حوكمڕانیی سەركەوتوو بەردی بناخەی پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەیە
November 13, 2018
راپۆرتەکان
لە پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەدا، كەمن ئەو نەتەوانەی كە توانیویانە سەركەوتووانە ئیرادەی خۆیان بگۆڕن بۆ ئەو هێزە داهێنەرەی كە شێوازێكی تازەی سیستمی حوكمڕانی و دەوڵەتداری پێ دابهێنن، هەر بۆیە ئەو نەتەوانەی كە سیستمی نەتەوەكانی دیكەیان كۆپی كردووە و پشتیان بە راوێژكاری بیانی بەستووە بۆ كۆپێكردنەوەی هەر سیستمێك، ئەوجا ئەو سیستمە (لیبڕاڵ دیموكراتی جیهانی، كاسۆلیكی رۆژئاوا، كۆمۆنیستی یەكێتی سۆڤیەتی پێشان، یان دەسەڵاتخوازی نەرمی رووسیا و چین و...هتد) بووبێت، ئەوا لەبەر ئەوەی نەتەوە پشتی بە ئیرادەی خۆی نەبەستووە و نەیتوانیوە ئیرادەی نەتەوە لە پرۆسەی حوكمڕانیدا بەرجەستە بكات، ئەوا لە پرۆسەی حوكمڕانی و بونیادنانی نەتەوەشدا شكستی هێناوە.
پرۆسەی بونیادنانی نەتەوە لەگەڵ پرۆسەی حوكمڕانیی دەوڵەتدا دەستپێناكات، بەڵكو شانبەشانی دەستپێكی حوكمڕانیی سەركەوتوو دێتەبوون، لەگەڵ دەستپێكردنیشی بە كەلتوور و كەلچەری نەتەوە هەنگاوی خێرای ئەوتۆ دەبڕێت كە نەتەوەكانی دیكە دوچاری سەرسامبوون دەكات، ئەم میتۆدە تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە كە تەنیا حوكمڕانیی سەركەوتوو لە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی رۆژئاوا پێناسە دەكات و، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە حوكمڕانیی سەركەوتوو پێویستی بە كامڵبوونی كەلتوور و كەلچەری دیموكراتی هەیە. نەخێر، ئەزموونە سەركەوتووەكانی پرۆسەی حوكمڕانی و بونیادنانی نەتەوە سەلماندوویانە كە حوكمڕانیی سەركەوتوو تەنیا بە كەلتوور و كەلچەری لۆكاڵیی نەتەوە دەبێتە شێوازێكی داهێنەرانەی سیستمی حوكمڕانییەكی سەركەوتوو.
لە مێژووی حوكمڕانیی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیدا، ئەم سیستمە هەتا ئەو كاتە سەركەوتوو بووە، كە تایبەت بووە بە دەوڵەتانی رۆژئاوای كاسۆلیكی، هەر بۆیە ئەگەر سەیری تەوژمی سێیەمی دیموكراتی بكەین، كە بە یۆنان و ئیسپانیا و پۆرتوگال لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەستی پێكرد، دەبینین هەتا رووخانی دیواری بەرلین لە 9ی 11ی 1989 هەر بەرەو لوتكە هەنگاوی هەڵدەگرت، بۆ ئەوەی وەك باشترین سیستمی حوكمڕانی بۆ هەموو جیهان پێناسە بكرێت..
