سیاسەت و حوكمڕانی لەناو شۆڕشی چوارمی پیشەسازیدا
January 29, 2019
راپۆرتەکان
جیاوازیی نێوان (كۆمەڵگە ئۆنلاین)ـە جیهانییەكەی زوكربیرك و حكومەتە گلۆباڵییەكەی جورج بوش، ئەوەیە نزیكەی سێ دەیە لەمەوبەر سیاسەت بڕیاری لەسەر ئایندەی جیهان و مرۆڤایەتی دەدا، بەڵام ئێستا ئەندازیارێك كاریگەریی لە سەر جیهان دادەنێت، ئەوجا ئەگەر لەنێوان داهێنەر و ئەندازیار و سیاسەتمەداردا بەراوردێك بكەین، ئەوا بیرمەندان ئەو راستییە ناشارنەوە، كە داهێنەر كاتێك شتێكی نوێ دادەهێنێت، زۆر بە پەلە بڵاوی دەكاتەوە، ئەندازیاریش هەر ئەوەندە بە رێگەی ئەو داهێنانانە ئامێرێكی تازەی دروست كرد، ئیدی ئەویش بێ ئەوەی بیر لە هیچ بكاتەوە و ئاكامی بەكارهێنانی جۆراوجۆری ئەم ئامێرە چۆن دەبێت، لەلایەن كۆمپانیاكانەوە بە سەدان ملیۆن دانەی لێ دروست دەكرێت و بە هەموو بازاڕەكانی جیهاندا بڵاو دەكرێتەوە.
فرانسیس فۆكۆیاما لە توێژینەوەیەكیدا كە لە ساڵی2012 لە گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بە ناونیشانی (ئایندەی مێژوو . ئایا لیبڕاڵ دیموكراتی ئەو توانایەی هەیە داكشانی چینی ناوەند رزگار بكات؟) بڵاوی كردۆتەوە، راشكاوانە ئەو پرسیارە دەورووژێنێت: بۆچی لایەنگرانی (تی پارتی) لە ساڵی 2008 و لە ئاكامی تەنگژەی ئابووری خۆپیشاندانیان سازكرد، (بۆرسەكانی وۆڵ ستریت)یان سووتاند؟ ئایا سووتاندنی ئەم بۆرسانە، سیناریۆیەكی هاوشانی سندوقە چاكان نیە كە لە بەندەری بۆستن بە ئاهەنگگێران فڕێیان دایە ناو ئاو و بووە بڵێسەی شۆڕشی ئەمریكا و رزگاربوونی لە ژێر دەستی بەریتانیا؟ پێش وەڵامدانەوەی هەردوو پرسیارەكە، پرسیاری ئێمە لە توێژینەوەكە ئەوەیە، بۆچی كاتێك فۆكۆیاما بیر لە ئایندەی مێژووی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی دەكاتەوە، بە سووتاندنی (وۆڵ ستریت) لەلایەن لایەنگرانی تی پارتییەوە دەست پێ دەكات؟ ئایا بۆرسەكانی ئەو شوێنە چ پەیوەندییەكی بە كۆمەڵگە و سیاسەت و حوكمڕانی و نادادپەروەری لە دژی هاووڵاتیانی ئەمریكاوە هەیە؟
بێگومان بە پێكەوە گرێدانەوەی سندوقە چاكانی نزیكەی 230 ساڵ لەمەوبەر بە سووتاندنی چەند ساڵ لەمەوپێشی (وۆڵ ستریت)، فۆكۆیاما دەیەوێت پێمان بڵێت: لە ساڵی 1773 ئەمریكییەكان هەستیان كرد، داگیر كراون و دەبێت خۆیان خاوەنی حكومەت و حوكمڕانیی خۆیان بن، هۆكارەكەشی ئەوە بوو حكومەتی بەریتانیا باجی لەسەر چا زیاد كردبوو، بۆیە چاكانیان فڕێ دایە ناو ئاوەكە و شۆڕشیان دەست پێ كرد، لە ساڵی 2008یش كە تەنگژە گەورە ئابوورییەكە روویدا و راستەوخۆ كاریگەری لەسەر داهاتی تاكەكەسیی ئەمریكییەكان كرد، دیسان ئەمریكییەكان هەستیان كرد، ئەمجارەیان حكومەتیان هەیە، بەڵام حكومەتەكەیان بە جۆرێك دوچاری چەقبەستن بۆتەوە كە وەك ئەوەیە حكومەت بوونی نەبێت و، هۆكاری ئەم نەبوونی حكومەتەش ئەوەیە دەرهاویشتە خراپەكانی جیهانگیری (بازاڕی جیهانی) و پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا وایكردووە كە دیسان ئەمریكا وەك داگیركراو وابێت، ئەمە لەكاتێكدا ئەمریكا بانگەشە بۆ سەركردایەتیی هەموو جیهان دەكات.
