بەرنامەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ژماره‌ (١٨٣) بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان_٢٠١٨

بەرنامەی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ژماره‌ (١٨٣)  بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان_٢٠١٨
لیستی (١٨٣)ى پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ دروشمی (بنیاتنانی كوردستانێكی به‌هێز) کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامە هەمەلایەنەی خوارەوە دەکات:
یەکەم : بواری سیاسی
1. بەهێزکردنی دەنگ و سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا و لە هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا و خەباتی بەردەوام بۆ تێگەیاندنی هەموو لایەک لە مافی ڕەوای چارەنووسی گەلی کوردستان.
2. بەدیهێنانی کۆدەنگییەکی کوردستانی، کە لە پێناو ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا، ناکۆکییە نێوخۆییەکان تێپەڕێنێ و لەسەر نەگۆڕە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کۆک و یەکڕیز بێت تا ببێتە زامنی پاراستنی مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی هەرێم و بەشی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە سەروەت و سامانی هه‌موو عێراق.
3. پێداگیریی لە سەر پابەندبوون بە بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق و هاوسەنگیی لە ئیدارەی عێراقدا وەک پرنسیپ بۆ بەشداریی لە حکومەتی نوێی فیدراڵی.
4. جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ ده‌ستوور و پێداگریی لەسەر گەڕاندنەوەی هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و دیاریکردنی سنوری کوردستان و کۆتاییهێنان بە دواخستن و خۆدزینەوە لە جێبەجێكردنی.
5. دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز، کە بتوانێ دەسەڵات و سه‌روه‌ریی یاسا و شەرعیەت لەسەرتاسەری کوردستاندا پیادە بکات و یەکپارچەیی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان بپارێزێ و کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی ئەحزاب و یاساشکێنی و سیاسه‌تی دووفاقی و فەوزای سیاسی و ناوچەگەری بهێنێ.
6. نووسینەوەی دەستوورێکی کوردستانیی هاوچەرخ، کە ببێتە مەرجەعی چارەی گرفتەکان و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی سیاسی، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەسنیشان و دابین بکات.
7. پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماتی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ دەرودراوسێ و ووڵاتانی جیهان پەرەی زیاتری پێبدرێ و لە ئاستی جاران پتەوتر و فروانتر بکرێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەریی یەکدی و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی هاوبەش له‌رێی نوێنه‌رایه‌تییه‌ ره‌سمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
8. ڕێكخستنی نوێنه‌رایه‌تی و په‌یوه‌ندییه‌كان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا لە پێناو تایبه‌تمه‌ندکردنی‌ داموده‌زگا ره‌سمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
9. ئازادی هەڵسوڕانی سیاسیی لە هەموو جێیەکی کوردستان بۆ هەموو ئاڕاستە سیاسییەکان به‌پێی یاسا دابین بکرێ و هەر جۆرە ئیرهابێکی فکری و پاوانکارییەکی سیاسی قەدەغە بکرێ. هاوکاتیش هەر نەهجێکی تیرۆریست و توندڕەو، یان کۆنەپارێز و دواکەوتوو، کە لەسەر بنەمای رەگەز و ئایین و ئایینزا جیاکاری لە نێوان هاوڵاتیاندا پەیدا بکات، یا دژ بە ئازادیی کوردستان بێت، بە یاسا قەدەغە بکرێن.
10. كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفتی ئاواره‌كان به‌گشتی و باشتركردنی باروگوزه‌رانیان. هاوكات هه‌وڵدان و هاوكاری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدرالی بۆ دابینكردنی سه‌قامگیریی له‌ ناوچه‌كانیان به‌ مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ و ژیانێكی ئاسووده‌.

دووەم: ئیدارە و ئابووری و ریفۆڕمى گشتی
لیستی پارتی شێلگیرانە کاردەکات بۆ:
1. پێداچونەوەیەکی میتۆدیانەی گشتی بە ئابووری کوردستاندا لەسەر بنەمای زیادکردنی جۆره‌كانی سەرچاوەی داهات و پشت نەبەستن بە کەرتی نەوت بەتەنیا. بوژاندنەوەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەگەڕی و گەشتیاری تا ببنە هاریکاری کەرتی نەوت. هاندانی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لەو بوارانەدا و دەرچواندنی هەر یاسا و رێسایەک کە بۆ ئاسانکاریی لەو بوارانەدا پێویست بن.
