ئیرادەی ( بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) و هەستانەوە لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر

ئیرادەی ( بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) و هەستانەوە لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر
لە كاتی هەڵمەتەكانی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بارزانی ئەو راستییەی لە خەڵكی كوردستان نەشاردەوە كە ئەم پرۆسەیە بێ گوشاری حكومەتی عێراق و دەوڵەتانی دراوسیی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێپەڕ نابێت و دەبێت ئامادەبین كە بەرگەی ئەو گوشارانە بگرین كە لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم رووبەڕووی دەبینەوە، هەر بۆیە ئەگەر یەكگرتوو و یەك هەڵوێست بین، ئەوا سەرەنجام حكومەتی عێراق و دەوڵەتانی دەرودراوسێی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناچار دەبن، رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن.
بەداخەوە ئەو یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییە لەدوای سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم نەك هەر دروست نەبوو، بەڵكو لەلایەن هەندێك كوردزمانەوە خیانەت لە كوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم كرا، ئەم خیانەتەش هەردوو لایەنی سەربازی و سیاسی لە خۆی گرتبوو، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە بنەڕەتەوە نەمێنێت و حكومەتی كوردستان بڕووخێنرێت. بەمجۆرە:
1- لایەنە سەربازییەكەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن گرووپێكی دەسەڵاتداری ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئەنجامدرا، ئەم گرووپە پێش لەشكرییان بۆ هێزەكانی داگیركار كرد و كەركووكیان بەبێ شەڕ تەسلیم كردنەوە و بەمەش یەكڕیزی و یەكسەنگەری هێزی پێشمەرگە تێكچوو، كە بەهۆیەوە هێزەكانی داگیركەر توانییان 51 %ی خاكی كوردستان داگیر بكەنەوە.
2- لایەنە سیاسییەكەی ئەم خیانەتە لەلایەن چەند حزبێكەوە وەك (كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، باڵێكی یەكێتی، هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری) پشتگیری لێكرا و بە ئاشكرا رایانگەیاند كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە و حكومەتی ئینقازی وەتەنی دابمەزرێت، بەداخەوە لە كۆتاییدا یەكگرتووی ئیسلامی-یش لەژێر گوشاردا ئەویش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كشایەوەو پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەنیا شانی دایە بەر و هەموو بەرپرسیاریەتییەك و هەم هەرێمی كوردستانی پاراست، هەمیش نەیهێشت خەونی داگیركەران و ناحەزان بێتەدی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە.
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا لەسەر ئاستی سەربازی بێشەرمی دروست نەكرد، بە مانایەكی دیكە تەنیا ئەو تاقمەی ناو یەكێتی نەبوون كە بێشەرمانە بەرگرییان لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەكرد، بەڵكو دوای ئەنجامدانی ئەم خیانەتە سەربازییە، بێ شەرمیی سیاسی و بێ شەرمیی ئیعلامیش دروست بوو، هەموو ئەم بێشەرمییانەش لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان پیادە دەكران و بەوجۆرە خەونیان دەبینی كە پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتایی هاتووە و ناتوانێت ئەم خیانەتە تێپەڕێنێت. لێرەدا ئەگەر وەك نموونە هەندێك لەو بێشەرمییانە بەبیر بهێنینەوە كە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بە تەنیا رووبەڕووی پارتی دیموكراتی كوردستان بووەوە، ئەوا دەكرێت دیمانەكان بەمجۆرە بخەینەڕوو: لە رۆژانی 16-20ی ئۆكتۆبەری 2017، خیانەتی سەربازیی 16ی ئۆكتۆبەر بارودۆخێكی دروست كردبوو كە پەرتەوازەییەكی لە رادەبەدەری لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست كردبوو، هێڵی پێشتری بەرگریی پێشمەرگە شكابوو، هێشتا پێشمەرگە هیچ هێڵێكی بەرگری نەبوو، لەبەرامبەردا هێزی داگیركەری عێراق و حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی كە ئەو هەموو چەكە ئەمریكی و رۆژئاواییەیان بەدەستەوە بوو، كە بۆ شەڕی داعش ناردبوویان بۆ عێراق، بەمەش بە جۆرێك غروور ببووبن، كە دەیانویست هەموو هەرێمی كوردستان داگیر بكەنەوە و شتێك بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە نەمێنێت، بۆیە هێزی داگیركەر هەموو هەوڵی خۆی خستبووەگەڕ بۆ ئەوەی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك داگیر بكاتەوە، بەهەرحاڵ دوژمن چەند دڕندە بێت، شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی نائاسایی بوو، ئەوە بوو كە بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان و كەناڵە ئاسمانییەكانیان، لە بەرەی هێزەكانی دوژمنەوە رووماڵی شەڕەكەیان دەكرد و موژدەی شكانی هێزی پێشمەرگە و چۆڵكردنی هەولێریان بە خەڵكی كوردستان دەدا، تەنانەت هێندە خۆیان سووك كردبوو، لە كاتی رووماڵكردنی شەڕی پردێ لە دیوی حەشد شەعبییەوە لەلایەن كەناڵەكانی (گەلی كوردستان، كوردسات، كەی ئێن ئێن، ئێن ئار تی)، بەرپرسی راگەیاندنی حەشدی شەعبی بە جۆرێك قسەی لەگەڵ دەكردن و پێی دەگوتن، ئێوە لەگەڵ ئێمەن و دەبێت وەك ئیعلامی حەشدی شەعبی رووماڵی شەڕەكە بكەن، كەچی ئەو كەناڵانە بە ئاستێك زەلیل ببوون، بەرگرییان لە خۆیان دەكرد، كە بۆ بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی و دژی هێزی پێشمەرگە كاری خۆیان كردووە و دەبێت حەشدی شەعبی رێز لە كارەكەیان بگرێت، بەڵام حەشدی شەعبی بەوەش رازی نەبوو و هەموویانی زەلیل و ریسوا كرد.

