كوردستان لە چاوەڕوانیی پەرلەمانێكی سەقامگیر و حكومەتێكی بەهێزدا
October 7, 2018
راپۆرتەکان
دیدو تێڕوانینی پارتی بۆ حوكمڕانی و بەڕێوەبردنی كوردستان، دیدێكی گشتگیرانەیە و دەزانێت كە ئەم ئەركە قورسە و پێویستی بەوە هەیە، هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان شانی بدەنەبەرو پێكەوە بۆ سەرخستنی ئەم ئەركە نیشتمانییە قورسە هاوكاربن، ئەوجا ئەگەر چەند لایەنێك پێكەوە حكومەت دروست بكەن، یان چەند لایەنێك پێكەوە ئۆپۆزسیۆن بن، ئەوا ئەمە هیچ لە پرۆسەكە ناگۆڕێت و هەوڵی هەردوو لایەنی ئۆپۆزسیۆن و حكومەت دەبنە تەواوكاری یەكتری لە پرۆسەی حوكمڕانیدا.
كێشەی سەرەكیی پرۆسەی حوكمڕانی لەماوەی 26 ساڵی رابردوو ئەوە بووە كە سیاسەت و بیركردنەوەی حزبی زاڵ بووە بەسەر سیاسەت و بیركردنەوەی دەوڵەتمەداریدا، راشكاوانەتر حزبە سیاسییەكانی بەشدار لە پەرلەمان و حكومەتدا هێندەی چاویان لە سندوقی هەڵبژاردنی داهاتوو بووە، هێندە هەوڵەكانیان بۆ ئایندەی كوردستان یەكنەخستبوو، بەڵام ئەمجارە كە خەڵكی كوردستان هاوكێشەیەكی سیاسیی تازەی دروستكردووە، ئەوا ئەو لایەنەی كە خەڵكی كوردستان زۆرترین متمانەی پێ بەخشیووە، دەبێت ئەو هاوكێشەیە پێچەوانە بكاتەوە و بیركردنەوە و ئەقڵییەتی دەوڵەتمەداری بەسەر بیركردنەوەی سیاسەتی حزبیدا زاڵ بكات.
ئەم وەرچەرخانە لە بیركردنەوەی حزبییەوە بۆ بیركردنەوەی دەوڵەتمەداری، بەپلەی یەكەم دەبێت لە تێڕوانین و ستراتیژیەتی پارتیدا بۆ بەرنامەی حكومەت و شێوازی كاركردنی فراكسیۆنەكەی لەپەرلەمانی كوردستاندا هەر لەسەرەتاوە و لەگەڵ دەستپێكی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رەنگدانەوەی هەبێت و خەڵكی كوردستان تێكڕا هەست بەو وەرچەرخانە بكەن و راشكاوانە لە ستراتیژیەت و بەرنامەی حوكمڕانیی پارتی تێبگەن. ئەمەش راشكاوانە مانای ئەوەیە دەبێت شێوازی دانوستاندن و هاوپەیمانیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەوڵدان بۆ رازیكردنی حزبە سیاسییەكان بە هەر نرخێك بێت، بگۆڕێت بۆ رازیكردنی خەڵكی كوردستان و زەمینە رەخساندن بۆ جێبەجێكردنی داخوازییە رەواكانیان بە هەر نرخێك بێت.
خاڵی سەرەكی بۆ تێگەیشتی تێكڕای خەڵكی كوردستان لە ستراتیژیەت و بەرنامەی پارتی بۆ حوكمڕانی لەو خاڵەوە دەستپێدەكات، كە حزبە سیاسییەكان ناچار بكات، دروشمی پۆپۆلیستییانە بگۆڕن بۆ سیاسەتی واقیعییانەی خزمەتی خەڵكی كوردستان، هەر بۆ نموونە تێكڕای حزبە سیاسییەكانی كوردستان چەند دروشمێكی بریقەداری ناواقیعییان كردۆتە وێردی سەر زمانیان، لەوانە: هەموویان بانگەشە بۆ (دژایەتیكردنی گەندەڵی، رێگرتن لە قۆرخكاریی دەسەڵات، رێگرتن لە دەستی حزب لە ناو حكومەتدا و.. هتد) دەكەن. پرسیاری گرنگ بۆ هەموو حزبەكان ئەوەیە، چۆن گەندەڵی ریشەكێش دەكرێت؟ چۆن رێگە لە قۆرخكاریی دەسەڵات دەگیرێت و چۆن دەستی حزب لەناو حكومەت كەم دەكرێتەوە؟
بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەم پرسیارانە و پرسیارەكانی هاوشێوەی ئەم پرسیارانەش، پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە بۆ ناو فیكری دەوڵەتداری و بیركردنەوەی دەوڵەتمەدارانە و پێناسە و مانای دەوڵەت و حوكمڕانی، لەسەر ئەم بنەمایە بەراوردكارییەكی زۆر جددییانەی پرۆسەی حوكمڕانیی سەركەوتوو و پرۆسەی حوكمڕانیی شكستخواردوو لەگەڵ پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا بكەین.
