دروستبوونی وەرچەرخان لە بیركردنەوەی عەرەبی عێراق كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بە ئاسانی چارەسەر دەكرێن
November 27, 2018
راپۆرتەکان
لەسەردانی ئەمجارەی بارزانی بۆ بەغدا، بە راشكاوی ئەوە دەخوێندرایەوە كە هەم لەسەر ئاستی سەركردە سیاسییەكانی عەرەبی شیعە و سوننە، هەمیش لەسەر ئاستی جەماوەری شەقامی سیاسیی عەرەبی عێراقی، ئەو وەرچەرخانە هەستی پێدەكرا، بەتایبەتی كە هەموو سەركردەكانی شیعە بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیشەوە، جیا لەو پێشوازییە گەرمەی لە بارزانی و شاندەكەیان كرد، لە هەمانكاتدا ئەم سەردانەیان بە «مێژوویی و پیرۆز» وەسفكرد، لەمەش زیاتر سەرۆك وەزیران عادل عەبدولمەهدی لە میانەی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ بارزانی رایگەیاند، وا رێككەوتووین كە بە ناوی (ئەبو هاشم و ئەبو مسرور) لەگەڵ یەكتری قسە بكەین، كە ئاماژەیە بۆ ئەوپەڕی دۆستایەتی و نییەتپاكی. هەروەها مانای ئەوەیە بارزانی تەنیا بۆ ئەوە نەهاتووە بۆ بەغدا كە دوای مافەكانی گەلی كوردستان بكات، بەڵكو ئەم هاتنەی وەك فریادڕەسێكە بۆ ئەوەی بیروبۆچوونەكانی ببنە نەخشەی رێگە بۆ قوتاركردنی عێراق لەو تەنگژەیەی ئێستا تێی كەوتووە .
لەسەر ئاستی شەقامی عەرەبیی عێراقیش كە بە شێوەیەكی خۆڕسكانە و لە رێگەی میدیاكانەوە پرسیار لە خەڵكی ئاسایی دەكرا، سەبارەت بەم سەردانەی بارزانی بۆ بەغدا، هەموویان لە ناخەوە پێشوازییان لەم سەردانە دەكرد و ئومێدیان دەخواست ئەم سەردانە ببێتە بنەمایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و، ببێتە بنەمای ئاشتەوایی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراقدا، لەمەش زیاتر نە لەسەر ئاستی سەركردە سیاسییەكان و لە نە لەسەر ئاستی شەقامی جەماوەریی عەرەبی ئەو رق و كینە شۆڤینییە هەستی پێ نەدەكرا كە پێشتر سەیری كوردی پێ دەكرا.
ئەم وەرچەرخانەی لە بیركردنەوەی ئەقڵی عەرەبی عێراق لەمجارەدا هەستی پێ دەكرا، بەرەنجامی وەرچەرخانێكی ئارەزوومەندانە نییە، یان شێوازی بیركردنەوەیان بەو جۆرە گۆڕا بێت، كە پێویستە وەك نەتەوەی سەردەست رێز لە مافی پێكهاتە و نەتەوەكانی بەرامبەریان بگرن، بەپێچەوانەوە ئەو شێوازە كۆنەی كە پێشتر بە ئەقڵییەتێكی شۆڤێنی سەیری كورد و كێشەی گەلی كوردستانیان پێ دەكرد، بۆتە هۆكاری ئەوەی زەمینەیەك بێتە ئاراوە كە دەتوانین بەچەند خاڵێك ئاماژەیان پێ بكەین:
1. لەسەر ئاستی سەركردە سیاسییەكانی شیعە كە مەبەستیانە حوكمڕانیی عێراق بكەن، زۆر باش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر ئەو زۆنگاوەی خۆیان بۆ خۆیانیان دروست كردەوە، دوای هێرشكردنەوەیان بۆ سەر كوردستان، بەشێوازێكی ئاشتییانە چارەسەرێكی بۆ نەدۆزنەوە، ئەوا بەردەوام پاراستنی ئەو ناوچانە لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئەوەی ئابووریی عێراق تووشی نەزیفێكی بەردەوام بێت، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هەرێمی كوردستان كێشەیان نەبێت، ئەو ناوچانە ئەگەر بە هاوبەشیش لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێوە بیرێن، ئەوا سەقامگیرییەكی باش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە و ئابووریی عێراقیش بەرەو سەقامگیری هەنگاو هەڵدەگرێت.
