سەپاندنی سزا و هێشتنەوەی دەرگای دیالۆگ بە كراوەیی
August 29, 2018
راپۆرتەکان
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: بۆچی لە ئیدارەكانی پێشتری ئەمریكا، بوونی كۆدەنگیی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سیاسەتەكانی ئەمریكا زۆر پێویست بوو، بەڵام لە ئیدارەی ترەمپدا بوونی ئەم كۆدەنگییە ئەوەندە گرنگ نییە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەو دوو پرەنسیپە دەیداتەوە كە ستراتیژیەتی ئیدارەی ترەمپ دەیداتەوە، كە ئەویش ئەوەیە ستراتیژیەتی گۆڕینی رژێمەكان چیتر ستراتیژیەتی ئیدارەی ئەمریكا نییە. هەر بۆ نموونە جۆرج دەبلیو بوش لە 2003 كۆدەنگیی نێودەوڵەتی پێویست بوو بۆ ئەوەی رژێمی سەدام حوسێن بڕووخێنێت، هەروەها باراك ئۆباما پێویسیتی بە كۆدەنگیی نێودەوڵەتی هەبوو بۆ ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد بڕووخێنێت، بەڵام ئیدارەی ترەمپ پێویستی بەو كۆدەنگییە نێودەوەڵەتییە نییە بۆ ئەوەی رژێمی ئەسەد بڕووخێنێت، بەڵكو كۆدەنگیی نێودەوڵەتی دەوێت بۆ ئەوەی رژێمی ئەسەد چەكی كیمیایی و بایۆلۆژی بەكار نەهێنێت، هەروەها ئەمریكا پێویستی بە كۆدەنگیی نێودەوڵەتی نییە بۆ ئەوەی رووسیا بڕووخێنێت، یان فلادیمیر پۆتین بكات بە سەرۆكێكی دیموكراتخواز، ئەو سزاكانی خۆی دەسەپێنێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە موسكۆ گازی ژەهراوی لە دژی هیچ كەسێك بەكار نەهێنێت، لەبەرامبەر توركیاش، ترەمپ نایەوێت كە سیستمەكەی ئەردۆگان بڕووخێنێت، بەڵكو دەیەوێت ئەو سیستمە ئەو هاووڵاتییە ئەمریكییە ئازاد بكات كە ماوەی دووساڵە دەستگیری كردووە.
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە سەیری ئەو ئاڵۆزییە گەورەیە بكەین كە بە هۆی كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی (5+1)، لەنێوان تاران و واشنتۆن هاتۆتەئاراوە، دەبینین وێڕای ئەوەی سزاكانی ئەمریكا كاریگەری گەورەی لەسەر ئابووریی ئێران دروستكردووە، بەڵام شەخسی دۆناڵد ترەمپ ئامادەباشی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی دیالۆگی راستەوخۆ لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئێران بكات و رێككەوتنێكی باشتر ئیمزا بكات.
ئەم شێوازە نوێیەی ئیدارەی ترەمپ، هەڵوێستی كۆماری چینی میللی و كۆماری رووسیای فیدڕاڵی، لە دوو دژبەری گەورەی سیاسەتەكانی پێشووی ئەمریكاوە گۆڕیوە بۆ ناوبژیوانیی نێوان واشنتۆن و ئەو وڵاتانە بۆ ئەوەی كێشەكان بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن. هەر بۆ نموونە كۆماری چینی میللی وەك ئەندامێكی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش كە بەردەوام دژی سیاسەتەكانی ئەمریكا بووە و زۆر جار لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگدانی رەتكردۆتەوە، بەڵام وەك بینیمان لە خاوكردنەوەی كێشەكانی نێوان كۆریای باكوور و ئەمریكا، رۆڵێكی كاریگەری گێڕا، بەوەش لوتكەی نێوان ترەمپ و كیم جۆنگ بە سەركەوتوویی رێكخرا. لە ئێستاشدا كە رابەری شۆڕشی ئیسلامی و سەرۆك كۆماری ئێران، بە هەموو شێوەیەك دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ رەتدەكەنەوە، بەڵام رووسیا دەیەوێت هەمان ئەو رۆڵە لە نێوان تاران و واشنتۆن بگێڕێت، كە پێشتر چین لە نێوان واشنتۆن و بیونگیانگ گێڕاویەتی. هەر بۆ نموونە لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی نێوان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا، سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئێران لە سووریا، لایەنی رووسیا پێشنیاری ئەوەی كردووە، ئەوان ئامادەن ئێران رازی بكەن كە هێزەكانی لە سووریا بكشێنێتەوە، بە مەرجێ لایەنی ئەمریكی لە ئۆكتۆبەری داهاتوو سزا نەخاتە سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران.
دیارە ئەم پێشنیارەی رووسیا بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئێران لە سووریا، سەرەتای هەوڵەكانە بۆ كردنەوەی دەرگای دیالۆگ لە نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان تاران و واشنتۆن. دینیس روس دیپلۆماتكاری دێرینی ئەمریكا و ئەندازیاری كۆتاییهێنان بە شەڕی سارد، لە تازەترین وتاریدا لەسەر ئەم كێشەیەی نێوان ئەمریكا و ئێران جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێران سەرەنجام لە رێگەی رووسیاوە بە دیالۆگ لەگەڵ ئەمریكا رازی دەبێت، دینیس روس ئەم پێشبینییەی گرێدەداتەوە بە شێوازی بەڕێوەبردنی سیاسەت لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوەو ئەو پێیوایە، دەوڵەتی ئێران بیر لە بەرژەوەندییەكانی خۆی دەكاتەوە، بەتایبەتی لەم كاتەدا كە نرخی بەرمیلێك نەوت 70 دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوا ئەگەر سزا بخرێتە سەر فرۆشتنی نەوتی ئێران، دەوڵەتی ئێران زەرەرێكی زۆر دەكات و كاریگەری لەسەر ناوخۆی وڵاتەكەش دەبێت، بۆیە ئێران بیر لەوە دەكاتەوە كە بە رێگەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو دەنگە ناڕازییانە ئارام بكاتەوە كە لە سەرەتای ئەمساڵ رژانە سەر شەقامەكان و داوایان دەكرد، چیتر نابێت داهاتی وڵاتەكەیان بۆ بەشار ئەسەد و میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی خەرج بكرێت و باشترە ئەو داهاتە بژێوی خەڵكی پێ باشتر بكرێت و بێكاری نەهێڵێت.
