عێراق وەك بازنەیەك بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و ئێران
October 3, 2018
راپۆرتەکان
ئەوجا ئەگەر ئەم دوو خاڵە هاوبەشە لەسەر دیفاكتۆی پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراق تەرجەمە بكەین، ئەوا ماراسۆنەكانی هەردوو نوێنەری ئێران و ئەمریكا لە عێراقدا (دۆگلاس سلێمان و ماكگۆرگ) بە ئاشكرا عێراقمان وەك بازنەیەك بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ئەمریكا بۆ وێنا دەكات.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لە بایەخی عێراق بۆ سەركەوتنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا بدەین، ئەوا لە تێڕوانینی برێت ماكگۆرگ نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش و دۆگلاس سلێمان باڵێوزی ئەمریكا لە بەغدا، دەبینین كلیلی سەركەوتنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا لە عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر بۆیە ئەوان پێیانوایە ئەگەر حكومەتێك لە عێراقدا دروست ببێت و سەرۆك وەزیرانەكەی سیاسەتی ئەمریكا جێبەجێ بكات، ئەوا سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران بە ئاستێك كاریگەری دەبێت كە ئێران ناچار دەكات مل بۆ دانوستاندن و رێككەوتنێكی تازە (بە مەرجی ئەمریكا) كە چ بكات، بۆ ئەمەش لایەنی ئەمریكی كە زۆر پشتگیری لە د.حەیدەر عەبادی دەكرد بۆ كاندیدكردنەوەی بۆ خولی دووەمی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەنیا لەسەر ئەوەی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند (عێراق پابەند دەبێت بە سزاكانی ئەمریكاوە لەسەر ئێران)، لە ماوەیەكی زۆر كورتدا هەردوو لیستی (فەتح و سائیرون بە سەرۆكایەتیی عامری و سەدر) جیا لەوەی لیستی (نەسریان بە سەرۆكایەتی عەبادی) لەبەر یەك هەڵوەشاند، لەمەش زیاتر ناچاریان كرد خۆی بكاتەوە بە حزبی دەعوەدا و خۆی بخاتەوە ژێر سێبەری مالیكی و حزبی دەعوە.
لەبەرامبەردا ئەگەر سەیری بایەخی حكومەتی عێراق بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران بكەین، دەبینین، ئێران نەك هەر تەنیا كاریگەری بەسەر لایەنە شیعەكانەوە هەیە، بەڵكو ئەم كاریگەرییەی خۆی فراوانكردووە بۆ هەردوو پێكهاتەكەی دیكە كە ئەوانیش (سوننە و كورد)ن، هەر بۆ نموونە هەڵبژاردنی محەمەد حەلبوسی بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وەك پشكی سوننە لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بە پشتگیری و پاڵپشتی هاوپەیمانی بینا بووە بە سەرۆكایەتی (هادی عامری و نوری مالیكی)، لەمەش زیاتر راستە حەلبوسی كەسێكی سوننەیە و پشكی سوننەی وەگرتووە، بەڵام لە ناوەندەكانی راگەیاندن وەك كاندیدی هاوپەیمانی بینا (تحالف البناء) ناو دەبرێت، ئەم سیناریۆیە هەتا ئێستا (تا 30/9/2018) لە پرۆسەی كاندیدكردنی سەرۆكۆمار وەك پشكی كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، لەم پرۆسەیەشدا ئاشكرایە ماكگۆرك دەیەوێت كێ سەرۆكی كۆماری داهاتووی عێراق بێت؟ بەڵام جیا لەوەی ئەم كاندیدە كوردە لەناو فراكسیۆنە كوردستانییەكاندا پەسەند نییە، لە هەمانكاتدا لەلایەن هاوپەیمانی بینا و بەشێكی زۆری هاوپەیمانی ئیسلاح و هاوپەیمانی میحوەری سوننەكانەوە رەتدەكرێتەوە، بیانووی هەموو لایەنەكانی شیعە و سوننە بۆ رەتكردنەوەی كاندیدەكەی ماكگۆرك ئەوەیە كە كاندیدە كوردەكە جێگەی رەزامەندیی هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان نییە وەك كاندیدێكی هاوبەش، كە هەر ئەمەش كارتی كاندیدەكەی ماكگۆرگی سووتاندووە.
