لە داڕشتنەوەی پرۆسەی حوكمڕانیدا پارتی فەرمانپێكراوە. فەرمانڕەوا نییە
December 11, 2018
راپۆرتەکان
لەم تابلۆیەی پارتی بۆ پرۆسەی حوكمڕانی دروستی كردووە، راشكاوانە ئەو سكێچانە دەبیندرێن كە پارتی ملكەچی ئەو فەرمانەی خەڵكی كوردستانە كە داوای كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهێزیان لێ كردووە، بۆ ئەمەش سەرۆك بارزانی دوو كاندیدی زۆر شایستەی هەم بۆ سەرۆكی كوردستان و هەم بۆ سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەستنیشان كردووە و هەردووكیشیان لەلایەن سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستانەوە ئەزموونكراون و سەركەوتنەكانیان ئەو شایستەییەی پێ بەخشیون كە جێگەی متمانەی سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان بن.
ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە رێكخستنەوەی كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بخوێنینەوە، ئەوا راشكاوانە ئەو رەهەندانە دەبینین كە پارتی لە رێكخستنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی كوردستاندا هەنگاو بەرەو ریفۆرمی بیركردنەوە لە سیاسەتی حوكمڕانی هەڵدەگرێت، ئەمەش بەو مانایەی هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی لە كۆی پرۆسەی (سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان، حكومەت) بەشدارن، دەبێت بە بیركردنەوەیەكی نوێ لە پرۆسەی حوكمڕانی كوردستاندا رەفتار بكەن، راشكاوانەتر ئەو لایەنانەی بەشداری لە پێكهێنانی حكومەت دەكەن، یان ئەوانەی لە دەرەوەی حكومەت دەبن و دەبنە ئۆپۆزسیۆن، دەبێت لەژێر چەتری سەروەریی یاسا رەفتار بكەن و، هەمووشیان پێكەوە یەك ئامانج كۆیان بكاتەوە كە ئەویش وەڵامدانەوەی خواست و پێداویستییەكانی خەڵكی كوردستانە.
لایەنێكی دیكە كە پرۆسەی حوكمڕانی لە جیهاندا ئاڵۆز كردووە و كوردستانیشی لێ بەدەر نییە، ئەوەیە كە سیاسەت گەیشتۆتە قۆناخی نەمانی راستی (Post Truth) ئەم چەمكە تازەیە لە زانستی سیاسەتدا بەوە پێناسە دەكرێت كە (درۆ و چەواشەكاری رای گشتی ئاراستە دەكات نەك راستییەكان)، سەرچاوەی سەرەكییش بۆ ئەم پەتا ترسناكەی تێكڕای پرۆسەی حوكمڕانی گرتۆتەوە، بە پلەی یەكەم میدیاكانە بە (بینراو، بیستراو، نووسرا و ئۆنلاینەوە) نەك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەپێچەوانەوە ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوونەتە باشترین چەك بۆ بەرپەرچدانەوەی هەواڵی درۆ (Fake News)ی میدیاكان، یان بەرپرسەكان، راشكاوانە لەناو كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكاندا ئەو رۆژنامەنووسانە رووگیر دەكەن كە پرسیاری ئاست نزم و ورووژێنەر بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان دەكەن.
