ئیرادەی سیاسی لە داڕشتنی سیاسەتی دژە گەندەڵیدا

ئیرادەی سیاسی  لە داڕشتنی سیاسەتی  دژە گەندەڵیدا
شەڕی گەندەڵی بە شێوەیەكی راستەوخۆ بە تەنیا بەس نییە، بەڵكو سیاسەتی دژە گەندەڵی كارلێك دەكات و پێویستی بە زامنكردنی كۆمەڵێك سیاسەتی فراوانتر هەیە، كە دەبێتە گەرەنتی بۆ حوكمڕانیی باش و دەستپێكی دیزاینی پڕۆسەكانی حوكمڕانی وەك (حكومەتی ئەلیكترۆنی، نەهێشتنی رۆتین و.. هتد). هەروەها سیاسەتی دژە گەندەڵی دەبێتە بونیادێكی گرنگ بۆ ئاكاری خزمەتگوزاریی گشتی، دروستبوونی ئەم ئاكارە دەبێتە بەربەست لەبەردەم بەرپرسەكان بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی، ئەمەش نەك لەبەر ئەوەی ئەگەر گەندەڵییان كرد، قورسترین سزا دەدرێن، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی گەندەڵی بۆ بنەماكانی ئاكاری خزمەتی گشتی دەبێتە پێشێلكاری، ئەمەش لەگەڵ ئەو بنەما ئاكارییە یەك ناگرێتەوە كە فەرمانبەری حكومەتی پێ پێناسە دەكرێتەوە. هەروەها لە جێبەجێكردنی سیاسەتی دژە گەندەڵیدا دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بكرێتەوە، كە چۆن ئامانجەكە بەدەست بهێندرێت كە دابینكردنی خزمەتگوزاریی گشتییە، نەك تەنیا جەخت لەسەر ئەوە بكرێتەوە چۆن رێگە لە گەندەڵی دەگریت.

راپۆرتی یەكێتی ئەوروپا : دیزاین و جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی دژی گەندەڵی

لەگەڵ ئەوەی پڕۆسەی قەڵاچۆكردنی گەندەڵی پڕۆسەیەكی تایبەتمەندە بە واقیعی سیاسی و دامەزراوەی هەر دەوڵەتێك، كە بەپێی شێوازی حوكمڕانییەكەی ئەزموونی هیچ دەوڵەتێك بۆ دەوڵەتێكی دیكە كۆپی ناكرێتەوە، بەڵام پێناسەكردن و هەوڵەكان بۆ ئاشكراكردنی ئاست و مەودای گەندەڵی لە زۆربەی حكومەتەكاندا هاوشێوەیە، بەڵام دیسان هەر حكومەتێك پێویستی بە میكانیزمی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە كەم بكاتەوە، یان ئەگەر ئیرادەی سیاسیی بەهێز بتوانێت قەڵاچۆی بكات.
پەتای گەندەڵی وەك هەر پەتایەكی بایۆلۆژی، پێویستی بە ژینگەیەكی ناتەندروستە، هەتا بتوانێت گەشەی تێدا بكات، هەر بۆیە كاتیك پەتایەكی بایۆلۆژی وەك پەتای كولێرا لە وڵاتێكدا بڵاو دەبێتەوە، ئەوا دەزگاكانی تەندروستی پێش هەموو شت سەرچاوەكانی ئاو كۆنتڕۆڵ دەكەن، لەبەر ئەوەی پەتای كولێرا لە پیسبوونی سەرچاوەكانی ئاوەوە بڵاودەبێتەوە، بەهەمان شێوە پەتای گەندەڵییش لەو حكومەتانەدا گەشە دەسەنێت و بڵاو دەبێتەوە، كە دیزاینی هەیكەلەی حوكمڕانی كێشەی تێدایە و سیاسەت و بەرنامەكانی حكومەت جێبەجێ ناكرێت، هەر بۆیە كاتێك پڕۆسەی دژایەتیی گەندەڵی لە حكومەتێكدا دەست پێ دەكات، گرنگە پێش هەموو شتێك لە دیزاین و هەیكەلەی حكومەتەوە دەست پێ بكات، هەر بۆیە لە راپۆرتێكی ساڵی 2013ی یەكێتیی ئەوروپا بە ناونیشانی (دیزاین و جێبەجێكردنی سیاسەتی دژە گەندەڵی) هاتووە، كە شەڕی راستەوخۆی دژە گەندەڵی بە تەنیا بەس نییە، لەبەر ئەوەی ئەو سیاسەتەی بۆ دژایەتی و بنبڕكردنی گەندەڵی لەلایەن حكومەتەوە دادەڕێژدرێت، لەگەڵ كۆمەڵێك سیاسەتی فراوانتردا كارلێك دەكات و نەخشەڕێگا بۆ حوكمڕانیی باش دروست دەكات، لەمەش زیاتر سیاسەتی دژە گەندەڵی دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ ئاكاری خزمەتی گشتی و بەرپرس و كارمەندەكانی حكومەت شەرم دەكەن ئەو ئاكارە پێشێل بكەن و گەندەڵی ئەنجام بدەن.
