قەدەری كوردستان لەناو ئەم پرۆسە ئاڵۆزەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا

قەدەری كوردستان لەناو ئەم پرۆسە ئاڵۆزەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا
لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو لەسەردەمی خەباتی چەكداریی شاخ و لەدوای ساڵی 1991 و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەت و بوونی كوردستان بە نەوایەكی ئارام بۆ هەموو ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، هەر كاتێك لایەنی كوردستانی بە سەرۆكایەتی بەڕێز مسعود بارزانی بەشداری كۆبوونەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی كردبێت، راشكاوانە پێی گوتوون: «ئێمە نابین بە پردی كەس، فەرموون پێمان بڵێن سوود و قازانجی ئێمە لە رووخانی رژێمی عێراقیدا چییە؟» ئەم قسەیەی بارزانی مانای ئەوەیە فەرموون ئێستا لە حاڵەتی ئۆپۆزسیۆن بوون گەرەنتیمان بدەنێ كە دان بە مافەكانی كوردستاندا دەنێن، ئەوكات ئێمەش بەشداریتان دەكەین كە رژێمی عێراق بڕووخێنین، بەڵام ئەگەر ئەوان لە حاڵەتی ئۆپۆزسیۆن بووندا ئامادە نەبن گەرەنتی دانپێدانان بە مافەكانی گەلی كوردستان بە ئێمە بدەن، ئەی چۆن ئێمە متمانەیان پێ بكەین، كە سبەی چوونە دەسەڵات لە سەدام حوسێن خراپتر نابن؟ بارزانی لەماوەی نزیكەی 40 ساڵی رابەرایەتی لە بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستاندا، تەنیا لە بێ بەڵێنی ترساوە، ئەوا ئێستا جارێكی دیكە كەوتۆتەوە هەمان گێژاو لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا.
سەركردە سیاسییە عێراقییەكان، ئەوانەی ئێستا پەرتەوازەیی ماڵی شیعە و سوننە بەهۆش خۆی هێناونەتەوە، راشكاوانە دەڵێن، ئەو سیاسەتەی بە سەرپەرشتیی مسعود بارزانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق پیادە دەكرێت، كوردستانی نەك كردۆتەوە تۆپی قەپانەكە لە پرۆسەكەدا، بەڵكو ئێستا كوردستان خۆی بۆتە قەپانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا بەڕێز مسعود بارزانی ئەمجارە لەناو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا، داواكارییەكانی چین، وا بەوجۆرە هەردوو میحوەری سائیرون و نەسر و فەتح و قانوونی بێدەنگ كردووە؟ بێگومان بارزانی هەمان قسەی هەشتاكانی سەدەی رابردوو و ساڵانی 1992-2003 دەكاتەوە، ئەمجارەش بە هەمان شێوە قسەكانی ئەوە دەسەلمێننەوە كە گوتوویەتی: «كورد نابێتە پردی هیچ میحوەرێك بۆ ئەوەی حكومەت پێكبهێنێت، فەرموون پێش پێكهێنانی حكومەت گەرەنتی جێبەجێكردنی ئەو دەستوورەمان پێ بدەن كە هەردوولامان دەنگمان لەسەر داوە، ئەوكات ئێمەش بە هێزەوە دێنە ناو ئەو حكومەتە و حكومەتەكەش سەردەخەین.
پێدەچێت تا نووسینی ئەم دێڕانە (كە شاندێكی كوردستانی هاوبەشی پارتی و یەكێتی لە بەغدان)، هیچ لایەك بە راشكاوی ئەو گەرەنتییەی بە كوردستان نەدابێت، هەر بۆیە لایەنی كوردستانیش هەتا ئەم ساتە (1ی ئەیلوولی 2018) خۆی لەسەر هیچ میحوەرێكدا ساخ نەكردۆتەوە.
دیارە سەركردەكانی هەر دوو میحوەری فەتح و قانوون، هەروەها سائیرون و نەسر، باش لەو راستییە تێگەیشتوون كە ئێستا بارزانی بە لۆژیكی تازەی سیاسەتی جیهانی مامەڵە لەگەڵ پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكات، ئەمەش واتە چۆن سەرۆكی ئەمریكا بە ئاشكرا و بە دەنگی بەرز بە هەموو دنیا دەڵێت: «ئەمریكا پێش هەر شتێك..» ئەوا ئەمجارەش بارزانی بە هەموو لایەكی گوتووە: «بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان لە سەرووی هەر شتێكی دیكەوەیە. فەرموون گەرەنتیمان بدەنێ، كە بەرژەوەندییەكانمان پارێزراو دەبێت، ئیدی ئێمە هەقمان نییە كێ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت. هەر بۆیە سیاسییەكی دیاری وەك عەلی عەلاق راشكاوانە دەڵێت: «كورد نابێتە بەشێك لە هیچ هاوپەیمانییەك بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە، بەڵكو چاوەڕێی ئەوە دەكات هەردوو میحوەرەكە بەرنامەی خۆیان تەواو بكەن، پاشان بەرنامەی كام لایان لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی كورد یەكی گرتەوە، ئەوا كورد پشتگیری ئەو لایەنە دەكات.»