بۆیە زۆر گرنگە پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرۆسەی ئەمجارەی رێكخستنەوەی حوكمڕانی لە كوردستاندا، پرۆژەیەكی بۆ گێڕانەوەی راستی و متمانەی بۆ پرۆسەی سیاسی هەبێت و، سنورێك دابنێین بۆ ئەو دیاردە تازە و نامۆیەی ناو سیاسەت دابنێت، كە كوردستان و جیهانی گرتۆتەوە و سیاسەت بۆتە درۆ و دەلەسەی حزبەكان، یان ئەوەی ناویان لێناوە (سیاسەت لە قۆناخی دوای راستیدا – Post Truth)، ئەم پڕۆژەیەش بۆ رێگرتن لەم دیاردەیە نابێت تەنیا ئەو میدیانە بگرێتەوە كە سەر بەو حزبانەن كە لە حكومەتدا بەشدار دەبن، بەڵكو دەبێت كۆی هەموو ئەو كەناڵانە بگرێتەوە كە لەكوردستاندا بوونیان هەیە و هەروەها ئەو كەناڵە بیانییانەش كە نووسینگەیان لە كوردستان هەیە، دەبێت لەكاتی بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ و شێوێندراو بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و تەنانەت ئەو كەناڵە بیانییانەی كە لە كوردستاندا نووسینگەیان هەیە، ئەگەر پابەندی یاساكانی كوردستان نەبن، دەبێت نووسینگەكانیان دابخرێت، ئەمەشیان دەبێت كاری ئەمجارەی ئەم خولەی پەرلەمان بێت و دەبێت پەرلەمانتارانی كوردستان بەو ئاستە هۆشیار بن كە بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەكارانە ( Fake News) لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت و، ئێستا جیهان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە مەترسیی ئاراستەكردنی رای گشتی بە درۆ و چەواشەكاری، هیچی لە مەترسیی تیرۆر كەمتر نییە، بۆیە گرنگە یاسایەكی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەكاری بە هاوشێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەربچێت.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان بكەین، بەتایبەتی لە ماوەی10 ساڵی رابردوودا كە میدیای ئۆنلاین و كەناڵە ئاسمانییەكان و كەناڵە دیجیتاڵە لۆكاڵەكان بە ئاستێكی گەورە فراوان بوون، دەبینین فاكتەری سەرەكی بۆ پەكخستنی پرۆسەی بڕیار دروستكردن و بڕیار جێبەجێكردن، ئەوە بووە كە یاسایەكمان نەبووە بۆ رێگرتن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی درۆ و چەواشەكاری، هەروەها نەمانتوانیوە رێگە لەوە بگرین كە درۆ و چەواشەكاری ئاراستەی رای گشتی لە كوردستاندا نەكات.
لە ئێستای پرۆسەی حوكمڕانی لە جیهاندا كە بە شێوەیەكی گشتی، حوكمڕانی بەرگی گڵۆباڵی دادەماڵێت و بەرگی لۆكاڵ بەبەری خۆیدا دەكاتەوە، ئەوا ئەو بنەما جیهانییانەی پێشتر لەلایەن رێكخراوە ناحكوومییە نێودەوڵەتییەكانەوە (NGOS ) كرابوونە پێوەر بۆ دەستنیشانكردنی حوكمڕانیی باش و خراپ و دیموكراتی و نادیموكراتی، ئێستا نە ئەو بنەمایانە و نە ئەو رێكخراوە ناحكوومییانە بەهایان نەماوە و هیچ دەوڵەت و حكومەتێك بایەخیان بۆ دانانێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو بنەمایانەی ئەو رێكخراوە ناحكوومییانە كردبوویانە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادیی رادەربڕین و پرۆسەی حوكمڕانی، هەر ئەو بنەمایانە بوونە هۆكاری لەبەریەك هەڵوەشانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی و لەبەریەك هەڵوەشانی سیستمی حوكمڕانی لە جیهاندا، لە ئێستای جیهاندا تەنیا ئەو ئەزموونانەی حوكمڕانی بە سەركەوتوو دادەنرێن كە بە هیچ جۆرێك پابەند نەبوون بەو بنەمایانە و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ ئازادیی رادەربڕین و میدیا كردووە .
كەواتە گرنگە لە رێكخستنەوەی پرۆسەی حوكمڕانیی ئەمجارەی كوردستاندا، ئەو دیاردەیە كۆتایی بێت كە پارتێكی سیاسی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە 24 كاتژمێر لە كەناڵی تەلەفزیۆنەكەی خۆیەوە درۆ و چەواشەكاری بڵاو بكاتەوە، یان پەرلەمانتارێك بەردەوام لەسەر شاشەی تیڤییەكانەوە كاری ئەوە بێت رای گشتی بە درۆ و چەواشەكاری ئاراستە بكات.