لەو وڵاتانەی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان گەندەڵی رۆچۆتە ناو كۆی جومگەكانی دامەزراوەكان و ژیانی رۆژانەی كۆمەڵگە، لە دەستپێكی پڕۆسەكەدا زۆر بە رەشبینییەوە سەیری بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە دەكرێت و تەنانەت هەندێك دەگەنە ئەو قەناعەتەی مەحاڵە پەتای گەندەڵی لە حكومەت و كۆمەڵگەدا بنبڕ بكرێت، بەڵام ئەگەر دیزاینی پڕۆسەی دژە گەندەڵی لەسەر ئەو بنەمایە بونیاد نرابێت كە ئەقڵانییەت و مەعریفە لەگەڵ دووبارە رێكخستنەوەی هەیكەلەی حكومەت متوربە بكرێت، ئەوا پڕۆسەكە چەند سەخت و دژوار و ئاڵۆزیش بێت، لەگەڵ كردنەوەی گرێی یەكەمی تۆڕە جاڵجاڵۆكەییەكەی گەندەڵی، ئیدی ئەم رەشبینییە دەگۆڕێت بۆ گەشبینی و كۆمەڵگەش وەك جەستەیەكی نەخۆش هەنگاو بەرەو چاكبوونەوە دەنێت.
ئەوجا چۆن بڵاوبوونەوەی پەتای گەندەڵی و بڵابوونەوەی بەناو كۆی جومگەكانی دامەزراوەكانی حكومەت و كۆمەڵگە پڕۆسەیەكی لەسەرخۆ بووە و هەستمان پێ نەكردووە، هەتا بۆتە ئەو مەترسییەی كە چیتر نەتوانین لە ئاستیدا دەستەوەستان بین، یان بێدەنگ بین، بەهەمان شێوە پڕۆسەی دژە گەندەڵی و قەڵاچۆكردنیشی پڕۆسەی لەسەرخۆیە و كاتی دەوێت، هەتا ئەم پەتایە چارەسەر دەكرێت، بەڵام وەك پڕۆفسیۆر دانیال كۆفمان كە ماوەیەك بەڕێوەبەری بانكی نێودەوڵەتی بووە، سەبارەت بە پڕۆسەی دژە گەندەڵی دەڵێت: «من نازانم گەندەڵی قەڵاچۆ دەكرێت، بەڵام كاتێك هەوڵەكان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەستیپێكرد، نازانی لەوڵاتدا چی روودەدات، دروست وەك ئەوەیە سیحرێك لە وڵاتدا ئەنجام درابێت، كۆی كۆمەڵگە وەرچەرخانی گەورەی بەرەو پێشەوە تێیدا روودەدات.» ئەم قسەیەی كۆفمان ئەوەمان پێ دەڵێت: كە میتۆدێكی دیاریكراو، یان رێوشوێنێكی تایبەت بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی بوونی نییە، هەتا وەك رەچەتەی دكتۆر بیدەنە دەست حكومەتەكان و پێیان بڵێن فەرموون بەمجۆرە گەندەڵی چارەسەر بكەن، بەڵكو تایبەتمەندیی هەر پڕۆسەیەكی سیاسی و هەر حوكمڕانییەك، ئاراستەی پڕۆسەی دژایەتیی گەندەڵی دیاری دەكات.
راپۆرتی یەكێتی ئەوروپا، بۆ دیزاینی سیاسەتی دژە گەندەڵی و جێبەجێكردنی، چەند خاڵێكی دیاری كردووە كە رەهەندی گشتیی پڕۆسەی دژە گەندەڵی دیاری دەكەن، ئەوانیش بریتین لە:
1. پابەندبوونی راستەقینە بە سیاسەتی دژە گەندەڵی و پشتگیریكردنی ئەم سیاسەتە لەلایەن كەسانی خاوەن دەسەڵاتەوە، ئەمەش واتە پێویستە لە داڕشتنی سیاسەتی دژە گەندەڵیدا، ئیرادەیەكی سیاسیی هەبێت، تا پشتگیری لەو سیاسەتە بكات.
2. سیاسەتی دژە گەندەڵی، سیاسەتێكە كارلێك لەگەڵ سیاسەتی دیكە دەكات، بۆیە پێویستە پێداویستییە پەیوەندیدارەكان بەم سیاسەتە دابین بكرێت و لە هەمانكاتدا لە میانەی جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتەشدا دیسان دەبێت پێداویستییەكانی جێبەجێكردنیش ئامادە بكرێت، ئەمەش دەبێتە گەوهەری سیاسەتی دژە گەندەڵی و سەركەوتنی سیاسەتەكە.