2. جیا لەو رێکارانەی تا ئێستا بۆ شەفافیەت و زوڵاڵی لە بواری داهاتەکانی نەوتدا لە لایەن حکومەتی هەرێم پەیڕەو کراوە، رێکاری دیکەی پێویست بۆ هەرچی زیاتر شەففافیەت لە تێکڕای بوارەکانی داهات و خەرجیدا بگیرێتەبەر.
3. بودجەی کوردستان، دوای چوار ساڵ بێبودجەیی، جارێکی دیکە و بە پێی ئەولەویاتی سێکتەرە هەرە پێویستەکان و بۆ خزمەتی پرۆسەی گەشەپێدان و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان گەڵاڵە بکرێ، كه‌ وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستی و ئەولەویەتی خەڵک بێ و هەموو سێکتەرەکان بگرێتەوە و هەموو ناوچە جیاجیاکان لێی سودمەند بن.
4. هاندانی سەرمایەگوزاریی نێوخۆ هاوشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی و قۆستنەوەی هەموو بوار و دەرفەتەکان بۆ بوژاندنەوەی بازاڕ و ڕەخساندنی دەرفەت و هەلی کاری یەکسان بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و هیچ هەڵاوێرد و جیاوازییەک لەو بوارەدا چیتر رێگەپێدراو نەبێت.
5. جێبەجێکردنی ڕیفۆرمێکی کارگێڕیی و ئابووریی سەرتاسەریی گشتگیری فراوان، کە هەموو جومگەکانی حوکمڕانی و کایەکانی کۆمەڵگە بگرێتەوە. ڕیفۆرمێک، کە لە خزمەتی خۆشگوزەرانیی خەڵک و بەدیهێنانی دادگەریی کۆمەڵایەتی و کۆتاییهێنان بە دیاردە دزێوەکانی گەندەڵی و بەهەدەرچوونی داھاتی گشتی و نارێکی کارگێڕیی و ئابووریدا بێت.
6. نوێکردنەوە و پێشخستنی میکانیزم و نەهجی کاری تەواوی دام و دەزگاکانی حکومەت بە جۆرێک، کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم بگونجێن و بە توانا و کارامەیی و پسپۆڕییەتی و پێوەرەکانی شایستەیی بەڕێوەبچن. دەرفەتی یەکسان بە خوێنی نوێ و کوڕ و کچە گەنجەکانی وڵات بدرێ بۆ بەرێوەبردنیان بە بێ گوێدانە ناسنامەی حزبییان.
7. پێوەرەکانی وەزیفەی گشتی رێکبخرێنەوە و ئەنجومەنی ڕاژە دابمەزرێ و پێوەرەکانی شایستەیی و پسپۆڕیی و خزمەت بکرێنە بنەمای وەرگرتنی پۆست و پلە.
8. سیستمی مووچە و خانەنشینی و هەموو جۆرە ئیمتیازاتێکی ماددی لەسەر بنەمایەکی شەفاف دابڕێژرێنەوە، کە عەدالەتی کۆمەڵایەتی بەدیبێنێ.
9. بە یاسا و رێسای تووند ڕێ لە هەموو جۆرە قۆرخکاریی و سوودی نابەجێ و کوالێتی خراپ لە بازاڕ و چالاکییە ئابورییەکاندا بگیرێ. دەرفەتی چالاکی ئابووری بۆ هەمووان بە یەکسانی فەراهەم بکرێت و هەرچی کەم و کورتییەکی یاسایی لە ڕێکخستنی ئەم بوارانەدا هەیە چارەسەر بکرێن.
10. پێشخستنی سیستمی کەرتی بانک (حكومی و ئه‌هلی) و بەستنەوەی بە بانکە جیهانییەکان و پێداچوونەوەی یاسا و رێساکانی وەبەرهێنان و زەمینەسازیی بۆ کۆمپانیا پشکدارەکان،کە دەرفەت بە سەرمایەی بچووک و سوودمەندبوونی هاوڵاتیان دەدات.
