ئایندەی عێراق لەسایەی حوكمڕانیی دەوڵەتی قووڵدا
October 24, 2018
راپۆرتەکان
ئەم فاكتە سیاسی و ئاشكرایە، لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراقی خستۆتە بەردەم دووڕیانێك، یان دەبێت رێگا هەڵدێر تاقی بكەنەوە و لەسەر هەمان ریتم و میتۆدی 15 ساڵی رابردوو بەردەوام بن، یان ئەوەتا دەبێت رێگای رزگاربوون لە قەیرانەكان هەڵبژێرن، كە ئەمەشیان پێویستی بەوەیە لە ناو حكوومەتی قووڵدا نموونەیەكی باشتر لە حوكمڕانیی ساڵانی رابردوویان پیشانی عێراقییەكان بدەن.
لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق و فەرماندەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كە ئێستا رۆڵێكی بەرچاویان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا هەیە، زۆر باش گەیشتوونەتە چەند قەناعەتێكی گرنگ:
یەكەم: ئەگەر حكومەتی بەغدا كە شیعە لێی بەرپرسیارە هەوڵنەدات شەخسی بارزانی رازی بكات و هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا نەدەن، ئەوا ناتوانن حوكمڕانیەكی باشتر لە 15 ساڵی رابردوو پیادە بكەن، بەمەش ناتوانن كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن و سەرەنجامیش وەك لە خۆپیشاندانەكانی بەسرە و شارەكانی دیكەی عێراق بینیمان تووڕەیی خەڵك رایاندەماڵێت.
دووەم: گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە چیدیكە بەسەر ئابووریی عێراقەوە بار نییە، بەڵكو كوردستان ئێستا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بە رێژەی 70% پشت بە ئابووریی خۆی دەبەستێت و هەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان بەو ئاراستەیەن كە 100% پشت بە ئابووری خۆی ببەستێت، بۆیە ئەگەر لەگەڵ كوردستان كێشەیان نەبێت، ئەوا بەو بڕە پارەیەی لەناو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا لەبەردەستیانە دەتوانن بایەخ بە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی عەرەبی شیعە و سوننەی عێراق بدەن و لەگەڵ خۆیان ئاشتی بكەنەوە، بەڵام ئەگەر كێشەیان لەگەڵ كوردستان هەبێت، ئەوا ئەگەر بودجەی عێراق دوو هێندەش بێت ناتوانن كێشەكانی خۆیان بە باشی چارەسەر بكەن.
سییەم: گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە سەركردایەتی سیاسی و خەڵكی كوردستانیش خۆیان بە بەشێك لە دەوڵەتی عێراق نازانن، هەتا خەمی ئەوەیان بێت حوكمڕانی لە عێراقدا بەچ شێوەیەك بەڕێوە دەڕوات، ئەم قسانە لەسەر زاری سەركردە باڵاكانی شیعە وەك عەلی دەباغ لە دەوڵەتی یاسا و بەها ئەعرەجی لە میدیاكانی عێراقدا جەختی لەسەر كراوەتەوەو راشكاوانە باسی ئەوەیان كردووە كە لایەنی كوردستان نە دەبێتە بەشێك لە هاوپەیمانی شیعە، نە دەستبەرداری سەربەخۆییش دەبێت، هەروەها راشكاوانەتر لە هەردوو تویتەكەی موقتەدا سەدریش دەركەوتووە كە چۆن پەیامی خۆی ئاراستەی لایەنی كوردستانی و ئاراستەی لایەنە سوننەكان كردووە.
چوارەم: گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر لەگەڵ كوردستان كێشەیان نەبێت، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن كێشەكانی خۆیان لەگەڵ لایەنی سوننە چارەسەر بكەن و لەسەر شێوازێك رێكبكەون، لەبەر ئەوەی لە نێوان عەرەبی شیعە و سوننەی عێراقدا، كێشەی ناسنامە و كەلتوور و ئایین نییە، بەڵكو ئەوەی هەیە كێشەی مەزهەبگەراییە، ئەمەش بە ئاسانی رێگەچارەی بۆ دەدۆزرێتەوە، بە مەرجێك لایەنە سیاسییەكانی عەرەبی شیعە بە هەنگاوی جددی لە عەرەبی سوننە بچنە پێشەوە، ئەمەش وەك لەماوەی چەند مانگی رابردوو لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق بینیمان، لەسەرەتاوە لایەنی عەرەبی سوننە زیاتر لەلایەنی كوردستانی نزیكتر بوون، وەك لە لایەنە شیعەكان و ئەوانیش وەك لایەنی كوردستانی پێداگرییان لەسەر سێ داواكەی لایەنی كوردستانی دەكردەوە (شەراكەت و تەوافوق و تەوازن)، بەڵام لەبەر ئەوەی سەركردەی لایەنە شیعەكان بەجۆرێكی جیاواز لە پێشتر لەگەڵ عەرەبی سوننە دانوستانیان كرد، دەبینین پێش ئەوەی حكومەتی تازەش پێكبهێندرێت، لایەنی عەرەبی سوننە نەك هەر باسی (شەراكەت و تەوافوق و تەوازن) ناكات، بەڵكو بوونە بەشێك لە هەردوو هاوپەیمانییە گەورەكەی شیعە و تەنانەت ئەو كاندیدە سوننەیانەش كە بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكومەتە تازەكە كاندید دەكرێن، لەلایەن هەردوو هاوپەیمانی شیعەوە دەستنیشان دەكرێن، ناشتوانن ئەمە رەتبكەنەوە.