ئەگەر ئەمە بكەینە دەروازەی هەڵسەنگاندنی پرۆسەی حوكمڕانیی كوردستان لە ساڵانی رابردوو و ئامانجی هەموو لایەك ئەوە بێت هەڵەكانی پرۆسەی حوكمڕانیی ساڵانی رابردوو لەم پەرلەمان و حكومەتەدا راست بكەینەوە، ئەوا ناچار دەبین بەدوای ئەو هۆكارانە بگەڕێین كە بوونە هۆكاری ئەزموونە سەركەوتووەكان و هۆكاری شكستی ئەزموونە شكستخواردووەكان لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا.
جێگەی داخە لە مێژووی ئەم 100 ساڵەی پرۆسەی حوكمڕانیدا لەنێوان تەواوی نەتەوەكانی جیهاندا، رێژەی حوكمڕانیی شكستخواردوو لەناو وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، یان وڵاتانی دوای شەڕدا، زۆر لە رێژەی حوكمڕانیی سەركەوتوو زیاترە، فاكتەری سەرەكی بۆ شكستی حوكمڕانییش بەشێوەیەكی گشتی تەنیا بوونی گەندەڵیی سیاسی بووە كە ئەمیش دەرەنجامی بێباكی و نابەرپرسیاریەتی حزبە سیاسییەكانیان بووە، لەبەرامبەردا هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنی ئەزموونە سەركەوتووەكان، رۆڵی ئەو حزبە سەرەكییە بووە كە خەڵكەكەی متمانەی پێ بەخشیووە و ئەو حزبە سەرەكییە توانیویەتی تێگەیشتنێكی تەواو لەنێوان خۆی و خەڵكەكەی لەسەر ستراتیژیەت و بەرنامەی حوكمڕانییەكەی دروست بكات، بەمەش جۆرێك لەبەرچاوڕوونی بۆ خەڵكەكەی خۆی دروستكردووە كە ببنە هاوبەش و پشتیوانی حزبە سەرەكییەكە و رێگە نەدەن ئەو زەمینەیە دروست بێت كە حزبە سیاسییەكان نابەرپرسیارانە سەقامگیریی پەرلەمان تێكبدەن، یان سەقامگیریی سیاسی بشێوێنن. بۆیە لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەر سەیری ئەزموونە سەركەوتووەكانی هاوشێوەی (ژاپۆن و تایوان و سنگافورا و كۆریای باشوور و پتسوانا و چیلی) بكەین، دەبینین هەموویان بەرهەمی سەقامگیری سیاسین، نەك شتێكی دیكە، لەبەرامبەریشدا ئەگەر سەیری ئەزموونەكانی تەواوی دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی بكەین، دەبینین شكستی هەموو پرۆسەكانی حوكمڕانی، نەبوونی ئەو تێگەیشتنەیە لەنێوان خەڵكەكەی و حزبی سەرەكیدا كە سەرەنجام ناسەقامگیریی سیاسی دروست بووە و حزبی سەرەكییش نەیتوانیوە ئەو ناسەقامگیرییە بگۆڕێت بۆ سەقامگیری لە رێگەی تێگەیشتنی گەلەكەیەوە، ئەوا رێگەی تاكڕەوی گرتووە و بەرەو دیكتاتۆریەت ملی ناوە، بەپێی بۆچوونی بەشی زۆری ئەو ئەكادیمی و توێژەرانەشی كاریان لەسەر شێوازی حوكمڕانیی دەوڵەتانی عەرەبی ئیسلامی كردووە، هۆكاری سەرەكی بۆ دروستبوونی دیكتاتۆریەت ئەوە بووە كە نەیانتوانیوە بە رێگەی تێگەیشتنی گەل و حزبی سەرەكی رێگە لە ناسەقامگیری سیاسی بگیرێت.
