چــەمـــكی (پــــارتــی) لـەنــاو فـیـكــری مـســتـەفـــا بــــارزانــــی - دا

چــەمـــكی  (پــــارتــی)  لـەنــاو فـیـكــری مـســتـەفـــا بــــارزانــــی - دا
ئەمانوئیل كانت، (فیكر)ی پێش پراكتیزەكردن بە (ئەقڵی پەتی _العقل المحض) پێناسە دەكات، بۆیە لە كاتی پراكتیزەكردنی ئەو فیكرەدا، رەخنە لە ئەقڵی پەتی دەگرێت، ئەمەش بەو مانایەی مەرج نییە ئەوەی بیری لێ دەكەیتەوە و پلانی بۆ دادەنێیت، بە هەمان ئەو وێنایە جێبەجێ بكرێت كە تۆ پێشتر بیرت لێ كردووەتەوە، هەروەها مەرجیش نییە كاتێك هەر خۆت ئەو فیكرەی پێشتری خۆت جێبەجێ دەكەیت، بە هەمان شێوە جێبەجێی بكەیت كە پێشتر بیرت لێ كردووەتەوە، كانت ئەمەشی ناو لێناوە: (رەخنەگرتن لە ئەقڵی پراكتیكی).
ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە، پێش ئەوەی باسی چۆنیەتی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، دیارە (پارتی) وەك چەمك و فیكر لەناو ئەقڵی پەتیی مستەفا بارزانی-دا نەك هەر بوونی هەبووە، بەڵكو ئەم (پارت)ـە دامەزراویشەوە و ئەرك و ئامانجەكانیشی بۆ دیاریكراوە، هەر بۆیە مستەفا بارزانی داوای جێبەجێكردنی ئەو فیكرە دەكات كە پێشتر خۆی بیری لێ كردووەتەوە. كەواتە ئەگەر ئاراستەی پرسیارمان لە چەمكی (پارتی) بێت، وەك ئەوەی لە فیكری مستەفا بارزانی بوونی هەبووە، پێش ئەوەی هەنگاو بۆ دامەزراندنی هەڵگیرابێت، ئەوا ئەو پرسیارەی ئێمە نابێتە پرسیارێكی مێژوویی بۆ (پارتی)، بەڵكو دەبێتە پرسیارێك بۆ چەمكی (پارتی) لە حاڵەتی بێدەنگیدا و ئەو بێدەنگییە دەشكێنن و ماناو مەغزای چەمكی (پارتی) لەو بەدەنگهێنانەوەیە بەرهەم دەهێنێتەوە.
گەڕانەوە بۆ چەمكی (پارتی) لە حاڵەتی بێدەنگیدا، مانای ئەوە نییە مێژوو لەناو بێدەنگیی پارتیدا ئامادەیی نەبووە، بەڵكو خودی بێدەنگییەكە بناخەی بوونیەتی و لەگەڵ بەدەنگهێنانەوەی ئەو بێدەنییگە دیسان پرسیارێكی دیكەی مێژوویی لە پارتی دەكرێت، بەڵام مێژوویی بە چ مانایەك؟ بێگومان (مێژوویی) بەو مانایەی لە سەرەتای مێژووی دروستبوونی ئەم فیكرەوە بۆ دامەزراندنی (پارتی) و هەتا ئێستاش ئەو مێژووە درێژەی هەیە، بۆیە كاتێك بەم شێوازە چەمكی (پارتی) وەك فیكر و پێش دامەزراندنی دەخوێنینەوە، ئەوا دەرگای رەخنەگرتن لە ئەقڵی خۆمان لەسەر ئاستەكانی (ئەقڵی پەتی، ئەقڵی پراكتیكی، شێوازی حوكمدان) دەكرێتەوە و ناچاردەبین جارێكی دیكە بگەڕێینەوە سەر ئەو بناخە ئەخلاقییەی كە لەناو فیكری مستەفا بارزانی، چەمكی پارتی پێناسە دەكاتەوە.