2. لەسەر ئاستی بەڕێوەبردنی كارەكانی حكومەتی عێراق و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ بەشە عەرەبییەكەی عێراق، سیاسەتی هەڵەی حكومەتەكانی عێراق لە 2005 تا 2018 بە جۆرێك خەرجیی سەروەریی زیاد كردووە، كە دەتوانین بڵێین 40%ی كۆی داهاتی عێراق (كە ئەم ریژەیە دەگاتە نزیكەی 35-45 ترلیۆن دۆلار)ی بۆ تەرخان كراوە، هەر بۆیە ئەگەر ئاشتی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق بچەسپێنرێت و لانیكەم خەرجیی سەروەریی كەم بكرێتەوە بۆ 20-25% ئەوا ئەم كەمكردنەوەیە پارەیەكی ئەوتۆ دەگێڕێتەوە كە لە ماوەی كەمتر لە چوارساڵدا تەواوی ژێرخان و رووخانی خزمەتگوزارییەكان لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق راست بكرێتەوە.
3. لەسەر ئاستی گوزەرانی خەڵك و هەلی كار، ئەو شێوازەی كە لەدوای 2005ـەوە حكومەتەكانی عێراق پەیڕەویان كردووە، بۆتە هۆكاری ئەوەی ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بوونی نەمێنێت و زەمینەیەك دروست بووە كە نە وەبەرهێنەری بیانی روودەكاتە ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بكات، نە وەبەرهێنەری ناوخۆش دڵنیایی ئەوەندەی هەیە كە پارەی خۆی لەو ناوچانە وەبەرهێنانی پێ بكات، تەنانەت بەشێك لە سەركردەكانی عەرەبی شیعە و سوننە كە خۆیان پارەدارن لە وڵاتانی دراوسێ وەبەرهێنایان كردووە، نەك لەناو عێراقدا، بۆیە ئەم بارودۆخە ناسەقامگیرە لەسەر ئاستی ئاشتیی كۆمەڵایەتی وایكردووە كە زەمینەی دروستبوونی هەلی كار لە شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە ئاستێك كەم بۆتەوە كە بەشی هەرە زۆری هاووڵاتیان روویان لە كەرتی حكومەت كردووە، بەمەش بارگرانییەكی هێجگار گەورە لە سەر حكومەت دروست بووەو زەمینەی بۆ گەندەڵییەكی ئەوتۆ خۆش كردووە كە ئێستا گەندەڵكارەكانیش ناتوانن نكۆڵی لێ بكەن.
4. لەسەر ئاستی دڵەڕاوكێ و نادڵنیایی خەڵك، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعەی عەرەبی عێراقدا، بە جۆرێك دڵەڕاوكێ و نادڵنیایی و بێ متمانەیی بە لایەنە سیاسییەكانی شیعە دروست بووە، ئەوا ئەگەر پەنا بۆ هەر شەڕێكی دیكە ببەن و چەند تەرمێك بە كوژاروی بگەڕێتەوە بۆ گۆڕستانی نەجەف، ئەوا تێكڕا شەقامی عەرەبیی شیعە دژی سەركردە سیاسییەكان دەڕژێنە سەر شەقام، هەروەك چۆن دوای ئەوەی شەڕی داعش كۆتایی هات و ژمارەیەك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی كەوتنە بۆسەیەكی چەكدارانی داعشەوە و، لەكاتی بە خاكسپاردنی ئەو كوژاروانە بە راشكاوی رایانگەیاند كە رێگە نادەن یەك بەرپرسی سیاسی بەشداری پرسەكەیان بكات.
لەم بارودۆخە ئاڵۆزەی كە حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییە عەرەبەكانی شیعە و سوننەی تێدایە، كاتێك دەبینن سیاسەت و لۆژیكی بارزانی بە جۆرێك لەسەر حوكمڕانی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان (كە خۆمان تا راددەیەك لێی رازی نین) رەنگدانەوەی هەیە، ئەوانی تووشی سەرسوڕمان كردووە، لە هەمانكاتدا هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی ماوەی چوار ساڵ زیاترە بەشە بودجە و مووچەی بڕاوە، بەڵام هێشتا هەر لەسەر پێی خۆی راوەستاوە و نەكەوتووە و بە جۆرێك ژێرخانی ئابووریی خۆی رێكخستۆتەوە كە توانیویەتی بە شێوەیەك لە شێوەكان كاروبارەكانی خۆی بەڕێوە بەرێت، ئەمەش بە جۆرێك بارسووكی لەسەر حكومەتی ناوەند دروست كردووە، تەنانەت ئەگەر 17% داهاتی عێراقیش وەك پشكی هەرێمی كوردستان بدات، ئەوا ریژەی 50-60 % ئەو داهاتە لە كوردستان دابین دەكرێت و تەنیا 40-50% ئەو داهاتە رەوانەی كوردستان دەكات و ساڵ لەدوای ساڵیش داهاتی كوردستان بە شێوەیەك زیاد دەكات كە لەوانەیە لەچەند ساڵی داهاتوودا كوردستان بتوانێت خۆی داهاتی خۆی دابین بكات و هیچ بارقورسییەك بۆ حكومەتی عێراق دروست نەكات.