هەنگاوی یەكەمیش بۆ دروستبوونی تێگەیشتن لە نێوان هاووڵاتیان و ئەو حزبە سەرەكییەی گەل متمانەی پی بەخشیوە، لەو خاڵەوە دەست پێدەكات، كە حزبی سەرەكی چۆن ستراتیژ و بەرنامەی حوكمڕانی دادەڕێژێت، ئاشكرایە گەلەكەی لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا لەسەر ئەو ستراتیژ و بەرنامەیە دەنگی پێداوە، بەڵام دوای ئەوەی خەڵك دەنگی بەو بەرنامە و ستراتیژە داوە، ئەمە مانای ئەوەیە گەل بە دەنگەكانی ئەو بەرنامەیەی لە حزبی سەرەكی كڕیوە و چیدیكە ئەو بەرنامەیە موڵكی ئەو حزبە سەرەكییە نیە بەتەنیا، بۆیە لە دوای هەڵبژاردن، میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە پێویستی بەوەیە كە گەل هاوبەش و شاهید بێت لەسەر شێوازی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە، ئاشكراشە ئەو بەرنامە و ستراتیژە بەوجۆرە داڕێژدراوە كە لەماوەی چوار ساڵدا جێبەجێ بكرێت، لەم حاڵەتەشدا گەل ماوەی چوارساڵ چاوەڕێ ناكات تا بزانێت چەندی لێ جێبەجێ دەكرێت و چەندی لێ جێبەجێ ناكرێت، بۆیە مافی خۆیەتی هاوبەش و شاهید بێت لەسەر هەنگاو بەهەنگاوی جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە.
هەموو میكانیزمێكی جێبەجێكردنی هەر بەرنامەیەك، یان هەر ستراتیژێك، پێویستی بە زەمینەی لەبار و گونجاوی خۆی هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو زەمینە لەبار و گونجاوە بە پشتیوانی تێگەیشتی هاووڵاتیان بۆ بەرنامە و ستراتیژەكە دروست نەبێت، ئەوا ئەو بەرنامەو ستراتیژە هەر هێزێكی لە پشتەوە بێت، جێبەجێ ناكرێت و شكست دەهێنێت. پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، كۆڵەگەی سەرەكیی سەركەوتنی ئەم ستراتیژ و بەرنامەیەی گرێداوەتەوە بە نەمانی فەوزای سیاسی و كۆتاییهێنان بە ئەقڵییەتی ناوچەگەری، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەگەر لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و خەڵكی كوردستاندا تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر مەترسییەكانی فەوزای سیاسی و ئەقڵییەتی ناوچەگەری دروست نەبێت، چۆن ئەم بەرنامەیە بەسەركەوتوویی جێبەجێ دەكرێت؟
پێداگرتن لەسەر تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان حزبی سەرەكی و هاووڵاتیان، پێناسەی دەوڵەت و دەوڵەتداری لە چوارچێوەیەكی زێڕیندا نمایش دەكات و ئەركی دەوڵەت و دەوڵەتداری لە دوو خاڵی سەرەكیدا كۆدەكاتەوە، كە ئەوانیش بریتین لە بەهێزیی دەوڵەت بۆ پاراستنی خاك لە هەڕەشەی دەرەكی و پاراستنی سەقامگیری لە ئاژاوەو فەوزای سیاسی.
بۆ ئێستای كوردستان شێوازی دەوڵەتداریی پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویەتی و سەلماندوویەتی كە پارتی دەتوانێت هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەی دەرەكی بپارێزێت، ئەوجا ئەو هەڕەشەیە دزەكردنی تیرۆریستان بێت، یان هێرشی سەربازیی دەرەكی، لەم ئەركەیدا خەڵكی كوردستان هاوكارییەكی گەورە و گیانفیدایانەی هەوڵەكانی پارتی كردووە، بۆیە لەم ئەركەیدا بەو ئاستە سەركەوتوو بووە و تێگەیشتنێكی هاوبەش هەبووە لە نێوان خەڵك و پارتیدا لەسەر پێویستیی سەقامگیری و تەناهی كوردستان، بەڵام لەسەر ئاستی سیاسی و پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، لەبەر ئەوەی ئەقڵییەتی بیركردنەوەی سیاسیەتی حزبی زاڵ بووە بەسەر ئەقڵییەتی بیركردنەوەی دەوڵەتداریدا و حزبەكان دەوڵەت و دامەزراوەكانیان كردووە بە ئامێرێك بۆ سیاسەتی حزبایەتییان، ئەوا راستە پارتی توانیویەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و حكومەتەكەی وەك قەوارەیەكی سیاسی لەبەردەم هەڕەشەی تیرۆر و هەڕەشەی دەرەكی و فەوزای سیاسیی ناوخۆ بپارێزێت، بەڵام نەیتوانیوە پرۆسەی حوكمڕانی راست بكاتەوە، لەبەر ئەوەی راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی پێویستی بە دروستبوونی ئەو تێگەیشتنە هاوبەشە هەیە كە پێویستە لەنێوان خەڵك و ستراتیژ و بەرنامەكەی پارتی دروست ببێت.
