وەرچەرخان لە فەرمانڕەواوە بۆ فەرمانپێكراو . . . حوكمڕانی لەسەردەمی جامبوونی دیموكراتی و پێشكەوتنی زۆر خێرای تەكنەلۆژیادا

وەرچەرخان لە فەرمانڕەواوە  بۆ فەرمانپێكراو  . . .   حوكمڕانی لەسەردەمی جامبوونی دیموكراتی و پێشكەوتنی زۆر خێرای تەكنەلۆژیادا
سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بەرهەمی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخە، پەرلەمان و حزبی سیاسییش بەرهەمی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتییە بۆ ئەوەی حزبەكان نوێنەرایەتیی چین و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بكەن و لەناو پەرلەماندا لە بری گەل بڕیار و یاسا دەربكەن و حوكمڕانی لە كۆمەڵگەی خۆیاندا پیادە بكەن، بەڵام لە ئێستادا هاووڵاتیانی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ متمانەیان بە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی نەماوە و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی خەریكە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر قەوارەی دەوڵەتە نەتەوەییەكان، بۆیە دەستبەرداری ئەم سیستمە دەبن و هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان خستۆتەگەڕ و، هەوڵ و بیركردنەوەكانیش بەو ئاراستەیەن كە بیر لە سیستمێكی دیكەی حوكمڕانی لە بری سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بكرێتەوە. كەواتە پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە كە ئەگەر هاووڵاتیانی كۆی دەوڵەتە نەتەوەییە هاوچەرخەكان متمانەیان بە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی نەمابێت، ئەو حزبە سیاسییانەی بانگەشە بۆ دیموكراتی دەكەن، نوێنەرایەتی كێ دەكەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا و سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016ی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەیداتەوە كە زۆر راشكاوانە نەك هەر دەستبەرداری سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بوون، بەڵكو بە ئاشكرا خۆشیان لە سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی بێبەری كرد، كە لەماوەی 70 ساڵی رابردوودا لەندەن و واشنتۆن سەركردایەتیی ئەم سیستمەیان دەكردو، ئەمریكا ئامادە بوو چەند جارێك بۆ پاراستنی ئەم سیستمە لە هەڕەشەكانی بلۆكی كۆمۆنیست، چەكی ئەتۆمی بەكار بهێنێت.

دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا و بوونی ترەمپ بە سەرۆكی ئەمریكا، دوو ئاماژەی زۆر گرنگن و ئەوەمان فێردەكات كە (پاراستنی دەوڵەتی نەتەوەیی) زۆر لە سیستمێكی حوكمڕانی گەورەترە، ئەوجا ئەو سیستمە با سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتییش بێت.



ئەمە مانای ئەوەیە، لەبەر ئەوەی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە سیستمێكی لۆكاڵیی نەتەوەییەوە گۆڕا بۆ پرۆسەی بونیادنانەوەی نەتەوە و دەوڵەت لەسەر ئاستی گڵۆباڵی، ئەوا چەمك و بەهای دەوڵەتی نەتەوەیی بێ نرخ كرد و لە ریشەوە هەڵیكێشا، راشكاوانەتر ئەگەر چیرۆكی هەر نەتەوەیەك بە شێوەیەكی گشتی بریتی بێت لە كۆمەڵێك رووداو ئەفسانەی جیاواز، ئەوا هەر نەتەوەیەك رووداو و ئەفسانەی جیاوازی هەیە و بە گەڕانەوە بۆ مێژووی نەتەوەكەی شێوازی حوكمڕانیی خۆی دیاری دەكات، بەڵام كاتێك سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی دەیەوێت ببێتە جێگرەوەی چیرۆكی هەموو نەتەوەكانی جیهان، ئەوا هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیەتەكانی (نازیزم و كۆمۆنیزم) نابێت كە لە سەدەی بیستەمدا دەیانویست خۆیان بەسەر هەموو جیهاندا بسەپێنن.



ئەمریكا لە سەردەمی هەر چوار ئیدارەی (بوشی كوڕ و ئۆبامادا)، چەند جارێك هۆشداری ئەوەیان بە چین دا، لەبەر ئەوەی چین رێگرە لە لیبڕاڵیزەكردنی وڵاتەكەی، بەڵام ئێستا خەڵكانێكی زۆر لەسەر ئاستی جیهان، مۆدێلی حوكمڕانیی چین بە سەركەوتوو دەزانن و راشكاوانەش سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بە سیستمێكی حوكمڕانیی چەقبەستوو ناوزەد دەكەن. ئەم بۆچوونە لەسەر ئەو بنەمایە دروست نەبووە كە سیستمی دیكتاتۆریەتی كۆمۆنیستی، سیستمێكی باشترە لە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، بەڵكو لەسەر ئەو بنەمایە ئەو بۆچوونە دروست بووە كە چین هەوڵینەداوە سیستمی دیكتاتۆریەتی كۆمۆنیستی هەناردەی جیهان بكات، یان بەسەر نەتەوەكانی دیكەدا بیسەپێنێت، هەر بۆیە گۆڕینی ئەو سیستمەش كاری خەڵكی چین خۆیەتی، نەك ئەمریكا و ئەوروپا سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بۆ هەناردە بكەن.