ساموئیل هنتنگتن كە هەر خۆی خاوەنی بیرۆكەی (تەوژمی سێیەمی دیموكراتییە) كە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی وەك تاكە سیستم بۆ حوكمڕانی لە جیهان خۆی راگەیاند، كتێبی (پێكدادانی شارستانیەتییەكان)ی نووسی، ئەم پێشبینییەی هنتگتن 10 ساڵ پێش كارەساتی 11ی سێپتەمبەر بوو، هەر بۆیە ئەم كارەساتە گەورەیە بووە سەرەتای راگەیاندنی (پێكدادانی شارستانیەتییەكان) و ئەم كارەساتە بووە قۆناخێكی دابڕان لە میژووی دەوڵەتانی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتیی رۆژئاوا و جیهانی دابەش كرد بۆ دوو قۆناخ (جیهانی پێش 11ی سێپتەمبەر و جیهانی دوای 11ی سێپتەمبەر)، ئەم دابڕانە بووە دابڕانێكی فیكریش، ئەمەش بەو مانای چیدیكە جیهانی دوای 11ی سێپتەمبەر بە فیكر و بیركردنەوەی جیهانی پێش 11ی سێپتەمبەر بەڕێوە ناچێت و دەبێت بیر لە شێوازێكی تازەی فیكر و بیركردنەوەی حوكمڕانی لە جیهاندا بكرێتەوە. هنتنگتن دوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەر و ئەو وەرچەخانە گەورەیە، بیركردنەوەی ئەوەی دروست بوو كە كتێبی (ئێمە كێین؟) بنووسێ، لەم كتێبەدا هنتگتن بە ئاستێك دەگەڕێتەوە بۆ كەلتوور و كەلچەری ئەنگلۆسەكسۆنی، كە هاووڵاتیانی ئەمریكا بۆ (نیشتەجێبوو و پەنابەران) پۆلێن دەكات، هەروەها بوونی دوو زمانی سەرەكیی (ئینگلیزی و ئیسپانی) وەك دوو زمانی فەرمی لە ئەمریكادا رەتدەكاتەوە و هۆكاری كارەساتی 11ی سێپتەمبەریش گرێدەداتەوە بەوەی (ئەمریكییەكان نازانن خۆیان كێن). بەپێی ئەو پێناسەی كە هنتگتن بۆ ئەمریكییەكانی كردووە و پێویستە خۆی بە خاوەنی ئەمریكا بزانێت، ئەو ئینگلیزانەن كە دوای دۆزینەوەی ئەمریكا لەوێ نیشتەجێ بوون و بە كەلتوور و كەلچەری ئەنگلۆسەكسۆنی ئەو وڵاتەیان بونیاد ناوە، ئێستاش نابێت كەلتووری دیكە بوونی هەبێت و نابێت زمانێكی دیكە هاوشانی زمانی ئینگلیزی لە ئەمریكادا بوونی هەبێت.
هەروەها كارەساتی 11ی سێپتەمبەر گەلێك نووسەر و بیرمەندی تووشی شڵەژانێكی ئەوتۆ كرد، كە وەك لە فەرید زەكەریا ئەو پرسیارەیان كرد (بۆچی رقتان لێمانە؟) ئەمەش بەو مانایەی دەبێت ئەو رقە چەند ئەستور بێت دژی رۆژئاوا كە بگاتە ئەوەی بەو شێوە هەر دوو تاوەری بارزگانی جیهانی بتەقێندرێتەوە و لەماوەی یەك كاتژمێردا زیاتر لە 5000 كەس بكاتە قوربانی، وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر بە راشكاوانە بیرمەندی ئەمریكی جۆن میرشامێر لە تازەترین كتێبیدا بە ناونیشانی: ( گەورەترین وەهم: خەونی لیبڕاڵیزم و واقیعی نێودەوڵەتی - Great Delusion: Liberal Dreams and International Realities)، داوەتەوەو، لەم كتێبەدا كە 25ی ئەیلوولی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، میرشامیر جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ناكرێت هەژموونی لیبڕاڵیزم ببێتە بناخەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی كە لیبڕاڵیزم لەسەر ئاستی دەرەوە شكست بهێنێت و ئەمەش ئەو وەهمە گەورەیە بوو كە لە دوای ساڵی 1991ەوە ئەمریكا كردبوویە بەردی بناخەی سیاسەتی دەرەوەی. لەمەش زیاتر گەیشتنی جۆن میرشامیر بەو ئاكامەی كە هەوڵدان بۆ هەناردەكردنی سیستمی سیاسی (لیبڕاڵ دیموكراتی) بەو شێوەیەی كە ئەمریكا ئامانجی بوو بە هەموو جیهاندا بڵاوی بكاتەوە، بێجگە لە وەهمێكی گەورە، شتێكی دیكە نییە و لەگەڵ واقیعی نێودەوڵەتی یەك ناگرێتەوە، هەر ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی لیبڕاڵیزم لە دەرەوەی ئەمریكا شكست بهێنت.
