پێكهێنانی حكومەتێك لە جوگرافیایەكی غەیرەدەوڵەتیدا
September 3, 2018
راپۆرتەکان
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری ئەو شێوازی حوكمڕانییە بكەین كە ئێستا ئەم دەستەبژێری دەسەڵات لە عێراق بەڕێوەی دەبەن و ئەو پرسیارە بكەین، ئایا عێراق ئێستا دەتوانێت وەك دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات، هەتا بتوانێت لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەدا حكومەتێك پێكبهێنێت كە ناسنامەكەی عێراقی بێت؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەگەر سەیری قسە و هەڵوێستەكانی د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق لەبەرامبەر دەوڵەتان وەربگرین، ئەوا دەكرێت وەڵامێك بۆ ئەو پرسیارە دروست بكەین:
1- د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق بەرامبەر ئەو سزایانەی ئەمریكا خستوونیەتیە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوا وەك هەموو لایەك گوێمان لێبووە، د.حەیدەر عەبادی راشكاوانە رایگەیاند: «حكومەتی عێراق پابەند دەبێت بەو سزایانەی كە ئەمریكا لەسەر ئێران دایناون.» بەڵام هەر زوو لەسەر زاری یەكێك لە راوێژكارەكانیەوە لەم هەڵوێستەی پەشێمان بووەوە و رایگەیاند، ئەوەی سەرۆك وەزیران رایگەیاندووە، دەرپەڕاندنی قسە (زلة لسان) بووە، دواتریش خۆی رايگەیاند كە دەبێت لە سزاكاندا تایبەتمەندیی بازرگانیی عێراق و ئێران لەبەرچاو بگیرێت.
2- د.حەیدەر عەبادی داوای لە حكومەتی توركیا كرد كە دەستبەجێ ئەو هێزانەی بكشێنێتەوە كە لە بەعشیقە دایناون، لە بەرامبەردا رەجەب ئەرۆدگانی سەرۆكی توركیا وەڵامی دایەوە، «قەوارەی خۆت بزانە و هێندەی قەوارەی خۆت قسە بكە.» پاشانیش توركیا شنگالی بۆردومان كرد كە بە دەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە بوو، حكومەتی عەبادی هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو، سەبارەت بە گرتنەوەی ئاوی دیجلەش بۆ پڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆ، توركیا ئاوی دیجلەی گرتەوە، بەبێ ئەوەی تەنیا یەك پرسیش بە حكومەتی عێراق بكات.
3- ریكس تیلێرسۆنی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە حكومەتی عەبادی كرد، ئەو میلیشیایانە نابێت لە عێراق بمێنن كە بە پاشكۆی ئێران لە قەڵەم دەدەرێن، حكومەتی عەبادی هیچ وەڵامێكی بەرامبەر ئەم داوایە نەبوو، بەڵام شێخ قەیس غەزعەلی فەرماندەی میلیشیاكانی عەسائبی ئەهلی هەق لە بری حكومەت و دەوڵەتی عێراق وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریكای دایەوە، حكومەتی عێراقیش لەبەرامبەر شێخ قەیس غەزەعەلی بێدەنگ بوو.
4- د.حەیدەر عەبادی یەكەمین سەرۆك وەزیرانە لە عێراقی دوای 2003 كە دەستووری وڵاتەكەی خۆی پێشێل كردو هێزی بەكار هێنا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسییەكان و هێرشی سەربازی كردە سەر هەرێمی كوردستان، ئەگەر حكومەتەكەی عەبادی مەرجەكانی دەوڵەتبوونی عێراقی لەبەر چاو بگرتایە، چۆن هێزی سەربازی بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە سیاسییەكان و دژی بەشێك لە گەلەكەی كە گەلی كوردستانە بەكار دەهێنا؟ بۆیە ئەم حكومەتە خۆی ناسنامەی دەوڵەتبوونی لە دەوڵەتەكەی خۆی سەندووەتەوە.
5- لە دوای هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری 2008 ـەوە، هەموو دەستەبژێری لایەنە سیاسییەكانی شیعە خەریكی گرێدانی هاوپەیمانین بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن و دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، ئەم پرۆسەیە راشكاوانە و لەسەر زاری خودی دەستەبژێرە سیاسییەكانی شیعەوە بە دوو میحوەر پێناسە دەكرێت، تەوەری یەكەمیان كە هەردوو لیستی سائیرون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر و نەسر بە سەرۆكایەتی عەبادی لەخۆ دەگرێت، ناویان لێناوە، میحوەری ئەمریكا و سعودیە و توركیا، میحوەری دووەمیش كە هەردوو لیستی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی قانون بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی لەخۆ دەگرێت، ناویان لێناوە میحوەری ئێران. ئەو كەسەی بە حیساب سەرپەرشتیی میحوەری ئەمریكی و سعودی و توركی دەكات، برێت ماكگۆرگی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكایە بۆ شەڕی دژی داعش، ئەوەشی سەرپەرشتیی میحوەری ئێرانی دەكات، ئاغای قاسمی سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسە لە سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران. میحوەری ئەمریكی ئامانجی ئەوەیە حكومەتێك لە عێراقدا پێكبێت كە پاشكۆی خۆی بێت و نفووزی ئێران لە عێراقدا نەهێڵێت، میحوەری ئێرانیش ئامانجی ئەوەیە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بەكار بهێنێت دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و كشانەوەی ئەمریكا لە عێراقدا.
