مانای (بوون)ی نەتەوە لە هزری مستەفا بارزانی-دا

مانای (بوون)ی نەتەوە لە هزری مستەفا بارزانی-دا
مانای بوونی هەر شتێك (معنی الوجود) لای مارتن هایدگەر پەیوەستە بە مانای ئەو بوونە لەناو بیركردنەوەیەكی دیاریكراودا، ئەمەش واتە مانای (بوون)ی هەر شتێك لە تێڕوانینی ئەو كارەكتەرەوە سەرچاوە دەگرێت كە ( بوون)ی ئەو شتە لە بیركردنەوەی ئەو كەسەدا چ رەنگدانەوەیەكی هەیە و چەند جێگەی بایەخە و تا چەند سەراپای بیركردنەوەی ئەو داگیردەكات.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە بە ناو قووڵایی مێژووی نەتەوەیی خۆماندا بگەڕێین، ئەوا ئەگەر لە تێڕوانین و بیركردنەوەی تێكڕای مێژوونووسان و سەركردەكانی كوردستاندا، (بوون) نەتەوەییمان كۆمەڵێك مانای جیاوازی پۆلێنكردن و نووسینەوەی خەسڵەتەكانی نەتەوەیی ئێمە بن، وەك بەخشندەیی و لێبووردەیی و ئازایەتی و تەنانەت هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەییش، ئەوا لە هزری مستەفا بارزانی-دا، مانای (بوون)ی نەتەوە، مانایەكی جیاوازتری هەیە، هەر ئەم مانا جیاوازەی (بوون)ی نەتەوەش، دابڕانێكی هزری لەنێو بیری نەتەوەییدا لەگەڵ ماناكانی دیكەی (بوون)ی نەتەوەیی دروست كردووە.
جیاوازیی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە (بوون)ی نەتەوەدا، لە رەتكردنەوەی مێژوو و هەوڵەكانی سەركردەكانی پێش خۆی بۆ پێناسەكردنی بوونی نەتەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو جیاوازیی بیركردنەوەی مستەفا بارزانی لە گەڕانەوە بۆ مێژوو و پێكەوە گرێدانەوەی هەموو ماناكانی (بوون)ی نەتەوە پێكەوە، پێناسەیەكی تازەی دروست كردووە، ئەم پێناسەیە خاڵی هاوبەشی لەگەڵ مێژوو و تێكڕای بیروبۆچوونە شۆڕشگێڕییەكانی پێش خۆی هەیە، بەڵام كاتێك مانای (بوون)ی نەتەوە بە جیا لە هزری مەلا مستەفا بارزانی-دا لەگەڵ كۆی ماناكانی (بوون)ی نەتەوە لە مێژوودا بەراورد دەكەین، پێناسەكەی بارزانی وەك پێناسەیەكی جیاواز لەوانی دیكە دەردەكەوێت.
لای مستەفا بارزانی، (بوون)ی نەتەوە تەنیا خەسڵەتە تایبەتی و جیاوازەكانی نەتەوە نین، وەك: (مێژوو، ئایین، زمان، دابونەریت و كەلتوور و.. هتد)، بەڵكو (بوون)ی نەتەوە ئەو كاتە مانای تەواو وەردەگرێت، كە بە خەسڵەتە جیاوازەكانی نەتەوە كیانێك دروست بكرێت و نەتەوە بتوانێت لەسەر شانۆی جیهان هاوشانی نەتەوەكانی دیكە بوونی خۆی بسەلمێنێت، لەمەش زیاتر هەتا نەتەوە بتوانێت بە ئازادی شانازی بە خەسڵەتە تایبەتمەند و جیاوازەكانی خۆیەوە بكات و بە ئازادی پەرە بە (مێژوو، ئایین، زمان، دابونەریت و كەلتوور) ی خۆی بدات.
پێكەوە گرێدانەوەی (بوون)ی نەتەوە بە دامەزارندنی كیانێكی سیاسی بۆ نەتەوە، دابڕانێكی دیكەیە لەناو مێژووی بیری نەتەوەییماندا كە هزری مستەفا بارزانی دروستی كردووە، ئەم دابڕانەش بە مانای لێكجیاكردنەوەی دوو سەردەمی مێژوویی جیاواز نییە، بەڵكو بە مانای ئەوەیە بیری نەتەوەیی لە سەردەمی مستەفا بارزانی-دا وەرچەرخانێك لە مانای (بوون)ی نەتەوە دروست دەكات، كە جارێكی دیكە نەتەوە ناگەڕێتەوە بۆ ماناكانی پێشتری، بەڵكو هەوڵ و تێكۆشانی دەگۆڕێت بۆ دامەزراندنی ئەو كیانە سیاسییەی كە (بوون)ی نەتەوەیەكی ئازاد دەسەلمێنێت.
پێش ئەوەی مستەفا بارزانی جڵەوی رێبەرایەتیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لە رێبەرانی پێش خۆی وەربگرێت، هەوڵ و خەبات بۆ دامەزراندنی كیانی سیاسی بۆ پێناسەكردنی بوونی نەتەوە بەردەوام بوونی هەبووە، بەڵام ئەو جوگرافیایەی كە مستەفا بارزانی دەیویست كیانی سیاسی بۆ نەتەوە دروست بكات و لەناو ئەو جوگرافیایەدا پێناسەی (بوون)ی نەتەوە بكاتەوە، لە جوگرافیای تێكڕای رێبەرەكانی پێش خۆی زۆر فراوانتر بووە، ئەم بیركردنەوە قووڵەی مستەفا بارزانی بۆ مانای (بوون)ی نەتەوە، رەنگدانەوەی لەسەر پێناسەكردنەوەی كوردستان وەك خاك و نیشتمان هەبووە، هەر بۆیە كاتێك بۆ مانای (بوون)ی نەتەوە لە هزری مستەفا بارزانی-دا دەگەڕێینەوە، دەبینین مانای (بوون)ی نەتەوە گرێ دراوەتەوە بە نیشتمانێكەوە كە ناوی كوردستانە، ئەو كوردستانەی كە سنوورە سوورەكانی داگیركەران پارچە پارچەیان كردووە، بەڵام هزری مستەفا بارزانی دەبێتە هەتوانی ساڕێژی برینی جەستەی كوردستان و نەخشەیەكی دیكەی كوردستانمان بۆ دروست دەكاتەوە كە سنوورە سوورەكانی داگیركەران ناتوانن پارچە پارچەی بكەن.
هزری مستەفا بارزانی پەیوەست نییە بە سەردەمێكی دیاریكراوەوە، بەڵام ئەم هزرە توانای پێكەوەڕۆیی لەگەڵ سەردەم و قۆناخە جیاوازەكان هەیە، ئەم پێكەوەڕۆییەش پەیوەستە بەو مانایەی كە (بوون)ی نەتەوە لە ناو هزری مستەفا بارزانی-دا پێناسەی دەكاتەوە، بۆیە چەند سەردەم و قۆناخەكانی مێژوو گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، بەڵام یەك شت گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، ئەویش ئەوەیە كە مستەفا بارزانی فێری كردووین، (بوون)ی نەتەوە بە بێ كیانی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆی، ئەو مانایەی نابێ كە ویژدانی نەتەوە ئاسوودە بكات.
Top