لەدوای دەنگدانی هاووڵاتیانی بەریتانیا بە (بەڵێ) بۆچوونە دەرەوەی لە یەكێتی ئەوروپا، دەیڤید كامیرۆن كە ئەوكات سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بوو، دەستی لەكار كێشایەوە، ئەو دەست لەكاركێشانەوەی كامیرۆن ئەو پەیامە بوو كە هاووڵاتیانی بەریتانیا چیتر متمانەیان بە دیموكراتی نەماوە، بۆیە دژی فیدراسیۆنی یەكێتی ئەوروپا دەنگیان بۆ جیابوونەوە دا، بەڵام تیریزا مەی كە دوای ئەو پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت، راشكاوانە بەڵێنی دا كە دەستبەجێ بڕیاری گەلی بەریتانیا جێبەجێ دەكات و لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا دەست دەكات بە وتووێژ بۆ شێوازی چوونە دەرەوەی بەریتانیا، ئەم هەنگاوەی تیریزا مەی ئەو پەیامەی بە جیهان راگەیاند، كە چیدیكە لە جیهاندا فەرمانڕەوا (حاكم) بوونی نییە و گۆڕاوە بۆ فەرمانپێكراو (مەحكوم) و دەبێت فەرمانی نەتەوەكەی جێبەجێ بكات، هەتا ئەگەر بڕیاری نەتەوە دژی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بێت، بە هەمان شێوە دۆناڵد ترەمپیش لە ئێوارەی 20ی كانوونی دووەمی 2017 و لە رێوڕەسمی سوێندخواردنەكەی وەك سەرۆكی ئەمریكا، راشكاوانە رایگەیاند، ئەم رێوڕەسمە، مەراسیمی دەستاودەستكردنی دەسەڵات لە نێوان دوو حزبی سیاسی نییە، بەڵكو دەستاودەستكردنی دەسەڵاتە لە نێوان كۆشكی سپی و گەلی ئەمریكادا. ترەمپ زۆر ژیرانە ئەم وشانەی لە پەیامەكەیدا جێ كردبۆەوە، لەبەر ئەوەی باش لەو واقیعە تێگەیشتبوو، ئەوەی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بە سەر واقیعی ژیانی رۆژانەی گەلی ئەمریكای (ئەنگلۆ سەكسۆنی) سەپاندووە، چیتر قبووڵ ناكرێت و هیچ حزبێكی سیاسیش ناتوانێت بە ناوی دیموكراتییەتەوە ئەو ئایدیۆلۆژیەتە بەسەر ئەمریكییەكاندا فەرز بكات.



ئەم وەرچەرخانە گەورەیە كە خەریكە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی لە فریشتەوە دەگۆڕێت بۆ شەیتان، جارێكی دیكە كۆی پرۆسەی حوكمڕانی لەسەر ئاستی نەتەوەكانی جیهان خستۆتە ژێر گومان و پرسیاری ئیحراجەوە، پرسیاری ئەوە دەكرێت، ئەگەر هەموو نەتەوەكان بگەڕێنەوە بۆ چیرۆكی خۆیان واتە سەرچاوەی مێژوو و بیری نەتەوەیی خۆیان و لە بیر و مێژووی نەتەوەیی خۆیانەوە شێوازی حوكمڕانی جیاواز پێشكەشی مرۆڤایەتی بكەن، ئایا لەوە باشتر نییە كە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی بەسەر هەموو نەتەوەكانی جیهاندا بسەپێندرێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە نەتەوەكانی ئەوروپا و ئەمریكا پێش هەر نەتەوەیەكی دیكە داویانەتەوە و بێزارن لە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی كە هیچ بەهایەكی بۆ چیرۆك و مێژووی نەتەوەكانیان نەهێشتۆتەوە.



لەم روانگەیەوە دەكرێت بڵێین: حوكمڕانیی باش، نموونە جیاوازەكانی نەتەوە جیاوازەكانە، بۆیە بۆ ئێمەش لە هەرێمی كوردستان كە لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەین كابینەیەكی تازەی حكومەت پێكبهێنین، دەبێت ئاگاداری ئەم وەرچەرخانە گەورەیەی پرۆسەی حوكمڕانی بین لە سەرانسەری جیهاندا و دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان پێش هەر لایەنێكی دیكەی سیاسی راشكاوانە ئەو پەیامە بە حزبە سیاسییەكانی كوردستان رابگەیەنێت، كاتێك گەلی كوردستان دەنگیان بە پارتی داوە، پارتی نەبۆتە پارتی فەرمانڕەوا (حاكم) لە كوردستاندا، بەڵكو بۆتە پارتی فەرمانپێكراو (مەحكوم) لەلایەن گەلی كوردستانەوە و هیچ رێگەیەكی لەبەردەمدا نییە و دەبێت تەنیا ئەو فەرمانە جێبەجێ بكات كە گەلی كوردستان فەرمانی پێكردووە.

بەم مانایە چۆن ئیدارەی ترەمپ راشكاوانە بە هەموو جیهانی راگەیاند، سیستمی لیبڕاڵی نێودەوڵەتی كە 70 ساڵ بەرگریمان لێكرد، چیدیكە بۆ ئەمریكای 2017 ناشێت، هەروەها چۆن حكومەتی بەریتانیا بە هەموو جیهانی راگەیاند كە چیدیكە پێوەرەكانی كۆبنهاگن بۆ بەریتانیای دوای 2016 ناشێت، ئەوا دەبێت لە دەستپێكی ئەم كابینەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە هەموو حزبەكانی كوردستان رابگەیەنێت، كە شێوازی حوكمڕانیی 25 ساڵی رابردووی كوردستان بۆ كوردستانی دوای ریفراندۆم ناشێت، ئەم كابینەیەش حكومەتێكە بە بیركردنەوەیەكی نوێی حوكمڕانی نەك كابینەی (8+1).





Top