غەفوور مەخمووری لە كۆڕێكیدا لە رۆژنامەی (الدستور)ی ئوردەنی: سەرۆك مسعود بارزانی رێبەر و مەرجەعی باڵای گەلی كوردستانە

غەفوور مەخمووری  لە كۆڕێكیدا لە رۆژنامەی (الدستور)ی ئوردەنی:  سەرۆك مسعود بارزانی  رێبەر و مەرجەعی باڵای  گەلی كوردستانە
كەسایەتیی كاریزمای سەرۆك بارزانی چۆن لە رابردوو و ئێستادا كاریگەری هەبووە، لەداهاتووشدا كاریگەریی زیاتری دەبێت



غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان، لەلایەن رۆژنامەی (الدستور)ی ئوردەنی لە عەمانی پایتەختی ئوردەن میوانداری كرا و، بابەتێكی سەبارەت بە رەوشی سیاسیی كوردستان و رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی وەك رێبەری گەلی كوردستان لە ئێستاو داهاتوودا پێشكەش كرد.
ئێوارەی رۆژی شەممە؛ رێكەوتی ٢٦/١/٢٠١٩ لە عەمانی پایتەختی ئوردەن، غەفوور مەخمووری سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان (YNDK)، لەلایەن رۆژنامەی (الدستور) و (مونتەدای رۆشنبیریی دستوور)ی میوانداری كراو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی و نووسەرو رۆشنبیرو رۆژنامەڤان كۆڕێكی سیاسی لەژێر ناوی (رەوشی سیاسیی كوردستان و رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی وەك رێبەری گەلی كوردستان لە ئێستاو داهاتوودا) بۆ رێكخرا، لە سەرەتادا رۆژنامەنووس (رەنا حەداد) بە ناوی رۆژنامەی (الدستور) و مونتەدای رۆشنبیریی دەستوور، بەخێرهاتنی مەخمووری و ئامادەبووانی كردو، باسی لە گرنگیی بابەتی كۆڕەكەی مەخمووری كرد، دواتر راگەیاندنكار (داما كوردی) بەناوی كوردانی ئوردەنەوە بەخێرهاتنی غەفوور مەخمووری و ئامادەبووانی كرد و وتی: «بەناوی كوردانی ئوردەنەوە بەخێرهاتنی میوانی بەڕێزمان كاك غەفوور مەخمووری و تەواوی ئامادەبووان دەكەین، بۆ ئێمەی كوردانی ئوردەن جێگەی شانازییە كەوا نووسەر ئەمڕۆ باس لە رۆڵی گرنگی سەرۆك و رێبەری كوردان كاك مسعود بارزانی دەكات، لەهەمان كاتدا كتێبێكی تایبەتیش لەسەر كەسایەتی سەرۆك بارزانی بەدیاری دەبەخشێتە ئامادەبووان.» دواتر مەخمووری وێڕای بەخێرهاتنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو میواندارییە و ئامادەبوونی میوانان دەربڕی و سوپاسی رۆژنامەی (الدستور) و مونتەدای رۆشنبیریی دەستووری كرد بۆ رێكخستنی ئەو دیدارە لەگەڵ ئامادەبووان، سەرەتا پوختەیەكی سەبارەت بە رەوشی سیاسیی كوردستان خستەڕوو، دواتر هاتە سەر پێشكەشكردنی بابەتەكەی و باسی لە گرنگیی رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی وەك رێبەری گەلی كوردستان لە قۆناخی ئێستا و داهاتووی خەباتی بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان كرد.

