ریفراندۆم دەستكەوتێكی گەورە و پرشنگدار لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا

ریفراندۆم دەستكەوتێكی گەورە و  پرشنگدار لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستاندا
هەروەك چۆن لە 24ی تەمووزی ساڵی 1967، شارل دیگۆل لەسەر بینایەی شارەوانی مۆنتریال لە كەنەدا و لە گوتارێكی مێژووییدا رایگەیاند: «سڵاو بۆ كیبیكی ئازاد»، هەمووی جیهانی هەژاند و بووە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی فەڕەنسییەكانی كیبیك لە كەنەدا، بەهەمان شێوە لە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2017یش كاتێك مسعود بارزانی لەبەرامبەر سەدان هەزار هاووڵاتی كوردستاندا رایگەیاند: «من خۆم شەرمەزاری گەل و نەتەوەی خۆم ناكەم و ریفراندۆم ئەنجام دەدەین.» بە جۆرێك سەرانسەری جیهانی هەژاند، كە گوتارەكەی شارل دیگۆل لە ساڵی 1967 بەوجۆرە جیهانی نەهەژاندبوو.
ئەوجا كە لە رۆژی 25ی ئەیلوولی ساڵی پار گەلی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە هەموو پێكەوە چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەڕێژەی 92.7% بە «بەڵێ» دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا، میدیاكانی جیهان بە جۆرێك سەریان لەم بڕیارە بوێرانەیەی سەرۆك مسعود بارزانی سوڕمابوو، كە نەیاندەزانی چ تایتڵێك بۆ ئەم كەرنەڤاڵە جەماوەرییەی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی دابنێن، هەر بۆ نموونە كەناڵی CNNی ئەمریكی كە هەمیشە بە ئەندامی شەشەمی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش پێناسەی بۆ كراوە، لە رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 لە شێوازی رووماڵكردنی بۆ پرۆسەی دەنگدانی خەڵكی كوردستان بە سەربەخۆیی، نووسیبووی: (كوردستان تەحەددای جیهان دەكات. Kurdistan defy the world)، لە یەك دوو رۆژی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەش دیسان كەناڵی CNN نووسیبووی: (دوای ئەوەی تەحەددای داعشیان كرد، كوردەكان لە هیچ شتێك ناترسن. After defying ISIS، ‹Kurds aren’t afraid of anything›).

لێرەوە ئەگەر رووی لێكچووی مسعود بارزانی و شارل دیگۆل بەراورد بكەین، ئەوا چۆن شارل دیگۆل بە رێبەری ئازادكردنەوەی فەرەنسا لە شەڕی دژی نازیەت دادەنرێت، ئەوا مسعود بارزانی جیا لەوەی بە رێبەری پاراستنی كوردستان لە شەڕی دژی داعش دادەنرێت، لە هەمانكاتدا ئەو پێشمەرگەیەش بوو كە توانی ئەفسانەی داعش بۆ تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتاڵ بكاتەوە و بە جیهانی راگەیاند، هێزێكی تیرۆریستی وەك داعش ئەو ئەفسانەیە نییە كە بتوانێت لە ئاستی قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆی رابگرێت، بەڵام خاڵی جیاوازیی نێوان دیگۆل و بارزانی زۆر گەورەترە لە خاڵی هاوبەشیان، ئەو جیاوازییەش ئەوەیە، دیگۆڵ كاتێك لە ساڵی 1967 گوتارە مێژووییەكەی بە ناونیشانی «سڵاو بۆ كیبیكی ئازاد» لە مۆنتریال خوێندەوە، نەك هەر فەڕەنسا لەژێر دەستی نازی رزگاری ببوو، بەڵكو كۆماری پێنجەمیشی راگەیاندبوو، فەڕەنسای لە پاشاگەردانی سیاسیی حزبەكانیش رزگار كردبوو، زیاد لەمانەش لە شەستەكانی سەدەی رابردوو كە شەڕی ساردی نێوان بلۆكی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لەوپەڕی گەرمیدا بوو، فەڕەنسا ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بوو، بەریتانیا و ئەمریكا و كەنەدا، نەیاندەتوانی دژی فەڕەنسای دیگۆل رابوەستن كە بە ئاسانی دەیتوانی پارسەنگی هێز لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا بۆ بەرژەوەندیی بلۆكی رۆژهەڵات بگۆڕێت، هەر بۆیە راستە گوتارەكەی دیگۆل (سڵاو لە كیبیكی ئازاد) تەحەددایەكی گەورە بوو بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵام بۆ پێگەی فەڕەنسا وەك دەوڵەتێكی سەقامگیر لە سەر ئاستی ناوخۆ و سوپەرپاوەر لەسەر ئاستی جیهان، تەحەددایەكی زۆر گەورە نەبووە، بەڵام كاتێك لە 24ی ئەیلوولی 2017 بارزانی رایگەیاند: «خۆم شەرمەزاری گەل و نەتەوەی خۆم ناكەم و ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوول ئەنجام دەدەین.» بارودۆخی سیاسیی كوردستان بەمجۆرە بوو:
1- كاتێك بارزانی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی دا. راستە شەڕی داعش لە رووی سەربازییەوە لە كوردستان كۆتایی هاتبوو، بەڵام شەڕی داعش لە ناوچەكە كۆتایی نەهاتبوو و، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی عێراق و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی، هەرەشەی ئەوەیان لە كوردستان دەكرد، كە دوای تەواوبوونی شەڕی داعش كوردستان داگیردەكەنەوە، هەر بۆیە بارزانی گەیشتبووە ئەو یەقینەی كە نییەتی حكومەتی شیعەی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و حزبوڵای لوبنانی لە بەرامبەر كوردستان پاك نییە و هەر هێرش دەكەنە سەر كوردستان.