لەم چوارچێوەیەدا هەرێمی كوردستان بە ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانیشەوە، كێشەكانیان هاوشێوەی پارێزگا سوننە و شیعەنشینەكانی عێراق نییە كە نەتوانرێت كێشەكانیان پێ چارەسەر بكرێت، بەڵكو كوردستان لە ماوەی 26 ساڵی رابردوو بۆتە خاوەنی ئەزموونێكی ئەوتۆی حوكمڕانی كە دەتوانێت شێوازی بەڕێوەبردن و چارەسەركردنی كێشەكان بە باشی دیاری بكات، پێویستیشی بەوە نییە حكومەتی ناوەندی هاوكاری بكات و چاویشی لەوە نییە كە كێشە بۆ عەرەبی سوننە، یان شیعە دروست بكات.
لەسەر ئەم بنەمایە هەرێمی كوردستان بە رابەرایەتیی بارزانی هەموو كات ئەو لایەنە بووە كە بەشێك بووە لە چارەسەری كێشەكان، لەبەرامبەریشدا حوكمڕانانی عێراق ئەو لایەنە بوون كە بەشێك بوون لە دروستكردنی كێشە و دروستكردنی تەنگژەی دیكە بۆ رێگرتن لە چارەسەركردنی كێشە سەرەكییەكان، بۆیە حوكمڕانانی عێراق ئێستا گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی، ئاراستەی هەرێمی كوردستان بە رێبەرایەتیی بارزانی ئاراستەیەكی راست و دروستە بۆ بەرژەوەندیی خەڵك و وڵات، بۆیە پێویستیان بە بارزانی هەیە بۆ ئەوەی هاوكاریان بێت لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بارودۆخە خراپەی كە تێی كەوتوون.
جیاوازیی سەردانی ئەمجارەی بارزانی بۆ رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەگەڵ سەردان و هەوڵەكانی پێشتری بۆ رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و دەستپێكی حوكمڕانیی باش لە عێراقدا ئەوەیە، جارانی پێشتر لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی عێراق بە گومانەوە سەیری نەخشەڕێگە و هەوڵەكانی بارزانی-یان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكرد، بەڵام ئەمجارەیان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ناچارن سوود لە هاوكاریی بارزانی وەربگرن، هەر بۆیە هەموو سەركردە دیارەكانی عێراق وەك (هادی عامری، موقتەدا سەدر، نوری مالیكی، عەمار حەكیم و.. هتد)، سەردانی ئەمجارەی بارزانی بە (مێژوویی و پیرۆز) وەسف دەكەن. ئەگەر یادەوەریمان هاوكاریمان بكات لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا هەتا ئێستا، لایەنە شیعەكانی عێراق بۆ سەردانی هیچ سەرۆك دەوڵەت و سەرۆك وەزیرانێكی عەرەبی، یان بیانی دەستەواژەی سەردانی (مێژوویی و پیرۆزیان) بەكار نەهێناوە.
لێرەوە دەكرێت بە ئومێدەوە چاوەڕێی ئاكامی سەردانی ئەمجارەی بارزانی بۆ بەغدا بكەین و لەوە دڵنیا بین كە ئەم سەردانە نەك هەر دەروازەیەكی خێر بە رووی كوردستاندا دەكاتەوە، بەڵكو دەروازەیەكی خێر بە رووی هەموو عێراقدا دەكاتەوە، ئەگەر سەركردە سیاسیەكانی عەرەبی شیعە و سوننە مەبەستیان بێت لەسەر نەخشە رێگەكەی بارزانی بڕۆن و سوودی لێ وەربگرن.