پارتی پشت ئەستورە بە ئاستی بەرزی بەشداریی هاووڵاتیان حزبەكانی دیكە لە ئاستی نزمی بەشداریی لایەنگرانیان دەترسن
September 19, 2018
راپۆرتەکان
كێشەی سەرەكیی حزبە سیاسییەكان (بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان) لەلایەك رێژەی نزمیی بەشداریی هاووڵاتییانە، بەتایبەتی لەو زۆنەی كە پاشاگەردانیی حزبەكان جۆرێك لە بێ متمانەیی لە نێوان هاووڵاتیان و ئەو حزبانە دروست كردووە، لەلایەكی دیكە ئاستی بەرزیی رێژەی بەشداریی هاووڵاتیانە لەو پارێزگایانەی كە زۆربەی زۆری دەنگەكانی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەچێت، لەم حاڵەتەشدا كە كوردستان بریتییە لە یەك بازنەی هەڵبژاردن، ئەوا بە حیسابی ئەو حزبە سیاسییانەی خۆیان بە نەیاری پارتی دەزانن، نزیكەی نیوەی دەنگەكان بۆ پارتی دەڕوات و حزبەكانی دیكەش بە هەموویان دەبنە خاوەنی نیوەكەی دیكە.
پرسیاری دیكەی گرنگ ئەوەیە، ئایا ئەو مەزندەیەی حزبەكانی نەیاری پارتی دەیكەن، دەچێتە خانەی پڕوپاگەندەی سیاسی بۆ خۆدزینەوە لە هەڵبژاردن، یان تا رادەیەكی زۆر راستیشی لە خۆیدا حەشارداوە؟ بێگومان وەڵامی راستگۆیانە بۆ ئەم پرسیارە ئەوەیە: ترسی ئەو حزبانە لە هەڵكشانی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە نەتوانن راستییەكان بشارنەوە، بۆیە دەكرێت بڵێین، ئەوەی حزبەكانی نەیاری پارتی لەسەر ئاستی بەرزی بەشداریی دەنگدەری پارتی و ئاستی نزمی بەشداریی حزبەكانی دیكە دەیڵێن، بە رێژەیەكی زۆر بەرز راستە، زیاد لەمەش پارتی دیموكراتی كوردستان كاری جددی لەسەر ئەوە دەكات كە رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی بە ئاستێك بەرز بكاتەوە، كە هەموو دەنگدەرێكی پارتی لەسەر سندوقی دەنگدان ئامادە بێت و ئەم كارەش بۆ پارتی نەك هەر كارێكی قورس نییە، بەڵكو كارێكی ئاسانە، هۆكاری ئەم ئاسانییەش ئەوەیە كە ئاستی متمانە لە نێوان پارتی و دەنگدەرەكانی لەوپەڕی بەرزیدایە و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە پارتی بەڵێنی بریقەدار بە هیچ لایەنێك نادات و ئەوەی بیڵێت، وەك خۆی جێبەجێی دەكات، هەروەك چۆن بەڵێنی دا بەرگری لە شكۆی هەرێمی كوردستان و مانەوەی بكات، بە خوێنی ئاڵی پێشمەرگەكانی ئەو بەڵێنەی جێبەجێ كرد و نەیهێشت كوردستان داگیر بكرێتەوە.
بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەر بپرسین: ئایا حزبەكانی دیكە دەتوانن ئاستی نزمی بەشداریی دەنگدەرانیان بەرز بكەنەوە؟ دیارە باشترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە ترسی ئەو حزبانەیە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەمەش زیاتر، ئەو پاشاگەردانییەی ئەو حزبانە لە زۆنی هەمەڕەنگ دروستیان كردووە، نەك هەر ناتوانن متمانە لەنێوان خۆیان و دەنگدەرەكانیان دروست بكەنەوە، بەڵكو ئەو پاشاگەردانییە بۆتە هۆكاری ئەوەی رۆژانە ئەو حزبانە خۆیان پەرت ببن و نەتوانن یەكڕیزیی حزبەكەی خۆشیان بپارێزن.
ئێستا كە بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز هەنگاو هەڵدەگرین، ئاستی بەرزی بەشداریی دەنگدەرانی پارتی، بەدیهێنانی ئەو ئامانجەیە كە پارتی لە بەرنامەكەیدا ئاماژەی پێكردووە و ئاستی نزمی بەشداریی دەنگدەرانی حزبەكانی دیكەش دیسان ئاماژەیەكی موژدەبەخشە كە خەڵكی كوردستان هیوا دەخوازێت پاشاگەردانیی سیاسی و ئیرهابی فیكری بۆ هەتاهەتایە كۆتایی بێت.