كۆنسێرتی سیاسیی نێوان لایەنە بەشدارەكان مەرجی پێشوەختەیە بۆ حوكمڕانییەكی بەهێز

كۆنسێرتی سیاسیی نێوان لایەنە بەشدارەكان  مەرجی پێشوەختەیە بۆ حوكمڕانییەكی بەهێز
سیستمی سیاسی، ئەوجا ئەو سیستمە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتێك بێت، یان سیستمێك بێت بە ناوی (سیستمی جیهانی) بۆ دابینكردنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی، ئەگەر بمانەوێت بە تەواوەتی پێی بگوترێت: «سیستمێكی سیاسیی سەقامگیر»، ئەوا دەبێت لە سەرەتاوە راشكاوانە ئەو راستییە بڵێین كە «سیستمی سیاسیی سەقامگیر» حاڵەتێكی دەگمەنە و دەكرێت تا رادەیەك بڵێین مەحاڵیشە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سیستمی سەقامگیر ئەوجا (دەوڵەتی بێت، یان جیهانی) بەردەوام سەقامگیرییەكەی پێویستی بە پاراستن هەیە.
بۆ پاراستنی سەقامگیریی سیستمی سیاسی، (لەسەر ئاستی دەوڵەتێك بێت، یان كۆی جیهان)، خۆشبەختانە تەنیا یەك رێگە هەیە، ئەویش هەماهەنگی و هاوكاری و هاوسەنگیی نێوان ئەو لایەنە سیاسییانەیە كە لە چوارچێوەی بیركردنەوەیەكی تازەدا دەبنە بەشێك لە سیستمی سیاسیی دەوڵەت، لەسەر ئاستی جیهانیش دیسان سەقامگیریی سیستمە جیهانییەكە، تەنیا بە هەماهەنگی و هاوكاری و هاوسەنگیی نێوان ئەو دەوڵەتە گەورانە دەكرێت، كە لە چوارچێوەی بیركردنەوەیەكی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكانی ئێستای جیهان دەبنە لایەنی سەرەكی لە سیستمە جیهانییە تازەكەدا.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە و لەسەر ئاستی جیهان، رێكخراوی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان وەك پەرلەمانی جیهان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەك حكومەتی جیهان، وێنا بكەین، ئەوا لەبەر ئەوەی هاوسەنگی و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان دەوڵەتە گەورەكان بەتایبەتی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش تێكچووە و ناتوانن وەك تیمێك لە ناو یەك كۆنسێرتدا هاودەنگ و هاوئاواز بن، وەك ئێستا دەەبینین نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش وەك پەرلەمان و حكومەتێكی شكستخواردوو وان كە لە هیچ كێشەیەكی جیهانیدا ئیعتوباریان نەماوە. ئەمە لەسەر ئاستی دەوڵەتێكیش هەر بە هەمان شێوەیە. هەر بۆ نموونە ئەگەر سەیری سیستمی سیاسیی ئەمریكا بكەین، كە هەتا ئێستاش بە بەهێزترین سیستمی سیاسی لەسەر ئاستی جیهان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام لە دوای ساڵی 2003وە كە هەردوو پارتی سەرەكی (كۆماری و دیموكراتی) بوونە دوو حزبی ئایدیۆلۆژی و هاوسەنگی و هەماهەنگی و هاوكاریی نێوانیان درزی تێكەوت، ئەوا سیستمی سیاسیی ئەمریكا چیتر نەیتوانی وەڵامی خواست و داواكاریی هاووڵاتیانی بداتەوەو میكانیزمێك بدۆزیتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، بۆیە لە نۆڤمبەری 2016 خەڵكی ئەمریكا دەنگیان بەو كاندیدە دا كە مەرگی سیستمە سیاسییە كۆنەكەی راگەیاند.
ریچارد هاس سەرۆكی ئامۆژگای ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە و خاوەنی كتێبی (جیهان لە پاشاگەردانیدا - A World in Disarray)، لە دوایین توێژینەوەیەدا كە لە ژمارەی تازەی گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بە ناونیشانی: «سیستمە كۆنەكەی جیهان چۆن كۆتایی دێت و چ سیستمێك لەسەر پاشماوەی ئەو دروست دەبێت؟» راشكاوانە ئاماژەی بەوە كردووە كە سیستمی سیاسیی (جیهانی یان دەوڵەتی) لە سەرەتاوە ئاماژەكانی لەبەریەك هەڵوەشانی لێ دەردەكەوێت، بەڵام بڕیارسازان لە سەرەتاوە ئەو ئاماژانە نابینن كە لێی دەركەوتووە، بۆیە كاتێك هەستی پێدەكەن كە چیدیكە ئەو سیستمە زیندوو ناكرێتەوە و هەر كەسیكیش هەوڵی زیندووكردنەوەی ئەو سیستمە كۆنە بدات، ئەوا هەوڵەكانی بێهوودە دەبن. هەر بۆیە كە سیستمی سیاسی گەیشتە ئەم حاڵەتە، ئەوا هیچ رێگەچارەیەك لە بەردەم بڕیارسازان نامێنێتەوە، بێجگە لەوەی دەبێت راشكاوانە دان بە دوو راستیی گرنگدا بنێین، ئەوانیش بریتین لە:
1. دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە سیستمە سیاسییەكە كۆنەكە هەرگیز زیندوو ناكرێتەوە و دەبێت هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی سیستمێكی تازە دروست بكرێت (لەبەر ئەوەی سیستمی سیاسی لە دایك نابێت).