لێرەوە ئەگەر لە ناو فیكری مستەفا بارزانی-دا ئەو پرسیارە بكەین: ئایا پارتی چییە؟ یان ئەگەر پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە بكەین و بڵێین: ئایا زەروورەتی پارتی لە فیكری مستەفا بارزانی-دا بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان چی بووە؟ ئەگەر بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەنا بۆ چەند گوتەیەكی بەڕێز مسعود بارزانی بەرین، كە خۆی پەروەردەی فیكری بارزانییە، دیارە لە چەندین بۆنەدا و بە چەند وشەیەك وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە (ئایا پارتی چییە؟) لای ئەو پارتی بریتییە لە (رەوینەوەی نائومێدی و دەركەوتنی ئومێد بۆ نەتەوەیەك)، هەروەها لە ساڵی 1993یش دوای ئەوەی پارتی لەگەڵ حزبی یەكگرتن یەكیان گرت، بەڕێز مسعود بارزانی لە سلێمانی گوتی: «تەنیا ناوی پارتی وەك خۆی بمێنێت، هیچ كێشەیەك لەسەر پلە و پۆست دروست نابێت..»، بێگومان ئەم گوتانەی بەڕێز مسعود بارزانی، پێناسەیەكی بەرزە بۆ زەروورەتی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام میتۆدی ئەم نووسینە پێناسەكەی مسعود بارزانی-یش بۆ (پارتی) دەكاتە جێگەی پرسیار و دەپرسێت: ئایا رەوینەوەی نائومێدی و دەركەوتنی ئومێد بۆ نەتەوەیەك لە ناو فیكری مستەفا بارزانی-دا بە چ شێوەیەك بە پارتی جێبەجێ دەكرێت؟ یان ئایا بۆ گرنگە ناوی (پارتی) وەك خۆی بمێنێت؟

پێش ئەوەی هەوڵێك بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بخەینەگەڕ، دەبێت پێشوەختە ئەو راستییە لەبەر چاو بگرین، كە پارتی وەك حزب ناتوانێت چوارچێوەیەك بە سەر فیكری مستەفا بارزانی-دا فەرز بكات، بەڵكو فیكری بارزانی دەبێتە چوارچێوەیەك و چەمكی پارتی پێناسە دەكات، لەمەش زیاتر رەهەندەكانی فیكری بارزانی بە سەر پێناسەی پارتیدا فەرزدەكرێت، ئەم فەرزكردنەش بەو مانایەی كە دەبێت پارتی بەو شێوەیە بێت كە بارزانی مستەفا بیری لێ كردووەتەوە، نەك ئێمە بێین وەك هەر حزبێكی ئاسایی و خاوەن ئایدیۆلۆژیای جیاواز، مامەڵە لەگەڵ پارتی بكەین.