11. بە دەسەڵاتکردنی ھەرچی زیاتری دەزگاکانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و دادگاکان و دامەزراوەکانی شەفافیەت و بەدواداچوون و لەگەڵیدا کۆی پرۆسەی کارگێڕیی و دارایی و ئابووریی کوردستان بخرێنە ژێر چاودێریی یاسایی ووردەوە.

سێهەم: کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشت وگوزار
بایەخدانی زیاتر بەم کەرتانە، کوردستان رزگار دەکات لە پشتبەستنی سەرەکی بە داهاتی نەوت، بۆیەش لیستی پارتی هەوڵ دەدات ئەو کار و هەنگاوانەی پێش قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بوژاندنەوەی ئەو کەرتە ئابورییانە کراون، بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە درێژەیان پێبدرێ و بکرێنە ئەولەویەت، لەوانەیش:
1. پشتگیریی زیاتری جوتیاران و پیشەوەران و دابینکردنی پێویستییەکانی پەرەپێدانی پڕۆژە و کارگە و کێڵگە و باخ و سامانی ئاژه‌ڵیی، تا کوالێتی و ئاست و چەندایەتی بەرهەمەکانیان بەرز بێتەوە و پێداویستییەکانی نێوخۆ تێر بکات.
2. هەموار و کاراکردنی هەموو ئەو یاسا و رێسایانەی، کە بەرهەمی خۆماڵی لە کێبەرکێی دەرەکی و زیانپێکەوتن دەپارێزن.
3. پاراستن و گلدانەوە و رێگرتن لە بەفیڕۆچوونی ئاو و سەرچاوەکانی ئاودێری. درێژەدان بە زیادکردنی ژمارەی بەنداوەکان و ئیدارەدانێکی خەمخۆرانەتری سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی.
4. گرنگیدانی زیاتر بە گەیاندنی هەموو خزمەتگوزاریی و پێویستییە هاوچەرخەکانی ژیان بە گوندەکان وەک هاندانی ژیانی گوندەواری و بوژاندنەوەی کشتوکاڵ. هەروەها دەسگیرۆیی و پێدانی قەرز و ئاسانکاری بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان.
5. درێژەدان بە هاندانی دروستکردنی کارگە پیشەسازییەکان، بە تایبەت لەو سێکتەرانەدا، کە لە کوردستان کەرەستەی خاویان لەبەردەستن و دەتوانن بە نرخی هەرزانتر و کوالێتی باشتر لەبەرهەمی دەرەکی، پێویستییەکانی بازاڕی کوردستان تێربکەن.
6. گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی بازرگانی بەرەچاوکردنی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی لە کێبەرکێی بەرهەمی دەرەکی. هاوشانی گرنگیدانی زیاتر بە فەرمانگەکانی چاودێری بازرگانی و کۆنترۆڵی جۆریی بۆ پاراستنی بەکاربەری کوردستان لە بەرهەمی خراپ و کوالێتی نزم.
7. بایەخدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاریی، کە دەکرێ یەک لە سەرچاوەکانی داهاتی کوردستان بێت. هاندانی سەرمایەگوزاریی لەم کەرتەدا و سوودبینین لە ئەزموونی وڵاتانی گەشتیاریی و پێشکەشکردنی هەر ئاسانکارییەک، کە بۆ گەشەپێدانی ئەم بوارە پێویست بێت.


