دەنگ دەدەین بە لیستی 183 ئاستی بەرزی بەشداریی دەنگدەران زامنی جێبەجێكردنی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە

دەنگ دەدەین بە لیستی 183 ئاستی بەرزی بەشداریی دەنگدەران  زامنی جێبەجێكردنی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانە
سەرۆك بارزانی بە بۆنەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكی كورتدا لە هەولێرەوە رایگەیاند: «بیریان بهێننەوە، كێ بوو لە ئاداری ساڵی 1991 داوای هەڵبژاردنی كرد». ئەم پەیامەی بارزانی بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەو وتارەی بوو كە لە ساڵی 1991 لە شاری كۆیەی حاجی قادرەوە ئاراستەی گەلی كوردستانی كرد، كە تیایدا داوای كرد لە كوردستان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بەرەی كوردستانی، بدرێتەوە بە گەلی كوردستان و لە رێگەی سندوقەكانی دەنگدانەوە گەلی كوردستان دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان دابمەزرێنێت، ئەم گەڕانەوەیەش ئاماژەیەكی گرنگ بوو، بۆ بایەخ و گرنگیی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان و راشكاوانە بە گەلی كوردستان دەڵێت: هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان بە هاوتای هەڵبژاردنەكانی ئایاری 1992 بۆ دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگە.
بارزانی لە ساڵی 1991و دوای ئەوەی بەرەی كوردستانی بە پێشنیارەكەی رازی بوون، بەردەوام جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە، ئەگەر ئەو هەڵبژاردنە سەركەوتوو بێت، تێكڕای گەلی كوردستان سەردەكەوێت و، گەلی كوردستان بۆ یەكەمین جار لە مێژووی خۆیدا دەبێتە خاوەنی پەرلەمان و حكومەتێك كە شەرعییەتی لە گەلی كوردستانەوە وەردەگرێت، بەمەش پێ دەنێتە قۆناخێكی دیكەی مێژووییەوە كە ئەویش بونیادنانی حوكمڕانیی كوردستانە و بۆ دۆست و دوژمن ئاشكرا دەبێت كە گەلی كوردستان نەك هەر دەتوانێت بە سەركەوتوویی حوكمڕانیی خۆی بكات، بەڵكو دەتوانێت نموونەیەكی جوانی حوكمڕانیش پێشكەشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات.
كەواتە ئەگەر سەرنج بدەین، پەیامی بارزانی لە ساڵی 1991 ئەوەی بە گەلی كوردستان راگەیاند كە دەبێت لە سفرەوە گەلی كوردستان هەنگاو بەرەو دامەزراندنی دەوڵەتی قانوون هەڵبگرێت. بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە بۆچی بارزانی لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا، بە هەمان شێوە پەیامی ساڵی 1991ی دووپات كردەوە؟

ئاشكرایە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە گەڕانەوەیەكی جددی بۆ رووداوەكانی ساڵی پار (2017) و كارەساتە شوومەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەیە، كە بە هۆی ئەم رووداوەوە كوردستان كەوتە بەر هەڕەشەی مەترسیی لەناوچوون و سڕینەوە و تێكڕای حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش لە بەرپرسیاریەتی ئەو قۆناخە هەستیارە هەڵاتن و پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەنیا شانی دایە بەر بەرپرسیاریەتی و بەرگری كرد و نەیهێشت هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی داگیربكرێتەوە. لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی كوردستانیش، دیسان تێكڕای حزبە سیاسییەكان بە كردەیی لە حكومەت كشانەوە، تەنانەت یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی لەناو حكومەت مابوونەوە، بەڵام پشتگیریی تەواوی حزبەكەیان (یەكێتی نیشتمانی كوردستان)یان لەگەڵدا نەبوو.
لەسەر ئاستی بەرەنگاربوونەوەی قارەمانانە بۆ بەرگری لە هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان داستانەكانی پردێ و سحێلا و تەلسقۆف و مەحموودیەی بە خوێنی گەشی پێشمەرگە قارەمانەكان تۆمار كرد. لەسەر ئاستی رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش، دەرگای وتووێژی واڵا كردو تكای لە حزبەكانی كوردستان كرد، كە لەم قۆناخە ناسكەدا لە حكومەت نەكشێنەوە و هەموو پێكەوە شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریەتییە لەم قۆناخە مێژووییە هەستیارەدا، بەڵام بەداخەوە حزبەكان بەو جۆرە بیریان دەكردەوە كە هەموو شتێك كۆتایی هاتووە و نایانەوێت ببنە بەشێك لەو شكستە، لەمەش زیاتر هەر لە مانگی یەكەمی ساڵی 2018وە، وەك خۆئامادەكردنێك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، كەوتنە دەستپێكردنی هەڵمەتێكی تەشهیری بە زمانی زبر لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی كوردستان و هەموو ئەو دەستكەوتانەی لە ماوەی 25 ساڵی رابردوو بەدەست هاتبوون، بۆ ئەمەش بە حیسابی خەیاڵپڵاوی خۆیان وایان دانابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا تێكدەشكێت و خۆیان دەبنە نوێنەر و دەمڕاستی خەڵكی كوردستان، بەڵام سوپاس بۆ خواو ئیرادەی خۆراگری خەڵكی كوردستان، ئەمجارەیان زیاتر متمانەیان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دایەوە، هەروەها پارتی جیا لەوەی لە كوردستاندا زۆرترین رێژەی كورسییەكانی كوردستانی بۆ پەرلەمانی عێراق بەدەستهێنا، لەسەر ئاستی هەموو عێراقیش، پارتی تەنیا حزبی سیاسی بوو كە توانی بە تەنیا 25 كورسی پەرلەمانی لەسەر ئاستی هەموو عێراق بەدەست بهێنێت.