خاڵی گرنگ و درەوشاوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان ئامادەباشی ئەوەی پیشانداوە لە دەوری بەرنامەكەی پارتی كۆببێتەوە، ئەم ئامادەباشییە لەو خاڵەدا رەنگی داوەتەوە كە رێژەی بەشداری لەو ناوچانەی زۆرینەی دەنگەكانیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەخشیوە زۆر بەرزە، بەڵام لەو ناوچانە رێژەی بەشداریی هاووڵاتیان زۆر كەم بووە كە پێشتر دەنگیان زیاتر بە لایەنە سیاسییەكانی دیكە داوە، ئەمە ئاماژەیەكی روونی ئەو خەڵكەیە كە لەو لایەنە سیاسییانە تووڕە و بێزارن كە بوونە هۆكاری فەوزای سیاسی و كاركردن بە ئەقڵییەتی ناوچەگەری، هەربۆیە ئەمەیە دەبێتە ئەولەوییەتی كاركردنی پارتی لەدوای هەڵبژاردن و لە پرۆسەی راستكردنەوەی حوكمڕانیدا و، دەبێت بزانرێت ئەو خەڵكەی لە فەوزای سیاسی و ئەقڵییەتی ناوچەگەری تووڕە و بێزارە، خۆی پێویستی بەوەیە هێزێك پشتگیری بكات و بۆی بسەلمێنێت كە ئامانجی ئەویش سەقامگیری و نەمانی فەوزای سیاسییە.
لایەنێكی دیكە كە پێویستە قسەی لەسەر بكرێت، ئەوەیە هەموو ئەو حزبە سیاسییانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشدارییان كردووە و بە دەنگی خەڵكی كوردستان كورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی دەبنە بەشێك لە هێزەكانی سیستمە سیاسییەكە كە ئەو هێزانەش بریتین لەهێزی یاسادانان كە پەرلەمانی كوردستانە، یان دەبنە بەشێك لە هێزی جێبەجێكردن كە ئەویش حكومەتی داهاتووی كوردستانە، بۆیە گرنگە چەمكی دەسەڵات كە تەرجەمە و وەرگێڕاوی چەمكی (السلطة)ی عەرەبی، بگۆڕێت بۆ چەمكێكی دیموكراتییانە، لە ئەدەبیاتی دیموكراتیشدا شتێك نییە بە ناوی دەسەڵات (السلطە یان Authority، بەڵكو لە ئەدەبیاتی دیموكراتیدا پرۆسەی دابەشكردنی هێز (Power Sharing) هەیە، ئەم پرۆسەیە بۆ ئەوەیە هێزەكانی حوكمڕانی لە یەك دامەزراوەدا كۆنەبێتەوە و شێوازێك لە چاودێری و باڵانس (Check and Balance) لە نێوان هێزەكاندا دروست بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سیستمە سیاسییەكانی دەوڵەتانی عەرەبیدا هێزی حوكمڕانی لەیەك تاكەس و یەك حزب و یەك دامەزراوە چڕبۆتەوە و عەرەب خۆیشی ئەم هێزەی بە (السلطە) بەكار هێناوەو ئێمەش وەك خەڵكی باشووری كوردستان زۆر تێكەڵاوی زمانی عەرەبی بووین، لەبری ئەوەی هێزی حوكمڕانی سیستمی دیموكراتی بەكار بهێنن، پەنامان بردۆتە بەر وشە وەرگێڕاوە عەرەبییەكە و خۆمان لە ئەدەبیاتی دیموكراتی دوور خستۆتەوە، لەمەش زیاتر چەمكێكی دیكە كە لە ئەدەبیاتی سیاسیی حزبەكانی كوردستان زۆر بەكاردێت، چەمكی (حزبی دەسەڵات)ە، پرسیار ئەوەیە ئایا لە ئەدەبیاتی دیموكراتی شتێك بەناوی حزبی دەسەڵاتدار بوونی هەیە؟ بێگومان بوونی نییە، هەتا ئەگەر ئاماژەیەك بۆ حزبێك كە بەتەنیاش حكومەتی پێكهێنابێت، پێی ناگوترێت حزبی دەسەڵات، بەڵكو پێی دەگوترێت حزبی حوكمڕان (ruling party)، ئەم چەمكانەمان بۆیە ئاماژەمان پێكردن، لەبەر ئەوەی فەوزای سیاسی لە كوردستاندا چەمكی داتاشراوی ئەوتۆی بۆ ئەدەبیاتی دیموكراتی دروست كردووە، كە لەناو ئەدەبیاتی دەوڵەتانی دیموكراتیدا بوونی نییە، بۆیە كاتێك باس لە پرۆسەی راستكردنەوەی حوكمڕانی و حكومەتێكی بەهیز، یان كوردستانێكی بەهێز دەكەین، دەبێت ئەو راستییەمان لەبەر چاوبێت، ئەم هەنگاوانە پێویستی بە گۆڕانكارییەكی ریشەیی لەبیركردنەوەی سیاسیمان و وەرچەرخان لە زاڵبوونی ئەقڵییەتی حزبایەتی بەسەر ئەقڵییەتی دەوڵەتداریدا هەیە.