چوارەم: خزمەتگوزارییەکانی ژێرخان
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەر لە بڕینی بودجە و قەیرانی دارایی، زۆربەی کەم و کورتییەکانی خزمەتگوزاریە بنەڕەتییەکانی وەک کارەبا و ئاو و رێگاوبان و گواستنەوە و سووتەمەنی و شارەوانی و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی چارەسەر کرد. بەرهەمی کارەبا بووە چەند بەرامبەری جاران گەرچی لەگەڵ زیادبوونی بەکارهێناندا هەر لە کێبەرکێدا بوو. پڕۆژەکانی ئاو هەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە. تۆڕێکی فراوانی شەقام و رێگاوبان و پرد لە سەرتاسەری کوردستان راکێشران. سووتەمەنی و جۆرەکانی بە نرخی گونجاو و بە کوالێتییەکی لەبار دابین کران. جێدەستی شارەوانییەکان بە جوانکاریی و خاوێنڕاگرتنی شارەکانەوە بینران. بەڵام دیسان قەیرانی دارایی ئاستەنگی خستە بەردەم ئەو پرۆسەیە و بۆ چەند ساڵێک لە گەشەی وەستاند و نەیهێشت ئەو پڕۆژە تەواوکاریانە بەرهەم بێن، کە لە هەریەک لەو سێکتەرانەدا بڕیاریان لێدرابوو. سەرباری ئەوەیش خزمەتگوزارییەکان بەردەوام بوون ئەگەر بە کەم وکورتیشەوە بووبێت.
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێن دەدات کاربکات بۆ دەستپێکردنەوەی پەرەپێدان لەهەر یەک لەو سێکتەرانەدا، کە قەیرانی دارایی لە گەشەی وەستاندبوون.
1. هاوکات کاردەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک کارەبا و ئاو بە سیستمێک رێکبخرێنەوە، کە زێدەخەرجیی و بەهەدەردانیان تێدا نەمێنێ و بەشی پێویستییە ڕاستەقینەکانی خەڵک بکەن و هەمووانیش وەک یەک لێی سوودمەند بن.
2. کاردەکەین بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بە پڕۆژەکانی ژێرخان بدرێ و هەموو ناوچەکانی کوردستان لێی سوودمەند بن و هیچ ناوچەیەک هەست بە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن نەكات.
پێنجەم: پێِشمەرگە و شەهیدان و ئەنفالکراوان
لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگەی پارێزەری کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی سەربەرز و و ئەنفالکراوان بە شەرەفێکی مەزن و شانازییەکی بێوینە دەزانێ و بۆیەش
1. کاردەکەین بۆ تەواوکردنی پرۆسەی یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە لەشکرێکی نیشتمانی بەهێز و پڕمەشق و پڕچەکدا به‌لادانی ئاسته‌نگه‌ دروستكراوه‌كانی به‌رده‌می.
2. وەرگرتنەوەی ماف و بەرکەوت و شایستە زەوتکراوەکانی پێشمەرگە لە حکومەتی فیدراڵی و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەکانیان بە جۆرێک، کە لەگەڵ پیرۆزیی ئەرکەکەیان بگونجێ.
3. دابینکردنی خزمەتی زیاتر بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفال و تەواوکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونیان به‌بێ جیاوازی و بەرزترکردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانیان و بایەخی تایبەت بە مناڵەکانیان لە بواری دابینکردنی خوێندن و تەندروستی و هەلی کارەوە.
4. هه‌وڵدان بۆ پاراستن و پێشخستنی ئه‌و سه‌قامگیریی و ئاسایشه‌ دابینكراوه‌ی ساڵانێكه‌ به‌ هیمه‌تی ڕۆڵه‌ چاوکراوەكانی داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كوردستان ده‌سته‌به‌ركراوه‌.
شەشەم: کار و کێشەی بیکاری
یەک لە دەرهاویشتەکانی قەیرانی دارایی زیادبوونی کێشەی بێکاری و کەمبوونەوەی هەلی کار بوو. لیستی پارتی چالاکانە ڕووبەڕووی ئەم گرفتە دەبێتەوە لە رێی:
1. گرتنەبەری هەموو ئەو ڕێکكارانەی، کە بازاڕی کار دەبوژێننەوە و دەرفەتی کار دەرەخسێنن.
2. بە پێی پێویست دەرکردنی هەر یاسا و رێسایەک، کە هێنانی کرێکاری بیانی مەرجدار دەکەن، تا زۆرترین دەرفەت بۆ گەنجانی بێکاری کوردستان برەخسێ.
3. گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی و ئەو بوارانەی کە پسپۆڕیی پێویست بۆ بازاڕی کار لە کوردستاندا ئاماده‌ ده‌كه‌ن.
4. گرتنه‌به‌ری سیاسەتی پاڵپشتیی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان و دەسگیرۆیی کردنیان.
