هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم رەهەندە دیارەكانی سیستمە سیاسییە تازەكە
December 19, 2018
راپۆرتەکان
خاڵێكی دیكە كە دەكرێت لەو خاڵەشەوە رەهەندێكی دیكەی كابینەی داهاتووی پێ بخوێنینەوە، ئەو پەیامە راشكاوانەیەی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بەردەوام جەختی لەسەر دەكاتەوە، ئەویش ئەوەیە نابێت لە كابینەی داهاتوو، لایەنە بەشدارەكان، بەیانیان لە حكومەت بەشدار بن و شەوانیش لەسەر تیڤییەكان ئۆپۆزسیۆن بن، ئەمەشیان مانای ئەوەیە، لایەنە سیاسییەكان ئازادن لەوەی كە بەرەی بەشداریكردن لە حكومەت هەڵدەبژێرن، یان بەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام دەبێت رەچاوی بیركردنەوەی تازە بۆ سیستمی سیاسی و حوكمڕانی بكەن، كە ئەویش هاوكاری و هەماهەنگی و هاوسەنگییە لەنێوان لایەنە بەشدارەكان لەلایەك و، هەماهەنگی و هاوكاری و هاوسەنگییە لە نێوان لایەنە بەشدارەكانی حكومەت و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناو پەرلەمان، لە هەردوو حاڵەتدا، هەرسێ چەمكی (هاوكاری و هەماهەنگی و هاوسەنگی) بە مانای یەكسانی نایەت لە پرۆسەكەدا، بەڵكو ئەم سێ چەمكە بەو جۆرە (هاوكار و هەماهەنگ و هاوسەنگ) دەبن، ئەگەر لەسەر بنەمای ئەو نەخشە سیاسییە تازەیە بونیاد بنرێنەوە كە گەلی كوردستان بە دەنگەكانیان دیاریان كردووە.
لایەنێكی دیكە كە دەكرێت لەویشەوە رەهەندێكی دیكەی سیستمە سیاسییە تازەكەی پێ بخوێندرێتەوە، قبووڵكردنی ئەو بیركردنەوە تازەیەیە بۆ سیستمی سیاسی كە پارتی دیموكراتی كوردستان كردوویەتی بە چوارچێوەیەك بۆ دانوستاندنەكانی حكومەتی داهاتوو، لەسەر ئەم لایەنەش و لە پەراوێزی ئەو چەند كۆبوونەوەیەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەر یەكە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجامیداون و دوو بەیانی هاوبەشیش لەدوای كۆبوونەوەكان دەرچوو، هەست دەكرێت لەو زمانە هاوبەشەی پارتی و یەكێتی و لە زمانە هاوبەشەكەی پارتی و گۆڕان كە هەردوو بەیاننامەكەی پێ نووسراون، چوارچێوەیەكی باش بۆ تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر بیركردنەوە نوێكە بۆ بونیادنانی سیستمە تازەكە دروست بووە و هەست دەكرێت جۆرێك لە قەناعەت لای هەر سێ لایەنی (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) دروست بووە كە سەرخستنی پرۆسەی حوكمڕانی پێویستی بە كۆنسێرتێكی سیاسیی نێوان لایەنە بەشدارەكان هەیە، ئەم كۆنسێرتە جیا لەوەی حكومەتی بەهێز دروست دەكات، لە هەمانكاتدا هاوسەنگی و هاوكاری و هەماهەنگییش لە نێوان كۆی دەسەڵاتەكان (سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەری) لە كوردستاندا دروست دەكات.