2- كاتێك بارزانی بڕیاری دا ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، حكومەتی عێراق چەندین ساڵ بوو، بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیبوو، حكومەتی كوردستان لە ژێرباری قەیرانێكی گەورەی داراییدا بوو.
3- لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی كوردستان پاشاگەردانی سیاسی لەو پەڕیدابوو، حزبە سیاسییەكانی كوردستان زۆر خراپتر لە حزبە سیاسییەكانی كۆماری چوارەمی فەڕەنسا، حكومەتیان تووشی چەقبەستن كردبوو.
4- لە هەمووی گرنگتر بارزانی وەك دیگۆل سەرۆكی دەوڵەتێك نەبوو كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش بێت، بەڵكو بارزانی سەرۆكی هەرێمێك بوو لە ناو دەوڵەتێكی مەزهەبگەرا، كە بڕوایان بە دەستوورەكەی خۆشیان نەبوو.
ئەگەر ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرین و ئەوجا هەڵوەستەیەك لەسەر بڕیارە مێژوویی و بوێرانەكەی بارزانی بكەین و سەیری ئیرادەی خەڵكی كوردستان بكەین بۆ سەربەخۆیی، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ئەو بڕیارەی بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017 دای و گەلی كوردستان بە رێژەی 92.7% دەنگی بۆ سەربەخۆیی دا، ئەوا لە مێژووی 100 ساڵی رابردووی دوای شەڕی یەكەمی جیهانی، هیچ سەرۆكێك (بێجگە لە بارزانی) نەیتوانیوە بەو ئاستە تەحەددای هەموو جیهان بكات و بڕیاری لەو شێوەیە بدات.

ئەم بڕیارەی مسعود بارزانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو بەشەی كە پێی دەگوترێت «كوردستانی عێراق»، وەرچەرخانێكی گەورەی لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دروستكرد، ئەم وەرچەرخانە هاوشێوەی ئەو وەرچەرخانە گەورەیە بوو، كە مستەفا بارزانی لە ساڵی 1947 بە كاروانە مێژووییەكەی و بە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس دروستی كرد.
لێرەوە ئەگەر سەرنج لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بدەین، دوای پەڕینەوەی مستەفا بارزانی و هەڤاڵەكانی لە ئاوی ئاراس، دەبینین بە ئاشكراو بە راشكاوی ئامانجی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستاندا دیاری كرد، بەڵام بڕیارەكەی مسعود بارزانی بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئەیلوولی 2017، دوای حەفتا ساڵ هەمان ئامانجی مستەفا بارزانی كردە ئەمری واقیع بۆ هەموو جیهان و لەگەڵ ئەوەی حكومەتی عێراق دەیان سزای توندی خستە سەر كوردستان و لەگەڵ ئەوەی دەوڵەتانی دراوسێ هاوكاری و دەستخۆشییان لە هیزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی كرد بۆ داگیركردنەوەی بەشێكی زۆری خاكی كوردستان، بەڵام مسعود بارزانی نەك هەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەز نەبووەوە، بەڵكو بە هاوشێوەی مستەفا بارزانی بڕیاری دا، لەگەڵ ئەوەی ئێستاش هەر چیاكانمان دۆستمانە، بەڵام هەتا دوادڵۆپی خوێن بەرگری لە كوردستان دەكەین و لەو مافە رەوایەی خۆمان پاشگەز نابینەوە كە مافی هەر نەتەوەیەكی دیكەیە لەم جیهانە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات.