بەڵام پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا پێشكەوتنی زۆر خێرای تەكنەلۆژیا و جیهانگیری چ پەیوەندییەكی بە داكشان، یان نەمانی چینی ناوەندەوە هەیە، كە چینی ناوەند بە بڕبڕەی پشتی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی دادەنرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە فۆكۆیاما خۆی دەیداتەوە و دەڵێت: ئەندازیارانی سلیكۆن ڤالی كاتێك بەیانیان دەچنە سەر كارەكانیان بیر لەوە دەكەنەوە بۆ دوای نیوەڕۆ چەند هەزار كەس بێكار بكەن، ئەمەشی بەو مانایە بەكارهێناوە هەموو رۆژێك ئەندازیارەكانی سلیكۆن ڤالی هێندە ئامێرەكان پێش دەخەن و ئامێری تازە دروست دەكەن، كە هێندەی ئامێرەكەی دوێنی پێویستی بە دەستی كار، یان هۆشیاری چینی ناوەند نەبێت، بۆیە ئەگەر ئەم پێشكەوتنە زۆر خێرایە بەمجۆرە بەردەوام بێت، ئەوا (زیرەكی دروستكراوی ئەلیكترۆنی) بە تەواوەتی جێگەی چینی ناوەند دەگرێتەوە، كە چینی ناوەندیش نەما، ئەوا سیستمێك نامێنێت ناوی سیستمی دیموكراتی بێت. ئەوجا لەبەر ئەوەی شوێنی بە بازاڕكردن و بازرگانی پێكردنی ئەم پێشكەوتنە خێرایەی تەكنەلۆژیا بورسەكانی (وۆڵ ستریت)ە، ئەوا ئەو شوێنە وەك بكوژی سیستمە دیموكراتییەكە لەلایەن لایەنگرانی تی پارتییەوە سەیركراوە.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە بگەڕێینەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی حزبە سیاسییەكانی ئەمریكا، (پێش دەركەوتنی ترەمپ)، ئایا ئیدارەی ئۆباما لە ماوەی هەشت ساڵی حوكمڕانیدا توانی بڕیار بدات و مەترسییەكانی (ووڵ ستریت) و (سلیكۆن ڤالی) چارەسەر بكات؟ بێگومان هەموو بیرمەندانی ئەمریكی و جیهانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە نەك هەر پێی چارەسەر نەكراوە، بەڵكو ئەو دەستوورەی كە ئەمریكییەكان وەك (كتێبی پیرۆز) سەیری دەكەن، هیندە بێ بایەخ بووە، كە بێجگە لە كۆمەڵێك وشەی نووسراو هیچ كارێكی پێ ناكرێت، بەڵام ئەگەر پرسیار لە بارەی سەردەمی ترەمپ بكەین، كە ئەمریكییەكان لەسەر بنەمای دروشمی (ئەمریكا یەكەم) دەنگیان پێ دا، ئایا ترەمپ دەتوانێت كێشەكانی (وۆڵ ستریت) و (سلیكۆن ڤالی) چارەسەر بكات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ترەمپ لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و لە ماوەی دووساڵی یەكەمی حوكمڕانییەكەیدا بە ئاشكرا داویەتەوە كە ناتوانێت ئەو كێشانە چارەسەر بكات، بۆیە دەیەوێت ئەمریكا لە دەرهاویشتە خراپەكانی جیهانگیری و پێشكەوتنی زۆر خێرای تەكنەلۆژیا رزگار بكات. بەڵام پرسیاری دیكە لێرەدا ئەوەیە: كە پێشكەوتنە زۆر خێراكانی تەكنەلۆژیا هەموو جومگەكانی ژیانی مرۆڤایەتی و سیاسەت و حوكمڕانی و سیتمی جیهانی گرتبێتەوە، ترەمپ چۆن دەتوانێت ئەمریكا لە دەرهاویشتە خراپەكانی رزگار بكات؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە گرنگەش تۆماس فریدمان لە كتێبی (سوپاس بۆ دواكەوتنت) دەیداتەوە كە دەبێت مرۆڤ و حكومەت و دەوڵەتیش، بۆ ساتێك لە پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا خۆی داببرێت و بیربكاتەوە بۆ ئەوەی (بزانێت خۆی كێیە)، ئەم بۆچوونەی فریدمان كە تەواو تەواو لەگەڵ پرسیارە بەناوبانگەكەی هنتنگتن (ئێمە كێین؟) یەك دەگرێتەوە، شێوازێكی بیركردنەوەی ئەوتۆ بۆ تاك و كۆمەڵگە و حكومەت و دەوڵەت دروست دەكات، كە سەرلەنوێ هەموو ئەم چەمكانە لەناو بیری نەتەوەیی خۆیدا پێناسە بكاتەوە. بەڵام بیری نەتەوەیی (ناشنالیزم) بۆ گەلێكی وەك ئەمریكا كە لە بنەڕەتدا نەتەوەی نییە و لە كۆمەڵێك گرووپی جۆراوجۆری پەنابەر پێكهاتووە، مانای چییە؟ هنتنگتن لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا لە ساڵی 2005 گووتویەتی: لە ئەمریكا دوو جۆر پەنابەر هەن، ئەوانەی لە سەرەتا كۆچیان كردووە بۆ ئەمریكا و لەوێ نیشتەجێ بوون، ئەوا هەڵگری كەلتووری ئەنگلۆسەكسۆنین و بە هاووڵاتی رەسەنی ئەمریكا حیساب دەكرێن و ئەوان خاوەنی ئەمریكان و هەر ئەوانیش ئەم سیستمەیان دامەزراندووە كە هەموو جیهان شانازی پێوە دەكات، بەڵام ئەوانەی دوای دروستبوونی ئەمریكا لە ماوەی 100-120 ساڵی رابردوو هەتا ئێستا كۆچیان بۆ ئەمریكا كردووە، ئەوانە پەنابەرن و دەبێت بە زمانی ئینگلیزی قسە بكەن و كەلتووری ئەمریكایان قبووڵ بێت كە كەلتووری ئەنگلۆسەكسۆنییە.
ئەم گەڕانەوەیە بۆ ناشنالیزم، لەدیدی هەر دوو حزبی دیموكراتی و بەشێكی بەرچاوی حزبی كۆمارییش وەك شێتییەكی سیاسی و دەستبەرداربوون لە دیموكراتی و گەڕانەوە بۆ دواوە لە قەڵەم دراوە، ئێستاش لای ئەوان هەر بەوجۆرە لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام ئەم مۆدێلە لەبەر ئەوەی گەڕانەوەیە بۆ لۆژیكی جۆرج واشنتۆن و نەمانی حزب لە كۆمەڵگەی ئەمریكادا لەلایەن ئەمریكییە سپی پێستەكانی هەردوو حزبەوە دەنگی پێ درا، بۆیە ترەمپ هەڵبژاردنەكانیشی بردەوە.
بەڵام دیسان پرسیاری دیكە ئەوەیە: (كۆتایی حزب - The party is over) مانای كۆتاییهاتنی سیاسەت نییە ؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا سیناتۆری خانەنشین مایك لۆفگرن خاوەنی هەر دوو كتێبی (كۆتایی حزب و دەوڵەتی قووڵ)، راشكاوانە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، هەردوو حزبی دیموكراتی و كۆماری، ئەوجا هەر كامیان لە دەسەڵاتدا بێت و هەر كامیان لە ئۆپۆزسیۆن بێت، نە وەك حوكمڕان سیاسەت دەكەن، نە وەك ئۆپۆزسیۆن، لەبەر ئەوەی خۆیان بوونەتە بەشێك لەو دەوڵەتە قووڵەی كە رێگە نادەن حكومەتی ئەمریكا كارەكانی خۆی هەڵبسووڕێنێت، گرنگە حزبی لەمجۆرە كۆتاییان پێ بێت. بەڵام ئایا بەبێ حزبی سیاسی، یان فرەحزبی شتێك بوونی دەبێت كە ناوی سیستمی دیموكراتی بێت؟ بێگومان مێژووی ئەمریكا پێمان دەڵێت: بەڵێ، دەكرێت، لەبەر ئەوەی هەتا ئەبراهام لنكۆڵن شۆڕشی كۆیلایەتی لە سەدەی نۆزدەهەم راگەیاند، ئەمریكا هەر یەك حزبی سیاسی هەبووە و هەر چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردنیش كراوە و سەرۆك هەڵبژێردراوە، تەنانەت كە ئەلكسی توكوفیل كتێبی (دیموكراتییەتی ئەمریكا)ی نووسی بۆ ئەوەی ئەو سیستمە لە فەرەنسا كۆبكاتەوە، هێشتا لە ئەمریكا بوونی نەبووە و ئەلكسی تۆكۆفیل لە ساڵی 1859 كاتێك كۆچی دوایی كرد، هێشتا لنكۆڵن شۆڕشی كۆیلایەتی رانەگەیاندبوو.