كەواتە ئەم میتۆدە ئەوەمان پێدەڵێت، پرۆسەی حوكمڕانی، پرۆسەیەكی بیركردنەوەی لۆكاڵییە بۆ دابینكردنی خواست و ویستی هاووڵاتیانە بەر لەوەی باس لە مافەكانی دیكە بكرێت، بە واتایەكی دیكە خواست و داواكاریی خەڵك بەر لە هەر شتێكی دیكە بریتییە لە دابینكردنی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی و دابینكردنی ژینگەیەكی سەقامگیر بۆ ژیانێكی خۆشگوزەران، ئەمەش واتە هاووڵاتی یەكەمجار بە زمانی (خواست و داواكاری) لەگەڵ پرۆسەی حكومەت و حوكمڕانی قسە دەكات و دوای ئەمە بە زمانی (ماف) داوای مافەكانی خۆی لە حكومەتەكەی خۆی دەكات، سەبارەت بەم لایەنە بیرمەندی گەورەی ئەمریكی جۆن راولز لە كتێبی (دادپەروەری وەك ویژدان - Justice as Fairness) باس لەوە دەكات، خواستە سەرەكییەكانی ژیانی مرۆڤ دەبێت وەك یەكێك لە مافەكانی مرۆڤ سەیر بكرێت و نەكەوێتە چوارچێوەی سیاسەتی بازاڕ و ململانێی دیموكراتییەوە، ئەو پێداویستییە سەرەكییانەش كە هەموو تاكێك پێویستی پێیەتی، وەك (نیشتەجێبوون، خوێندن، چاودێریی تەندروستی، ئاوی خواردنەوەی پاك و .. هتد). راولز ئەمانە بە بناخەی حوكمڕانیی سەركەوتوو دەزانێت و هەوڵی داوە ئەو فێڵانە راست بكاتەوە كە بە درێژایی پیادەكردنی سیستمی دیموكراتی لە كۆنتراكی كۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵك و فەرمانڕەوادا گرێدراوە.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە خوێندنەوەیەك بۆ نەخشەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی رابردوو بۆ هێزە سیاسییەكانی كوردستان بكەین، ئەوا خەڵكی كوردستان كە متمانەی 45 كورسیی پەرلەمانی لەكۆی 100 كورسی بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخشیوە، ئەم متمانەی بەو دروشمانە داوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بانگەشەی بۆ دەكرد، دروشمەكانیش هەموویان بریتی بوون لەو خواست و داواكارییانەی كە خەڵكی كوردستان كە پێش مافەكانی دیكە داوای دەكات، هەر بۆ نموونە دروشمەكان بریتی بوون لە (بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز، حوكمڕانییەكی سەركەوتوو، نەهێشتنی فەوزای سیاسی، بەرگریكردن لە كوردستان و...هتد)، هەموو ئەمانەش دەبنە بناغەیەك بۆ ئەوەی بەرنامەی حوكمڕانیی پارتی دیموكراتی كوردستان ببێتە بنەمای ئەو حوكمڕانییە سەركەوتووەی كە لە گەڵیدا هاوشان پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەش دەستپێدەكات.
پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و
راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا
بەڕێز مسعود بارزانی لە ساڵی 1993 و لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ گۆڤاری هارڤارد ئینترناشناڵ ریڤیوو لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەوەی كە كورد ئەو توانایەی هەیە حوكمڕانیی خۆی بكات؟ لە وەڵامدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئەم ئەركە بۆ گەلی كوردستان تەنیا ئەوندە قورسە هەتا هەندێك دەبووژێتەوە و لەسەر پێی خۆی رادەوەستێت، ئەوكات لە كوردستاندا هێندە سەرمایەی مرۆیی و ماددی هەیە كە كوردستان بتوانێت نموونەیەكی جوانی حوكمڕانی پێشكەش بكات.
