شۆڕشی ئەیلوول لە نێوان خەباتی چەكداری و ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكاندا

شۆڕشی ئەیلوول لە نێوان خەباتی چەكداری و ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكاندا
گەورەیی شۆڕشی ئەیلوول ئەوەیە، ئەم شۆڕشە چوارچێوەیەكی بۆ ئامانجە سیاسیەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان دروستكرد، بۆیە وێڕای ئەوەی ئەم شۆڕشە لە چوارچێوەی پیلانێكی نێودەوڵەتی نسكۆی بەسەردا هات و، دوای ئەویش شێوازی خەباتی چەكداریی شاخ گۆڕانكاری بەسەردا هات و، چەند ناوێكی دیكە لە بری شۆڕشی ئەیلوول بۆ خەباتی چەكداری دوای ساڵی 1975 داتاشران، وەك (شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز و شۆڕشی نوێ و شۆڕشی عێراق و.. هتد)، بەڵام ناوەڕۆكی داواكاری لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو بەرەی نیشتمانیی دیموكراتی (بەرەی جود)، هەروەها بەرەی نیشتمانی دیموكراتی عێراقی (جوقد) و هەروەها دواتریش بە هەموو لایەنە سیاسییەكانی ناو (بەرەی كوردستانی) نەیانتوانیوە لەچوارچێوەی ئەو ئامانجە سیاسییە نیشتمانییانە بێنە دەرەوە كە شۆڕشی ئەیلوول بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی دروستی كردبوو.

لە ماوەی ساڵانی 1976- 1986، حكومەتی بەعس هەوڵی لەگەڵ بەشی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دابوو، بەتایبەتیش (یەكێتی نیشتمانی كوردستان، سۆشیالیست، پارتی دیموكراتی كوردستان) بۆ ئەوەی لە دەرەوەی رێككەوتنامەی ئاداری ساڵی 1970 وتووێژ دەست پێ بكەنەوە، یان لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە ئۆتۆنۆمییە وتووێژ بكەن كە ساڵی 1974 یەكلایەنە حكومەتی بەعس رایگەیاند، بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسیی كوردستانی نەیتوانی لە دەرەوەی رێككەوتننامەی ئادار وتووێژ لەگەڵ حكومەتی بەعس بكات، تەنانەت لە ساڵانی 1983-1984 یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لەگەڵ حكومەتی بەعس وتووێژی دەست پێ كرد، ئەگەر سەیری بەرنامە و داواكارییەكانی یەكێتی لەو ساڵانە بكەین، دەبینین لە ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكاندا كۆپییەكی رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970 بووە، لە دوای راپەڕین و كۆڕەویش ساڵی 1991 كە شاندی بەرەی كوردستانی دووبارە لەگەڵ حكومەتی بەعس دەستی كردەوە بە گفتوگۆ، دیسان بەرنامەی بەرەی كوردستانی كۆپییەكی رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970 بوو، لە دوای ساڵی 2003یش كە كورد بووەوە بە بەشێكی سەرەكی لە نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005ی عێراق، ئەوا ئەگەر سەیری هەموو ئەو ماددە دەستوورییانە بكەین، كە پەیوەندی بە مافە سیاسییە نیشتمانییەكانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەوا جیا لە گۆڕینی ناوی ئۆتۆنۆمی بۆ فیدڕاڵی، دەبینین تەواوی ئەو ماددە دەستوورییانە داوای دەكەین، ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكانمان گەرەنتی بكات، كۆپییەكی تەواوی بڕگەكانی رێككەوتننامەی ئاداری ساڵی 1970ی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە.
ئەوجا ئەگەر سەیری شێوازی وتووێژی لایەنە كوردستانییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بكەین لە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا، دەبینین بۆ ئەوانیش بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندی ئەو بەشانەشەوە، دەبینین رێككەوتنی ئاداری 1970 نەخشەی رێگەیە بۆ داواكارییەكانیان لەگەڵ حكومەتە جیاوازەكانی خۆیاندا.
