رەگی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لەناو قووڵایی مێژووی خۆماندایە و ریشەكێشمان نەكردووە
October 17, 2018
راپۆرتەکان
ئەو گرووپ تاقمەی لە ناو حزبێكدا، یان تەنانەت ئەگەر گرووپێك ئەفەسەریش بن لەناو سوپای وڵاتێكدا كە هەڵدەستن بە داڕشتنی پیلانێك بۆ ئەنجامدانی خیانەتێكی نیشتمانی، لەوە بچووكترن كارەساتی گەورە بەسەر گەل و نەتەوەدا بهێنن، ئەگەر بیری رەشی بوغز و كینە زۆنگاوێكی چەقبەستووی بۆگەنی لەناو مێژووی نەتەوەدا دروست نەكردبێت.
لێرەوە ئەگەر بە شێوەیەكی رەخنەگرانە مێژووی خۆمان بخەینە بەردەم چەكوشی رەخنە، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی هەموومان بە مێژوونووسەكانیشمانەوە، جۆرێك لە بێباكی، یان چاوپۆشیمان بەرامبەر ئەم زۆنگاوە بۆگەنە كردووە و، هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەم بێباكی و چاوپۆشینە ئەو ترسە بووە كە پێمانوابووە ئەگەر لە بازنەیەكی نیشتمانیدا هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵە و تاوانانەی بوونە ژێرخانێكی پتەو بۆ ئەنجامدانی ئەو خیانەتە، ئیدی یەكڕیزیی نیوماڵی كوردستان تێكدەچێت و دوژمنان سوودی لێوەردەگرن.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە مێژووی نەتەوەكان بخوێنینەوە و هەوڵبدەین بۆ شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ مێژووی خۆمان سوودی لێوەر بگرین، ئەوا مێژووی نەتەوەكانی جیهان فێرمان دەكات، كاتێك نەتەوە خۆی بێباك دەكات لە هەڵە و تاوان، یان روودانی خیانەتی نیشتمانی لەناو مێژووی خۆیدا، ئەوا ئەو خیانەتە بەردەوامی دەبێت و لە قۆناخێكی دیكەدا و بە شێوازێكی زۆر تراژیدیتر خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام ئەو نەتەوانەی بەدەستەجەمعی خۆیان دەكەن بە خاوەنی تاوان، یان ئەو خیانەتە نیشتمانییانەی لە مێژووی خۆیاندا روویانداوە، ئەوا دوای راستكردنەوەی ئەو خیانەتە نەتەوەیەكی زیندوووی بەئیرادە لەدایك دەبێتەوە و جیهان بە رێزەوە سەیری دەكات و مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
لەوانەیە بۆ ئەم باسە ئەڵمانیای سەردەمی نازیەت، باشترین نموونە بێت، ئاشكرایە ئەو هەڵە و تاوانانەی هیتلەر بەناوی گەلی ئەڵمانیەوە لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجامیدا، بووە هۆكاری ئەوەی ئەڵمانیا یەكگرتووەكەی بسمارك بكاتە دوو ئەڵمانیا و ماوەی 45 ساڵ گەلی ئەڵمانیای دووكەرت كرد، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای رۆژئاوا) خۆیان كرد بە خاوەنی هەڵە و خیانەتەكانی هیتلەر دژی گەلی ئەڵمان و دژی مرۆڤایەتی، ئەوە بوو وەك بینیمان لە ساڵانی 1938 و 1939، ئەڵمانیا خۆی هۆكاری ئەو شاڵاوە گەورەی پەنابەران بوو كە هەموو جیهانی بێزار كردبوو، بەڵام هەمان ئەڵمانیا لەساڵی 2014 و 2015 خۆی بووە نەوایەكی گەورە بۆ ئەو شاڵاوی ئەو پەنابەرانەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە روویان دەكردە ئەوروپا، ئەڵمانیا بە راستكردنەوەی هەڵەكانی هیتلەر توانی جارێكی دیكە لەسەر دەستی هیلمۆت كۆل گەلی ئەڵمانیا بكاتەوە بە یەك گەل و هەردوو ئەڵمانیاكە تێكەڵاوی یەكتری بكاتەوە و بەرلینی دابەشكراو بكاتەوە بە یەك بەرلین وەك پایتەختی ئەڵمانیای یەكگرتوو.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا كام لە دوو بەشەكەی ئەڵمانیا تێكەڵاوی ئەوی دیكە كرایەوە؟ بێگومان ئەڵمانیای رۆژهەڵات لەگەڵ ئەڵمانیای رۆژئاوا تێكەڵاو كرایەوە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو بەشەی گەلی ئەڵمان خۆی كرد بە خاوەنی هەڵەو تاوانەكانی هیتلەر كە لەو بەشە دەژیان كە لەسەردەمی شەڕی سارد پێیان دەگوت: (ئەڵمانیای رۆژئاوا). لێرەوەش ئەگەر ئێمە پەندێك لە مێژووی تازەی گەلی ئەڵمانیای دوای گەورەترین كارەساتی شەڕی دووەمی جیهانی وەربگرین، ئەوا دەبێت ئێمەش وەك نەتەوە و گەلی كوردستان خۆمان بكەین بە خاوەنی ئەو فاكتەرە هەڵانەی ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان كە بوونە هۆكاری ئەنجامدانی خیانەتی نیشتمانی.
