خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو قەناعەتەی بۆ دروستكردین هەنگاوهەڵگرتن بۆ دەوڵەتی كوردستان خەونی شاعیرانە نییە
October 15, 2018
راپۆرتەکان
سەلماندی هێزی پێشمەرگە توانای پاراستنی كوردستانی هەیە
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەو قەناعەتەی بۆ دروستكردین هەنگاوهەڵگرتن بۆ دەوڵەتی كوردستان خەونی شاعیرانە نییە
لە 4ی كانوونی یەكەمی 2014 و تەنیا دوای 122 رۆژ لە هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و تێكشكاندنی تیرۆریستان و پووچەڵكردنەوەی ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، د.مانویڵ ئەلمیدا توێژەرو راوێژكار بۆ پرسەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرنووسەری پێشتری چاپی ئینگلیزی رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، وتارێكی بە ناونیشانی: (بۆ كوردەكانی عێراق. سەربەخۆیی تەنیا پرسی كاتە. For Iraq’s Kurds، independence can wait) لە بەشی ئینگلیزی (العربیة نت) بڵاوكردبووەوەو لەم وتارەدا جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و تێكشكاندنی ئەو هێزە تیرۆریستە دڕندەیە لەسەر دەستی پێشمەرگە، شەڕەكەی كردۆتە پڕۆڤەیەكی زۆر باش كە پێشمەرگە رۆڵی سوپای بەرگریی كوردستان بگێڕێت و هێزی پێشمەرگە سەلماندی ئەو سوپایەیە لە كاتی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستاندا توانای پاراستنی ئەو دەوڵەتەی دەبێت.
لەماوەی سێ ساڵی شەڕی بەردەوامی دژی داعش لەگەڵ ئەوەی بە چاودێری دەوڵەتانی هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی، رێككەوتن و هەماهەنگییەكی زۆر باش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی حكومەتی عێراقدا هەبووە، بەڵام ئەم رێككەوتن و هەماهەنگییە نەیتوانی زەمینەیەكی ئەوتۆی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا دروست بكات، كە بتوانرێت كێشە كەڵەكەبووەكانی نێوانیان چارەسەر بكات، هەر بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بە هەموو دەوڵەتانی جیهان و لە سەرووی هەمووشیانەوە راشكاوانە بە باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا راگەیاند، كە حكومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەك ئامادەباشی ئەوەی تێدا نەماوە كە بە زمانی دیالۆگ و لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی دەستووری عێراقدا كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، هەر بۆیە بێجگە لە هەنگاوهەڵگرتن بۆ سەربەخۆیی، رێگەیەكی دیكە لە بەردەم هەرێمی كوردستاندا نەماوەتەوە.
دوای ئەوەی بارزانی لە ئایاری 2015 گەڕایەوە بۆ كوردستان و لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان كۆبووەوە، بڕیار درا كە لە كۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستان، ژوورێكی عەمەلیات بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان پێكبهێنرێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش، راپرسی لە تەواوی جوگرافیای كوردستان لە عێراقدا ئەنجام بدرێت و لەسەر بنەمای ئاكامەكانی ریفراندۆم دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق بكرێت و پێیان بگوترێت (ئەگەر نەمانتوانیبێت لە چوارچێوەی پێكەوەژیان لەناو یەك دەوڵەتدا پێكەوە بژین، ئەوا باشترە دوو دراوسێی باش بین بۆ یەكتری).
لە هاوینی 2016 كە شەڕی دژی داعش بەرەو كۆتایی دەچوو و تەنیا شاری موسڵ و قەزای حەویجە لە سنووری كەركووك مابوو لە تیرۆریستانی داعش پاكبكرێتەوە، بە ناوبژیوانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، رێككەوتنێكی سەربازی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پرۆسەی شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ ئیمزا كرا، بەپێی ئەم رێككەوتنە ئەركی پێشمەرگە ئەوە بوو كە دەروازەكانی موسڵ لەچەند لایەكەوە ئازاد بكات بۆ ئەوەی هێزەكانی عێراق بتوانن بچنە ناو شاری موسڵەوە، لە مانگی 10ی 2016 دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ بە هاوبەشی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیەندرا. راستە بۆ شەڕەكە هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق هاوپەیمان بوون، بەڵام ئەركی هێزی پێشمەرگە و ئەركی هێزەكانی عێراق دیاریكرابوو، ئەو ناوچانەی كە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دیاریكرابوون كە ئازاد بكرێن، هێزی پێشمەرگە لەماوەی مانگێكدا توانی هەموو ئەو ناوچانە لە تیرۆریستانی داعش پاكبكاتەوە و دەروازەكانی موسڵ بۆ هێزەكانی عێراق بكاتەوە، هەر بۆیە لە 20ی 11ی 2016 سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شارۆچكەی باشیكەوە كۆتاییهاتنی شەڕی داعشی لە كوردستان راگەیاند، بەڵام شەڕی موسڵ درێژەی كێشا و لە كۆتایی حوزەیران و سەرەتای تەمموزی 2017 توانرا پرۆسەی رزگاركردنی شاری موسڵ و بەفەرمی رووخاندنی خەلافەتی داعش رابگەیەندرێت.
