ترەمپ هێزەكانی لە سووریا دەكشێنێتەوە یان پەیامێكی لە پشت ئەم تویتەوە هەیە؟

ترەمپ هێزەكانی لە سووریا دەكشێنێتەوە یان پەیامێكی لە پشت ئەم تویتەوە هەیە؟
ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ پرانسیپی (قازانج و زیان) كە مەزهەبی ترەمپی لەسەر بونیاد نراوە، دەبێت بپرسین: ئایا مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، یان كشانەوەیان لە بەرژەوەندیی ئەمریكادایە؟ بێگومان وەڵامی زۆر بەدیهی ئەوەیە كە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، جارێكی دیكە شەڕی عێراق رووبەڕووی دۆڕانێكی دیكە دەكاتەوە، ئەو شەڕەی ئەمریكا ناوی لێناوە «شەڕی 3 ترلیۆن دۆلار»، بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر سەرهەڵدانی رێكخراوی قاعیدە لقی عێراق و هەروەها سەرهەڵدانی داعش لە سووریا و عێراق، سەرەتای دروستكردنی رێكخراوی قاعیدە لقی عێراق لە سووریاوە دەستی پێكردووە، وەك بەشێك لە هێزی مقاوەمەتی عەرەبی سوننە دژی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەروەها هاوتابوونی ئەم بەرژەوەندییە لەگەڵ هێزی مقاوەمەتی شیعە دژی ئەمریكا لە عێراقدا، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن داعش دژی باڵادەستیی شیعە لە سووریا و عێراق سەریهەڵدا و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە سەرخاكی عێراق و سووریا راگەیاند؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەقاودەق هاوشێوەی ئەزموونی ئەمریكا لە دروستكردنی موجاهیدەكانی ئەفغان دژی باڵادەستیی سۆڤیەتی پێشووە و پاشان كشانەوەی هێزەكانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان ئەو موجاهیدانە رێكخراوی ئەلقاعیدەیان دروستكرد و بوون بە بەڵا و كارەسات بۆ ئەمریكا.
هەوڵەكانی سووریا و دەوڵەتانی دیكەش بۆ دروستكردنەوەی رێكخراوی قاعیدە لقی عێراق دژی ئەمریكا هەمان سیناریۆ بوو، ئەوان قاعیدەیان بەكار هێنا بۆ ئەوەی ئەمریكا لە عێراق پاشەكشە پێ بكەن، بەڵام دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق پاشەكشەیان كرد، رێكخراوی قاعیدەی لقی عێراق و لەگەڵ بەشێك لە قاعیدە سووریا یەكیان گرت و خۆیان لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) راگەیاندو لەماوەی چەند مانگێكدا بوون بە بەڵا و كارەسات بەسەر هەردوو حكومەتی دیمەشق و بەغدا و پاشانیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
ترەمپ لە تویتەكەیدا دەڵێت: «گەورەترین ئامانجی من لە ماوەی سەرۆكایەتی مندا ئەوە بوو كە داعش كۆتایی بێت.» بەڵام ئەم قسەیە لە كاتێكدایە ئێستا جارێكی دیكە باس لەسەر هەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا دەكرێت و، وەك بەڕێز مسعود بارزانی بەم دواییە لە بەغدا ئاماژەی پێكرد، سەرهەڵدانەوەی ئەمجارەی داعش، لە شەڕی پێشووی دژی داعش ترسناكترە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پێشتر دەزانرا پێگە و مۆڵگەكانی داعش لە كوێن، بەڵام ئێستا نازانرێت، بۆیە شەڕەكەی قورستر كردووە، هەروەها لەلایەكی دیكە هەر لە رۆژانی رابردوو و دوای تویتەكەی ترەمپ، جارێكی دی لە ناو خاكی سووریا، داعش دژە هێرشی دەست پێكردۆتەوە و بەرپرسانی هێزەكانی سووریای ئازاد راشكاوانە ئاماژەیان بەوە كردووە، ئەگەر نەتوانن ئەو بەندیخانەیە بپارێزن كە زیاتر لە 1100 چەكداری بیانیی داعشی تێدایە، ئەو بەندییانە بەندیخانەكە دەشكێنن و بەمەش جارێكی دیكە مەترسیی داعش لە هەموو شوێنێك دەست پێ دەكاتەوە، سەبارەت بەم بارودۆخە كە ئەمریكا نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ شەڕی دژی داعش لە سووریا هەیە بە ناوی جیمس جیفری، ئایا ئاگاداری ئەو راستییانە نییە كە لەسەر زەوی گوزەر دەكەن؟ بێگومان ئەمریكا لە هەر لایەكی دیكە باشتر ئاگادارە كە بارودۆخی سووریا و هەروەها عێراقیش هی ئەوە نین كە هێزەكان بكشێنرێنەوە، بەڵكو بە پێچەوانەوە پێوییستان بەوە هەیە كە زیاتر پشتگیری بكرێن و بەهێزتر بكرێن، بەڵام بۆ لەم كاتەدا ترەمپ، ئەم پەیامە توندە رووبەڕووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكاتەوە؟ بێگومان ئەمەش هەمان سیناریۆی لێدوانە توندەكانیەتی بەرامبەر دەرچوونی ئەمریكا لە ناتۆ و، ترەمپ ئامانجی ئەوەیە كە دەوڵەتانی هاوشێوەی فەڕەنسا و رووسیا و ئیسرائیل و توركیا و دەوڵەتانی سعودیە و ئیمارات و كەنداو زیاتر شان بدەنە بەر بەرپرسیاریەتی لە شەڕی دژی داعش لە سووریا و ئەركە قورسەكە بە تەنیا لەسەر شانی ئەمریكا نەبێت.
