دەرفەتێكی لەبار بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا

دەرفەتێكی لەبار بۆ راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا
هیچ گومان لەوەدا نییە ئەگەر لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 سنوورێك بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دانەنرایە، ئەوا چارەنووسی شارەكانی دیكەی كوردستان لە چارەنووسی كەركووك و توزخورماتوو باشتر نەدەبوو. ئەو مقاوەمەتەی پێشمەرگە لەماوەی ئەو یەك دوو هەفتەیەدا بۆ پاراستنی كوردستان كردی و ریگەی نەدا كوردستان داگیر بكرێتەوە، هاوكێشەیەكی تازەی دروستكرد كە جارێكی دیكە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ناتوانن ئیرادەی خەڵكی كوردستان تێكبشكێنن، هەروەها ئەمە بۆ هێزە عێراقییەكان بە هەموو ناوەكانیانەوە بە هەڵەیەك لە قەڵەم درا كە جارێكی دی پەنای بۆ نەبەنەوە.
ئەو واقیعەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سەنگەرەكانی بەرگری دروستی كردو، ئەو متمانەیەی خەڵكی كوردستان بە رێگەی سندووقەكانی دەنگدان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیان بەخشی، بوونە بنەمای هەر دیالۆگ و لێكتێگەیشتنێكی تازە لە نێوان پارتی و بەغدادا، بە مانایەكی دیكە ئەگەر لایەنەكانی شیعەی عێراق دەیانەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لایەنی سەرەكی و نوێنەری گەلی كوردستان بەشداری پرۆسەی سیاسیی عێراق و حكومەتی داهاتوو بكات، ئەوا دەبێت راشكاوانە پێش دانوستانەكان دەبێت دان بەو راستییەدا بنێن، كە كێشەی گەلی كوردستان بە شەڕ چارەسەر ناكرێت و ئەو هێرشانەشی دوای 16ی ئۆكتۆبەر كراونەتە سەر كوردستان، هەڵە بوون و دەبێت گەرەنتی ئەوە بدرێت كە جارێكی دیكە ئەو هەڵانە دووبارە نابنەوە، لەهەمانكاتدا پێداگریی پارتی لە دانوستانەكانی بۆ بەشداری لە حكومەتی عێراقدا ئەوە بووە، دەبێت حكومەتی تازەی عێراق تەواوی ئەو بڕیارانەی حكومەتی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە كە دژی هەرێمی كوردستان دراون.

لە چوارچێوەی ئەم لێكتێگەیشتنە تازەیە، پارتی بەشداریی حكومەتی د.عادل عەبدولمەهدی كرد و لەگەڵ دەستپێكی حكومەتی تازەش دوای ماوەیەك لایەنە سەرەكییەكانی شیعە بەتایبەتی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی بینا و سەماحەتی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی سائیرون بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆك بارزانی-یان كرد بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بكات هەتا ئەو لێكتێگەیشتنەی لە میانەی گفتوگۆكانی حكومەتدا هاتۆتە ئاراوە لە پرۆگرامی حكومەتیشدا بچنە واری كردارییەوە. بارزانی ئەم دەستپێشخەرییەی بەغدای رەتنەكردەوە، بەڵكو پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە كرد و سەردانی بەغدای كرد و هەر لە یەكەم پێشوازی لێ كردنیەوە كە فەرشی سووری بۆ راخرابوو، دەركەوت كە حكومەت و لایەنە سیاسییەكانی شیعەش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە رێگەی دروست ئەو بیروبۆچوونانەیە كە بارزانی بۆ چارەسەركردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا دایڕشتوون، هەر لەسەر ئەم پرسە د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە لەم ژمارەیەی گوڵاندا دیمانەیەكی تایبەتمان لەگەڵ ئەنجامداوە و یەكێك بووە لەو كەسانەی لە بەشێك لە كۆبوونەوەكانی بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقی ئامادە بووە، راشكاوانە ئەوەی پێی گوتین، پەیامی ئەم سەردانە بۆ بەغدا ئەوە بوو، فەرموو ئەوە ئێمە دەستی ئاشتیمان درێژ كردووە و ئێوەش بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەكان چارەسەر بكەن. هەروەها ئەو سیاسەتە هەڵانەی بەرامبەر كوردستان كردووتانە، دووبارە نەبێتەوە. د. بەشیر حەداد دەڵێت: «ئاستی پێشوازی لە سەرۆك بارزانی لە بەغدا، پەیامێكی دیكەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان ناردەوە و ناوەڕۆكی پەیامەكەش ئەوە بوو، بەڵێ جەنابی سەرۆك بارزانی ئێوە وەك هەرێمی كوردستان چەند پێویستتان بە بەغدایە، ئێمەش هێندەو زیاتریش پیویستمان بە هەرێمی كوردستانە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئەم پەیامەی بەغدا بۆ هەرێمی كوردستان چۆن ئاراستە كرا و ئێمە چۆن دەیخوێنینەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا د.حەداد دەڵێت: لە راخستنی فەرشی سوور بۆ سەرۆك بارزانی لە كاتێكدا بەڕێزیان هیچ پۆستێكی فەرمیی دەوڵەتی نییە، هەروەها لە پێشوازیی سەماحەتی موقتەدا سەدر بۆ بەڕێزیان كە ئەو ئامادە نییە بۆ هیچ كەسێك بێتەدەرەوە، بەڵام بۆ سەرۆك بارزانی نەك هەر هاتە پێشوازی بۆ دەرەوە، بەڵكو ماوەیەك چاوەڕێی كرد، هەتا كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆك گەیشتن.

ئەوەی جێگەی بایەخ و هەڵوەستە لەسەركردنە، ئەوەیە سەرۆك بارزانی راشكاوانە ئەوەی راگەیاند كە لە ئێستادا دەرفەتێك هاتۆتە پێشەوە، ئەگەر سوودی لێوەر بگرین، دەتوانین پرۆسەی سیاسیی عێراق راست بكەینەوە.
ئەم قسانەی سەرۆك بارزانی لە ماوەی یەك دوو هەفتەی رابردوو سەرەتایەكی گەورەی لێ دەركەوت، ئەویش بریتی بوو لە پەسەندكردنی پشكی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراق و دەرهێنانی مووچەی فەرمانبەران لە كێشە و ململانێكانی نێوان حكومەتی كوردستان و بەغدا، هەروەها بەڵێنی گێڕانەوەی پۆستەكانی پشكی كورد لە حكومەتی عێراق بۆ گەلی كوردستان، هەروەها گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر پرسی كەركووك بەو راددەیەی وەك د.حەداد دەڵیت: بەغدا بە تەواوەتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە كێشەی كەركووك پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، كردنەوەی ئەم كێشەیەش پێویستی بە دوو كلیلە، كە یەكێكیان لە بەغدایە و ئەوی دیكەیان لە هەرێمی كوردستانە.

لە سەرووی هەموو ئەم وەرچەرخانەوە، سەردانی پێنج شەمەی رابردووی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئاماژەیەكی دیكەی ئومێدبەخشن كە لەنێوان هەولێر و بەغدا لاپەڕەیەكی تازە هەڵدراوەتەوە و لێكتێگەیشتنێكی تازە دروست بووە، كە بێگومان بە شاهیدی بەرپرسانی بەغدا پێش بەرپرسانی كوردستان، ئەم لێكتێگەیشتنە بەبێ بیروبۆچوونەكانی بارزانی كارێكی مەحاڵ دەبوون.
Top