عێراق لە نێوان چەكوشی ئێران و سندانی ئەمریكادا
September 1, 2018
راپۆرتەکان
دیارە لەناو هەموو دەوڵەتەكانی جیهاندا، عێراق تەنیا دەوڵەتە كە ئەمریكا ناچار دەكات بەتایبەتی سیاسەتێك دابڕێژێت كە ئەویش سیاسەتی ئەمریكایە لە عێراقدا، نەك سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق، واتە پیادەكردنی سیاسەتی ئەمریكایە لە عێراقدا، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنجی سەردانی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری ئەمریكا بدەین بۆ عێراق، ئەوا دەبینین شێوازی هاتنەكەیان بۆ عێراق لەگەڵ هەر وڵاتێكی دیكە جیاوازە، لە هەمانكاتیشدا ئەگەر سەیری ماراسۆنە دیپلۆماتییەكەی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش لە عێراقدا بكەین كە برێت ماككورگە، دەبینین بە ئاشكرا لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق لەگەڵ كۆی لایەنە سیاسییەكانی عێراق قسەدەكات و نەخشەی رێگە بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دادەڕێژێت، ئەمەش مانای ئەوەیە حكومەتی ئەمریكا ئەوجا كۆمارییەكان لە دەسەڵاتدابن، یان دیموكراتەكان، بە شێوازێكی تایبەتی مامەڵە لەگەڵ عێراق دەكەن، راشكاوانەتر لە دیدی حكومەتی ئەمریكادا هێشتا عێراق نەیتوانیوە ببێتەوە بەو دەوڵەتەی كە وەك دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە سەیری هەڵوێستەكانی حكومەتی عێراق بەرامبەر بە ئەمریكا بكەین، ئەوا پێش ئەوەی حكومەتی عێراق هەر هەڵوێستێك دەرببڕێت، ئەوا دەبێت رەشنووسی ئەو هەڵوێستە رەزامەندی ئەمریكای لەسەر وەرگیرابێت، ئەگەر وانەبێت و دەسەڵاتدارانی عێراق بیانەوێت وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكەن، ئەوا بچووكترین جووڵەی سەربازی، یان دیپلۆماتیی ئەمریكی بەسە كە عێراق وەك دەوڵەت بوونی نەمێنێت.
ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە و بەپێی پرەنسیپی سیاسەتی تازەی ئیدارەی ترەمپ كە پرەنسیپی (قازانج و زیانە) لەگەڵ دۆست و دوژمن، پێگەی عێراق لەم هاوكێشەیەدا بخوێنینەوە، ئەوا لە ئێستادا عێراق پێویستی بەوە هەیە بە رەزامەندی خۆی پاشكۆیەتی سیاسەتی ئەمریكا قبووڵ بكات، نەك ئەمریكا پێویستی بەوە بێت خۆی لە گەڵ عێراق ماندوو بكات.
پرەنسیپی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر بە عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە خەریكە گەڵاڵە دەكرێت، كە دەبێت ئەو سیاسەتە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، شەڕی عێراق لە ساڵی 2003وە بێجگە لەو هەموو قوربانییانەی بە گیانی ئەمریكییەكان دراوە، زیاتر لە 3 ترلیۆن دۆلاریشی تیا خەرجكراوە، ئایا سوودی ئەم شەڕە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا چی بووە؟ ئەم پرسیارە كە كۆی ئیدارەی ترەمپی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، وەڵامەكەی ئەوەیە ئەگەر عێراق دوای ئەو هەموو قوربانی و ئەو 3 ترلیۆن دۆلارەی تێیدا خەرجكراوە، نەبێتە دەوڵەت و وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ نەبێتە شەریكی راستەقینەی ئەمریكا و نەتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، ئەوا ئەمریكا هیچ مەجبوور نییە كە زیاتر خۆی لەگەڵدا ماندوو بكات و وەك جەستەیەكی مردوو بە شانی خۆیدا هەڵیبواسێت. راشكاوانەتر چۆن ئیدارەی ئەمریكا توانی ئەو بڕیارە بدات كە دروستكردنی دیوارێك بە درێژایی سنوور لەگەڵ مەكسیك دەست پێ بكات بۆ ئەوەی خۆی لە كێشەی پەنابەرانی نایاسایی ئەو وڵاتە دوور بخاتەوە و دیوارەكەش نزیكەی 1.5 ملیار دۆلاری تێدەچێت، بەهەمان شێوە دەتوانێت دیوارێكی دیپلۆماتی و سیاسیش لەنێوان ئەمریكا و عێراق دروست بكات و خۆی لە كێشەكانی عێراقیش رزگار بكات.
