچوونێكی هەڵەیە، چونكە دەستهەڵگرتن لە پشتیوانیكردنی بەغدا بۆ چەسپاندنی ئەو سەقامگیرییە لەرزۆكەی لە ئارادایە، بۆی هەیە دەستكەوتەكانی ساڵانی رابردووش لەباربەرێت كە بە تێكۆشان و قوربانییەكی زۆر بەدەست هاتوون. ئەم چەشنە سیاسەتە لە ئاست عێراقدا ئاگری تایفەگەری لە عێراقدا دەگەشێنێتەوە، لە ساتەوەختێكدا كە عێراق پێویستی بە سەقامگیرییە، هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزكردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا و زەمینەی دووبارە دروستبوونەوەی داعش دروست دەكات.
ئایا ئومێدێكی نوێ لە عێراقدا بەدی دەكرێت؟
كەواتە ئەگەر بارودۆخەكە لەرزۆك بێت و دەستكەوتەكان ئەگەری لەناوچوونیان لەسەر بێت، ئایا چ پەرەسەندنێك لە عێراقدا روویداوە كە بكرێت وەك سەرچاوەی ئومێدێكی نوێ لێی بڕوانرێت؟ نووسەر پێی وایە دەكرێت دوو رووداو وەك هۆكاری پێشكەوتنی ئەم دواییەی عێراق دەستنیشان بكرێت، یەكەمیان بریتییە لە دووركەوتنەوە لە تایفەگەری و دووەمیان سەركەوتن بەسەر داعشدا. بۆ نموونە دەكرێت هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ی عێراق وەك نیشانەی پێگەیشتوویی و كامڵبوونی دیموكراسی لێك بدرێتەوە، لەبەر ئەوەی بۆ یەكەمجار پرسی تایفەگەری پاشەكشەی كرد و پرسی حوكمڕانیی باشی و چارەسەركردنی كێشەی رۆژانەی خەڵك بووە چەق و تەوەری بایەخپێدانەكان. ئێستاش داواكاریی هێنانەئارای حوكمڕانییەكی باشتر بۆتە پرسێكی سەرەكی دوای ئەوەی عێراق توانیویتی رزگاری بێت لە شەڕێكی پێنج ساڵە لە دژی داعش.
Top