ئیرادەی ( بەڵێ بۆ سەربەخۆیی) و
هەستانەوە لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر

لە كاتی هەڵمەتەكانی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم، بارزانی ئەو راستییەی لە خەڵكی كوردستان نەشاردەوە كە ئەم پرۆسەیە بێ گوشاری حكومەتی عێراق و دەوڵەتانی دراوسیی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێپەڕ نابێت و دەبێت ئامادەبین كە بەرگەی ئەو گوشارانە بگرین كە لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم رووبەڕووی دەبینەوە، هەر بۆیە ئەگەر یەكگرتوو و یەك هەڵوێست بین، ئەوا سەرەنجام حكومەتی عێراق و دەوڵەتانی دەرودراوسێی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ناچار دەبن، رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن.
بەداخەوە ئەو یەكگرتوویی و یەكهەڵوێستییە لەدوای سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم نەك هەر دروست نەبوو، بەڵكو لەلایەن هەندێك كوردزمانەوە خیانەت لە كوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم كرا، ئەم خیانەتەش هەردوو لایەنی سەربازی و سیاسی لە خۆی گرتبوو، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە بنەڕەتەوە نەمێنێت و حكومەتی كوردستان بڕووخێنرێت. بەمجۆرە:
1- لایەنە سەربازییەكەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن گرووپێكی دەسەڵاتداری ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئەنجامدرا، ئەم گرووپە پێش لەشكرییان بۆ هێزەكانی داگیركار كرد و كەركووكیان بەبێ شەڕ تەسلیم كردنەوە و بەمەش یەكڕیزی و یەكسەنگەری هێزی پێشمەرگە تێكچوو، كە بەهۆیەوە هێزەكانی داگیركەر توانییان 51 %ی خاكی كوردستان داگیر بكەنەوە.
2- لایەنە سیاسییەكەی ئەم خیانەتە لەلایەن چەند حزبێكەوە وەك (كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، باڵێكی یەكێتی، هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری) پشتگیری لێكرا و بە ئاشكرا رایانگەیاند كە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە و حكومەتی ئینقازی وەتەنی دابمەزرێت، بەداخەوە لە كۆتاییدا یەكگرتووی ئیسلامی-یش لەژێر گوشاردا ئەویش لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كشایەوەو پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەنیا شانی دایە بەر و هەموو بەرپرسیاریەتییەك و هەم هەرێمی كوردستانی پاراست، هەمیش نەیهێشت خەونی داگیركەران و ناحەزان بێتەدی و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبوەشێتەوە.
خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا لەسەر ئاستی سەربازی بێشەرمی دروست نەكرد، بە مانایەكی دیكە تەنیا ئەو تاقمەی ناو یەكێتی نەبوون كە بێشەرمانە بەرگرییان لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەكرد، بەڵكو دوای ئەنجامدانی ئەم خیانەتە سەربازییە، بێ شەرمیی سیاسی و بێ شەرمیی ئیعلامیش دروست بوو، هەموو ئەم بێشەرمییانەش لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان پیادە دەكران و بەوجۆرە خەونیان دەبینی كە پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتایی هاتووە و ناتوانێت ئەم خیانەتە تێپەڕێنێت. لێرەدا ئەگەر وەك نموونە هەندێك لەو بێشەرمییانە بەبیر بهێنینەوە كە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بە تەنیا رووبەڕووی پارتی دیموكراتی كوردستان بووەوە، ئەوا دەكرێت دیمانەكان بەمجۆرە بخەینەڕوو: لە رۆژانی 16-20ی ئۆكتۆبەری 2017، خیانەتی سەربازیی 16ی ئۆكتۆبەر بارودۆخێكی دروست كردبوو كە پەرتەوازەییەكی لە رادەبەدەری لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان دروست كردبوو، هێڵی پێشتری بەرگریی پێشمەرگە شكابوو، هێشتا پێشمەرگە هیچ هێڵێكی بەرگری نەبوو، لەبەرامبەردا هێزی داگیركەری عێراق و حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی كە ئەو هەموو چەكە ئەمریكی و رۆژئاواییەیان بەدەستەوە بوو، كە بۆ شەڕی داعش ناردبوویان بۆ عێراق، بەمەش بە جۆرێك غروور ببووبن، كە دەیانویست هەموو هەرێمی كوردستان داگیر بكەنەوە و شتێك بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە نەمێنێت، بۆیە هێزی داگیركەر هەموو هەوڵی خۆی خستبووەگەڕ بۆ ئەوەی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك داگیر بكاتەوە، بەهەرحاڵ دوژمن چەند دڕندە بێت، شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی نائاسایی بوو، ئەوە بوو كە بەشێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستان و كەناڵە ئاسمانییەكانیان، لە بەرەی هێزەكانی دوژمنەوە رووماڵی شەڕەكەیان دەكرد و موژدەی شكانی هێزی پێشمەرگە و چۆڵكردنی هەولێریان بە خەڵكی كوردستان دەدا، تەنانەت هێندە خۆیان سووك كردبوو، لە كاتی رووماڵكردنی شەڕی پردێ لە دیوی حەشد شەعبییەوە لەلایەن كەناڵەكانی (گەلی كوردستان، كوردسات، كەی ئێن ئێن، ئێن ئار تی)، بەرپرسی راگەیاندنی حەشدی شەعبی بە جۆرێك قسەی لەگەڵ دەكردن و پێی دەگوتن، ئێوە لەگەڵ ئێمەن و دەبێت وەك ئیعلامی حەشدی شەعبی رووماڵی شەڕەكە بكەن، كەچی ئەو كەناڵانە بە ئاستێك زەلیل ببوون، بەرگرییان لە خۆیان دەكرد، كە بۆ بەرژەوەندیی حەشدی شەعبی و دژی هێزی پێشمەرگە كاری خۆیان كردووە و دەبێت حەشدی شەعبی رێز لە كارەكەیان بگرێت، بەڵام حەشدی شەعبی بەوەش رازی نەبوو و هەموویانی زەلیل و ریسوا كرد.

