باڵانسی نێوان كەرتی گشتی و تایبەت . . . حوكمڕانیی باش و پرۆسەی پەرەپێدانی بەردەوام
August 27, 2019
راپۆرتەکان
دیارە مەبەستمان لە هێنانەوەی ئەم نموونەیە ئەوە بوو كە بیكەینە دەروازەیەك هەم بۆ پێناسەی كار و وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەت و هەمیش بۆ بەراوردكردنی شێوازی هەڵسووڕاندنی كاروبارەكان لە نێوان كەرتی تایبەت و كەرتی گشتیدا.
وەك لە سەرەتای هەموو دەستاودەستكردنێكی ئاشتییانەی دەسەڵات لە حوكمڕانیی دیموكراتی و سەرمایەداری بینیومانە، سەرۆكی هەڵبژێردراو، یان سەرۆك وەزیرانی هەڵبژێردراو، بەرنامەی چوارساڵی داهاتووی حكومەتەكەی پێشكەش دەكات، بۆیە ئەگەر لەم دەروازەیەوە سەیری شێوازی هەڵسووڕاندنی كاروبارەكانی كەرتی گشتی بكەین، دەبینین حكومەت پێشوەختە بەرنامەی بۆ داناوە و پەرلەمان پەسەندی كردووە، بەڵام ئەگەر سەیری یەكێك لە كۆمپانیا گەورەكانی وەك (ئەپڵ و سامسۆنگ) بە نموونە بكەین، ئەوا هەرگیز كۆمپانیاكان بەرنامەی خۆیان نەك بۆ چوار ساڵ، بەڵكو بۆ ساڵێكیش راناگەیەنن، هۆكاری ئەمەش لەبەر ئەوەیە، سیاسەتی ئابووریی بازاڕ رۆژانە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمی كۆمپانیاكان دەكات و، بازاڕ لەسەر بنەمای (قازانج و زیان) ئاراستەی سیاسەت و بەرنامەی كەرتی تایبەت دەكات، بۆیە ئەگەر بە میتۆدی سیاسەتی ئابووریی بازاڕ، پێناسەی شێوازی هەڵسووڕاندنی كاروبارەكانی كەرتی تایبەت بكەین، دەبینین، ئاراستەكەیان هێندەی وەڵامدانەوەیە بۆ سیاسەتی ئابووریی بازاڕ (خواستی خەڵك)، هێندە خۆگرێدانەوە نییە بە سیاسەتی كۆمپانیاكەوە، هەر ئەمەش وایكردووە، كۆمپانیایەكی گەورەی ئۆتۆمبێل، یان مۆبایل، هەر لەگەڵ دەركەوتنی بچووكترین كەموكورتی لە بەرهەمەكەی، بە سەدان هەزار لە ئامێرەكانی لە بازاڕەكاندا كۆبكاتەوە، ئەم ستراتیژەی كەرتی تایبەت كە سیاسەتی ئابووریی بازاڕ (خواستی خەڵك) ئاراستەی دەكات، لە هەموو حكومەت دیموكراتییەكان سەركەوتووتر بووە كە پێشتر بەرنامەی كاری بۆ ئامادە كراوە.
لە جیهانی نووسینەوەی یاداشتەكانی چیرۆكی سەركەوتندا، جیاوازییەكی گەورە و بەرچاو لەنێوان یاداشتی «دەوڵەتمەدار و سیاسەتمەدار» لەگەڵ سەرمایەدار و بزنسمانەكان هەیە، ئاشكرایە هەموو دەوڵەتمەدارێك كە یاداشتەكانی خۆی دەنووسێتەوە، ئامانجی ئەوەیە چۆن بەرهەمی سەركەوتنی فیكرەكەی بۆ بونیادنانی نەتەوەكەی تەرجەمە بكات، بەڵام كاتێك سەرمایەدار، یان بزنسمانێك یاداشتەكانی خۆی دەنووسێتەوە، ئامانجیەتی هونەری خۆی لە كۆكردنەوەی سەرمایە بە رێگەی مەشروع و لەژێر چەتری سەروەریی یاسادا لە پرۆژەكانی خۆیدا تەرجەمە بكات و، زۆر سەربەرزانەش شانازی بە سەرمایەكەیەوە دەكات و نایەوێت بیشارێتەوە.