غەفوور مەخمووری لە كۆڕەكەدا باسی لە رەوشی سیاسیی كوردستان كردو وتی: «پرسی گەلی كوردستان لە پێشڤەچوونێكی بەردەوامدایە و قۆناخی پێشووی دەرباز كردووەو بۆتە پرسێكی جیهانی و لە چوارچێوەی سنووری دەستكردی (عێراق و ئێران و توركیا و سووریا) دەرچووەو، هەموو جیهان بە بایەخەوە مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكەن، لە هەمان كاتدا كوردستان بۆتە وێستگەیەكی دیپلۆماسیی گرنگ لە ناوچەكەدا، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی و هەنگاونان بەرەو دواڕۆژێكی گەشە.» مەخمووری سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمیش وتی: «سەرۆك مسعود بارزانی بە راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان گەیشتنە ئەو باوەڕەی كەوا بۆ پاراستنی كوردستان و بەرگرتن لە پیلانەكان و كۆتاییهێنان بە زوڵم و چەوسانەوەو پەراوێزخستن، بە پشتبەستن بە پرەنسیپی مافی چارەنووس و بنەماكانی مافی مرۆڤ، بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدەن، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بڕیاری خۆی بدات، ئەمەشیان بڕیارێكی دروست بوو، دەتوانین بڵێین لە مێژووی ژیانی سیاسیی سەرۆك مسعود بارزانی ئەم بڕیارە یەكێكە لە كارە هەرە باشەكانی كە جێگەی شانازییە، ئەویش ئەنجامدانی ریفراندۆم بوو.» هەروەها مەخمووری وتی: «ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم سەركەوتوو بوو، بێ كێشە بە ئەنجام گەیشت و زۆربەی هەرە زۆری گەلی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانەوە بە جۆش و خرۆشەوە روویان لە سندۆقی دەنگدان كردو، گەل بە رێژەی ٩٢.٧٣% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، ئەمەش گەورەترین سەركەوتن بوو بۆ گەلی كوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم.» مەخمووری ئەوەشی وت كەوا: «لە پرۆسەی ریفراندۆمدا؛ سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان زۆر باشتر دۆست و دوژمنەكەكانیان ناسی، لێرەدا دەبێ ئەوە بزانین كەوا سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر ئاستی ناوخۆو ناوچەیی و نێودەوڵەتی خیانەتی لێكرا، ئەگەر خیانەت لە سەرۆك بارزانی نەكرابووا ئەوا ئێستا زۆر شتی گرنگ لە ناوچەكەدا روویدابوو، ئەگەر خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ نەبووایە، ئەوا گفتوگۆی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان لەگەڵ هەموو لایەك لە دیاریكردنی سنوور و كات و چۆنیەتی راگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەبوو.»
غەفوور مەخمووری سەبارەت بە رۆڵ و ئەركی سەرۆك مسعود بارزانی وەك رێبەری گەلی كوردستان لە ئێستاو داهاتووی كوردستان بۆ ئامادەبووان دواو وتی: «ئێستاش دوای ئەوەی كەوا جەنابی سەرۆك بارزانی رازی نەبوو پەرلەمانی كوردستان ماوەی سەرۆكایەتی بۆ درێژ بكاتەوە، لەم كاتەدا وەك رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان دەمێنێتەوە و دەتوانێت كاری گرنگ بۆ گەیاندنی گەلی كوردستان بە كەنارێكی ئارام ئەنجام بدات، لێرەوە دەمەوێت بە هەموو لایەكی رابگەیەنم كەوا سەرۆك مسعود بارزانی وەكو رێبەرو و مەرجەعی باڵای گەلی كوردستان لەناو كایەی سیاسیی كوردستاندا دەمێنێتەوە، بێگومان كەسایەتی كاریزمی سەرۆك بارزانی چۆن لە رابردوو و لە ئێستادا كاریگەری هەبووە، لەداهاتووشدا كاریگەریی زیاتری خۆی دەبێت، لە رۆژانی داهاتووشدا هەموو لایەك ئەو راستییە دەبینن».