ئەگەر لەنێوان ئەم شەڕ و ململانێ توندەی ئێران و ئەمریكاوە، سەیری پرۆسەكانی پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بكەین، لەم چوارچێوەیەدا شێوازی مامەڵەكردنی لایەنی كوردستانی بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چوارچێوەی رێنمایی و راسپاردەكانی بارزانیدا، ئەوا دەبینین، رێنمایی و راسپاردەكانی بارزانی بۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دانوستاندنەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراق، جیا لەوەی بەشێوەیەكی مەزندە بۆ نەكراو پارسەنگ و شكۆی بۆ پێگەی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا گێڕاوەتەوە، لە هەمانكاتدا ئەم هەڵوێستەی كوردستان لە چوارچێوەی رێنمایی و راسپاردەكانی بارزانی، پەیامێكی دیپلۆماتیی زۆر گرنگیشە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی لەكاتی پرۆسەی ریفراندۆمدا لە دژی كوردستان هاوئاواز و هاودەنگ بوون، هەر بۆیە لەم ئاراستەیەدا، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو ئەو لایەنانەشی لەگەڵ سیاسەتی پارتیدا یەك دەگرنەوە، وەك لایەنە عەرەبییەكان خۆیان باسی دەكەن، بەمجۆرە مامەڵەیان لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراق كردووە:
1- پارتی دیموكراتی كوردستان وەك لایەنێكی سەرەكی لە نوێنەرایەتیكردنی كورد لە پرۆسەی سیاسیدا كە خاوەنی 25 كورسیی پەرلەمانە، بەردەوام لە هەردوو میحوەرەكە هەوڵیانداوە كە هەڵوێستی پارتی وەك فاكتەرێكی یەكلاكەرەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بەكاربهێنن، بەڵام وەك بەها ئەعرەجی سەركردە لە تەیاری سەدر و لیسیتی ئیسلاح لە بەرنامەیەكدا راشكاوانە ئاماژەی پێكرد، لایەنی كوردستانی بەتایبەتیش سەرۆك مسعود بارزانی بەیەك مەودا لە هەردوو لیستی ( ئیسلاح و بینا) راوەستاوە و نابنە فاكتەرێك بۆ سەركەوتنی ئیسلاح بە سەر بینا، یان بە پێچەوانەوە، بەڵكو ئەوان چاوەڕێی ئەوە دەكەن، ئەم دوو هاوپەیمانیە فراكسیۆنێكی گەورە پێكبهێنن و پاشان كوردستان لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی هەیەتی، دانوستاندن لەگەڵ فراكسیۆنە گەورەكە دەكات و پشتگیریی ئەو فراكسیۆنە دەكات، بەڵام نابێتە بەشێك لە فراكسیۆنی گەورە.
ئەگەر سەرنج لەم هەڵوێستە بدەین كە عەرەبەكان خۆیان باسی دەكەن و خۆیان گەواهی ئەوە دەدەن كە بەم هەڵوێستە نەك هەر كورد بۆتەوە بە تۆپی قەپانەكە، بەڵكو ئێستا خۆی قەپانەكەیە، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی كە راسپاردە و رێنماییەكانی بارزانی ئەو راستییە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەكات كە جیا لەوەی هەردوو میحوەرەكە بۆ كوردستان هیچ جیاوازیەكی نییە، لە هەمانكاتدا ئەوانەشی تا دوێنێ بۆ دژایەتی ریفراندۆمی كوردستان هاوهەڵوێست بوون، ئێستا هیچ پێویست نییە كورد پشتگیریی هیچ لایەكیان بكات.