لە دوای خیانەتی 16ی ئوكتۆبەر، ئەو گرووپەی پاشەكشەی بە هێزی پێشمەرگە كردبوو، هاوشانی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی پرێس كۆنفرانسی گرێدەدا و رایدەگەیاند، كە ئەوان بۆیە بەرگرییان نەكردووە، لەبەر ئەوەی هیچ هێزێك نییە بتوانێت لەگەڵ ئەو چەكە مودێرنانە بەرگری بكات كە بەدەستی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقەوەیە، بەڵام هەر یەك دوو رۆژ دوای ئەو خیانەتە گەورەیە كاتێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە پردێ و سحێلا و مەحمودیە و تەلسقۆف بەرامبەر هێزەكانی دوژمن راوستاوە، هێزەكانی دوژمن دەیان تانك و دەبابە و هامەر و هامفییان بە تیكشكێنراوی بەجێهێشت، كە لە ناویاندا دەبابەی ئەمرازی ئەمریكی تێدا بوو، ئەو راستییەش دەركەوت كە خیانەتكاران چەند بێ ورە و بێ ئیرادەن و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش چۆن توانی ئەو چەكە مۆدێرنانە بە چەكی سادە و تەقلیدی تێكبشكێنن.

هەستانەوەی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر چەندین وانەی بەسوودی فێركردین، یەك لەو وانانەی فێری كردین ئەوە بوو كە دەبێت بە هەر نرخێك بێت، كۆتایی بە پاشاگەردانی و فەوزای سیاسی بهێنرێت و پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا بە شێوەیەك رێكبخرێتەوە كە نەتوانرێت جارێكی دی كارەساتێكی دیكەی هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجام بدرێتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەستانەوەی دوای شكستی 16ی ئۆكتۆبەری خستە سەرشانی خۆی و لە بەرپرسیاریەتی هەڵنەهات، ئامانجیەتی راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بونیادنانەوەی كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانیی باش لەمیانەی پرۆسەی هەڵبژاردن و لە رێگەی سندوقی هەڵبژاردنەوە لەئەستۆ بگرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە لەم هەڵبژاردنەی كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، خەڵكی كوردستان متمانەیەكی ئەوتۆ بە پارتی بدەن كە بتوانێت ئەم ئامانجانە بێنتەدی، ئەم ئامانجەی پارتییش كە بۆتە ئامانجی بەشی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان، لە رۆژی 30ی ئەیلوولدا بە پێدانەوەی متمانەیەكی گەورە بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرجەستە دەبێت و دەردەكەوێت كە ئەو پارتەی رێبەرایەتیی ریفراندۆمی كرد، شایستەی ئەوەیە كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان متمانەی پێ بدات.
Top