بارزانی كە لە ساڵی 1993 بەمجۆرە قسەی كردووە، گەشبین بووە بەوەی لە ساڵی 1994 هەڵبژاردنێكی دیكە ئەنجام دەدرێت و دوای ئەو هەڵبژاردنەش پرۆسەی خراپی ئەزموونی (پەنجا بە پەنجا) راست دەكرێتەوە و حوكمڕانییەكی تەندروست كە ببێتە بناخەی بونیادنانەوەی نەتەوە لە كوردستاندا دەستپێدەكات، بەڵام بەداخەوە لە بری ئەنجامدانی هەڵبژاردن و راستكردنەوەی ئەزموونی هەڵەی (پەنجا بە پەنجا) شەڕی ناوخۆ دروست بوو، بۆ ئەوەی بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان كێشەی دەسەڵات لە كوردستاندا چارەسەر نەكرێت.
ئەم شەڕە نەگریسەی ناوخۆ، راستە بۆ ماوەیەك پرۆسەی حوكمڕانیی لە كوردستاندا تووشی ئیفلیجبوون و كەرتبوون كرد، لێ پرۆسەكە هەر بەردەوام بوو، بەڵام پرۆسەی بونیادنانی نەتەوەی لە كوردستاندا پەكخست و نەیهێشت ئیرادەی گەلی كوردستان بەو شێوەیە بەرجەستە بێت كە شێوازێكی تازەی سیستمی حوكمڕانیی كوردستانییانە پێشكەشی جیهان بكات، لەمەش زیاتر دەرهاویشتەی خراپی شەڕی ناوخۆ و حوكمڕانی خراپی (پەنجا بە پەنجا) بووە هۆكاری ئەوەی ئاستەنگی گەورە بۆ پرۆسەی حوكمڕانی دروست بێت و دامەزراوەكانی ناو پرۆسەكە بكرێنە ئامێرێك بۆ سیاسەتی حزبایەتیی نابەرپرسیارانە.
لەدوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی رابردوو، قسەو لێدوانەكانی سەركردایەتی و فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە پارتی بە شێوازێكی جیاواز هەنگاو بۆ راستكردنەوەی كۆی پرۆسەی حوكمڕانی بە هەر سێ دەسەڵاتی (یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری) هەڵدەگرێت، لە یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانیشەوە ئەو سەرەتایە دەركەوتووە كە خواستی پارتی كەشێكی ئارام و سەقامگیرە لەناو پەرلەماندا و ئامانجیەتی فەوزای سیاسیی پێشوو لە پەرلەماندا نەهێڵێت.
سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، وەك بەڕێز فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاندووە، كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەبێت، بێگومان نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی تەمەنی حوكمڕانیدا وەك ئەو دەوڵەتمەدارە سەركەوتووە ناسراوە كە لە ناو گێژاوی تەنگژە و رۆژە سەختەكاندا توانای كردنەوەی پەنجەرەی ئومێدی هەیەو میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكان دەدۆزێتەوە. هەر بۆ نموونە نێچیرڤان بارزانی توانی لە كابینەی پێنجەمدا زۆر بە سەركەوتوویی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لە چوارچێوەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا یەك بخاتەوە، هەر لەو كابینەیەشدا توانی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بنێرێت بۆ پەرلەمان و پەسەند بكرێت، بەمەش بەردی بناغەی ئابوورییەكی سەربەخۆی دەوڵەتی بۆ كوردستان دانا. ئەو شێوازەی نێچیرڤان بارزانی لە حوكمڕانیی كابینەی پێنجەم پێشكەشی كرد، تەنیا سەرنجی خەڵكانی لۆكاڵی رانەكێشا، بەڵكو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، زانكۆی واشنتۆن-جیفرسۆن دكتۆرای فەخری بە سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەخشی، بەخشینی دكتۆرای فەخری لەم زانكۆ بەناوبانگە، تەنیا دەدرێتە ئەو كەسانەی كە لەشێوازی چارەسەركردنی كێشەكاندا، لە بواری ئابووریی بازاڕ و بانكدا، لە بواری چارەسەركردنی كێشە ئیتنییە مەحاڵەكاندا، شێوازێكی تازە بۆ حوكمڕانی دادەهێنن. لەمەش زیاتر لە مێژووی زانكۆی واشنتۆن – جیفرسۆندا، نێچیرڤان بارزانی تەنیا كەسایەتییە كە هاووڵاتی ئەمریكا نەبێت و ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەك زانكۆكەش خۆیان رایانگەیاند، ئەم خەڵاتە دەدرێتە سەرۆك وەزیرانی كوردستان لەبەر ئەوەی توانی بە شێوازێكی زۆر سەركەوتووانە حوكمڕانییەكی ئەوتۆ پیادە بكات كە بتوانێت پارتی و یەكێتی پێكەوە لە یەك حكومەتدا كاربكەن، هەروەها ئەو شێوازە تازەیەی حوكمڕانی وایكرد كە گەشەپێدان لە كوردستان دەستپێبكات و رەنگدانەوەی لەسەر عێراقیش هەبێت.
لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەریمی كوردستاندا جیا لەوەی هەر لە سەرەتاوە حكومەتی عێراق بەشە بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕی، لە هەمانكاتدا و هەر دوای متمانەپێدان بە كابینەی هەشتەم لەلایەن پەرلەمانەوە، كوردستان لەلایەن دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامییەوە پەلامار درا و نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر روویان لە كوردستان كرد، بەڵام شێوازی ئاقڵمەندانەو دەوڵەتمەداریی نێچیرڤان بارزانی نەك هەر وایكرد ئەم هەموو شەڕ و قەیرانە ئابوورییە سەختانە چۆك بە كوردستان دانەدەن، بەڵكو هەموو ئەم قەیران و شەڕانە بوونە دەرفەتێك كە هەموو جیهان شانازی بە قارەمانیەتی پێشمەرگە و ئاستی لێبووردەیی و پێكەوەژیان و میواندۆستیی خەڵكی كوردستانەوە بكەن..
جێگەی خۆیەتی لێرەدا باس لە قۆناخی دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بكەین، كە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە رووی سەربازی و دیپلۆماتی كەوتە لێواری هەڵدێر و لەمەش خراپتر هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە بەرپرسیاریەتی هەڵاتن و ئەو بەرپەرسیاریەتییە گەورەیە كەوتە سەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستان كە نێچیرڤان بارزانی وەك جێگری سەرۆكی پارتی، سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستانی دەكرد، بەڵام دیسان شێوازی لۆژیكانەی ئەم دەوڵەمەتدارە وایكرد هەموو ئەو سزایانەی بە سەر كوردستاندا سەپێندرابوون، هەموو ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییانەی لەگەڵ كوردستان پەكیان كەوتبوو، ئەو گەمارۆ ئاسمانییەی خرا بووە سەر ئاسمانی كوردستان، هەر هەموو ئەو سەختییانە تێپەڕێنێت و هەرێمی كوردستان لەو هەڵدێرە گەورەیە رزگار بكات و دووبارە شكۆ بۆ هەرێمی كوردستان بگێڕێتەوە و بۆ جیهانی سەلماند كە هەرێمی كوردستان بەهێزە و ئامانجیان ئەوەیە بەهێزتری بكەن.