لێرەوە ئەگەر دوای ساڵێك سەیری ئاكامە خراپەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بكەین، دەبینین ئەم خیانەتە نیشتمانییە، پێش ئەوەی وەك تۆڵەسەندنەوە دژی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوی كوردستان ئەنجامدرابێت، پێش هەر لایەنێك، زیان و كارەساتی گەورەی بەسەر حزبەكەی خۆیاندا هێناوە كە ئەویش یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئەگەر لێرەدا تەنیا كەركووك بە نموونە وەربگرین، دەكرێت ئاماژە بەم خاڵانە بكەین:
1- هەموو هەوڵی ئێستای یەكێتی نیشتمانی ئەوەیە كە بتوانێت ئەندامێكی یەكێتی بكاتەوە بە پارێزگاری كەركووك، ئەویش بە هەر نرخێك بێت و بارودۆخی كەركووك هەر چۆنێك بێت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ساڵی پار پێش ئەنجامدانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، پارێزگاری كەركووك كێ بوو و ئەندامی كام حزبی سیاسی بوو؟ ئایا ئەنجامدەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پێش ئەوەی زیان بە هەر لایەنێكی سیاسیی دیكە بگەیەنن، كودەتایان بەسەر حزبەكەی خۆیاندا نەكردو هەر خۆیان پارێزگاری كەركووكیان لەدەستی یەكێتی دەرنەهێنا و راكان جبورییان نەخستە جێگەی د.نەجمەدین كەریم كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی خۆیان بوو؟
2- ئەنجامدەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر فەوزایەكی سیاسیی ئەوتۆیان لەناو یەكێتیدا دروست كردووە كە كار گەیشتە ئەوەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر مەكتەبی سیاسیی یەكێتی هەڵبوەشێننەوە و نەشیانتوانی مەكتەبێكی سیاسیی تازە دابنێنەوە، بۆیە بەبێ ئەوەی بڕیاری هەڵوەشانەوەكە لەبەر چاو بگیرێت، هەر مەكتەبە سیاسییە كۆنەكە درێژە بە كارەكانی خۆی دەدات.
3- كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بۆتە هۆكاری ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنەكان بترسێت، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر دوو هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان ئەنجامدراوە، یەكێتی نیشتمانی بە جۆرێك لەناوچەكانی خۆی ئەم پرۆسانەی ناشیرین كردووە كە هەموو حزبەكانی كوردستان بێزاری خۆیان نەشاردۆتەوە و بە ئاشكرا دەریانبڕیوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە لەسەر دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم خیانەتە لە بازنەیەكی فراوانی نیشتمانی و نەتەوەییدا هەڵوەستە بكەین و سەرنج لەو مەترسییانە بدەین كە خستوویەتە سەر كۆی بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان، ئەوا ئێستا دەبینین، چۆن لە شەستەكانی سەدەی رابردوو بێباكی و چاوپۆشینمان لەو هەڵە و خیانەتە نیشتمانییە بووە هۆكاری ئەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان كەرت ببێت و پاشان وەك ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز ئەو بەشە پێناسە بكاتەوە، ئەمەیان بە هەرحاڵ لە ناوماڵی كوردا بووەو لەوانەیە زۆر مەترسیدار نەبووبێت، بەڵام دەرهاویشتە خراپەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەمجارەیان گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستانی دوولەت كردووەو لەچوارچێوەی گوتاری كوردستانی و عێراقیدا پێناسەی دەكاتەوە و ئەگەر ئەم مەترسییە بە هەند وەرنەگرین و نەیكەینە پرسێكی نیشتمانیی گشتی، ئەوا نەك هەر حكومەتی عەرەبی عێراق، بەڵكو ئێران و توركیا و سووریاش ئەم كەرتبوونە بە دەرفەت وەردەگرن و گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا بەرەو گوتاری ئێرانی و توركی و سووری هەنگاو هەڵدەگرێت.
ئەمەیە وادەكات، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وەك كاردانەوەی بوغز و كینەی لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە سەیر نەكرێت و خیانەتەكەش وەك تاوانی لایەنێك، یان تاقمێك دژی لایەنێكی دیكەی سیاسی سەیر نەكرێت، بەڵكو ئەم خیانەتە نیشتمانییە تاوانێكە دژی تاك بە تاكی خەڵكی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە كراوە و دەبێت هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لەسەر ئەم خیانەتە لە بازنەیەكدا ئیرادەیەك كۆیان بكاتەوە، كە ئەویش ریشەكێشكردنی رەگ و ریشەی ئەو فیكرە رەشەیە كە ئەو زنگاوە بۆگەنەی لەناو مێژووەكەمان دروست كردووە.