لە كۆی ئەم رەهەندانەوە ئەگەر هەڵوەستەیەك لە بیركردنەوەی مسعود بارزانی بكەین كە دەیەوێت پرۆسەی حوكمڕانی هەموو پێكەوە لەو ئاستە بن كە وەڵامی خواست و پێداویستیی خەڵك بدەنەوە، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە بارزانی بە باوكی دامەزرێنەری ئەم سیستمە سیاسییە لە قەڵەم دەرێت و پێداگریی ئەویش لەسەر كۆتاییهاتن بە سیستمە كۆنەكە و هەوڵدان بۆ دروستكردنی سیستمێكی تازەی سیاسی و حوكمڕانی بۆ كوردستان بە بەشداری و هاوكاری و هەماهەنگی و هاوسەنگیی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێت بەشێك بن لەم سیستمە سیاسییە تازەیە، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە بارزانی خۆی رەقیب و چاودێری یەكەم دەبێت بە سەر كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا و رێگە نادات هاوسەنگی و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتەكان (سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت، دەسەڵاتی دادوەری) تێكبچێت، لە نێوان هەر چوار دەسەڵاتەكەدا بارزانی دەبێتە پشتێوانێكی گەورەی دەسەڵاتی دادوەری، بۆ ئەوەی سەروەریی یاسا لە كوردستاندا بوونی هەبێت و هیچ كەسێك لە یاسا باڵادەستتر نەبێت و یاسا لە سەرووی هەمووانەوە بێت.
هەر بۆیە ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا، رەقیبی و چاودێریی بارزانی بۆ سیستمی سیاسی و حوكمڕانیی كوردستان بخوێنێنەوە، ئەوا راشكاوانە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە بارزانی مەبەستێتی دەسەڵاتی دادوەری و سەروەریی یاسا بەهێزترین و كاریگەرترین دەسەڵات بێت لە كوردستاندا، هەروەها دەیەوێت دەسەڵاتی دادوەری و سەروەریی یاسا، ببنە پەرژینی پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتیانی كوردستان، دیارە كە جەخت لەسەر كەرامەتی هاووڵاتیش دەكەینەوە، لە سەردەمی ئەرستۆ تاڵیسەوە هەتا ئێستاش، پێناسەیەكی گونجاو بۆ كەرامەتی مرۆڤ، یان هاووڵاتی، جیا لەوەی تەواوی مافەكانی مرۆڤ دەگرێتەوە، بەڵام لە سەرووی مافی مرۆڤیشەوە، مافی هاووڵاتیبوون و مافی هەستكردن بە ئاسوودەیی رۆحییش دەگرێتەوە، بارزانی جیا لەوەی وەك پێشمەرگەیەك بە درێژایی تەمەنی خۆی بەرگری لە كەرامەتی گەلی كوردستان كردووە، لەلایەكی دیكەشەوە وەك عارفێكی تەریقەتی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەدی بارزان، زۆر بە قووڵی لە مانا رۆحییەكەی كەرامەت تێگەیشتووە، بۆیە لە دروستكردنی ئەم سیستمە سیاسی و حوكمڕانییە تازەیەی كوردستاندا، زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، هیچ كەس و لایەنێك ناتوانن ئاستەنگ بۆ ئەم پرۆسە تازەیە دروست بكەن.
لای بارزانی، داكۆكیكردن لە كەرامەتی هاووڵاتی، تەنیا هاووڵاتیانی كورد لە كوردستاندا ناگرێتەوە، بەڵكو هەر تاكێك كە لەم كوردستانە دەژی، ئەوجا سەر بە هەر ئایین و نەتەوەیەك بێت، دەبێت سیستمی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستاندا بەو جۆرە هەڵبسووڕێت كە كەرامەتی هاووڵاتیبوونی لە كوردستان بپارێزێت، ئەمەش بەو مانایەی، برایەكی كلدان، سریان، ئاشوور، توركمان، ئەرمەن و...هتد، دەبێت بەو جۆرە رێز لە كەرامەتیان بگیرێت كە هەست بكەن رێز لە مافی نەتەوەییان گیراوە و ئەوانیش وەك نەتەوەی كورد خاوەنی ئەم كوردستانەن، هەروەها لەسەر ئاستی ئایینی كە گەلی كورد بەشی زۆری موسڵمانە، دەبێت برایەكی كریستیان، ئەرمەن، ئێزیدی و تەواوی ئایینەكانی دیكەش هەركامیان وەك موسڵمانێك ئەم وڵاتە بە وڵاتی خۆی بزانێت و هەست بكات كە رێز لە مافە ئایینییەكانی گیراوە. ئەو پێشنیارانەی كە بەم دواییە لەلایەن پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانەوە بۆ ریفۆرمی پڕۆگرامی خوێندن لە كوردستان كراوە و لە میدیاكان ئاماژەی پێكراوە و داواكراوە كە لە پڕۆگرامی خوێندنی كوردستاندا، ناوی كریستیان و توركمان و ئێزیدی و ئەرمەن و.. هتد بەكار بهێندرێت، نەك تەنیا هەموویان ناوی كوردی بن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم پێشنیارانە پشت ئەستورن بەو تێگەیشتنەی كە بارزانی بۆ مانای پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتی هەیەتی.