هەر بۆیە ئەگەر لەم روانگەیەوە سەیری ئامانجە سیاسییە نیشتمانییەكان لەناو رێككەوتنی ئاداردا بكەین، دەبینین، ئەم رێككەوتنە، رێككەوتن نییە بۆ دابینكردنی مافی ئۆتۆنۆمی (حوكمی زاتی) بۆ گەلێك، یان نەتەوەیەك، هەروەها ئەمە رێككەوتنێك نییە بۆ ئەوەی حكومەتی ناوەندی چەند مافێك بە نەتەوەیەك، یان گەلێك بدات، بەڵكو ناوەڕۆكی رێككەوتنی ئاداری 1970 پڕۆژەیەكی هاوبەشی نێوان شۆڕشی كوردستان و حكومەتی دەسەڵاتداری عێراقە، بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنە نیشتمانێكی هاوبەش بۆ دوو نەتەوەی سەرەكی كە ( كوردو عەرەبە) سەرلەنوێ بونیاد بنرێتەوە. رێككەوتنی ئاداری ساڵی 1970، پڕۆژەیەكە كە سنووری جوگرافی و مێژوویی كوردستان دیاری دەكات، ئەم بڕگەیە بە دەق بڕگەی ( 58)ی یاسای كاتی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقە لەماوەی ساڵی 2004-2005و بە دەق ماددەی 140ی دەستووری عێراقە كە دەبوو لە كۆتایی ساڵی 2007 جێبەجێ بكرایە.
بێگومان رێككەوتنی ئادار تەنیا رێككەوتنی نێوان سەركردایەتیی شۆڕش و حزبی بەعس نییە، بەڵكو بەرهەمی هەموو ئەو رێككەوتن و دانوستاندنانەیە كە شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵانی 1964 – 1970 لەگەڵ حكومەتە جیاوازەكانی عێراق كردوویەتی، بۆیە ئەگەر لەماوەی ئەو شەش ساڵەی پێش ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە، حكومەتەكانی عێراق هەنگاوێكی بچووكیشیان بەرامبەر كوردستان هەڵگرتبێت، ئەوانەش هەمووی بەرهەمی ئەو دانوستاندن و وتووێژانە بوون، كە بەردەوام لەنێوان سەركردایەتیی شۆڕش و حكومەتە جیاوازەكان هەبوون، هەر بۆ نموونە: دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە داواكارییەكانی دانوستاندنی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ حكومەتەكانی عێراقدا، هەروەها كردنی دهۆك بە لیوا، داواكارییەكی دیكەی دانوستاندنەكانی شۆڕشی ئەیلوولە، لەمەش زیاتر بایەخدان بە مێژوو و زمان و كەلتوورە جیاوازەكانی كوردستان و زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوەیی نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوولەو لە رێككەوتنی ئاداری ساڵی 1970دا بە دیكۆمێنت كراوە.

سەبارەت بە خەباتكردن بۆ ئاشتیی كۆمەڵایەتی و بایەخدان بە ناوی كوردی بۆ ئەو منداڵانەی لەدوای دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول لەدایكبوون، دەبینین لە قۆناخی پێش دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوولدا، بەشی هەرە زۆری ناوەكانی خەڵكی كوردستان كوردی، یان كوردستانی نین، بەڵام لەگەڵ لەگەڵ دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلوول دەبینین نەك هەر نەتەوەی كورد ناوی كۆرپەكانی بەناوی كوردی، یان كوردستانی ناو ناوە، دەبینین نەتەوەكانی دیكەش كۆرپەكانیان بە ناوی كوردستانی ناوناوە.
هەر بۆیە ئەگەر زیاتر هەڵكۆڵین لە بڕگەكانی رێككەوتنی ئاداری ساڵی 1970 بكەین، دەبینین پڕۆژەیەكە دوو ئاراستەی (كوردستانی و عێراقی) هەیە، سەبارەت بە ئاراستە كوردستانییەكەی دەبینین:
1- رێككەوتنی ئادار پڕۆژەیەكە بۆ هۆشیاری نەتەوەیی و دابینكردنی مافی نەتەوەیی، بەڵام بەتەنیا هۆشیاری و مافەكانی نەتەوەی كورد نا، بەڵكو هۆشیاری نەتەوەیی و دابینكردنی ماف بۆ كۆی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، بۆیە دەكرێت ئەمە ناوبنێین: دووبارە بونیادنانەوەی گەلی كوردستان، یان ئەو پڕۆژەیەی كە پێی دەڵێن: (بونیادنانەوەی نەتەوە) لە زانستی دەوڵەتسازیدا.