2. ئەم دانپێدانانە دەبێت، دانپێدانانێكی هەمەلایەنە بێت و هەموو لایەنە بەشدارەكانی ناو پرۆسە سیاسییەكە دان بەوەدا بنێن كە بە سیستمە كۆنەكە حوكمڕانی ناكرێت.
كە ئەم دانپێدانانە هاتەئاراوە، ئەوا كۆی لایەنە بەشدارەكانی ناو سیستمەكە، فەرز دەبێت لە سەریان بە شێوازێكی نوێ بیربكەنەوە و بە شێواز و میكانیزمێكی نوێ هاوكاری و هەماهەنگی یەكتری بكەن، بۆ ئەوەی هاوسەنگی و سەقامگیریی سیستمە سیاسییەكە پێكەوە دروست بكەنەوە و هەوڵەكانیان بە هاوشێوەی كۆنسێرتێكی سیاسی بە هاودەنگی و هاوئاوازی یەكبخەن، بۆ ئەوەی سیستمە سیاسییەكە ئەو توانا و ئیرادەی بۆ دروست ببێتەوە، كە توانای ئەوەی هەبێت وەڵامی خواست و داواكاریی خەڵك بداتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین: ئایا سیستمی ئێستای جیهان كە پێی دەڵێن: «سیستمی نوێی جیهان، یان سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی»، دەتوانرێت جارێكی دیكە زیندوو بكرێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لای بیرمەندانی سیاسەت ئەوەیە، جارێكی دیكە ئەو سیستمە جیهانییە زیندوو نابێتەوە كە تیایدا ئەمریكا وەك ژمارە (یەك) بانگەشە بۆ خۆی بكات و كۆی دەوڵەتانی جیهانیش ئەو بانگەشەیەی ئەمریكا قبووڵ بكەن.
لێرەدا ئەگەر پرسیارەكە لەسەر ئاستی سیستمی سیاسیی دەوڵەت بكەین، بەتایبەتی (سیستمی سیاسیی لیبڕاڵ دیموكراتی) و بپرسین: ئایا دەتوانرێت جارێكی دیكە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی كە ببووە ژێرخانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا، زیندوو بكرێتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەیان كێشە ناوخۆییەكانی ئەمریكا و دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا دەیداتەوە و ئەو كێشانە پێمان دەڵێن: ئەو پێوەر و بەهایانەی وەك (مافی پەنابەری، فرەكەلتووری، كەرامەتی مرۆڤ، ئازادیی رادەربڕین، سیستمی دامەزراوەیی، ئابووری و بەرگریی هاوبەش و.. هتد) كە ماوەی زیاتر لە 70 ساڵە هەموو دەوڵەتانی یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا شانازی پێوە دەكەن، ئێستا خۆیان بوونەتە دژی ئەم پێوەر و بەهایانە و هەر خۆیان لە ریشەوە دەریان هێناوە، بۆیە بەپێی ئەم میتۆدە دەبێت راشكاوانە دان بەوەدا بنرێت كە هەر هەوڵێك بۆ زیندووكردنەوەی سیستمی (لیبڕاڵ دیموكراتی) بخرێتەگەڕ، ئەوا ئەو هەوڵانە بێهوودە دەبن و دەبێت سەرلەنوێ بە بیركردنەوەیەكی نوێ بیر لە سیستمێكی تازەی حوكمڕانی بكرێتەوە. بەڵام تەحەددا و مەترسیی گەورە ئەو كاتە دروست دەبێت كە لەسەر دانپێدانان بە شكستی سیستمی سیاسی، یان سیستمی جیهانیدا، لایەنە سەرەكییەكان وەك كۆنسێرتێكی سیاسی هاودەنگ و هاوئاواز نەبن.
ئەم پرسە (دروستكردنی كۆنسێرتی سیاسی لە نێوان لایەنە بەشدارەكان)، بۆ ئێستای كوردستان لە رادەبەر گرنگە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە هەر لەدوای هەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی 2013 و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای چوار ساڵی ئارامی، گفتوگۆكانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەست پێكرد، لە پێناوی بەدیهێنانی ئەو چوار ساڵە ئارامەش، پارتی دەستبەرداری كۆمەڵێك مافی هەڵبژاردنی خۆی بوو، لەسەر ئاستی هەولێر و بەغداش، بەڵام نەتوانرا كۆنسێرتێكی سیاسیی كوردستانی نە لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، نە لەسەر ئاستی پەرلەمانی كوردستان دروست بكرێت، هەر بۆیە كاتێك ئەم كۆنسێرتە سیاسییە لە ئۆكتۆبەری 2015 لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە تێكدرا، ئەوا پارتی لەلای خۆیەوە رێككەوتنە سیاسییەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ گۆڕان هەڵوەشاندەوە، بەڵام نەیتوانی هاودەنگی و هاوئاوازی بۆ كۆنسێرتە سیاسییەكەی كوردستان بگێڕێتەوە، بۆیە كارەساتی گەورەی وەك 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام دوای ئەم كارەساتە، راشكاوانە نێچیرڤان بارزانی بە بڕیاردانی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی 2018، كە ئەمەش دانپێدانانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان بوو، بەوەی كە چیدیكە سیستمە كۆنەكەی حوكمڕانیی كوردستان زیندوو ناكرێتەوە و دەبێت سیستمێكی سیاسیی تازە دروست بكرێتەوە، لە پێناوی ئەمەشدا زۆر بوێرانە نێچیرڤان بارزانی بە رووی ئەو هەوڵانە وەستایەوە، كە دەیانویست هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا دوابخرێت.
Top