چڕكردنەوەی مانای سیستمی تازەی سیاسی و حوكمڕانی لە كوردستاندا بۆ پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتی، مانای ئەوەیە بارزانی پێش ئەوەی هەوڵیدابێت پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان ببێتە چوارچێوەیەك بۆ پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتی لە كوردستاندا، بە دامەزراندنەوەی (بارەگای بارزانی)، ئەم دامەزراوە میللییە كە بارزانیی باوك دامەزرێنەریەتی، لە سەرتاسەری شۆڕشی ئەیلوولدا ئەركی سەرەكیی پاراستنی كەرامەتی هاووڵاتی بووە بە جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بیروبۆچوونی سیاسییەوە، تەنانەت پاراستنی كەرامەتی مرۆڤیش بووە، بەو مرۆڤانەشی كە سەربازی داگیركەران بوون و لە ئاكامی هێرشەكانیان بۆ داگیركردنی كوردستان بە دیلی دەكەوتنە دەستی پێشمەرگە، بارزانیی باوك رێگەی نەدەدا سووكایەتی بەكەرامەتی ئەو دوژمن و داگیركەرانەش بكرێت كە بەدیلی دەكەوتنە دەستی پێشمەرگە، بیركردنەوەی بارزانیی باوكیش هەر لەو كانگا فیكرییەوە سەرچاوەی گرتبوو كە شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەدی بارزان تەریقەتیان لەسەر داڕشتبوو. لەسەر ئەم بنەمایە و پێویستیی دامەزراوەیەكی بەهێز بۆ پارێزگاریكردن لە كەرامەتی هاووڵاتی، مسعود بارزانی (بارەگای بارزانی) دامەزراندۆتەوە و ئەم دامەزراوەیەش كە راستەوخۆ ویژدانی زیندووی بارزانی بەرجەستە دەكات و لە چوارچێوەی ویژدانەوە داكۆكی لە كەرامەتی هاووڵاتی دەكات، هیچ دەسەڵاتێك نییە لە سەرووی دەسەڵاتی ئەوەوە بێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە ناو ویژداندا پرۆسەی خۆڕاستكردنەوەی ویژدانی زۆر لە پێش خۆڕاستكردنەوەی یاسایی دەست پێدەكات، بۆیە گرنگە ئەو ویژدانەی لەبارەگای بارزانی-یەوە هەڵدەقوڵێت، ببێتە بزوێنەری پرۆسەی حوكمڕانی لەكوردستاندا، وەك جۆن راولزیش بیرمەندی گەورەی ئەمریكی كە نزیكەی 50 ساڵ لەمەوپێش و پێش ئەوەی دیموكراتی بگاتە ئەو دۆخەی كە ئێستا تیایەتی، كتێبی (دادپەروەری وەك ویژدان)ی نووسی، لەم كتێبەدا راولز جەخت لەوە دەكاتەوە كە (گرێبەستی كۆمەڵایەتی) فێڵی لێ دەكرێت، بەڵام ویژدان فێڵی لێ ناكرێت، بۆیە داوا لە دەوڵەتانی دیموكراتی دەكات، ئەگەر دەتانەوێت بەرگری لە دادپەروەری بكەن و سیستمی دیموكراتی لە مردن رزگار بكەن، ئەوا دەبێت ویژدان بكرێتە بنەمای دادپەروەری لە سیستمی دیموكراتیدا، نەك گرێبەستی كۆمەڵایەتی.
ئەوجا ئەگەر لەبەر رۆشنایی ئەم باكگراوندە خوێندنەوەیەك بۆ پێكهێنانی كابینەی نویەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەی كە حكومەتی كابینەی نۆیەم حكومەتێكی بەهێز دەبێت لە ناو پرۆسەیەكی حوكمڕانی بەهێزدا كە سەرۆكێكی بەهێز و پەرلەمانێكی سەقامگیر لە ژێر چەتری سەروەریی یاسادا هاوكار و هەماهەنگی حكومەت دەبن.