2- رێككەوتنی ئادار پڕۆژەیەو چوارچێوەیەكە بۆ پێناسەكردنەوەی بەشێك لە نیشتمانێكی گەورە، ئەویش ئەو بەشەیە كە (كوردستانە لەچوارچێوەی عێراقدا)، هەر بۆیە ئەگەر بە وردی لەسەر بندێڕەكانی بڕگەكانی رێككەوتنی ئادار هەڵوەستە بكەین، كە پێداگیری لەسەر سنووری جوگرافی و مێژوویی كوردستان دەكات، ئەوا بەدەق ئەوەمان پێدەڵێت: (ئەم بەشەی كوردستان نیشتمانێكی جیاوازە لەناو دەوڵەتی عێراقدا).
3- لە چوارچێوەی بڕگەكانی رێككەوتنی ئاداردا، زمانی كوردی هاوشانی زمانی عەرەبی زمانی فەرمییەو لە كوردستانیشدا زمانە جیاوازەكانی دیكە وەك توركمانی و سریانی زمانی فەرمیی ئەو نەتەوانەیە و بە زمانی خۆیان دەخوێنن، ئەگەر لێرەدا گریمانەی ئەوە بكەین كە رێككەوتنی ئاداری 1970 وەك ئەوەی لەنێوان سەركردایەتیی شۆڕشی ئەیلوول و حكومەتی بەعس ئیمزا كرا لە ماوەی ساڵانی 1970 – 1974 هەمووی جێبەجێ بكرایە، ئایا ئەو رێككەوتنە بۆ كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا هاوشێوەی كیوبیك نەدەبوو لە چوارچێوەی دەوڵەتی كەنەدادا؟
4- لە چوارچێوەی رێككەوتنی شۆڕشی ئەیلوولدا، بەوجۆرە پرسی پێشمەرگە چارەسەر كرابوو كە لە ژێر ناوی (پاسەوانی سنوور) هێزی پێشمەرگە وەك سوپای كوردستان بە هەموو پێكهاتە سەربازییەكانیەوە مابوونەوە، ئەم بڕگەیە دەقاودەق ئەو ماددە دەستوورییەیە كە پێشمەرگەی كردۆتە (پاسەوانی هەرێم) و مسعود بارزانی بەتەنیا داكۆكی لەسەر دەكات و هێندەی سەربەخۆیی كوردستان پێداگیری لەسەر دەكات.
ئەوجا لێرەوە ئەگەر سەیری رەهەندە عێراقییەكەی بكەین و وەك پڕۆژەیەك سەیری بكەین كە رەنگدانەوەی ئیجابییانەی لەسەر عێراق دەبوو، وەك نیشتمانێكی هاوبەش، ئەوا دەكرێت ئەم لایەنانە بخەینەڕوو:
1- حكومەتی عێراق لەماوەی ئەو چوارساڵەی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئادار دیاریكرابوو، توانی نەوتی عێراق خۆماڵی بكات و كۆتایی بە سیاسەتی دەستگرتنەوەی ئابوری (التقشف) بهێنێت، با وای دابنێین، حكومەتی عێراق لە بری شەڕكردنەوە لەگەڵ كورد، رێككەوتنەكەی جێبەجێ بكردایەو دەستی بكردایە بە ئاوەدانكردنەوەی عێراق، ئایا عێراق وەك كۆریای باشوور و سەنگافورە لە ماوەی تەنیا 10 ساڵدا لە دەوڵەتێكی جیهانی سێیەمەوە نەدەبووە دەوڵەتێك هاوشانی دەوڵەتانی جیهانی یەكەم؟
2- ئەگەر عێراق رێككەوتنەكەی جێبەجێ بكردایە، ناچار نەدەبوو تەنازول بۆ شای ئێران بكات و واز لە نیوەی شەتولعەرەب بۆ ئێران بهێنێت.
3- ئەگەر عێراق رێككەوتنەكەی جێبەجێ بكردایە و لەبری ئەوەی دیهاتەكانی كوردستان دابگرێت و لە ئۆردوگای زۆرەملێ نیشتەجێیان بكات، خەریكی ئاوەدانكردنەوەی بەشە عەرەبییەكەی عێراق بوایە، ئەوا لەگەڵ رووخانی شا و هاتنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوا نە لایەنە سیاسییەكانی شیعە بەو جۆرە دروست دەبوون كە هەڕەشە لە عێراق بكەن، نە دەبوونە هۆكارێكیش بۆ ئەوەی شەڕی 8ساڵەی عێراق- ئێرانیش هەڵبگیرسێت، دوای ئەویش عێراق نەدەكەوتە ئەو بارە ئابوورییە نالەبارەی كە بیر لە داگیركردنی كوەیت بكاتەوە .