چیرۆكی سەركەوتنی حوكمڕانیی باش و سەرمایەداریی مەشروع، جمكن و لە یەكتری جیاناكرێنەوە، هەر ئەمەشە وایكردووە لە مێژووی حوكمڕانیدا، هیچ حوكمڕانییەكی باش و سەركەوتوو بەبێ كەرتێكی تایبەت و بەهێز، بەدی ناكرێت، لەمەش زیاتر لە نێوان ئەم دوو كەرتەدا كێبڕكێ بەو جۆرە نییە، ئەمەیان ئاستەنگ بۆ ئەوی دیكەیان دروست بكات، یان بە پێچەوانەوە، بەڵكو ئەو بوارانەی كە پێویستە كەرتی گشتی بەڕێوەیان بەرێت، كەرتی تایبەت دەستێوەردانی تێدا ناكات و ئەو بوارانەشی كە كەرتی تایبەت هەڵیدەسووڕێنێت، حكومەت هاریكاری دەكات و ئەگەر لە بوارێكی خزمەتگوزاریدا حكومەت بۆی دەركەوت، وەك كەرتی تایبەت ناتوانێت هەڵیسووڕێنێت، ئەوا ئەو كەرتە، یان ئەو بوارەش دەداتە كەرتی تایبەت.
حكومەتی بەریتانیا لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو، لەو سەردەمەی كە مارگرێت تاتچەر سەرۆك وەزیرانی بوو، گەورەترین پرۆژەی بەتایبەتكردنی (الخصخصە)ی پیادەكرد و بەشی هەرە زۆری كۆمپانیا گەورەكانی بەریتانیای كردە كەرتی تایبەت، ئەم هەنگاوەی تاتچەر لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتادا كێشەی لەگەڵ سەندیكاكانی كرێكاران و پارتە سیاسییە چەپەكان بۆ دروستكرد، بەڵام دروستیی ئەم هەنگاوە لەوەدا بوو كە وەرچەرخانێكی گەورەی چۆنی لە ئابووریی بەریتانیادا دروستكرد، ئەم هەنگاوەی تاتچەر كاردانەوە بوو بەرامبەر ئەو حاڵەتە هەڵاوسانەی لە ئابووریی وڵات و ئەو چەقبەستووییەی لە جومگەكانی دامەزراوەكانی دەوڵەتدا دروست ببوون. پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بەم هەنگاوەی جیا لەوەی بۆ سێ خولی لەسەر یەك لە دەسەڵاتدا بوو، لە هەمانكاتدا پارتی كرێكارانی ركابەریشی فێری ئەوە كرد، (ئەوەی خۆی بە گرنگی دەزانێت بەسەر خەڵكیدا نەیسەپێنێت و بایەخ بەو خواست و داواكارییانە بدات كە گەلی بەریتانیا بە گرنگیان دەزانێت)، ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە ئەگەر حكومەت نەیتوانی بە سەركەوتوویی دامەزراوە و كۆمپانیاكانی خۆی هەڵبسووڕێنێت و خزمەتگوزاریی شایستە پێشكەشی گەلەكەی بكات، ئەوا باشترە ئەم ئەركە بداتە كەرتی تایبەت كە دەتوانێت خێراتر و باشتر لە حكومەت جێبەجێیان بكات.