ئەگەر لێرەدا ئەو پرسیارە بورووژێنین، ئایا ململانێی ئەم دوو میحوەرە (ئێرانی و ئەمریكی) ئامانجیان ئەوەیە حكومەتێك بۆ عێراق پێكبهێنن و كێشەی عێراقییەكان چارەسەر بكەن و خزمەتگوزارییە پێویستەكانیان بۆ دابین بكەن، یان دەیانەوێت حكومەتێكی پاشكۆ دروست بكەن و شەڕی بەوەكالەت بۆ ئەو دوو میحورە بكەن؟ دیارە پێش ئەوەی ئەم حكومەتە پاشكۆیە دروست بێت، وەك رۆژی هەینی رابردوو نوری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا بە راشكاوانە رایگەیاند، عێراق لە ئێستاوە بەرەو ئاڵۆزی دەچێت و گەل و خاكی عێراق كراوەتە ئامانج، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە هەر لە ئێستاوە ئەم دوو میحورە شەڕی بەوەكالەتی خۆیان بە عێراقییەكان دەست پێكردووە.
دیارە وەك لە رەوتی رووداوەكان باشتر دەردەكەوێت، ئەمریكا كە سەپەرشتیی میحوەرێك دەكات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە رووی كاریگەری سزا ئابوورییەكانی كە كاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە بە عێراقیشەوە، هەروەها ئێرانیش لەسەر زەوی و لەناو جومگە هەستیارەكانی دەوڵەتی عێراقدا نفووزی خۆی هەیە، لەم بازنەیەدا ئەگەر گریمانەیەكی گەشبینانە بكەین و وای دابنێین بە بێ روودانی هیچ كێشەیەك، یەكێك لەو دوو میحوەرە دەتوانێت فراكسیۆنێكی گەورە پێكبهێنێت و لەدوای ئەوەی پەرلەمان كۆدەبێتەوە (ئەم نووسینە پێش رۆژی دووشەمە 10ی ئابی 2018 و كۆبوونەوەی پەرلەمانی تازەی عێراق نووسراوە) و رادەسپێرێت بۆ ئەوەی لەماوەی 30 رۆژدا حكومەتێكی تازە پێكبهێنێت، ئایا سیناریۆی ئەم حكومەتە چۆن دەبێت؟ باشترین وەڵام بۆ ئەم پرسیارە كاردانەوەكەی حاجی هادی عامری سەرۆكی فراكسیۆنی فەتحە، كە وەك دەڵێن بە ماكگۆركی گوتووە (دیارە ماكگۆرگ رەتیكردەوە كە ئەو كۆبوونەوەیە كرابێت)، هەر حكومەتێك بە سەرپەرشتیی ئەمریكا لە عێراقدا پێكبێت، ئەوا لە ماوەی دوومانگدا دەیڕووخێنن، باشە ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین، هەردوو لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسا توانییان گەورەترین فراكسیۆن پێكبهێنن و حكومەتی داهاتوو پێكبهێنن، ئایا لەم حاڵەتەدا سیناریۆی ئەم حكومەتە چۆن دەبێت؟ ئەوا باشترین وەڵامیش بۆ ئەم پرسیارە ئەو قسانەی بەها ئەعرەجی جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەركردەی تەیاری سەدر و لیستی سائیرونە كە لە بەرنامەیەكی تەلەفزیونێدا گوتی: «بۆ ئێستای ئێران، سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق لە سەرۆك كۆماری ئێران بۆ ئێران گرنگترە، هەر بۆیە ئەگەر فەتح و قانوون، حكومەتی داهاتوو دروست بكەن، ئەوا ئەمریكا وەك ئێران مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكات و هەمان سزاكانی ئێران لەسەر عێراقیش پیادە دەكات..» لەم حاڵەتەدا لەوانەیە حكومەتەكە بەردەوام بێت، بەڵام هەموو گەلانی عێراق رووبەڕووی نەهامەتی و كارەسات دەبنەوە، ئێستا بەبێ سزا، خەڵكی بەسرا لە نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پاك تووشی كارەسات بوون، ئایا دەبێت كە سزاكان بخرێنە سەر عێراق بارودۆخەكە چۆن دەبێت؟
لایەنە سیاسییەكانی شیعەی عێراق، لە هەردوو میحوەری (ئێرانی و ئەمریكی) چاوەڕێی ئەوەن كە لەلایەن ئایەتوڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان قسەیەك بكرێت و ئەم پرسە یەكلایی بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا مەرجەعییەتی باڵا بێجگە لە هەندێك قسە سەبارەت بە هێڵە گشتییەكانی حكومەت، هیچ قسەیەكی لەسەر وردەكاریی حكومەت نەكردووە، سەبارەت بەو قسانەش بەها ئەعرەجی كە یەكێكە لە سیاسییە نزیكەكان لە مەرجەعییەتەوە، بە ئاشكرا رایگەیاند، كە ئەو قسانەشی لە گوتاری نوێژی بە ناوی ئایەتوڵا سیستانییەوە كراوە، قسەی ئەو نین و وەكیلەكانی بەناوی ئەوەوە ئەو قسانەیان كردووە، هەر لەسەر ئەم پرسە عەلی عەلاق كە ئەویش یەكێكە لە سەركردەكانی لیستی نەسری سەر بە عەبادی، ئەویش ئاماژەی بەوە كرد، هەر دەبێت مەرجەعییەتی سیستانی قسەیەكی هەبێت و ئەم پرسە یەكلایی بكاتەوە.