غەفوور مەخمووری لە كۆڕەكەدا داوای لە رۆشنبیرانی ئوردەن و عەرەب كرد، كەوا هاوكارو پشتیوانی گەلی كوردستان بن و رێز لە قوربانیدانی نەتەوەی كورد بگرن و وتی: «پێویستە رۆشنبیرانی عەرەب خوێندنەوەی دروستیان بۆ پرسی كورد هەبێت و بە ئاگاییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.» هەروەها بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو كارەساتانەی بەسەر كوردا هاتوون وتی: «تەنیا سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كورستان زامنی دووبارەنەبوونەوەی ئەو كارەساتانەن، بۆیە پێویستە هەموو لایەك هاوكارو پشتیوانی كورد بن بۆ ئەم مەبەستە.» دوای ئەوەی مەخمووری بابەتەكەی پێشكەش كرد، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان كرایەوەو، ژمارەیەكی زۆر لە ئامادەبووان بە گرنگییەوە باسیان لە بابەتەكە كرد، لەوانە ( بیرمەندی عەرەب (د. مونزر حەوەرات، باڵیۆز د. فاروق العزة، پەرلەمانتار حەمادە فراعنە، رۆژنامەنووس عەونی داود جێگری سەرنووسەری «الدستور» و چەند كەسایەتییەكی دیكە) بیروڕاو سەرنجی خۆیان خستەڕوو.

بیرمەندی گەورەی عەرەب (د. مونزر حەوارات) سەبارەت بە بابەتەكەی مەخمووری روانینی خۆی بەمجۆرە خستەڕوو: «پێش ئامادەبوونم لەم كۆڕەدا كتێبی «مسعود البارزانی رمز الپێشمەرگایەتی والمقاومة القومیة»ی مەخمووریم خوێندەوە، كەوا باس لە كەسایەتیی سەرۆك مسعود بارزانی وەك پێشمەرگە و سیمبۆلی بەرخۆدانی كوردان دەكات، مەخمووری بە ئینسافەوە وەك وەفادارییەك بۆ ئەو رێبەرە مەزنە زۆر شتی ورد و گرنگی خستۆتەڕوو، دەستخۆشی و پیرۆزبایی لێدەكەم.» د. مونزر حەوارات لە درێژەی قسەكانیدا وتی: «پێش سەردانم بۆ كوردستان وام بیردەكردەوە كەوا سەرۆك مسعود بارزانی وەكو سەرۆكەكانی وڵاتانی رۆژهەڵات و ئاسیا بە حوكمی دەسەڵاتەكەی وایكردووە خەڵك خۆشی بوێت، بەڵام كە سەردانی كوردستانم كرد، هەستم كرد زۆربەی هەرە زۆری گەلی كوردستان سەرۆك مسعود بارزانی بە رێبەرو سەرۆكی خۆی دەزانێت و ئەو خۆشەویستییەی خەڵكی كوردستان بۆ بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ خەبات و تێكۆشانی بارزانی لەپێناو گەلی كوردستان، گەیشتمە ئەو باوەڕەی كەوا ئەگەر بارزانی لە پێگەی سەرۆكایەتی بێت، یا لە ماڵی خۆی بێت، ئەوا خەڵكی كوردستان و هەموو لایەك سەرۆك مسعود بارزانی وەك سەرۆك و رێبەری كوردان دەناسن و رێزی لێدەگرن، بۆیە من لەگەڵ بەڕیز مەخمووری هاوڕام كەوا بارزانی هەردەم خاوەن كاریگەری خۆیەتی.»

باڵیۆز (فاروق ئەلعزة) یەكێك بوو لەوانەی كەوا روانینی خۆی لەسەر كۆڕەكەی مەخمووری و كەسایەتیی سەرۆك بارزانی خستەڕوو، ئەلعزە وتی: «ئەم ئێوارەیە زۆر خۆشحاڵم كەوا لە كۆڕێكدام باس لە رێبەری نەتەوەیەكی مەزڵووم و تێكۆشەر دەكرێت، كە ئەویش سەرۆكی كوردان جەنابی مسعود بارزانی-یە، سەرۆك بارزانی بە خەبات و تێكۆشان و راستگۆیی و بوێری و دڵسۆزی خۆی بۆ گەلی كوردستان وایكردووە كەوا هەموو مرۆڤیكی سەر ئەو زەوییە رێزی بگرێت، بنەماڵەی بارزانی هەموو تەمەنی خۆیان لە پێناو پرسی گەلەكەیان بەڕێكردووە و قوربانیی زۆریان داوە، بۆیە دەبێ بە رێزەوە سەیر بكرێن، لێرەوە دەستخۆشی لە برام غەفوور مەخمووری دەكەم كەوا ئەم ئێوارە هەموومانی لە خزمەت سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستاندا كۆكردەوە.» هەروەها ئەوەشی وت: «پێویستە عەرەب بە چاوی رێزەوە لە خەباتی كوردان بڕوانن و ئەوەی بۆ خۆیانی بە رەوا دەزانن، با هەمان شتیش بۆ كوردان بە رەوا بزانن.»