2- برێت ماكگۆرگ كە بە زۆری زۆرداری و بە فێڵكردن لە پەرلەمانتارە تازەكان، دەیویست فراكسیونێكی گەورە بە ناوی ئیسلاح لە هاوپەیمانییەكانی سائیرون و نەسر و حیكمە و لایەنەكانی سوننە دروست بكات، هات بە كۆكردنەوەی ئیمزای سەرۆك فراكسیۆنەكان، فراكسیۆنێكی گەورەی نزیكەی 180 كورسی راگەیاند و عەبادیشی وەك تاكە كاندید ناساند، بەڵام ئەم راگەیاندنە بەوجۆرە بوو، هەر بۆ نموونە كە ئیمزاكەی حەیدەر عەبادی نوێنەرایەتی 43 پەلەمانتار دەكات، بەڵام دەركەوت لیستی نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی تەنیا شەش حەوت پەرلەمانتار پشتگیری لێ دەكات، هەر بۆیە كە چوونە ناو كۆبوونەوەی پەرلەمان و پاش ئەوەی هاوپەیمانیی بینا لە كۆبوونەوەكە كشانەوە، ئەوە بوو، رێژەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو بەشی ئەوەی نەكرد كە سەرۆكی پەرلەمانیش هەڵبژێرن، ئەمەش وەڵامدانەوەیەكی توند بوو بەوەی فراكسیۆنە گەورەكەی ماكگۆرك فەشەلی هێنا. لەسەر مامەڵەی شاندی كوردستان لەگەڵ ئەم فراكسیۆنە ماكگۆرك دیسان لایەنی كوردستانی ئەوەی پێ راگەیاندبوون، ئێوە فراكسیۆنە گەورەكەی خۆتان پێكبهێنن، ئێمەش پشتگیریتان دەكەین، هەر بۆیە بەم هەڵوێستە و دوای ئەوەی ئەو فراكسێۆنە شكستی هێنا، تەنیا پێگە و شكۆی شاندی كوردستان لە پرۆسەكەدا بە نەگۆڕی مایەوە و ئەوانەی دوای قسەكانی ماكگۆرگ كەوتبوون شكستیان هێناو سەرەنجامیش لیستی سائیرون بە سەرۆكایەتی سەدر لە لیستی بینا بە سەرۆكایەتی هادی عامری نزیك بووەوە.
ئاماژەكردنمان بە ئاستی ئاڵۆزیی پرۆسەی سیاسیی ئێستای عێراق و هەڵوێستی لۆژیكانەی شاندی كوردستان لەچوارچێوەی راسپاردە و رێنمایەكانی بارزانی، جەختكردنەوەیە لەسەر دووربینی و لۆژیكی بارزانی بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، كە دەزانێت پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەهەر ئاراستەیەكدا بڕوات، نابێ كوردستان ببێتە لایەنگری لایەك دژی لایەكی دیكە و، ئەركی سەرەكیی لایەنی كوردستانی ئەوەیە كار لەسەر ئەو بەرنامەیەی خۆی بكات كە بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا دایڕشتووە، و هەر لایەنێك یان میحوەرێك توانی ببێتە حكومەت و دەسەڵاتدار لە عێراقدا ئەوا كورد ناچارە مامەڵەی لەگەڵ بكات و هەوڵبدات كە بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، ئەم ئاراستەیەی شاندی كوردستان كە بۆ بەرژەوەندیی مافەكانی خەڵكی كوردستان، لەگەڵ دۆست و دوژمن بە راستی دەزانن و دەستخۆشی لێدەكەن، بەڵام پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەهەر ئاراستەیەك یەكلایی ببێتەوە، ناتوانێت حكومەتێك دروست بكات كە لە خزمەتی عێراقییەكاندا بێت و ئەو حكومەتە بێت كە ئامادەباشی تێدا بێت لە چوارچێوەی دەستووردا كێشەكانی نێوان كوردستان و بەغدا چارەسەر بكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر حكومەتێك بە ئاراستەی خواستەكانی ئەمریكا لە عێراقدا پێكبێت وەك ئەوەی ماكگۆرك و دۆگلاس سلێمان نەخشەڕێگەی بۆ دادەڕێژن، ئەوا لایەنەكانی دیكە بەتایبەتی هاوپەیمانی بینا بە سەرۆكایەتی هادی عامری بە ئاشكرا و بێ شاردنەوە گوتوویانە: « ئێمە لەماوەی دوو مانگدا ئەو حكومەتە دەڕووخێنین»، لەبەرامبەردا خۆ ئەگەر حكومەتێكیش بە ئاراستەی میحوەرەكەی دیكە (ئێرانی) پێكبهێنرێت، ئەوا دیسان ئەمریكا دەستەوەستان نابێت و لانیكەم گوشارێكی زۆری دەخاتە سەر و هیچ دوور نییە هەمان سزاكانی ئێرانی لەسەر دووبارە بكاتەوە، لەم حاڵەتەدا لەوانەیە تەمەنی ئەم حكومەتە ئەگەر زۆر كورتیش نەبێت، بەڵام ناتوانێت حكومەتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كوردستان و بەغدا بێت، بۆیە ئەم حكومەتەش لەبری ئەوەی كێشەكانی عێراق چارەسەر بكات، ئاڵۆزتریان دەكات و، زەمینە خۆش دەكات بۆ ئەوەی عێراق بە یەكجارەكی كۆتایی بێت، پێش ئەوەی شەڕ و ململانێی ئێران و ئەمریكا بەتەواوەتی كۆتاییان بێت.