دوای رووخانی خەلافەتەكەی داعش، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان (بێجگە لە بزووتنەوەی گۆڕان كە بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیان كردبوو) جارێكی دیكە كۆبووەوە و هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پرسیار لە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی كوردستان كرابوو، ئایا كەی دەتوانن پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجامبدەن، كۆمیسیۆن گوتبووی لە ماوەی نێوان(20-30 ئەیلوولی 2017) دەتوانین پرۆسەكە ئەنجامبدەین، پاشان هەموو حزبە بەشداربووەكان هەر لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی 25ی ئەیلوولیان وەك رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریكرد.
ماوەی بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم و ئەنجامدانی ریفراندۆمدا نزیكەی 80 رۆژ بوو، لەم ماوەیەدا سەرەتا گوشارەكان سادە بوون و تەنانەت یەك دەوڵەتیش بەفەرمی راینەگەیاند كە ئەوان دژی ریفراندۆم بن، بەڵكو پێیان دەگوتین ماوەیەك دوای بخەن، یان ئێمە پشتگیری ناكەین، بەڵام كە وردە وردە لە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم نزیك دەبووینەوە، گوشارەكان بە ئاستێك زیادیان كرد كە پرۆسەی ریفراندۆمی گەلی كوردستان بووە مانشێتی سەرەكیی هەموو میدیاكانی جیهان و هەروەها بووە پرسێكی گرنگ لەناو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەم حاڵەتەدا گەلی كوردستان بە رێبەرایەتی بارزانی داوای (بەدیلی) لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكردو راشكاوانە بە جیهانی دەگوت: «ئەگەر گەلی كوردستان ریفراندۆم نەكات، بەدیلی ئێوە چییە بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق چارەسەر بكرێن و دەستووری عێراق جێبەجێ بكرێت؟» لەبەرامبەر ئەم داوایەی خەڵكی كوردستان هیچ بەدیلێكی وەك گەرەنتی بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دیاری نەكرد، بۆیە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رۆژی 23ی ئەیلوولی 2017 و لەبەردەم ئاپۆرایەكی گەورەی خەڵكی كوردستاندا رایگەیاند: «من خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم ناكەم.» ئەم پەیامەی بارزانی وەڵامێك بوو بۆ تەواوی دەوڵەتانی ناتۆ و ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا، كە چەندین ئۆفەریان خستبووە بەردەم شەخسی بارزانی كە ریفراندۆم دوابخات، بۆیە بارزانی لەبەردەم خەڵكی كوردستاندا بە راشكاوانە رایگەیاند: «چارەنووسی میللەتەكەم لە هەموو ئەو ئۆفەرانە بە گەورەتر دەزانم و خۆم شەرمەزاری میللەتی خۆم ناكەم.»
كاتێك لە رۆژی 25ی ئەیلوول خەڵكی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە رێژەی ( 92.7%) بە «بەڵێ» دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، بەمەش جیهان خۆی لەبەردەم دیفاكتۆیەكی تازەدا بینییەوەو عێراق و دەوڵەتانی دراوسێشی كە تا ئەوپەڕی دژی پرۆسەی ریفراندۆمەكە بوون، بێجگە لە پەنابردن بۆ سزای ئابووری و گەمارۆی ئاسمانی لە دژی كوردستان توانای هیچ كاردانەوەیەكی دیكەیان نەبوو، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەتی (توركیا و ئێران) بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەو مافەیان نەبوو بیر لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی بكەنەوە لە دژی كوردستان، هەروەها هێزەكانی عێراقیش (حەشدی شەعبی، سوپا، پۆلیسی فیدڕاڵی) زۆر باش دەیانزانی ئەگەر هێرش بكەنەوە سەر كوردستان ئەوا سەركەوتوو نابن و هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانای هەیە بەرگری لە كوردستان بكات، بۆیە بەناچاری و بە هاوكاری دەوڵەتانی دراوسێ، بیریان لەوە كردەوە كە رێككەوتن لەگەڵ باڵێكی ناو یەكێتی نیشتمانی بكەن و ئەم رێككەوتنەش وەك پاڤڵ تاڵەبانی دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بە میدیاكانی راگەیاند، 38 ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی نیشتمانی ئیمزایان كردبوو.
