حوكمڕانیی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناو شكستی گلۆبالیزمدا
August 10, 2019
راپۆرتەکان
ئەم كاردانەوەی پۆتین لە هەڵبژاردنەكانی 2016ی ئەمریكا، تەنیا وانەیەكی فێری نەتەوەكانی جیهان كرد، بەوەی كە حوكمڕانیی نەتەوەیی و نیشتمانی بەو پێوەرانە ناپێودرێت كە ئەمریكا و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا دەیانەوێت بە سەر نەتەوەكانی جیهاندا بیسەپێنن، بەڵكو پێوەری حوكمڕانیی سەركەوتوو و شكستخواردوو نەتەوە بڕیاری لەسەر دەدات، نەك خەڵكانی بیانی. لەبەرامبەریشدا بێدەنگیی ئیدارەی ئەمریكا بەرامبەر ئەم دەستێوەردانە ئاشكرایەی رووسیا، دیسان مانای ئەوەیە كە چیدیكە ئەمریكا نایەوێت بەو پێوەرانەی پێشتر بۆ پۆلێنكردنی حوكمڕانیی سەركەوتوو و شكستخواردوو دایڕشتبوو، مامەڵە لەگەڵ هیچ دەوڵەتێكدا بكات و جارێكی دیكەش ئیدارەی ئەمریكی بە شێوەیەكی فەرمی دەست ناخاتە ناو پرۆسەی سیاسیی هیچ دەوڵەتێكی دیكە و بەو پێوەرانە مامەڵەیان لەگەڵ ناكات.
ئەم وەرچەرخانە لە ئاستی تێڕوانینی ئەمریكا و ئێستای دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، مانای ئەوەیە، چیدیكە نەتەوەكانی جیهان ناخرێنە ژێر گوشارەوە بۆ ئەوەی بە زۆر پابەندی هەندێك پێوەر بكرێن كە ئێستا ئەو پێوەرانە لە وڵاتانی رۆژئاواش كاری پێ ناكرێت، بەڵكو پێویستە نەتەوەكان دەستكراوە بن بۆ ئەوەی ئەزموونی تازە پێشكەش بكەن وداهێنان لەناو پرۆسەی حوكمڕانیدا بكەن.
دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە ماوەی 27 ساڵی رابردووی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بەردەوام لایەنێكی سەرەكی بووە لە پرۆسەكەدا، دوای كەڵەكەبوونی ئەزموونێكی زۆر پەندوەرگرتن لە كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی، لە دوای ساڵی 2016وە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت كە شێوازی حوكمڕانی لە كوردستاندا گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام ئەم گۆڕانكارییەی پارتی هەوڵی بۆ دەدات و وەك دروشمی هەڵبژاردنیش بەشداریی هەڵبژاردنەكانی پێ كردووە، بۆ ئەوە نەبووە كە بەزۆر بیسەپێنێت، بەڵكو لەماوەی 8 مانگی دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی 2018 هەتا تەموزی 2019 كە كابینەی نۆیەمی تیا راگەیەندرا، هەموو هەوڵی خۆی خستبووەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم تێڕوانینە تازەیە ببێتە تێڕوانێكی نیشتمانییانەی هاوبەشی كۆی ئەو حزب و پێكهاتانەی لەم كابینەیەدا بەشدار دەبن. ئەم تێڕوانینەی پارتی و گەیشتنی بەو چەترە نیشتمانییەی كە ئێستا ئەم كابینە تازەیەی لەسەر پێكهاتووە، ئەوەمان پێدەڵێت، تەواوی ئەو ئامانجانەی لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتوون، تەنیا بۆ ئەوەن كە خەڵكی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بیروبۆچوونی سیاسییەوە رازی بن، ئەم رازیبوونەش دەبێتە پێوەر بۆ سەركەوتنی حكومەت لە چوارچێوەی كابینەی نۆیەمدا.
ساڵانێكی زۆر هەتا ساڵانی 2013- 2014، نەك هەر حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵكو بەشی هەرە زۆری حكومەتەكانی دەوڵەتانی تازەپێگەیشتوو، زۆر لە خەمی ئەوەدا بوون، هەتا بزانن فڵان دەوڵەتی رۆژئاوا، یان فڵان رێكخراوی ناحكوومی، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی حوكمڕانییان دەكات، ئەمە وایكردبوو، بەشێكی زۆری ئەو حكومەتانە هێندەی بۆ رەزامەندیی ئەو دەوڵەت و رێكخراوانە هەوڵیان دەدا، هێندە هەوڵیان بۆ رازیكردنی گەل و نەتەوەی خۆیان نەدەدا، هەر بۆیە بەشی هەرە زۆری حوكمڕانیی حكومەتەكان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، لەبری سەركەوتن رووبەڕووی شكست دەبوونەوە.
بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر لە دەستپێكەوە ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە بژاری پێوەری راستەقینەی بۆ هەڵسەنگاندنی كاری حكومەتەكەی كردووە، بە شێوازی مامەڵە و تێڕوانینی هاووڵاتیانی كوردستان لەگەڵ حكومەت و بەشدارییان لە پرۆسەی سیاسیدا، هەر بۆیە ئەم سەرەتایە وەك سەرەتایەكی ئومێدبەخش، كۆمەڵێك هیواو ئومێدی لە ناخی هاووڵاتیان كردووە بە چاوەڕوانی لە جێبەجێكردنی بەرنامەی ئەم حكومەتەدا.
خەڵكی كوردستان بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بیروبۆچوونی سیاسییەوە، هەم داواكارییەكانیان و هەمیش پێداویستیەكانیان بایەخی پێ دەدرێت، بەڵام وەك تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا دەڵێت، لەوانەیە حكومەت لە سەردەمی سۆشیال میدیا و فەیسبووكدا نەتوانێت وەڵامی هەموو داخوازییەكانی گەلەكەی بداتەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەركی سەرشانیەتی كە گوێ لە هەمووان بگرێت و پاشان بۆ بەرژەوەندیی گشتی بڕیاری دروستی خۆی بدات، لە ئێستای ژینگەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیشدا كە دیسان ژینگەی سۆشیال میدیا و فەیسبووكیشە، راستە بە هەموو شێوەیەك داواكاریی هەمەجۆر ئاراستەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، كە لەوانەیە بەشێك لەو داواكارییانەش لە سەرووی ئیرادە و ئیمكانیەتی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بێت، بەڵام ئەركی سەرشانی حكومەتە كە گوێ لە هەموویان بگرێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات، بەڵام كاتێك حكومەت دەیەوێت بڕیار بدات، گرنگە لە فەزای گشتی دوور نەبێت، ئەو فەزا گشتییەی حكومەت و هاووڵاتی پێكەوە كۆدەكاتەوە و هەردوولایان لەبەر رۆشنایی لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵا لەسەر بڕیارێكی هاوبەش رێكدەكەون.