كۆشكی ئەلێزی بە فەرمی پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات سەرۆك ماكرۆن لە هەولێرەوە سەیری بەغدا و دیمەشق دەكات
July 15, 2019
راپۆرتەکان
فەرەنسا هەر لە ماوەی شەڕی دژی داعشدا، رۆڵێكی كاریگەری لە كوردستانی سووریاش هەبووە و تەنیا دەوڵەت بووە كە هەوڵیداوە كێشەی كوردی سووریا لە ئاستی سەربازی و شەڕی دژی داعش بباتە ئاستێكی سیاسی بۆ دابینكردنی مافەكانیان.
لەدوای فرانسۆ هۆلاند و لە هەڵبژاردنەكانی تەمووزی 2017 سەرۆك ئەمانوئێل ماكرۆن بووە سەرۆكی فەرەنسا، بە هاتنی ماكرۆن-یش، سیاسەتی فەرەنسا بەرامبەر عێراق و سووریا و هەرێمی كوردستان، وەرچەرخانێكی ئیجابییانەتری بەسەردا هات و، فەرەنسا ئامانجەكانی لە كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش، تەنیا لە رووخانی خەلافەتی داعش بچووك نەكردەوە، بەڵكو بەرنامەی فەرەنسا ئایندەی عێراق و سووریای لەخۆی گرتووە، بەوەی دەبێت ئەم دوو دەوڵەتە لە ئایندە چۆن حوكمڕانی بكەن و لە سەرووی ئەمانەشەوە بایەخدانیەتی بە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، بۆ سووریاش پشتگیری لەوە دەكات كە كوردانی سووریا بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی دیمەشق چارەسەرێك بۆ كێشەكانیان بدۆزنەوە و چارەسەرەكەش بەوجۆرە بێت كە لەناو دەستووری داهاتووی سووریادا ددان بە مافە رەواكانی كوردی سووریا بنرێت.
بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە بۆ كوردانی سووریا، فەرەنسا بە پشتگیری ئەمریكا لە هەوڵی ئەوەدایە كە ئەمری واقیعێكی سیاسی لە رۆژئاوای سووریا بۆ كوردان دروست بكات و هەروەها لە هەوڵی ئەوەشدان كە لە رووی ئابووری و پەیوەندیی كۆمەڵایەتییەوە هەرێمی كوردستان كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر بەشە كوردییەكەی كوردستانی سووریا هەبێت، لە هەمانكاتدا لە هەوڵی ئەوەدایە كە سەركردایەتیی پەیەدە بە هاوشێوەی سەركردایەتیی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەستبەرداری سیاسەتی تاكڕەوی بن و هێزە سیاسییەكانی دیكە بەشداری لە پرۆسەی حوكمڕانی بكەن، بۆ ئەوەی زەمینەیەك بێتەئاراوە كە ئاوارەكانی كوردی سووریا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ئاشكرایە دوای ریفراندۆمی گەلی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017، گەلەكۆمەكییەكی گەورەی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ نەمانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دروست بوو، كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەو پیلانەیان جێبەجێكرد، ئەم پیلانە ئەوەندە گەورە و كاریگەر بوو كە جارێكی دیكە سەرۆك بارزانی رایگەیاند: «ئێستاش هەر چیاكانی كوردستان دۆستمانن»، لەناو ئەو بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا، فەرەنسا جارێكی دیكە بە هەموو جیهانی راگەیاند: «فەرەنسا وەك چیاكان دۆستی گەلی كوردستانە»و وەك یەكەمین دەوڵەتی گەورە و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 1ی دیسەمبەری 2017 لەناو كۆشكی ئەلێزی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی كرد، كە ئەو كات سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بوو.
ئەو پێشوازییەی ماكرۆن لە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەو كاتە هەستیار و مەترسیدارەی كوردستانی پێدا تێدەپەڕی، دەرگایەكی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رووی هەرێمی كوردستاندا كردەوە و بووە گوشارێك بۆ سەر حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی بۆ ئەوەی گەمارۆكانی سەر كوردستان هەڵبگرێت، دوای ئەوەش لەسەر پرسی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان شێوە رێككەوتنێكی خێرا هاتەئاراوە و بارودۆخی كوردستانیش لە هەموو روویەكەوە گۆڕان و وەرچەرخانی گەورەی ئیجابی بەسەردا هات.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: بۆچی دوای هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دیسان فەرەنسا یەكەمین دەوڵەتی گەورە بوو كە بە فەرمی لەلایەن سەرۆك ماكرۆنەوە بانگهێشتی فەرمی بۆ نێردرا بۆ ئەوەی جارێكی وەك سەرۆكی دەوڵەتێكی دیفاكتۆ لەناو كۆشكی ئەلێزی پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ ماوەی ئەو دوو ساڵەی (كۆتایی 2017 – تا ناوەڕاستی 2019) كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتیی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان كردووە و توانی لەو ماوە كورتەدا وەك دەوڵەتمەدارێكی مۆدێرن و لێهاتوو لەسەر ئاستی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و هەرێمی و نێودەوڵەتی رۆڵێكی كارامە بۆ پێشخستنی ئاشتی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە بگێڕێت و هەروەها میكانیزمی گونجاویشی بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكانی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دۆزییەوە و توانی ئەو بەستەڵەكە بشكێنێت، كە چەندین ساڵە چارەسەری كێشەكانی نێوان و هەولێر و بەغدای سڕكردووە.
سەرۆك ماكرۆن كە ئامانجی ئەوەیە فەرەنسا رۆڵێكی كاریگەر لە ئایندەی سیاسیی سووریا و عێراقدا بگێڕێت و بەدوای نەخشەیەكدا دەگەڕێت كە سەقامگیری و پێكەوەژیان بە رێگەی دیالۆگ و ئاشتی لەو دوو دەوڵەتە بێنێتەئاراوە، ئەزموونی قورسی ئەم دووساڵەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەرێوەبردنی ئەو تەنگژەیە ئاڵۆزە و وەرچەرخانی ئەو تەنگژە قورس و ئاڵۆزە بۆ لێكتێگەیشتن و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەك هونەرێكی تازەی ناو سیاسەتی بەڕێوەبردنی تەنگژە و وەرچەرخانی تەنگژەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر دەكات، كە بێگومان تەنگژەكانی نێوان هەرێم و عێراق لە دوای ئۆكتۆبەری 2017، لەسەرجەم كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆزتر و هەستیار و ترسناكتر بوو.
لەم ئاراستەیەدا كە فەرەنسا هاوشان لەگەڵ ئەمریكا لە هەوڵی ئەوەدایە كە ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگاتە قۆناخی (پۆست رۆژئاوا) ئەمەش بەو مانایەی رۆژئاوا هەمان رۆڵی كاریگەری جارانی لەم ناوچەیە بۆ بگەڕێتەوە، گەورەترین گرفت لەبەردەم ئەم ئامانجەدا، دەستەوەستانبوونە لە ئاستی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە ناتوانن میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری كێشەكانی بدۆزنەوە، هەر بۆیە كاتێك دەبینن لە میانەی پشتگیرییەكی زۆر كەم و سنووردار بۆ دەوڵەتمەدارێكی وەك نێچیرڤان بارزانی ئەو توانا و لێهاتووییە دەردەكەوێت، كە چارەسەر بۆ كێشە زۆر ئاڵۆز و هەستیارەكان بدۆزێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە لۆژیك و بیركردنەوەی نێچیرڤان بارزانی دەبێتە كلیلێك بۆ دارشتنەوەی نەخشەیەكی رێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق و سووریا بەتایبەتی.