ئاشكرایە فەڕەنسا و سعودیە و ئیمارات و ئیسڕائیل تا رادەیەكی باش لە پەیامەكەی ترەمپ تێگەیشتوون و دەستبەجێ وەڵامیان داوەتەوە، بەوەی ئامادەن لەو كاتەی ئەمریكا هێزەكانی دەكێشێتەوە، ئەو بۆشاییە پڕ بكەنەوە، بەڵام ترەمپ راینەگەیاندووە كەی ئەو هێزانە دەكێشێتەوە و لانیكەم سێ مانگ یان 100 رۆژی دیكەی دەوێت. ئەگەر بارودۆخی سووریا لەشەڕی دژی داعش بەو شێوەیە بێت كە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا ناچار بن خۆیان بۆشایی ئەمریكا پڕبكەنەوە، ئایا ئەمە دەرگایەكی دیالۆگی باش ناكاتەوە بۆ ئەوەی ببنە هاوكارێكی زیاتری ئەمریكا لە شەڕی دژی داعش و ئەمریكاش هێزەكانی لە سووریا بمێنێتەوە؟
كەواتە سوودێكی دیكەی ئەم زمانە توندەی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەوەیە كە دەبێت هاوپەیمانەكانی ئەمریكا پابەند بن بەو پابەندبوونانەی دەكەوێتە سەرشانیان، هەر بۆ نموونە دەوڵەتانی ئەندامانی ناتۆ لە ماوەی ساڵانی 2009-2016 تەنیا یەك دۆلاریشیان بۆ ئەركەكانی ناتۆ زیاد نەكردووە و پشكی سەرەكی لەسەر شانی ئەمریكا بووە، بەڵام لە ساڵی 2017 راستەوخۆ دوای دەست بەكاربوونی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا دەوڵەتانی ناتۆ رێژەی بەشداریی ماددییان بۆ خەرجییەكانی ناتۆ زیاد كردووە و ئەمساڵیش (2018) جارێكی دیكە زیادیان كردەوە، ئەمریكاش هەر لە ناتۆدا ماوەتەوە، هەر بۆیە لە ئێستاشدا كە هەڕەشەی ئەوە دەكات كە هێزەكانی لە سووریا دەكشێنێتەوە و تەواو شەڕی دژی داعش لە سووریاش كۆتایی هات، ئەوا وەك بینمان لە یەكەم كاردانەوەدا هەموو ئەو دەوڵەتانەی داعش وەك مەترسییەكی جددی سەیر دەكەن، هاتنە سەرخەت و ئامادەباشییان دەربڕی كە باشتر بێنە پێشەوە. لەلایەكی دیكەوە، لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی سووریاش، دیسان ئەم قسانەی ترەمپ پەیامێكی راستەوخۆیە بۆ رژێمی ئەسەد و ئەو دەوڵەتانەشی كە پشتیوانی لە مانەوەی ئەسەد دەكەن، ئەم پەیامەش ئەوەیە ئەگەر مانەوەی رژێمی ئەسەد جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ خەلافەتەكەی داعش نەبێت، ئەوا باشترە بكشێتەوە بۆ ئەوەی ئەو رژێمە باجی داعش بدات، نەك هێزەكانی ئەمریكا، بۆیە لەم حاڵەتەشدا توركیا و ئێران و رووسیاش ناچار دەبن گوشاری زیاتر بخەنە سەر رژێمی ئەسەد بۆ ئەوەی بە پرۆسەی ئاشتییەوە پابەند بێت و بە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەن.

كەواتە قسە و تویتەكانی ترەمپ لە ماوەی دووساڵی رابردوودا ئەوەیان بۆ جیهان سەلماندووە، كاتێك ترەمپ تویتێكی زبر و نادیپلۆماتی دەنووسێت و گۆمەكە دەشڵەقێنێت، ئیدی بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەی ستافەكەی بە ئاكامێكی مامناوەندی بگەیەنن، ئەوەشی لە ماوەی 10 مانگی رابردوو تێبینمان كردووە، هەردوو تیراسۆركەی وەزارەتی دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا (مایك پۆمپیۆ و جۆن بۆلتۆن)، توانیویانە ئەو رۆڵە بە باشی بگێڕن و لەلایەك توانیویانە هاوپەیمانەكان بهێنە سەر ئەو قەناعەتەی كە ئەمریكا مەبەستێتی، لەلایەكی دیكەش توانیویانە دوژمنەكانیش بگەیەننە قەناعەت كە بێجگە لەم رێگەیە رێگەیەكی دیكە لە بەردەمیاندا نییە، باشترین نموونەش لەمبارەوە لوتكەی نێوان كیم جۆن ئونی سەرۆكی كۆریاری باشوور و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا بوو لە سنگافورە، هەروەها پێشێلكردنی ڤیتۆی رووسیا بوو لە سەر وەشاندنی گورزێكی سەربازی لە سووریا.
Top