لە دوای خیانەتی 16ی ئوكتۆبەر، ئەو گرووپەی پاشەكشەی بە هێزی پێشمەرگە كردبوو، هاوشانی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی پرێس كۆنفرانسی گرێدەدا و رایدەگەیاند، كە ئەوان بۆیە بەرگرییان نەكردووە، لەبەر ئەوەی هیچ هێزێك نییە بتوانێت لەگەڵ ئەو چەكە مودێرنانە بەرگری بكات كە بەدەستی حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراقەوەیە، بەڵام هەر یەك دوو رۆژ دوای ئەو خیانەتە گەورەیە كاتێك هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە پردێ و سحێلا و مەحمودیە و تەلسقۆف بەرامبەر هێزەكانی دوژمن راوستاوە، هێزەكانی دوژمن دەیان تانك و دەبابە و هامەر و هامفییان بە تیكشكێنراوی بەجێهێشت، كە لە ناویاندا دەبابەی ئەمرازی ئەمریكی تێدا بوو، ئەو راستییەش دەركەوت كە خیانەتكاران چەند بێ ورە و بێ ئیرادەن و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش چۆن توانی ئەو چەكە مۆدێرنانە بە چەكی سادە و تەقلیدی تێكبشكێنن.

هەستانەوەی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر چەندین وانەی بەسوودی فێركردین، یەك لەو وانانەی فێری كردین ئەوە بوو كە دەبێت بە هەر نرخێك بێت، كۆتایی بە پاشاگەردانی و فەوزای سیاسی بهێنرێت و پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا بە شێوەیەك رێكبخرێتەوە كە نەتوانرێت جارێكی دی كارەساتێكی دیكەی هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجام بدرێتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەستانەوەی دوای شكستی 16ی ئۆكتۆبەری خستە سەرشانی خۆی و لە بەرپرسیاریەتی هەڵنەهات، ئامانجیەتی راستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بونیادنانەوەی كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانیی باش لەمیانەی پرۆسەی هەڵبژاردن و لە رێگەی سندوقی هەڵبژاردنەوە لەئەستۆ بگرێتەوە، بۆ ئەمەش پێویستە لەم هەڵبژاردنەی كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، خەڵكی كوردستان متمانەیەكی ئەوتۆ بە پارتی بدەن كە بتوانێت ئەم ئامانجانە بێنتەدی، ئەم ئامانجەی پارتییش كە بۆتە ئامانجی بەشی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان، لە رۆژی 30ی ئەیلوولدا بە پێدانەوەی متمانەیەكی گەورە بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەرجەستە دەبێت و دەردەكەوێت كە ئەو پارتەی رێبەرایەتیی ریفراندۆمی كرد، شایستەی ئەوەیە كە زۆرینەی خەڵكی كوردستان متمانەی پێ بدات.
Top