نووسەرو لێكۆڵەرو پەرلەمانتار (حەمادە فەراعنە) یەكێكی دیكە بوو لە گفتوگۆكاران، فەراعنە وێڕای راگەیاندنی پشتیوانیی خۆی بۆ پرسی گەلی كوردستان باسی لە رۆڵی سەرۆك بارزانی كردو وتی: «من دەڵێم: سەرۆك مسعود بارزانی، باش گوێم لێ بگرن، من دەڵێم: -الرئیس مسعود البارزانی- بارزانی بە مانای وشە سەرۆكە و خاوەن بڕیاری خۆیەتی، لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم زۆر لە دۆستان و وڵاتان داوایان لێكرد ریفراندۆم ئەنجام نەدات، بەڵام فەخامەتی سەرۆك بارزانی خاوەن بڕیاری خۆی بوو، ئەو بڕیارەی كە دابووی جێبەجێی كرد و، ئامادەی هەموو جۆرە قوربانییەكیش بوو لە رێیەدا، بۆیە دەڵێم ئەوەی برامان مەخمووری سەبارەت بە سەرۆك بارزانی باسی كرد، راستییەكن و پێویستیان بە بەڵگە نییە.» حەمادە فەراعنە لە درێژەی قسەكانیدا پشتیوانیی خۆی بۆ پرسی گەلی كوردستان راگەیاند و وتی: «من وەك ئوردەنییەك و وەكو عەرەبێك لە زووەوە ئاشناییم لەگەڵ پرسی كورد هەیەو باوەڕی تەواوم بە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كوردستان هەیە، كورد وەكو گەلێكی رەسەنی ناوچەكە رووبەڕووی زۆر زوڵم بۆتەوە، پێویستە رێزیان لێ بگیرێت و پشتیوانی بكرێن.»

رۆژنامەنووس (عەونی داود) جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی (الدستور)، سەبارەت بە میوانداریكردن و كۆڕەكەی مەخمووری بۆ ئامادەبووان قسەی كرد و وتی: «ئێمە وەكو خێزانی رۆژنامەی –الدستور- جارێكی دیكە بە گەرمی بەخێرهاتنی برامان غەفوور مەخمووری و هەموو لایەكتان دەكەین و سەربڵندین كەوا ئەمڕۆ توانیمان كارێكی باش ئەنجام بدەین و، بانگهێشت و میوانداری مەخمووری بكەین بۆ ئەوەی ببێتە دەرفەتێك بۆ دیالۆگێكی كراوە سەبارەت پرسی گەلی كوردستان و رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی وەكو رێبەری گەلی كوردستان، بێگومان ئێمە لە منداڵییەوە گوێمان لە ناوی تێكۆشەری مەزنی كوردان مەلا مستەفای بارزانی بووە، سەرۆك مسعود بارزانی ئەویش كوڕی ئەو تێكۆشەرە مەزنەیە، سەرۆك مسعود بارزانی بە ماندووبوون و خەبات و تێكۆشانی خۆی وەك پێشمەرگەیەك لە دژی زوڵم و چەوسانەوە خەباتی كردووە، خەباتی ئەو لە پێناو مرۆڤایەتی بووە، بۆ ئازادكردنی مرۆڤ بووە لە زوڵم و چەوساندنەوە، بۆیە سەرۆك مسعود بارزانی كەسایەتییەكی مەزنەو دەتوانین بڵێین تێكۆشەرو رێبەرێكی مرۆڤایەتییە، پێویستە هەموو لایەكمان بە رێزەوە لە خەبات و خواستی ئەو رێبەرە مەزنە بڕوانین.» هەروەها عەونی داود لە درێژەی قسەكانیدا وتی: «كورد گەلێكی بەوەفان، ئەم ئێوارە كۆڕە و ئەم كتێبەی كەوا ئەمڕۆ مەخمووری بە دیاری پێشكەشی ئێوەی دەكات، وەفادارییەكە لە مەخموورییەوە بۆ هاوخەباتی خۆی و رێبەری گەلەكەی سەرۆك مسعود بارزانی، من دەستخۆشی لە مەخمووری دەكەم بۆ ئەو وەفادارییە.»