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بە هاوشێوەی هێرشی تیرۆریستانی داعش، گورزێكی كوشندە بوو بەر قەوارەی سیاسیی كوردستانی عێراق كەوت، بەڵام قارەمانیەتی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان، چۆن لە شەڕی دژی داعشدا، هێزی پێشمەرگەی كردە، ئەو سوپا قارەمانە كە توانای پاراستنی كوردستانی هەیە، بە هەمان شێوە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش هێزی پێشمەرگە لە داستانەكانی پردێ و مەخموور و مەحموودیە و تەلسقوف و سحێلا سەلماندیەوە كە توانای پاراستنی كوردستانی هەیە، لە هەمانكاتدا ئەو قەناعەتەش بۆ خەڵكی كوردستان باشتر لە هزری هەر تاكێكی ئەم كوردستانە چەسپایەوە كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش چیدیكە خەونی شاعیرانە نییە.
رەگی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر
لەناو قووڵایی مێژووی خۆماندایە و ریشەكێشمان نەكردووە
خیانەتی نیشتمانی، وەك پرسێك بۆ تۆڵەسەندنەوە، یان چاولێ پۆشین مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، كاتێك ئاستی تاوان دەگاتە خیانەتی نیشتمانی و میللەت دەگاتە ئەو قەناعەتەی ئەم خیانەتە هیچ پاكانەیەكی بۆ ناكرێت و كارێكە دژی هەموو بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمان لەلایەن تاقمێك، یان گرووپێكی ناو حزبێكی سیاسییەوە ئەنجام دراوە، ئەوا هەڵوەستە و بەدواداچوون لەسەر ئەم پرسە بازنەی تەسكی حزبایەتی، یان دژایەتی حزبێك دژی حزبێكی دیكە تێدەپەڕێنێت و لە چوارچێوەیەكی نیشتمانیدا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و دەبێتە ئەركێكی دەستەجەمعی و دەبێت هەموو حزبە سیاسییەكان و هەموو تاكێكی ئەم نیشتمانە هەڵوەستەی جددی لەسەر بكات و پێكەوە هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی هەموومان خۆمان بكەینە بەرپرسیار لەو خیانەتە و رەگ و ریشەی ئەو تاوانە لەناو مێژووی خۆماندا هەڵبكێشن.
ئەو گرووپ تاقمەی لە ناو حزبێكدا، یان تەنانەت ئەگەر گرووپێك ئەفەسەریش بن لەناو سوپای وڵاتێكدا كە هەڵدەستن بە داڕشتنی پیلانێك بۆ ئەنجامدانی خیانەتێكی نیشتمانی، لەوە بچووكترن كارەساتی گەورە بەسەر گەل و نەتەوەدا بهێنن، ئەگەر بیری رەشی بوغز و كینە زۆنگاوێكی چەقبەستووی بۆگەنی لەناو مێژووی نەتەوەدا دروست نەكردبێت.