3. دەبێت ئیدارەی فەرمی (دامەزراوەكانی حكومەت) سیاسەتێكی كار دابڕێژن و جێبەجێی بكەن، ئەمەش بەو مانایەی دەبێت دامەزراوەكانی حكومەت بیرۆكراتییەت بە ئاستێك پیادە بكەن، كە نەبێتە هۆكار و ئاستەنگ بۆ كاروبارەكانی هاووڵاتیان.
ئەگەر سەرنج لەم سێ خاڵە گرنگە بدەین، كە یەكێتی ئەوروپا بۆ دیزاینی سیاسەتی دژە گەندەڵی و جێبەجێكردنی بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دایڕشتووە، دەبینین تەنیا ئاماژەی بە رەهەندە گشتییەكان و چوارچێوەی دیزاینی سیاسەتی دژە گەندەڵی داوە، چۆنێتی داڕشتنی سیاسەتەكەی بۆ هەر دەوڵەتێك بەجێهێشتووە، بۆ تایبەتمەندیی دەوڵەتەكە، هەر بۆیە لە راپۆرتەكەدا زیاتر جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت سیاسەتی دژە گەندەڵی، سیاسەتێكی ئاڵۆز بێت و قابیلی جێبەجێكردن نەبێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە سیاسەتی دژە گەندەڵی دەبێت جەخت لەسەر چوارچێوەیەكی ئیداری بۆ بەدەستهێنانی كۆمەڵێك ئامانج بكاتەوە، سیاسەتەكە شەفاف و كورت و پوخت بێت، بە ئاسانییش دامەزراوەكانی دەوڵەت لێی تێبگەن و مامەڵەی لەگەڵ بكەن، هەروەها بە ئاسانییش هاووڵاتیان لێی تێبگەن، لەمەش گرنگتر، دەبێت ئامانجی سیاسەتی دژە گەندەڵی ئەوە بێت كە چۆن دەتوانرێت خزمەتگوزاریی گشتیی زیاتر پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت، نەك تەنیا ئامانجەكە ئەوە بێت چۆن رێگری لە گەندەڵی بكرێت، ئەم ئاماژەیە بە دیوێكی دیكەدا ئەو مانایەمان پێ دەڵێت، ئەگەر گەندەڵی لە كەرتی گشتیدا بۆ دابینكردنی خزمەتگوزاریی گشتی و سەرەكی بۆ هاووڵاتیان گەورەترین ئاستەنگ بێت، ئەوا كاتێك سیاسەت و هەیكەلەی حكومەت ئامانجی دەبێتە ئەوەی چۆن خزمەتگوزاریی گشتی و سەرەكیی زیاتر بۆ هاووڵاتیانی دابین بكات، ئەوكات پڕۆسەكە جیا لەوەی لە ریشەوە گەندەڵی ریشەكێش دەكات، لە هەمانكاتدا ئاراستەی حوكمڕانییش بەرەو حوكمڕانییەكی باش دەبات.
دیاردەی گەندەڵی لە ئێستای حوكمڕانیی كوردستاندا بە ئاستێك بۆتە پەتایەكی گەورە كە هەندێك لە بەرپرسەكان خۆیان دەڵێن، گەندەڵی لە كوردستاندا سنووری پێناسەی گەندەڵیی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە ئەو ئاستەی پێی بگوترێت (فەرهوود)، بۆیە كاتێك پەتای گەندەڵی سنووری خۆی بەو ئاراستەیە دەبەزێنێت، مانای ئەوەیە كۆی خزمەتگوزارییە سەرەكی و گشتییەكان بۆ هاووڵاتیان گەیشتۆتە ئاستی بنبەست، بۆیە كاتێك حكومەت لە بەرنامەی خۆیدا جاڕی شەڕێكی گشتگیری گەندەڵی داوە، ئەوا ئەم شەڕە بەوە دەبردرێتەوە كە حكومەت دابینكردنی خزمەتگوزاریی گشتی، دۆزینەوەی هەلی كار، بەرزكردنەوەی ئاستی كوالێتیی خزمەتگوزارییەكان و هاوسەنگیی نێوان كەرتی تایبەت و گشتی، بكاتە ئەولەوییەتی ئامانجەكانی خۆی. راشكاوانەتر هەموو ئەو بوارانەی پەتای گەندەڵی ئیفلیجی كردوون، دەبێت هەوڵبدرێت سەرلەنوێ چالاك بكرێنەوە، لەم حاڵەتەشدا بە نەهێشتنی كاریگەریی پەتای گەندەڵی لە بوارە جیاجیاكانی خزمەتگوزاریی گشتی و سەرەكیدا، ئیدی ئەو ژینگەیە نامێنێت كە گەندەڵكاران بە ئاسانی گەشەی تێدا بكەن و خۆیان بشارنەوە.
Top