هەر بۆیە ئەو سیاسەتەی ئەمجارە لایەنی كوردستانی بە سەرپەرشتیی بارزانی لەناو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا پیادەی دەكات، هەموو لایەكی هێناوەتە سەر خەت و لەبەرامبەر پرسارێكی بێ وەڵامدا هەموویانی راگرتووە: ئایا پرۆسەی دەوڵەتداری لە جوگرافیایەكی وەك عێراقدا چۆن سەركەوتوو دەبێت؟ پێویستە یەكەمجار بیر لە بنەماكانی دەوڵەتی هاوچەرخ بكرێتەوە، ئەوجا كار بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی سەركەوتوو بكرێت. هەر ئەو پرسیارەی بارزانی بوو كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای هێنایە سەرخەت و تەلەفۆنی بۆ بارزانی كرد، بۆ ئەوەی بزانێت وەڵامی پرسیارەكەی بارزانی چییە.
لایەنێكی دیكەی ئەو سیاسەتەی ئێستا بە لۆژیكی بارزانی شاندی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناو پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عێراقی پێدەكات، ئەو پەیامەیە كە راشكاوانە بە هەموو لایەكی راگەیاندووە، كوردستان دۆستی هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەیە كە ئێستا تێكەڵاوی ئەم پرۆسەیە بوون، بۆیە كوردستان چۆن بە درێژايی 15 ساڵی رابردوو هەموو كات بەشێك بووە لەچارەسەر، نەك كێشە لە شەڕی مەزهەبگەرایی نێوان شیعە و سوننە، لە ئێستاشدا كە ململانێی نیودەوڵەتی هاتۆتە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقەوە، ئەوا كوردستان دەبێتە بەشێك لە چارەسەر، بۆ نموونە لە كێشەكانی نێوان ئێران و ئەمریكادا، بەڵام هەرگیز نابێتە بەشێك لە پرۆسەی ئەمریكا دژی ئێران، یان بەپێچەوانەوە، ئەم هەڵوێستەی ئێستای بارزانی، ئەو پرسیارەمان بیردێنێتەوە كە لە ساڵی 2011 مارتن ئەندیكی گەورە دیپلۆماتكاری ئەمریكا لە كۆڕێكدا كە ئامۆژگای برۆكینگز بۆ بارزانی رێكيخستبوو، لە بارزانی پرسی: «جەنابی سەرۆك فێرمان بكە، چۆن توانیوتە لەیەك كاتدا پەیوەندییەكی باشت لەگەڵ ئەمریكا هەبێت و بە هەمان ئاست پەیوەندیشت لەگەڵ ئێران هەبێت؟» بێگومان وەڵامی خاكەڕایانەی بارزانی بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە، بۆیە زۆر بە سادەیی گوتی: «من لەو ئاستەدا نیم ئامۆژگاری ئێوە بكەم، بەڵام بەرژەوەندیی كوردستان وایكردووە كە لەگەڵ هەردوولا و بەو ئاستە پەیوەندیمان هەبێت.»

ئێستاش بە هەمان لۆژیك بارزانی سەرپەرشتیی شاندی هاوبەشی كوردستانی پارتی و یەكێتی دەكات، كە خۆیان نەكەن بە بەشێك لە كێشەی هیچ لایەك، كە بێگومان هەتا ئێستا سەركەوتوویی شاندی هاوبەشی كوردستانی و گەیاندنی پێگەی كوردستان بە قەپانی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، ئەم پێگەیە تێگەیشتنی هەردوو لایەنی كاریگەری نیودەوڵەتی (ئێران و ئەمریكا)شی پێوە دیارە، بۆیە دەتوانن گوشار لەسەر هەموو لایەك بكەن، بەڵام گوشار لە كوردستان ناكەن، لەوانەیە كەم ئەزموونێكی وەك ماكگورگ بیەوێت بۆ شەڕی حزبایەتی خۆی جار جارە پەنا بۆ زمانی گوشار بەرێت، بەڵام ئەمجارە مایك پۆمپیۆ بە تەلەفۆنەكەی بۆ بارزانی لە بری هەموو ئیدارەی ترەمپ گوشارەكانی ئەویشی سڕییەوە.
Top