ئەم واقیعە ئەوەمان پێدەڵێت: لە قۆناخی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا رووبەڕووی جۆرێك لە پاشاگەردانی بۆتەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق داوای كرد كە هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام بدرێت و بە رێگەی هەڵبژاردن ئەو پرۆسە سیاسییە رێكبخرێتەوە، بەڵام حزبە سیاسیەكان داوایان كرد كە بۆ ماوەی 8 مانگ ئەم پرۆسەیە دوابخرێت، دوای ئەوەی ئەم هەشت مانگەش بەرەو تەواو بوون دەچوو، كە كۆمسێونی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەموو پێداویستییەكانی بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول ئامادە كردبوو، جارێكی دیكە بەشێك لە حزبەكانی كوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر داوایان دەكرد كە هەڵبژاردنەكە دوابخرێت، بەڵام پێداگریی پارتی دیموكراتی كوردستان وایكرد كە لە رۆژی 11ی ئەیلوول هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوول بە فەرمی دەست پێبكات.
ئەوجا ئەگەر لێرەوە بەراوردێك لە نێوان كوردستانی دوای راپەڕینی 1991 و كوردستانی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بكەین، دەببینین تەنیا لەیەك رووەوە نەبێت، كە ئەویش بریتییە لەوەی ئێستاش وەك ساڵی 1991 پێویستمان بە دووبارە دامەزراندنەوەی پەرلەمان و حكومەتێكی بەهێزە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانیی یاسا هەڵبگرین، ئەگەرنا كوردستانی دوای راپەڕین جیاوازییەكی گەورەی لەگەڵ كوردستانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر هەیە و دەكرێت بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێبكەین:
1- كوردستان لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 گەورەترین سەركەوتنی بەدەست هێنابوو، كە بۆ یەكەمین جار بوو لە مێژوودا رەگ و ریشەی دەسەڵاتی داگیركاری راماڵیبوو.
2- لە كوردستانی دوای راپەڕین، گەلی كوردستان یەكڕیز و یەكگرتوو بوو، بەڵام ئەم یەكڕیزی و یەكگرتووییە پێویستی بەوە بوو، لە سەركەوتنی راپەڕینە مەزنەكەوە هەنگاو بۆ سەركەوتنێكی دیكە هەڵبگرێت، ئەویش دامەزراندنی دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستان بوو بە رێگەی سندوقەكانی دەنگدان.
3- بەڵام لەكوردستانی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كوردستان لەناو كارەسات و شكستێكی گەورەدا هەنگاو هەنگاو بەرەو بەخۆداهاتنەوەو هەستانەوە سەرپێ، هەنگاو هەڵدەگرێت و هێشتا بەتەواوەتی برینەكانی سارێژ نەبۆتەوە.
4- لەكوردستانی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، پاشاگەردانیی سیاسی گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە مێزی دانوستاندن ناتوانێت حزبە سیاسییەكان كۆبكاتەوە، پرۆسەی سیاسی بە بنبەست گەیشتووە و هەندێك لایەنی سیاسی بە ئاشكرا هەندێك لایەنی دیكەی سیاسی رەتدەكەنەوەو نایانەوێت دیالۆگ و دانوستاندنیان لەگەڵ بكەن، بۆیە هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستان هەنگاو هەڵگرتنە بۆ كۆتایهینان بە شكست و نەهەماتی و بۆ بونیادنانەوەی كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانییەكی باشە، ئەوجا بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتییەكانی خەڵكی كوردستان بهێنرێت و جارێكی دیكە كوردستان بەرەو ئاوەدانی و بونیادنانەوە هەنگاوەكانی دەستپێبكاتەوە، ئەوا دەبێت لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتنی زۆر گەورە بەدەست بهێنێت.
هەر بۆیە ئەگەر بە وردی سەرنج لە پەیام و پڕۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان بدەین، دەبینین هێندەی پەیام و پڕۆگرامەكەی ئومێد و خۆزگەیە بۆ خۆشگوزەرانی و كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان و كۆتاییهێنان بە پاشاگەردانیی سیاسی و پاراستی یەكپارچەیی خاك و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، هێندەی بانگەشەی حزبی بۆ بەدەستهێنانی ژمارەیەك كورسی لە پەرلەمان نییە.
Top