ئەمانە هەمووی دەرهاویشتە خراپەكانی جێبەجێ نەكردنی رێككەوتنی ئادار بوون، بەڵام هەمووشیان ئەو فاكتانەن كە ئێستا عێراق بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.
وانەكانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئێستامان و بۆ شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ حكومەتی عێراق
لە زانستی سیاسەتدا چەمكێك هەیە دەڵێت: جەنگ و شەڕ (الحرب و المعركة) دوو پرسی لێك جیاوازن، شەڕ پرسێكی سیاسییە و دەبێت دەوڵەتمەدار بڕیاری لەسەر بدات، بەڵام جەنگ، ژەنڕاڵە سەربازییەكان نەخشەی بۆ دادەنێن و هەر خۆشیان جێبەجێی دەكەن. لەمەش زیاتر جەنگ، بەبێ بڕیار، یان راگەیاندنی شەڕ بوونی نییە، بەڵام بەبێ جەنگیش شەڕ بەمانا سیاسییەكەی بوونی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا زۆر جار لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگەكان لە سەركردەكان گوێمان لێ بووە كە دەڵێن: جەنگەكە كۆتایی هاتووە، بەڵام شەڕەكە كۆتایی نەهاتووە.

ئەوجا ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا رێبەرایەتیكردنی شۆڕش لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی-یەوە بە بڕیاری راگەیاندنی شەڕ بۆ مافە رەواكانی خەڵكی كوردستان و دیاریكردنی سنووری كوردستان لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە لەناو دەوڵەتی عێراقدا لە قەڵەم بدەین، ئەوا هەر لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشەكەوە، ئەم بڕیارەی مستەفا بارزانی، هەردوو رەهەندەكەی شەڕ (سیاسی و سەربازی) هەبووەو لەهەردوو رەهەندەكەشەوە كاری جددی لەسەر كردووە.
لەدوای نسكۆی ساڵی 1975یشەوە لەگەڵ ئەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، بەناوی دیكە جیا لەناوی شۆڕشی ئەیلوول دەستیان بە خەباتی چەكداری كردەووەو، لەگەڵ ئەوەی لە رووی خەباتی چەكدارییەوە جیاواز بوون لە خەباتی چەكداریی شۆڕشی ئەیلوول، بەڵام لە رووی سیاسییەوە درێژەپێدەری هەمان شەڕ بوون، كە مستەفا بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا رایگەیاندبوو، ئەمە بەو لایەنە سیاسییانەشی كە بۆ مەبەستی حزبایەتیی تەسك لە ئەدەبیاتی حزبیی خۆیاندا دژایەتی شۆڕشی ئەیلوولیان كردووە، بەڵام وەك كردەیی و بەناچاری لە ناو بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوولدا ماونەتەوە، ئەم مانەوەیەش لەبەر ئەوەیە، ئەگەر هەر حزب و سەركردەیەك لە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول بێتەدەرەوە، خەڵكی كوردستان وەك خۆفرۆش و خائین سەیری دەكەن، هەر بۆیە چۆن بیرمەندی گەورەی كورد خوالێخۆشبوو مسعود محەمەد لە دیمانەیەكی رۆژنامەی برایەتی پێی گوتین: مەلا مستەفا بارزانی بۆ گەلی كوردستان قەدەرە و دەبێت ئەو قەدەرەمان قبووڵ بێت، ئەوا بەهەمان پێوانەی مامۆستا مسعود محەمەد، رەهەندە سیاسیەكەی شۆڕشی ئەیلولیش قەدەرە بۆ هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان و دەبێت بە خۆشی بێت، یان بە ناچاری، ئەو قەدەرە قبووڵ بكەن.