لێرەوە ئەگەر بە شێوەیەكی رەخنەگرانە مێژووی خۆمان بخەینە بەردەم چەكوشی رەخنە، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی هەموومان بە مێژوونووسەكانیشمانەوە، جۆرێك لە بێباكی، یان چاوپۆشیمان بەرامبەر ئەم زۆنگاوە بۆگەنە كردووە و، هۆكاری سەرەكیش بۆ ئەم بێباكی و چاوپۆشینە ئەو ترسە بووە كە پێمانوابووە ئەگەر لە بازنەیەكی نیشتمانیدا هەوڵەكان یەكبخرێن بۆ راستكردنەوەی ئەو هەڵە و تاوانانەی بوونە ژێرخانێكی پتەو بۆ ئەنجامدانی ئەو خیانەتە، ئیدی یەكڕیزیی نیوماڵی كوردستان تێكدەچێت و دوژمنان سوودی لێوەردەگرن.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە مێژووی نەتەوەكان بخوێنینەوە و هەوڵبدەین بۆ شێوازی مامەڵەكردنمان لەگەڵ مێژووی خۆمان سوودی لێوەر بگرین، ئەوا مێژووی نەتەوەكانی جیهان فێرمان دەكات، كاتێك نەتەوە خۆی بێباك دەكات لە هەڵە و تاوان، یان روودانی خیانەتی نیشتمانی لەناو مێژووی خۆیدا، ئەوا ئەو خیانەتە بەردەوامی دەبێت و لە قۆناخێكی دیكەدا و بە شێوازێكی زۆر تراژیدیتر خۆی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام ئەو نەتەوانەی بەدەستەجەمعی خۆیان دەكەن بە خاوەنی تاوان، یان ئەو خیانەتە نیشتمانییانەی لە مێژووی خۆیاندا روویانداوە، ئەوا دوای راستكردنەوەی ئەو خیانەتە نەتەوەیەكی زیندوووی بەئیرادە لەدایك دەبێتەوە و جیهان بە رێزەوە سەیری دەكات و مامەڵەی لەگەڵ دەكات.
لەوانەیە بۆ ئەم باسە ئەڵمانیای سەردەمی نازیەت، باشترین نموونە بێت، ئاشكرایە ئەو هەڵە و تاوانانەی هیتلەر بەناوی گەلی ئەڵمانیەوە لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجامیدا، بووە هۆكاری ئەوەی ئەڵمانیا یەكگرتووەكەی بسمارك بكاتە دوو ئەڵمانیا و ماوەی 45 ساڵ گەلی ئەڵمانیای دووكەرت كرد، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای رۆژئاوا) خۆیان كرد بە خاوەنی هەڵە و خیانەتەكانی هیتلەر دژی گەلی ئەڵمان و دژی مرۆڤایەتی، ئەوە بوو وەك بینیمان لە ساڵانی 1938 و 1939، ئەڵمانیا خۆی هۆكاری ئەو شاڵاوە گەورەی پەنابەران بوو كە هەموو جیهانی بێزار كردبوو، بەڵام هەمان ئەڵمانیا لەساڵی 2014 و 2015 خۆی بووە نەوایەكی گەورە بۆ ئەو شاڵاوی ئەو پەنابەرانەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە روویان دەكردە ئەوروپا، ئەڵمانیا بە راستكردنەوەی هەڵەكانی هیتلەر توانی جارێكی دیكە لەسەر دەستی هیلمۆت كۆل گەلی ئەڵمانیا بكاتەوە بە یەك گەل و هەردوو ئەڵمانیاكە تێكەڵاوی یەكتری بكاتەوە و بەرلینی دابەشكراو بكاتەوە بە یەك بەرلین وەك پایتەختی ئەڵمانیای یەكگرتوو.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا كام لە دوو بەشەكەی ئەڵمانیا تێكەڵاوی ئەوی دیكە كرایەوە؟ بێگومان ئەڵمانیای رۆژهەڵات لەگەڵ ئەڵمانیای رۆژئاوا تێكەڵاو كرایەوە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو بەشەی گەلی ئەڵمان خۆی كرد بە خاوەنی هەڵەو تاوانەكانی هیتلەر كە لەو بەشە دەژیان كە لەسەردەمی شەڕی سارد پێیان دەگوت: (ئەڵمانیای رۆژئاوا). لێرەوەش ئەگەر ئێمە پەندێك لە مێژووی تازەی گەلی ئەڵمانیای دوای گەورەترین كارەساتی شەڕی دووەمی جیهانی وەربگرین، ئەوا دەبێت ئێمەش وەك نەتەوە و گەلی كوردستان خۆمان بكەین بە خاوەنی ئەو فاكتەرە هەڵانەی ناو مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان كە بوونە هۆكاری ئەنجامدانی خیانەتی نیشتمانی.