هەموو ئەو كەسایەتییانەی وەك (جۆرج واشنتۆن، گاندی، ماندیلا، دیگۆل، تەنانەت چەرچلیش و...هتد) كە لە ناو نەتەوەی خۆیان بوون بە رابەر و كاریزمای نیشتمانێك، لەبری ئەوەی هەوڵیاندابێت حزب دابمەزرێنن و نەتەوەكەی خۆیان بەش بەش بكەن، هەموو هەوڵێكیان داوە، جیاوازیی نێوان ئایدیۆلۆژیەتە جیاوازەكان پێكەوە ئاشت بكەنەوە، هەوڵیانداوە جیاوازی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان پێكەوە ئاشت بكەنەوە و ناسنامەیەكی نیشتمانی هەموویان پێكەوە كۆبكاتەوە. ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە، مستەفا بارزانی وەك رابەری نەتەوەیەك و كارێزمای نیشتمانێك وەربگرین و لە خۆمان بپرسین: ئایا مستەفا بارزانی پێویستی بەوە بووە حزبێك دروست بكات، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی حزب؟ بێگومان مێژوو سەربەرزانە وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و بە دەنگی بەرز دەڵێت: چەندین ساڵ پێش ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دابمەزرێت، مستەفا بارزانی رێبەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كردووە و هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان پشتگیرییان كردووە، حكومەتی پاشایەتی عێراقیش وەك رێبەری شەرعیی كوردستان دانوستاندنی لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ كردووە. هەروەها پێش ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان دابمەزرێت، مستەفا بارزانی سنووری نێوان بەشەكانی كوردستانی نەهێشت و چوو بە هانای كۆماری كوردستانەوە و بوو بە سەربازی پارێزەری كۆماری كوردستان.
كەواتە دیسان دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەینەوە، كە مستەفا بارزانی پێویستی بە حزب نەبووە، ئەی بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستانی دامەزراند؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ناچارمان دەكات، بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە ئەو مەرجانە قبووڵ بكەین كە فیكری مستەفا بارزانی بە سەر چەمك و پێناسەی پارتیدا فەرزی دەكات، ئەم فەرزكردنە پێناسەی پارتی لە چەمكی حزبی تەقلیدی و باوی ئەو سەردەمە دەردەهێنێت و پارتێكی تازە دروست دەكات، كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانین نە بیكەین بە عەرەبی و پێی بڵێین: (حزب)، نە دەشتوانین بیكەن بە ئینگلیزی و پێی بڵێین: (Party)، دیارە لە مێژووی ئەدەبیاتی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان-یشدا، زۆر جاران لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەی «التاخی»، نووسراوە: «الپارتی»، لە ئێستاشدا ئەو توێژەرە بیانییانەی كە تایبەتمەندن لەسەر پرسی سیاسیی كوردستان هەر وشەی (Party) بە مانا كوردییەكەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بەكار دەهێنن.
گرنگترین جیاوازی لە پێناسەی پارتی لە فیكری بارزانی-دا، لەگەڵ پێناسە باوەكانی هەموو حزبەكانی ئەو سەردەمەی پارتی تێیدا دامەزراوەو ئەوانەشی دوای دامەزراندنی پارتی و هەتا ئێستا دامەزراون، ئەوەیە، هەر گرووپێك كۆبووبێتەوە بۆ ئەوەی حزبێكی سیاسی دروست بكات، پێش هەموو شت لە بەیانی دامەزراندنیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە پێویستە خەڵك هۆشیار بكرێتەوە و جۆش بدرێت بۆ خەبات بۆ ئەوەی شۆڕش بكەن و سەركەوتن بەدەست بهێنن، یان هەر لە بەیانی دامەزراندنەكەیدا كۆمەڵێك تایبەتمەندی بۆ حزبەكەی دروست كردووە، بۆ ئەوەی لە حزبەكانی دیكە خۆی جیا بكاتەوە، بەڵام ئەگەر سەیری پێناسەی چەمكی پارتی بكەین لە فیكری مستەفا بارزانی-داو دەبینین هیچ كام لەو تایبەتمەندییانە نابینینەوە كە ئەو حزبانەی لەسەر دروست كراوە، لێرەدا بەچەند خاڵێك ئاماژەی پێ دەكەین:

1. لە فیكری مستەفا بارزانی-دا خەڵكی كوردستان هۆشیارە و ژێردەستەیی قبووڵ ناكات، ئەمەش راستیەكی مێژووییە، لەبەر ئەوەی مستەفا بارزانی پێش ئەوەی پارتی دابمەزرێنێت، رێبەرایەتی شۆڕشی كوردستانی كردووە لە شۆڕشی دووەمی بارزان و خەڵكی كوردستانیش بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە پشتگیرییان لێ كردووە.
2. لە فیكری مستەفا بارزانی-دا، پارتی هیچ تایبەتمەندییەكی رەگەزپەرستی و ناوچەگەری و توندڕۆیی ئایینی و ئایدیۆلۆژیی نییە و لەگەڵ هیچ نەتەوە و ئایین و ئایدیۆلۆژیەتیكی جیاوازیشدا هاودژی دروست ناكات، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەموو ئەو جیاوازییانە پێكەوە ئاشت دەكاتەوە و پێكەوە ژیان و لێبووردەیی لە نێوانیاندا دروست دەكات.