لەسەر ئەم پرسە بەوەی ئایا ئایەتوڵا سیستانی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت قسەیەكی دەبێت، یان فەتوایەك دەدات، چاودێران و شارەزایان لەسەر مەرجەعییەت، بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێكیان پێیانوایە كە مەرجەعییەت خۆی تێكەڵاوی سیاسەت ناكات و لەسەر بەرژەوەندیی گشتی قسە و فەتوای دەبێت، بۆ نموونە لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن داوای كرد، (ئەوانەی تاقیتان كردوونەتەوە، جارێكی دیكە تاقییان مەكەنەوە)، لەسەر خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی باشووری عێراق قسەی هەبوو و پشتگیری كرد، لەسەر هەڕەشەی داعش و فەتواكەی بۆ حەشدی شەعبی قسەی هەبووە، بۆیە ئەم چاودێرانە پێیانوایە مەرجەعییەتی شیعە لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەت هیچ قسەیەكی نابێت، لەبەرامبەردا ئەوانەی پێیانوایە لە زۆر حاڵەتدا مەرجەعییەت خۆی تێكەڵاوی سیاسەتیش دەكات، ئەوان دەڵێن، مەرجەعییەت لە نووسینەوەی دەستوور و دەنگدان لەسەر دەستووری 2005 قسەی هەبووە، لە پێكهێنانی حكومەتەكان قسەی خۆی لەسەر كاندیدەكان بۆ سەرۆك وەزیران هەبووە، بۆیە ئەمجارەش قسەی خۆی دەبێت.
لەنێوان ئەم دوو بۆچوونەی چاودێراندا كە پێیانوایە مەرجەعییەتی شیعە قسەی دەبێت، یان قسەی نابێت، لەم باسەدا گریمانەی ئەوە دەكەین كە ئەمجارە مەرجەعیەتی شیعە لەسەر پێكهێنانی شیعە قسەی نابێت و ئەو پرسیارەش دەكەین بۆچی قسەی نابێت؟ دیارە وەڵامی ئەم پرسیارە لەبری ئەوەی ئەو هۆكارانە ئاشكرا بكات كە بۆچی قسەی نابێت، لەسەر ئەو هۆكارانە هەڵوێستە دەكات كە پێشتر وایكردووە مەرجەعییەت لە سیاسەتدا قسەی خۆی هەبێت:
1- لەلای مەرجەعییەتی باڵای شیعە لە نەجەف، شیعەبوون لە سەرووی عێراقیبوونەوەیە، هەر بۆیە ئەو كاتانەی قسەی هەبووە كە هاوپەیمانیی شیعە ناوی هاوپەیمانی نیشتمانی بووە، ئەوجا بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانییە بپارێزێت، قسەی خۆی كردووە، بەڵام ئێستا هاوپەیمانیی شیعە نەماوە و لە جێگەی ئەو پەرتەوازەیی هەیە، تەنانەت نوێنەری ئێران و حزبوڵاش نەیانتوانی ئەو یەكڕیزییە لەناو ماڵی شیعە دروست بكەنەوە.
2- پێشتر كە قسەی هەبووە، لەنێوان ئێران و ئەمریكادا جۆرێك لە لێكتێگەیشتن هەبووە لەسەر حوكمڕانیی شیعە لە عێراقدا، بۆیە كە قسەی كردووە، دڵنیا بووە كە یەكڕیزیی ماڵی شیعە تێكناچێت، بەڵام ئەمجارە بە هیچ جۆرێك لێكتێگەیشتن لەسەر حكومەتی داهاتووی عێراق لە نێوان ئەمریكا و ئێران بوونی نییە، بۆیە مەرجەعییەت هەر قسەیەك بكات، شەڕێكی ناوخۆیی شیعە شیعە دروست دەبێت.
ئەوەی وەك فاكت لەم چەند دێڕانە خراونەتەڕوو، واقیعی حاڵی ئەو پرۆسە سیاسییەیە كە دەستەبژێری سیاسیی شیعە لە عێراقدا بەڕێوەی دەبەن، پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا لە هیچ جومگەیەكی ئەم پرۆسە سیاسییەدا، عێراق وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ و خاوەن سەروەریی بوونی هەیە؟