جیاوازیی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، لەو خاڵەدا رەنگدەداتەوە كە كەرتی گشتی (حكومەت) بەرنامە و سیاسەت و ستراتیژیەتی خۆی لەبەر بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و پێداویستییە بنەڕەتییەكانی گەلەكەیدا دادەڕێژێت، بەڵام كەرتی تایبەت بەرنامە و ستراتیژیەتی داڕێژدراوی نییە و سیاسەتی ئابووریی بازاڕ ئاراستەی شێوەی كاروبارەكانی دیاری دەكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە هەندێك خزمەتگوزاریی گرنگ وەك سیاسەتی ئاسایشی خۆراك و دەرمان و تەندروستی و ستراتیژیەتی پەروەردە و خوێندن و ستراتیژیەتی نەهێشتینی بێكاری و دۆزینەوەی هەلی كار، كە ناكرێت لەسەر بنەمای ئابووریی بازاڕ ( قازانج و زیان) سەیر بكرێت، ئەوا لەلایەن حكومەتەوە جڵەوگیر دەكرێن و تەنانەت ئەگەر كەرتی تایبەتیش لەسەر بنەمای ئابووریی بازاڕ بێتە ناو ئەم بوارانەوە، ئەوا جڵەوگیری سیاسەت و ستراتیژیەتی ئەم بوارانە هەر لە دەستی حكومەتدا دەمێنێتەوە و كاتێك حكومەت زانی ئاسایشی ئەم بوارانە لە ژێر سایەی سیاسەتی بازاڕ دەكەونە مەترسییەوە، ئەوا دەهێنرێنەوە ژێر چاودێری سیاسەتی حكومەت و لە دەرهاویشتە خراپەكانی ئابووریی بازاڕ رزگار دەكرێن.
ئەم هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنەی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، راستە لەژێر چەتری سەروەریی یاسادا، هەر لایەكیان بە سەربەخۆیی كاری خۆیان دەكەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە كەرتی تایبەت لە دەرەوەی چوارچێوەی حوكمڕانی، یان لە دەرەوەی چاودێریی حكومەتدا كارەكانی خۆی بەڕێوەبەرێت، بەپێچەوانەوە كاتێك شێوازی هەڵسووڕاندنی كەرتی تایبەت ببێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخ، یان بڵاوبوونەوەی بێكاری، خەڵك لە دژی كەرتی تایبەت نایەتە سەر شەقام و خۆپیشاندان ناكات، بەڵكو خەڵك لەبەرامبەر حكومەت خۆپیشاندان دەكات و داوا لە حكومەت دەكات كێشەكانی بۆ چارەسەر بكات، هەر بۆیە وەك لەبەرنامەی هەڵبژاردنی حزبە سیاسییەكانی دەوڵەتانی سەرمایەداری دەیبینین، ئەركی سەرەكیی حكومەت رێكخستنی شێوازی هەڵسووڕاندنی كەرتی تایبەتیشە، بۆ ئەوەی شێوەی كاركردنی كەرتی تایبەت لە بازنەی سیاسەتی (قازانج و زیان)ی كەرتی تایبەت دەربهێندرێت و بخرێتەوە ناو بازنەی بەرژەوەندیی گشتی.
لە ناو پرۆسەی سیاسیی دەوڵەتانی دیموكراتیدا، هاوسەنگی و هەماهەنگیی نێوان حزبە سیاسییەكان و رێكخراو و سەندیكا و گرووپەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئاستی سەقامگیریی ناو پرۆسە سیاسییەكە دیاری دەكات و، هەر كاتێك ئەو هەماهەنگی و هاوسەنگییە لە نێوان حزبە سیاسییەكان و گرووپ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دروست نەبوو، ئەوا پرۆسەی سیاسی لەو وڵاتەدا بەرەو ناسەقامگیری دەڕوات، بەڵام هەموو كات گێڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی دەكەوێتە سەرشانی حزبە سیاسییەكان، نەك گرووپ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دیارە لەناو پرۆسەی هەڵسووڕاندنی دامەزراوەكانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەتیشدا، هەماهەنگی و هاوسەنگیی نێوانیان، فاكتەرێكی گرنگی سەقامگیریی حوكمڕانی و وەڵامدانەوەی خواستی خەڵكە، بەڵام كە ئەم هەماهەنگی و هاوسەنگییە وەك پێویست نەبوو و جۆرێك لە ناسەقامگیریی حوكمڕانی لە وڵاتدا دروستكرد، ئەوا گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ حوكمڕانی ئەركی سەرشانی كەرتی گشتی (حكومەت)ـە، نەك كەرتی تایبەت.