5. کەمکردنەی دیاردەی بێکاریی دەمامکدار لە دام و دەزگاکانی حکومەتدا کە رێگەی لە دامەزراندنی لاوانی خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕیی گرتووە.

حەوتەم: تەندروستیی گشتی و پاراستنی خێزان
بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کەرتی تەندروستی یەکێک بووە لە بابەتە جێبایەخەکانی حکومەتی هەرێم، چونکە راستەوخۆ پەیوەندە بە ژیان و مانی هاوڵاتیانەوە، پێشتر لەو بوارەدا کاری بەرچاو کراون و لانی کەمی خزمەتگوزاریی تەندروستی و فریاکەوتن لە شار و شارۆچکە و گوندەکاندا دابین کراون، بەڵام هێشتا ئەو بوارە لە ئاستێکی سەردەمیانەدا نییە، بۆیە لیستی پارتی بەڵێن دەدات:
1. چاو بە سەرتاپای سیستمی تەندروستیدا بگێڕدرێتەوە و کەم و کورتییەکانی پڕ بکرێنەوە تا گەیشتن بە دابینکردنی گەرەنتی تەندروستی بۆ تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان هاوشێوەی ئەو سیستمەی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا پەیڕەو دەکرێ.
2. بازرگانیی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بخرێتە ژێر کۆنترۆڵ و چاودێریی تا بە تەواوی رێگە لە هاوردەکردنی دەرمانی بێ کوالێتی و بازرگانی بە ژیان و تەندروستی هاوڵاتیانەوە بگیرێ.
3. لە بواری پاراستنی خێزان و ئافره‌تان و منداڵاندا، لیستی پارتی بەڵێن دەدات، کە بەردەوام بێت لە رێگریی یاسایی لە دیاردەکانی دەستدرێژیی و تووندوتیژی بەرامبەریان.
4. دژایەتی هەر جیاکارییەک بە هەر بڕوبیانوویەک بێت لە نێوان نێر و مێدا کە ببێتە مایەی بێبەشبوونی ئافرەتان لە دەرفەتەکانی کار و چالاکییە گشتییەکان کە بۆ پیاو دەرەخسێن.
5. بایەخدان بە سەلامەتی منداڵ و پەروەردە و پاراستنیان لە سەختییەکانی ژیان و کێشە خێزانییەکان و کارپێکردنی سەخت و زۆرەملێ.

هەشتەم: پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا
لە ساڵانی رابردوودا کەرتی پەروەردە و خوێندن زیاد لە هەموو کەرتەکانی دیکە کەوتە بەر کاریگەریی قەیران و تێکەڵ بە ململانێی سیاسیی کرا و بەو هۆیەوە پرۆسەی خوێندن لە بەشێکی کوردستان زیانی گەورەی بەرکەوت ، بەڵام بە هیممەتی پەروەردەکاران و مامۆستایانی دڵسۆز ڕێگە نەدرا پەکی بکەوێت.ئەم رەوشە بەشێک لە زانکۆکانیشی گرتەوە و ئەوانیش کەوتنە بەر مەترسی بایکۆت و وەستانی پرۆسەی خوێندن.
لیستی پارتی وێڕای پێزانینی بەردەوامی بۆ رۆڵی مامۆستایان و هەڵوێستیان لە رۆژە سەختەکاندا، کار دەکات بۆ :
1. پاراستنی حەرەم و سەربەخۆیی زانکۆ و قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن و دورخستنەوەیان لە ململانێ و دەستوەردانی ئەحزاب.
2. پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای زانیاری و نوێکردنەوەی بەردەوامی میتۆدەکانی خوێندن تا لەگەڵ رەوتی پێشکەوتنە زانستییەکانی سەردەم بگونجێن.
3. پێداچونەوەی سیستمی قبوڵی مەرکەزیی قوتابیان بە جۆرێک لەگەڵ خواست و ویستی قوتابیاندا بگونجێ.
4. کۆتاییهێنان بە کێشەی کەمی قوتابخانە و قەرەباڵغی پۆلەکانی خوێندن و هەموو ئەو کەم و کورتییانەی ده‌بنه‌ هۆی پێشنه‌كه‌وتنی ئاستی خوێندن و فێربوون.
5. دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بە پیشەی هەستیاریی مامۆستایەتی بۆ تەواوی مامۆستایانی کوردستان.
6. گرنگیدان به‌ كلتوری باوه‌ڕ و ئایینه‌ جیاوازه‌كان و رێزگرتنی پیاوانی ئایینی و دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆیان.


نۆیەم : کلتوور و وەرزش و لاوان
1. لیستی پارتی وەک هەمیشە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کلتوور و زمان و هونەر و داهێنانی رەسەن، کە بەشێکن لە توخمە پێکهێنەرەکانی ناسنامەی نەتەوەییمان، هاوکات کار دەکات بۆ زەمینەسازیی بۆ تەواوی نەتەوە و کلتوورە جیاوازەکانی کوردستان تا گوزارشت لە خۆیان بکەن و پەرە بە زمان و هونەر و ڕەسەنایەتی و فەرهەنگی خۆیان بدەن.
2. هەوڵ دەدات داهێنەرانی بوارە کلتوورییەکان له‌ هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران..هتد، وەک جاران دەسگیرۆیی بکرێن و ماف و داهێنانیان پارێزراو بێت و بتوانن بە بەرهەمەکانیان ژیانیان دابین ببێت.
3. کارکردن لە پێناو ڕەخساندنی کەشێکی نیشتمانیانە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە گرفتەکانی میدیا و چارەسەرکردنیان، کە شێک، کە تیایدا بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی تیایدا سەروەر و پارێزراو بێت.
4. وەرزش لە سایەی بایەخدانی حکومەتدا کاروانێکی باشی بڕی و گەیشتە ئاستێکی بەرز، قەیرانی دارایی لەسەر ئەم بوارەیش ڕەنگی نەرێنی دایەوە، لیستی پارتی بە بایەخەوە لە وەرزش و وەرزشکاران دەڕوانێ و کار دەکات بۆ دابینکردنی پشتیوانی زیاتر بۆ ئەو کەرتە گرنگە.
5. شیاندن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانین و كارامەیی لاوان و هاندانی كلتووری بڕواكردن بە تواناكانیان لە بەڕێوەبردنی جومگەكانی حوكمڕانی و کارگێڕیی و چالاكییە گشتییەكاندا.

دەیەم : لێبوردەیی نێو کۆمەڵگه‌
کوردستان ولاتێکی فرەڕەنگە لە ڕووی ئایین و ئایینزا و نەتەوە و پێکهاتەوە، فەرهەنگی لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە سیما گەش و دێرینەکانی کۆمەڵگەی کوردستانە، لیستی پارتی پاراستنی ئەو کلتوورە دێرین و سەنگینە بە ئەرکی خۆی دەزانێ و کاری هەمیشەیی بۆ قوڵکردنەوەی دەکات لە رێی:
1. هاندانی بەردەوامی دیالۆگی نێوان ئایین و ئایینزاکان و قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی ئایینی و لێکگەیشتن و یه‌كترقبوڵكردن و لێکنزیکبونەوە. هه‌روه‌ها بایەخدان بە تێکەڵیی فەرهەنگیی نێوان نەتەوەکان و پێکهاتەکان و قووڵکردنەوەی گیانی خۆشویستن و هاوچارەنووسی.
2. کارکردن بۆ رێگریی لە توندرۆیی و دەمارگیریی ئایینی و عرقی و عەشیرەتی و هەر توندرۆیەکی دیکەی زیانبەخش بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ، جا لە هەر سەرچاوەیەکەوە بێت.
3. کارکردن بۆ رێگریی لە بەکارهێنان وقۆستنەوەی ئایین بۆ مەبەستی سیاسی و تێکەڵکردنی بە ململانێ و کێبەرکێی حزبایەتی.
4. داكۆكیكردن له‌ مافه‌ سیاسی و کارگێڕیی و كلتوورییه‌كانی توركمان و كلدان سریان ئاشوور و ئه‌رمه‌ن و، هه‌روه‌ها مافی كوردانی ئێزدی و فه‌یلی و، كاركردن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنیان.
Top