ئەم چەند دێڕەمان بۆ بەرچاوڕوونی خوێنەری ئەم باسە نووسی و بۆ ئەوەی راشكاوانە بڵێین: شۆڕشی ئەیلوول بە تەنیا شۆڕشی پارتی دیموكراتی كوردستان نەبووە، هەروەها مێژووەكەشی بەتەنیا مێژووی پارتی نییە، راشكاوانەتریش لەمە، پارتی دیموكراتی كوردستان راستە پارتی سەرەكیی ناو شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەڵام شۆڕشەكە لەلایەن «بارەگای بارزانی»یەوە رێبەرایەتی كراوە و ئەم بارەگایەش بۆ پارتی چۆن بووە، بۆ لایەنە سیاسیەكانی دیكەی ناو شۆڕشی ئەیلوول و تەواوی رێكخراوە مەدەنیەكانی ناو شۆڕش وەك یەك بووە. هەموو ئەو لایەنە سیاسی و رێكخراوە مەدەنی و كەسایەتی و هونەرمەند و سەرۆك هۆز و پیاوماقووڵانەشی سەردانی بارەگای بارزانی-یان كردووە، وەك بارەگای بارزانی كە تایبەتمەندی خۆی هەبووە، سەردانی ئەو بارەگایان كردووە، نەك وەك بارەگایەكی تایبەتی و حزبی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەر بۆ نموونە ئەگەر ئێستا كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد، یان حزبی شیوعی عێراق كە شانازی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەكەن، ئەگەر لێیان بپرسین: ئایا ئێوە لە ژێر رێبەرایەتی پارتی بەشێك بوون لە شۆڕشی ئەیلوول، یان رێبەرایەتی مستەفا بارزانی؟ بێگومان راشكاوانە دەڵێن: لەژیر رێبەرایەتی مستەفا بارزانی.
لەم بازنەیەدا، هەقە پارتی دیموكراتی كوردستان و تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان راشكاوانە رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەر ئاستی پەیوەندیی كوردستان و عێراق، دووبارە بكەنەوە بابەتی وتووێژێكی لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی بگەنە ئەم راستییانە:

1- لەسەر ئاستی پەیوەندیی كوردستان و بەغدا، هەموو لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، زۆر باش دەزانن، لەو كاتانەشی كە شەڕی شوومی ناوخۆ لە نێوانیان هەبووە و سەنگەریان لەیەكتری دەگرت، كە دەهاتە سەر باسی وتووێژ و رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی بەعس، بێ ئەوەی پێكەوە كۆببنەوە، هیچ لایەكیان نەتاندەتوانی لە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول بێنە دەرێ، بۆیە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول نەك بە تەنیا بۆ پارتی، بەڵكو بۆ هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بۆتە قەدەر و دەبێت ئەو قەدەرە قبووڵ بكرێت، ئەگەرنا لەسەر سازشكردن لە هەر خاڵێكی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ هەر حكومەتێكی عێراق، ئەوا میللەت بە خائین ناویان تۆمار دەكات، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات، باشترە بازنەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول هەموو لایەك كۆبكاتەوە.

2- سەبارەت بە رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوولیش بۆ پەیوەندیی ناوخۆی نێوان حزبەكان، بێگومان هەموو لایەك دەزانن، یەكێك لە سیفەتە جوانەكانی مستەفا بارزانی بۆ لێبوردەیی نێوان پێكهاتەكان، یان لایەنە سیاسییەكانیش، ئەوە بووە كە لێبوردەیی لای مستەفا بارزانی یەك مانای هەبووە، ئەویش ئەوەیە «منیش بەشێكم لە هەڵەكە»، ئەمەش واتە ئەگەر هەڵەیەك روویدابێت، ئەوا لێبوردەیی ئەو كاتە دروست دەبێت كە كام لایەن پێشتر دەڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە.» بۆیە بۆ ئێستای بارودۆخی كوردستان و دووبارە زیندووكردنەوەی رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان، پێویستمان بەوەیە كام لایەن پێش هەر لایەنێكی دیكە دەڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە.»

دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەمیشە لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەرگیز دەرگای دیالۆگ و وتووێژی رەتنەكردۆتەوە، لە بنەڕەتیشدا ئەم میتۆدەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر ئەو مانایەی رەهەندە سیاسیەكەی شۆڕشی ئەیلوول و هەمان تێگەیشتی مستەفا بارزانی هەیە بۆ لێبوردەیی كە وەك یەكەم لایەن بڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە»، بۆ ئەوەی بەرامبەریش بڵێت: «منیش بەشێك بووم لە هەڵەكە» و كێشەكان چارەسەر بكرێت.
هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت پەندێك، یان وانەیەك لە رەهەندە سیاسییەكەی شۆڕشی ئەیلوول وەربگرین، ئەوا چ لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان، هەروەها چ لە ئاستی پەیوەندیی نێوان كوردستان و عێراق، ئەوا بێجگە بە رازیبوون بەو قەدەرەی بازنەی رەهەندە سیاسییەكانی شۆڕشی ئەیلوول بۆ هەموو لایەك دروستی كردووە، رێگەی دیكە لە بەردەم لایەنە سیاسییەكاندا بوونی نییە.
Top