لیستی 183 براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان دەبێت بەڵام پێویستی بە سەركەوتنێكی گەورەتر هەیە
September 16, 2018
راپۆرتەکان
كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر لەگەڵ ئەوەی گورزێكی گورچگبڕی لە تەواوی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستانداو بە هۆیەوە تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە كەركووكی دڵی كوردستانیشەوە تەسلیم بە حكومەتی بەغدا كرانەوە و دووبارە داگیركرانەوە، بەڵام وانەیەكی بەسوودیش بوو، كە ئەو راستییەی پێ گوتین، ئەگەر جلەوگیری سیاسەت بكرێت و رێگەنەدرێت پاشاگەردانیی سیاسی كاریگەری لەسەر رەوتی پرۆسە سیاسییەكە هەبێت و پرۆسە سیاسییەكە لە دەستێكی ئەمیندا بێت، ئەوا كێشەكانی كوردستان چەند قورسیش بن، بەڵام چارەسەریان مەحاڵ نابێت و رێگەچارەیان بۆ دەدۆزرێتەوە.
كەواتە ئەگەر هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ كۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستان تەنیا بریتی بێت لە سواڵی دەنگ و بەدەستهێنانی چەند كورسییەك لە پەرلەمانی كوردستاندا، ئەوا بۆ كۆی هەوادار و لایەنگران و كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان مانایەكی تایبەتتری هەیە، ئەو مانایەش ئەوەیە كە دەبێت ئەمجارە پارتی بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان سەرەتایەكی تازە بۆ حوكمڕانیی باش و بونیادنانەوەی كوردستانێكی بەهێز بێنێتە دی. ئەم ئامانجە گرنگ و پیرۆزەش، وەك سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا ئاماژەی پێكردووە، بەوە نایەتەدی كە هەوادار و لایەنگران و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمیانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا خۆیان بە وەڵامدانەوەی لایەنە سیاسییەكانی دیكە، یان وەڵامدانەوەی بوختان و تەشهیرەكانیان سەرقاڵ بكەن، بەڵكو ئەم ئامانجە بەوە دێتەدی كە تێكڕای ئەندامان و هەوادارانی پارتی سەرقاڵی ئەوە بن كە ئاستی بەشداریی هاووڵاتیان بۆ دەنگدان بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاستێكی زۆر بەرزدا بێت و بە ئاستی بەرزی بەشداریكردن لە دەنگداندا كۆتایی بە پاشاگەردانیی سیاسی و ئیرهابی فیكری بهێنن.
ئاستی بەرزی بەشداریی ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی ئاداری رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، تا رادەیەكی زۆر ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی لاواز كردووە كە پێشتر دەیانویست بە رێگەی ئیرهابی فیكری، سواڵی دەنگ بكەن و دەنگ بۆ خۆیان كۆبكەنەوە، بۆیە سەركەوتنی لیستی پارتی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا، كاری ئەندام و لایەنگرانی پارتییان ئاسانتر كردووە، بۆ ئەوەی بەشی زۆر خەڵكی كوردستان راشكاوانەتر لە پەیامی پارتی تێبگەن و، دەنگ بە لیستی 183 بدەن كە ئامانجی كۆتاییهێنانە بە ناسەقامگیریی سیاسی و هەنگاوهەڵگرتنە بۆ ئاوادەنی و خۆشگوزەرانیی زیاتری خەڵكی كوردستان.
خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لەو ژینگە سیاسییە ناسەقامگیرە، بێزار و تووڕەیە كە ئیرهابی فیكریی هەندێك حزبی سیاسی دروستی كردووە، خەڵكی كوردستان لەو ژینگە سیاسییە تووڕەیە كە كارەساتی شوومی 16ی ئۆكتۆبەر هێناویەتە ئاراوە كە جارێكی دی تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی خستەوە ژێر دەستی داگیركاریی هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە بەرامبەردا خەڵكی كوردستان بە خۆڕاگری و لۆژیكی سیاسەتی پارتی گەشبینن كە توانیویەتی لە ماوەی چەند مانگێكی دوای كارەساتی شوومی 16ی ئۆكتۆبەر، جارێكی دیكە شكۆ بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنێتەوە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا جارێكی دی خەڵك و پارتی لە بازنەیەكدا پێكەوە كۆبوونەتەوە، ئەویش بازنەی شكۆی كوردستان و كۆتاییهێنانە بە نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان.
ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن هیوا و ئومێدە بۆ ئەندام و لایەنگرانی، بەهەمان شێوە بۆتە هیوا و ئومێد بۆ هەموو ئەو خەڵكانەی دیكەی كوردستانیش كە نەكەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ئیرهابی فیكریی ئەو حزبە سیاسییانە، ئەمە وایكردووە بازنەی دەنگدان بە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر فراوانتر بێت، لە بازنەی هەموو حزبە سیاسییەكانی دیكە و، هەموو حزبەكانی كوردستانیش لەم راستییە باش تێگەیشتوون كە خەڵكی كوردستان ئەمجارە زۆرترین متمانەی خۆیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن، هەر بۆیە كە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خۆیان دەكەن، موژدەی ئەوە بە هەوادارانیان دەدەن كە دوای پارتی، لە پلەی دووەم و سێیەمەوە دێن.