سەبارەت بە دیوە نەرمەكەی دیپلۆماتیەتی ئێرانیش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم كێشەیەی ئەمریكا بە كشانەوەی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە دروستی كردووە، محەمەد جەواد زەریف (وەزیری دەرەوەی ئێران) لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە، جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران هەرگیز پرەنسیپی دیالۆگی رەتنەكردۆتەوە و رەتیشی ناكاتەوە، بەڵام كێشەكە لە ئێستادا ئەوەیە، ئایا كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئەمریكا لەسەر چی دیالۆگ بكات؟ گوتیشی: «كۆماری ئیسلامی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ماوەی چەند ساڵێك دیالۆگی كردووە، هەتا گەیشتینە ئەوەی (رێككەوتنی 5+1) ئیمزا بكەین، بۆیە هەر دیالۆگێكی دیكەش بكەین، لەوە زیاتر بە هیچی دی ناگەین، بۆیە ئێمە پێمانوایە كە دیالۆگ لەگەڵ ئەمریكا هیچ سوودێكی نابێت.»
محەمەد جەواد زەریف كە بە دیپلۆماتێكی نەرم ناسراوە، قسەكانی دەربڕی هەندێك هەڵوێستی كۆماری ئیسلامییە كە لە ئێستادا نایەوێت بە راشكاوانە بیخاتەڕوو، لە هەمانكاتدا وەك مایك پۆمپیوی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش هەفتەی رابردوو جارێكی دیكە ئەوەی دووپات كردەوە كە ئەمریكا بەهیچ جۆرێك ئامانجی لەم سزایانە گۆڕینی سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران نییە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو دەوڵەتانەشی كە خۆیان بە دۆستی كۆماری ئیسلامی دەزانن، دەبنە هاندەر بۆ ئەوەی دەرگای دیالۆگ لە نێوان تاران و واشنتۆن بكرێتەوە. هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتانەشی خۆیان بە دۆستی كۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن، ناچار دەبن لە نێوان ئێران و ئەمریكادا لایەكیان هەڵبژێرن، بێگومان ئەمەش كارێكی ئاسان نییە، بۆیە ئەوانیش كە ناتوانن دەست لە هەموو بەرژەوەندییەكانی خۆیان هەڵبگرن و پشتی ئێران بگرن، ئەوا تەنیا رێگە كە لەبەردەمیان دەمێنێتەوە، ئەوەیە كە هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئێران بە دیالۆگ لەگەڵ ئەمریكا رازی بكەن. باشترین دوو نموونە لە ئێستا هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراقە، ئەم دوو دەوڵەتە كە خۆیان بە قەرزاری ئێران دەزانن لە شەڕی دژی داعشدا و بە راشكاوی دان بەو راستییەدا دەنێن، ئەگەر هەوڵەكانی ئێران نەبوایە، ئێستا ئەسەد لە دەسەڵات نەدەبوو، هەروەها ئەگەر هەوڵەكانی سوپای پاسداران نەبوایە لەوانە بوو داعش بەغدای بگرتایە، بەڵام ئێستا ئەم دوو دەوڵەتەش ناتوانن بە راشكاوی ئەو بڕیارە بدەن و لە نێوان ئەمریكا و ئێران، تەنیا ئێران هەڵبژێرن، بۆیە ئەگەر سەیری هەڵوێستی حكومەتی سووریا بكەین بەرامبەر بە كشانەوەی هێزەكانی ئێران لە سووریا، ئەوا لەگەڵ ئەوەی حكومەتی سووریا بە فەرمی داوای لە ئێران نەكردووە، هێزەكانی بكێشێتەوە، بەڵام حكومەتی رووسیا زۆر راشكاوانە لە بری حكومەتی سووریا و ئێران، لەسەر ئەم پرسە قسەی خۆی لەگەڵ ئەمریكا كردووە.
لایەنێكی دیكەی ئەم كێشەیەی نێوان واشنتۆن و تاران، لە ماوەی سێ مانگی رابردوو ئەوەیە پێشهاتەكان بەوجۆرەن كە زیاتر بۆ بەرژەوەندیی ئەم ستراتیژە تازەیەی ئیدارەی ترەمپ بشكێتەوە، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆیەك، هۆكاری هەرە سەرەكییان ئەوەیە كە ناوچەی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەیەكی ژیارییە بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتە جیاوازەكانی جیهان، بەرژەوەندیی هەموو دەوڵەتانی جیهانیش لەوەدایە، ئەو ناسەقامگیرییەی ئێستا لەو ناوچەیەدا بوونی هەیە، بگۆڕێت بۆ سەقامگیری و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان، ئەوجا لە كاتیكدا سزاكانی ترەمپ وەك هەوڵێك بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و بەدیلی شەڕ سەیر دەكرێت، ئەوا ئەگەر بەراورد بكرێت لە نێوان شەڕ و سەپاندنی سزا، بەبێ ناچاركردنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی بەو سزایانەوە پابەند بێت، ئەوا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حەتمەن سزاكانی لە شەڕێكی خوێناوی پێ باشترە.