لەبەرامبەر ئەمەدا ئەگەر سەیری كاریگەریی ئێران لەسەر
حكومەتی داهاتووی عێراق بكەین، دیارە وەك لە ماراسۆنە دیپلۆماتییەكانی نوێنەری ئێران لە عێراقدا دەردەكەوێت، ئەمجارەیان شێوازی سەردان و پەیوەندییەكانی قاسم سولەیمانی و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەگشتی و لایەنەكانی شیعە بەتایبەتی، جۆرێك لە نهێنی پێوە دیارە و بە هاوشێوەی دیدارەكانی بریت ماككورگی نوێنەری ئەمریكا لە عێراقدا ئاشكرا نین، ئەم شێوازەی ئێران لە پەیوەندیكردنی بە لایەنە عێراقییەكانەوە چەند تەفسیرێكی هەیە، هەندێك لە چاودێران وا بۆی دەچن كە ئێران نایەوێت بە شێوەیەكی راستەوخۆ و ئاشكرا رۆڵی لە پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا هەبێت، لەبەر ئەوەی هەر كەسێك لەنێو لایەنە شیعەكانی عێراق ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق ناتوانێت دژی بەرژەوەندییەكانی ئێران بڕیار بدات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە شێوازی بڕیاردان لەناو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا، بەپێی زۆرینە و كەمینەیە، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر شەخسی سەرۆك وەزیرانیش لایەنگری بەرژەوەندییەكانی ئێران نەبێت، ئەوا بەشی زۆری وەزیرەكان (بەتایبەتی وەزیری لایەنە شیعەكان) سەر بەو لایەنانە دەبن كە لایەنگری بەرژەوەندییەكانی ئێرانن لە عێراقدا.
لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر سەیری هەوڵی لایەنە شیعەكان بكەین بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی، دەبینین لە دوای 7ی ئەم مانگەوە كە حەیدەر عەبادی رایگەیاند پاپەند دەبن بە سزاكانی ئەمریكاوە لەسەر ئێران، ئەوا هەڵكشانێكی سەیر لە هەوڵەكانی هەردوو لیستی دەوڵەتی قانوون بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی و لیستی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری هاتۆتەئاراوە، ئەوان بە ئاشكرا بانگەشە بۆ ئەوە دەكەن لە دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن نزیك بوونەتەوە، دیارە چاودێران هەڵكشانی رۆڵی هەردوو لیستی (قانوون و فەتح) وەك كاریگەریی ئێران بە دژی حەیدەر عەبادی سەیر دەكەن، لەبەرامبەریشدا كە سەیری لێدوانەكانی ئەم چەند رۆژی رابردووی د.حەیدەر عەبادی دەكەینەوە سەبارەت بە سزاكانی ئەمریكا لە دژی ئێران، دەبینین قسەكانی عەبادییش جۆرێك لە پاشەكشەی پێوە دیارە و راشكاوانە دەڵێت، بڕیارەكەمان تەنیا دراوی قورس (دۆلار) دەگرێتەوە و ناتوانرێت رێگە لە بارزگانی نێوان عێراق و ئێران بگرێت و دەبێت ئەمریكاش ئەمە وەك حاڵەتێكی تایبەتی سەیر بكات.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم گوشارانەی ئێران لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، تەنیا مانۆڕێكە دژی هەوڵەكانی ئەمریكا لە عێراقدا، یاخود ئێران مەبەستێتی بە درێژەدان بە بارزگانی لەگەڵ عێراقدا قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە لە ئاكامی سزاكانی ئەمریكا رووبەڕووی دەبێتەوە؟ ئەگەر بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پەنا بۆ داتاكان بەرین و بپرسین: ئایا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئێران ساڵانە چەندە؟ ئەوا بەپێی ئەو ئامارانەی كە پاشكۆی بازرگانی كۆماری ئیسلامی بڵاوی كردۆتەوە، نزیكەی 13 ملیار دۆلارە ساڵانە، باشە ئەگەر ئەم داتایە لەگەڵ داتایەكی دیكە بەراورد بكەین، كە ئێستا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە 4.7 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژیكدا، ئەگەر گریمانەی ئەوە بكەین، ئەم رێژەیە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە دابەزی بۆ نیوە، واتە 2.35 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، ئایا ئێران تەنیا لەیەك مانگدا چەند زەرەر دەكات؟ بێگومان ئەگەر بە نرخی ئێستای نەوت حیسابی بكەین، ئەوا ئێران مانگانە نزیكەی 5 ملیار دۆلار و ساڵانە نزیكەی 60 ملیار دۆلار زەرەر دەكات .
لێرەوە ئەگەر ئەم ئاراستەیە لەسەر عێراق وێنا بكەین و گریمانەی ئەوە بكەین، عێراق پابەند نابێت بە سزاكانی ئەمریكاوە لەسەر ئێران، ئەوا لەم حاڵەتەدا ئەمریكا دەبێت بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ عێراق بكات، واتە سزا بخرێتە سەر فرۆشتنی نەوتی عێراق، ئەمە لە كاتێكدا بودجەی عێراق بە رێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئایا لەم حاڵەتەدا عێراق چی بەسەر دێت؟ بێگومان تەواوی بوارەكانی ژیان لە عێراقدا پەكی دەكەوێت و هیچ خزمەتگوزارییەك بوونی نامێنێت.
ئەم واقیعە ئەوەمان پێدەڵێت، كە ئەگەر حەیدەر عەبادی، یان نوری مالیكی، یان تەنانەت هادی عامرییش سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق بن، ناتوانن ئەو بڕیارە بدەن كە پابەندنابن بە سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران، ئەگەر لایەنی ئەمریكی مەبەستیان بێت، دەبێت عێراق پابەند بێت بەو سزایانەوە، هەروەها لایەنی ئێرانیش باش دەزانێت كە بە پشتبەستن بە بارزگانی لەگەڵ عێراق ناتوانێت قەرەبووی زیانی ئەو سزایانە بكاتەوە، بۆیە كارتی بازرگانیی ئێران لەگەڵ عێراق، لەلایەن ئەمریكا و ئێرانیشەوە وەك كارتێكی لاوەكی سەیر دەكرێت و نابێتە جێگەی بایەخێكی ئەوتۆ كە هیچ لایەكیان گرەوی لەسەر بكەن. بەڵام وەك كارتێكی راگەیاندن كاری پێدەكەن و شێوازێك لە مانۆڕی سیاسی پێ دروست دەكەن.
لەم راستەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ناو واقیعی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەگشتی و هەروەها واقیعی پرۆسەی سیاسی لەناو لایەنەكانی شیعەی عێراقدا بەتایبەتی، ئەوا پێش هەموو شت پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پرۆسەیەكی سەركەوتوو نییە و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق (بە كورد و سوننە و شیعەوە) ناتوانن لەناو ئەو پرۆسەیەدا بوونێكی ئاساییان هەبێت، بەڵكو پرۆسەكە زیاتر هەژموونی لایەنە شیعەكانی بەسەرەوەیە و ئەوەی ئەوان بڕیار بدەن، ئەوا پرۆسە سیاسییەكە بەو ئاراستەیە هەنگاو هەڵدەگرێت، لەم لایەنەوە و پێش هەموو شت ئەم پرۆسەیە پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگی و شەراكەت و پێكەوەسازانی بۆ بگەڕێتەوە كە ئێستا ئەمە لەناو پرۆسەكەدا بوونی نییە.
لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسیی لایەنە شیعەكانی عێراقیش، هەموو لایەنە سیاسییەكانی شیعە بە حزب و هاوپەیمانییەكانیشانەوە بە هەمان شێوە و تێڕوانینی كۆماری ئیسلامی ئێران سەیری ئەمریكا دەكەن، ئەوجا ئەگەر لەناو خۆیاندا بۆچوونی جیاوازیشیان هەبێت، ئەوا ئەو جیاوازییە لەسەر ئەو بنەمایە نییە كە ئەم هاوپەیمانییەی شیعە دۆستی ئەمریكایە و ئەوی دیكەیان دژی ئەمریكایە، بەڵكو جیاوازییەكەیان لەسەر جیاوازیی ئایدیۆلۆژی مەزهەبیی خۆیانە، هەر بۆ نموونە ئێستا لە شەقامی سیاسی عێراقیدا، هەردوو لیستی (قانون وفەتح) وەك دوو لیستی نزیك لەئێران ئاماژەیان پێدەكرێت، بەڵام لەبەرامبەردا لیستی سائیرون هەیە كە ئەمیان دەڵێن كەمتر لە ئێران نزیكە، بەڵام لیستی سائیرون كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات، زۆر لە نوری مالیكی و هادی عامری زیاتر دژی ئەمریكا بووە و نەك هەر دژایەتی كردووە، بەڵكو شەڕی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كردووە، بۆیە ئەگەر ئەمریكا گرەو لەسەر ئەوە دەكات حەیدەر عەبادی لە ئێران دوورە و نوری مالیكی و هادی عامری لە ئێران نزیكن، ئەوا نوری مالیكی هەر ئەو كەسەیە كە لە ساڵی 2010 ئەمریكا شەڕی لەسەر دووبارە دانانەوەی بە سەرۆك وەزیرانی دەكرد و پێیوابوو، ئەو لە هەمووان زیاتر لە ئەمریكا نزیكترە و عێراق دەكاتە هاوبەشێكی راستەقینەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا.
كەواتە لەناو ئەم واقیعەدا، پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق بەرەو كام ئاراستە هەنگاو هەڵدەگرێت؟ یان ئەگەر واقیعە سیاسییەكە بەم شێوەیە بێت، لایەنی ئەمریكی چۆن مامەڵە لەگەڵ حكومەتی داهاتووی عێراق دەكات؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بەوە هەیە كە جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرەنسیپانەی ستراتیژیەتی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دیاری دەكات، كە ئەویش راشكاوانە ئەوەیە، ئیدارەی ترەمپ كێشەی لەگەڵ ئەوە نییە شیعەی عێراق ئەم دەوڵەتە بەرەو دەوڵەتێكی دیموكراتی دەبەن، یان بەرەو دەوڵەتێكی ئیسلامی، بەڵكو ئەوەی ئیدارەی ترەمپ مەبەستێتی ئەوەیە ئەم حكومەتە چۆن رەفتار لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكا لەناوچەكە دەكات و چۆن پەیوەندیيەكانی لەگەڵ ئەمریكا رێكدەخاتەوە، بۆ ئەمەش لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ چاوەڕێی ئەوە دەكات ئەو سزایانەی لەسەر ئێران دایناون، ئاكامەكەی بەرەو كوێ دەگات و ئەگەر كەوتنە دیالۆگ لە سەر چ بنەمایەكی تازە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی رێككەوتن دەكەن، ئەگەر بەو ئاراستەیە شكایەوە كە ئیدارەی ترەمپ نەخشەی بۆ داناوە، ئاوا مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی داهاتووی عێراق بۆ ئەمریكا كارێكی زۆر ئاسان دەبێت.