هەنگاوە جیاوازەكانی تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق لە دوای خۆپیشاندانەكانی بەسرە و شارەكانی دیكەی عێراق لەگەڵ كۆی پرۆسەی سیاسیی عێراق و بەتایبەتیش لەگەڵ لایەنی كوردستانی بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە لایەنە سیاسییەكانی شیعە هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ، ئەگەر بیانەوێت لەو قەیرانەی تێی كەوتوون، رزگاریان بێت و كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، ئەوا تەنیا رێگە ئەوەیە كە خۆڕزگاركردنیان لە قەیرانەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا، رێگەكەی بە كوردستاندا تێدەپەڕێت و مێژووی 100 ساڵی رابردووی عێراقیش سەلماندوویەتی هەر حكومەتێكی عێراق نەیتوانیبێت لەگەڵ كوردستان بگاتە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش، ئەوا، یان نەیتوانیوە لە حوكمڕانیدا بمێنێتەوە، یان ئەگەر لە حوكمڕانیشدا مابێتەوە، ئەوا سەرەنجام بە رووڕەشی كۆتایی بە حوكمڕانییەكەی هاتووە، باشترین ئەزموونیش لەماوەی 100 ساڵی حكومەتی عێراقدا، مێژووی حوكمڕانیی حزبی بەعس و سەدام حوسێنە، بەعس و سەدام لە سەرەتادا زۆر باش كێشەی سەرەكیی حوكمڕانیی عێراقیان دەستنیشان كرد، بەوەی ئەگەر كێشەی كورد چارەسەر بكەن، ئەوا هیچ كێشەیەك لە عێراقدا چارەسەركردنی قورس نابێت، هەروەها سەدام حوسێن زۆر باش سەرچاوەی چارەسەركردنی كێشەكانی دەستنیشان كرد و رێگەی ناوپردانی گرتە بەر و لەگەڵ مستەفا بارزانی رێككەوت، ئەو دەیزانی كلیلی چارەسەر لای بارزانی مستەفایە، بۆیە سەدام و بەعس توانییان لەماوەی چەند ساڵێكی كەمدا نەك هەر تەنیا كێشەكانی عێراق چارەسەر بكەن، بەڵكو توانییان پەیوەندیە نێودەوڵەتییەكانیان رێكبخەنەوە و نەوتی عێراق خۆماڵی بكەن، ئەگەر سەدام و بەعس لە رێككەوتننامەی ئادار پاشەكشەیان نەكردایە، عێراق و حوكمڕانی بەعس و سەدام نە دووچاری شەڕی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران دەبوو، نە پاشانیش دەكەوتە ئەو زەلكاوەی كە كوەێت داگیر بكات.
گرنگە بۆ ئێستای لایەنە شیعەكانی عێراقیش كە خۆیان وا پیشان دەدەن، ئێستاش چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان و بەغدا هەر لای بارزانی-یە، هەروەها گرنگە سوود لەهەردوو لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكەی حوكمڕانیی بەعس و سەدام وەربگرن، سەدام تەنیا بە رێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 لەگەڵ مستەفا بارزانی، توانی لە ماوەی ساڵانی 1970 – 1974 نەك هەر هەموو كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، بەڵكو لەسەر ئاستی عەرەبی و نیودەوڵەتی عێراق ئەو دەوڵەتە بوو كە لە ساڵی 1973 سیاسەتی (نەوت وەك چەك) لەدژی ئەمریكا و رۆژئاوا بەكاربهێنێت و لەسەر ئاستی عەرەبیش وەك جێگرەوەی میسری عەبدولناسر حیسابی بۆ دەكرا، بەڵام كە كێشەی لەگەڵ كوردستان دروستكردەوە و لەساڵی 1974 شەڕی دەست پێكردەوە، ئەوا بەعس و سەدام هەر ئەو بەعس و سەدامە بوون لەژێر چەتری كیسەنجەردا سازشی بۆ شای ئێران كردو وازی لە نیوەی شەتولعەرەب هێنا. ئەمە واقیعی سیاسەتی عێراق بووە لە 100 ساڵی رابردوودا و ئەگەر مێژوو لە حوكمڕانیی عەرەبی سوننەدا خۆی تراژیدیای دووبارە كردبێتەوە، ئەوا ئەگەر شیعەی عێراق هەوڵ نەدەن كێشەكانی كوردستان و بەغدا چارەسەر بكەن، ئەوا نە حوكمڕانییان پێدەكرێت و نە كێشەكانی خۆشیان بۆ چارەسەر دەكرێت، سەرەنجامیش ئەمجارەیان مێژوو خۆی بە گاڵتەجاڕی دووبارە دەكاتەوە.