كەواتە مێژووی حوكمڕانیی نێچیرڤان بارزانی ئەوەمان پێدەڵێت، ئەو توانای داهێنانی شێوازی تازەی كاركردنی بۆ قۆناخە جیاوازەكان هەیە و دەتوانێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانیش لەسەر ئەو شێوازە رێكبكەوێت و بناغەیەكی بەهێز بۆ حوكمڕانییەكی سەركەوتوو دابڕێژێت و لاپەڕەیەكی تازە لەگەڵ هەموو لایەك هەڵبداتەوە. بەڵام هەڵدانەوەی تازە لەسەر بنەمای ئەوە نا (ئەوەی رۆی، رۆیشت) یان «عفا الله عما سلف»، نەخێر، هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازە بەو مانایەی بە بیركردنەوەیەكی نوێ هەوڵبدەین لە یەكتری تێبگەین و بە بیركردنەوەیەكی نوێ نەخشەیەكی تازە بۆ كوردستانێكی بەهێز دابڕێژین، ئەم نەخشە تازەیەش دەبێت رەنگدانەوەی ئەو واقیعە بێت كە خەڵكی كوردستان لە ئاكامی هەڵبژاردنەكاندا دروستی كردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ داڕشتنەوەی هەیكەلی حكومەتی داهاتووی كوردستان، بە هاوكاریی چەند لیژنەیەكی پسپۆڕ و تایبەتمەند كاری زۆری بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی ریشەیی و بچووككردنەوەی هەیكەلی حكومەت كردووە و لیژنە تایبەتمەندەكانیش هێڵە گشتییەكانی ئەو چاكسازییانەیان بۆ میدیاكان باس كردووە، كە هەر ئەم بەرنامەی چاكسازییە بنەڕەتییەش دەبێتە رەهەندی سەرەكیی دانوستاندنەكانی پارتی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكهاتەكان بۆ رێككەوتن و هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
خاڵی كاریگەر و ئومێدبەخش لەو رەهەندانەی چاكسازی كە لیژنەكان ئاماژەیان پێ كردووە، ئەوەیە ئەم بەرنامەیەی بۆ چاكسازی بنەڕەتی ئامادە كراوە، بەرنامەیەكی لۆكاڵ و بیركردنەوەیەكی تازەی لۆكاڵی خەڵكی كوردستانە و هەوڵدانە بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵانەی لە ماوەی ساڵانی رابردوو لە پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان روویانداوە، یان كراون، بۆیە ئەم بەرنامەیە فەرزی دەكات كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پێكهاتەكان بە بیركردنەوەی تازە وتووێژ لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن و بە بیركردنەوەیەكی نوێ بەشداری لە حكومەت بكەن، یان ئەگەر بەشداری حكومەتیشیان نەكرد، بە بیركردنەوەیەكی نوێ كاری ئۆپۆزسیۆنی خۆیان بكەن.
پارتی بۆ جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە، پشتئەستورە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و ئەم ئیرادەیەش لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەوە سەیر دەكات، بۆیە ئەوەی لای پارتی گرنگە بۆ ئەمجارە لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمدا، ئەوەیە هەموو لایەنەكان چ ئەوانەی بەشداری حكومەت دەكەن و چ ئەوانەشی دەبنە ئۆپۆزسیۆن هەر لەسەرەتاوە پشتگیری خۆیان بۆ ئەم چاكسازییە بنەڕەتییە دەرببڕن و دەوڵەمەندتری بكەن، هەر بۆیە هەر لایەنێكی سیاسی ئامانجی ئەوە بێت، هاوبەش و بەشدار بێت لەو پرۆژە گرنگەی چاكسازیی بنەڕەتی، ئەوا هاوبەش و بەشداری راستەقینەی پارتی دەبێت لە حكومەتدا و ئەوەشی نەیەوێت فاكتەرێك بێت بۆ ئەم بەرنامەیە و بە هەمان بیركردنەوەی كۆن تەنیا ئامانجی ئەوە بێت، حكومەت و پەرلەمان و یاسا، بكاتە ئامرازێك بۆ مەرامی حزبایەتی خۆی، ئەوا پێناچێت ئەمجارە ئەو بوارەی بە ئاسانی بۆ بڕەخسێت و یاری بە چارەنووس و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان بكات. هۆكاری سەرەكییش بۆ دەركەوتنی ئەم ئیرادەیە ئەوەیە كە چیتر گەلی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە «حوكمڕانییەكی شكستخواردوو» لەهیچ لایەك قبووڵ ناكات، كەپرۆسەی بونیادنانی نەتەوە لە كوردستاندا رابگرێت.