رۆژنامەنووس (رەنا حەداد) بەرپرسی كاروباری رۆشنبیریی رۆژنامەی (الدستور)، كەوا كۆڕەكەی مەخمووری بەڕێوە دەبرد، روانینی خۆی بەم شێوەیە خستەڕوو: «رێم پێ بدەن منیش چەند قسەیەك سەبارەت بابەتەكەی مەخمووری بكەم، من هاوڕام لەگەڵ مەخمووری كەوا سەرۆك مسعود بارزانی لە داهاتوودا كاریگەری زیاتری دەبێت، لەبەرئەوەی ئەوەی سەرۆك بارزانی رێبەر و گەورەی كوردانە و بە رێبەری كوردانیش دەمێنێتەوە، منیش وەك مەخمووری دەڵێم رۆڵی بارزانی بەردەوامە و هەمیشە كاریگەری خۆی دەبێت، هیوای تەمەندرێژی بۆ سەرۆك بارزانی دەخوازم و پێتان دەڵێم هیواو ئاواتەكانی بارزانی دێنەدی.»
راگەیاندكار (داما كوردی) كەوا كوردێكی ئوردەنەو یەكێكە لە راگەیاندنكارە بەناوبانگەكانی بواری راگەیاندنی عەرەبی، وێڕای ئەوەی بەناوی كوردانی ئوردەنەوە بەخێرهاتنی مەخمووری و ئامادەبووانی كرد، وەك بەشدارێكێش روانینی خۆی سەبارەت بە كۆڕەكەو كەسایەتیی سەرۆك بارزانی خستەڕوو و وتی: «ئێمە كوردانی ئوردن لە رووی هاووڵاتیبوونەوە ئینتیمامان بۆ ئوردەن هەیە، لە رووی نەتەوەییشەوە ئینتیمامان بۆ كوردبوونمان هەیە، ئێمەی كوردانی ئوردەن هەموو كات وەك رێبەر و سەرۆك سەیری سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین و خۆشمان دەوێت، سەرۆك بارزانی جێگەی شانازیی ئێمەی كوردانی ئوردەنە و هیوای سەركەوتن و تەندروستییەكی باش و تەمەن درێژی بۆ دەخوازین، سەرۆك بارزانی لە شاخ بێت، یا لە شار بێت، ئەو سەرۆك و ناسنامەی كوردانە.» داما كوردی لە درێژەی قسەكانیدا وتی: «ئەمڕۆ بۆ من رۆژێكی زۆر خۆشە و زیاتر هەست بە بوونی خۆم وەكو كوردێك دەكەم، زۆر سوپاسی كاك غەفوور مەخمووری دەكەم كە ئەوە چەند جارێكە لە عەمان سەبارەت بە كوردستان و سەرۆك بارزانی قسەمان بۆ دەكات، پێشووتر لە ٢٠١٦ و ٢٠١٧ و ئیستاش لە ٢٠١٩، هیوادارم ئەو تێكەڵییانە بەردەوام بن.»
دوای تەواوبوونی كۆڕەكە رێوڕەسمێك بۆ ئیمزاكردنی كتێبی (مسعود البارزاني رمز الپێشمەرگایەتی والمقاومة القومیة) لە نووسینی غەفوور مەخمووری سازكرا، مەخمووری كتێبەكەی بە واژووی خۆی و بە دیاری پێشكەش بە ئامادەبووان كرد. كۆڕەكە زیاتر لە دوو كاتژمێری خایاند و بووە جێی خۆشحاڵی ئامادەبووان.
Top