لێرەوە ئەگەر دوای ساڵێك سەیری ئاكامە خراپەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بكەین، دەبینین ئەم خیانەتە نیشتمانییە، پێش ئەوەی وەك تۆڵەسەندنەوە دژی لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوی كوردستان ئەنجامدرابێت، پێش هەر لایەنێك، زیان و كارەساتی گەورەی بەسەر حزبەكەی خۆیاندا هێناوە كە ئەویش یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، ئەگەر لێرەدا تەنیا كەركووك بە نموونە وەربگرین، دەكرێت ئاماژە بەم خاڵانە بكەین:
1- هەموو هەوڵی ئێستای یەكێتی نیشتمانی ئەوەیە كە بتوانێت ئەندامێكی یەكێتی بكاتەوە بە پارێزگاری كەركووك، ئەویش بە هەر نرخێك بێت و بارودۆخی كەركووك هەر چۆنێك بێت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ساڵی پار پێش ئەنجامدانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، پارێزگاری كەركووك كێ بوو و ئەندامی كام حزبی سیاسی بوو؟ ئایا ئەنجامدەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر پێش ئەوەی زیان بە هەر لایەنێكی سیاسیی دیكە بگەیەنن، كودەتایان بەسەر حزبەكەی خۆیاندا نەكردو هەر خۆیان پارێزگاری كەركووكیان لەدەستی یەكێتی دەرنەهێنا و راكان جبورییان نەخستە جێگەی د.نەجمەدین كەریم كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی خۆیان بوو؟
2- ئەنجامدەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر فەوزایەكی سیاسیی ئەوتۆیان لەناو یەكێتیدا دروست كردووە كە كار گەیشتە ئەوەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر مەكتەبی سیاسیی یەكێتی هەڵبوەشێننەوە و نەشیانتوانی مەكتەبێكی سیاسیی تازە دابنێنەوە، بۆیە بەبێ ئەوەی بڕیاری هەڵوەشانەوەكە لەبەر چاو بگیرێت، هەر مەكتەبە سیاسییە كۆنەكە درێژە بە كارەكانی خۆی دەدات.
3- كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بۆتە هۆكاری ئەوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنەكان بترسێت، لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر دوو هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان ئەنجامدراوە، یەكێتی نیشتمانی بە جۆرێك لەناوچەكانی خۆی ئەم پرۆسانەی ناشیرین كردووە كە هەموو حزبەكانی كوردستان بێزاری خۆیان نەشاردۆتەوە و بە ئاشكرا دەریانبڕیوە.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە لەسەر دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم خیانەتە لە بازنەیەكی فراوانی نیشتمانی و نەتەوەییدا هەڵوەستە بكەین و سەرنج لەو مەترسییانە بدەین كە خستوویەتە سەر كۆی بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان، ئەوا ئێستا دەبینین، چۆن لە شەستەكانی سەدەی رابردوو بێباكی و چاوپۆشینمان لەو هەڵە و خیانەتە نیشتمانییە بووە هۆكاری ئەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان كەرت ببێت و پاشان وەك ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز ئەو بەشە پێناسە بكاتەوە، ئەمەیان بە هەرحاڵ لە ناوماڵی كوردا بووەو لەوانەیە زۆر مەترسیدار نەبووبێت، بەڵام دەرهاویشتە خراپەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر ئەمجارەیان گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی كوردستانی دوولەت كردووەو لەچوارچێوەی گوتاری كوردستانی و عێراقیدا پێناسەی دەكاتەوە و ئەگەر ئەم مەترسییە بە هەند وەرنەگرین و نەیكەینە پرسێكی نیشتمانیی گشتی، ئەوا نەك هەر حكومەتی عەرەبی عێراق، بەڵكو ئێران و توركیا و سووریاش ئەم كەرتبوونە بە دەرفەت وەردەگرن و گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی لە هەر چوارپارچەی كوردستاندا بەرەو گوتاری ئێرانی و توركی و سووری هەنگاو هەڵدەگرێت.
ئەمەیە وادەكات، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وەك كاردانەوەی بوغز و كینەی لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە سەیر نەكرێت و خیانەتەكەش وەك تاوانی لایەنێك، یان تاقمێك دژی لایەنێكی دیكەی سیاسی سەیر نەكرێت، بەڵكو ئەم خیانەتە نیشتمانییە تاوانێكە دژی تاك بە تاكی خەڵكی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە كراوە و دەبێت هەموو پێكهاتەكانی كوردستان لەسەر ئەم خیانەتە لە بازنەیەكدا ئیرادەیەك كۆیان بكاتەوە، كە ئەویش ریشەكێشكردنی رەگ و ریشەی ئەو فیكرە رەشەیە كە ئەو زنگاوە بۆگەنەی لەناو مێژووەكەمان دروست كردووە.