3. لە فیكری بارزانی-دا، دوای پشتیوانیی خوا، ئیرادەی میللەت شۆڕش بەرپا دەكات، پارتی تەنیا كاری ئەوەیە ببێتە چوارچێوەیەك بۆ ئەوەی ئەو ئیرادە زیندووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكان یەكگرتوو بێت.
لێرەوە ئەگەر لەبەر رۆشنایی ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن، كە پارتی لە هەر حزبێكی دیكە جیا دەكاتەوە، ئەو پرسیارە دروست دەبێت كە: ئایا مستەفا بارزانی وەك هەر رێبەر و كاریزمایەكی نەتەوەكانی جیهان، حزبێكی سیاسی تەقلیدی دروست كرد، یان چوارچێوەیەكی دروستكرد بۆ ئەوەی رێگە لە دابەشبوونی نەتەوە و نیشتمان بگرێت و هەموو بۆچوون و ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی پێكەوە ئاشت كردەوە؟ بێگومان ئەگەر لەناو مێژووی رێبەرایەتیی مستەفا بارزانی بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارەدا بگەڕێین، ئەوا ئەم مێژووە پێمان دەڵێت: پارتی نەك هەر وەك حزبە سیاسییەكانی سەردەمی خۆی و ئەوانەی ئێستاش هەن، كاری نەكردووە، بەڵكو پارتی چ لە سەردەمی مستەفا بارزانی و چ ئێستا لە سەردەمی مسعود بارزانی، ئەگەر وەك كاردانەوەش وەك حزبە سیاسییەكانی دیكە رەفتاری كردبێت، ئەوا جێگەی رەخنەی مستەفا بارزانی و مسعود بارزانی بووە و رێگە نەدراوە كە (پارتی) وەك حزبەكانی دیكە سیاسەتی تەسكی حزبایەتی پیادە بكات.

لەم راستەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو گوتانەی بەڕێز مسعود بارزانی كە ئەم نووسینە خستیە ژێر پرسیارەوە، دووبارە ئەو پرسیارە بكەینەوە، (چۆن پارتی دەبێتە هۆی رەوینەوەی نائومێدی و دەركەوتنی ئومێد بۆ نەتەوەیەك؟) یان (بۆچی دەبێت ناوی پارتی هەر (پارتی) بێت و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەیەت؟) ئەوا ئەم نووسینە بە دووبارە گەڕانەوەی بۆ پێناسەی چەمكی (پارتی) لە فیكری بارزانی-دا و پێش دامەزراندنی پارتی، دەتوانێت بە شێوەیەك لە شێوەیەكان لە مانا و مەغزای ئەو گوتانەی مسعود بارزانی نزیك ببێتەوە و بڵێت: پارتی كاتێك دەبێتە ئامرازی رەوینەوەی نائومێدی و دەركەوتنی ئومێد بۆ نەتەوەیەك، كە شانۆیەك بێت بۆ نمایشكردن و یەكگرتوویی ئیرادەی نەتەوەیەكی هۆشیار و ئازادیخواز، هەروەها نابێت ناوی پارتی بگۆڕێت بۆ (حزب یان Party) لەبەر ئەوەی (حزب و Party) ئاماژەن بۆ گرووپ و دەستە و تاقمێك كە نوێنەرایەتی چینێك، یان توێژێك، یان نەتەوەیەك دەكات، ئەمەش واتە نەتەوە لەناو خۆیدا دابەش دەكات، بەڵام پارتی نوێنەرایەتی گەلێك دەكات كە گەلی كوردستانە و نەتەوە و نیشتمان پێكەوە كۆدەكاتەوە، پێش ئەوەی داكۆكی لە مافەكانی كورد بكات، داكۆكی لە مافەكانی كلد و ئاشووری و توركمان و ئەرمەن و تەواوی نەتەوەكانی دیكەی كوردستان دەكات، پێش ئەوەی داكۆكی لە مافی موسڵمانەكان بكات، بەو حیسابەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان موسڵمانن، داكۆكی لە مافی تەواوی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دەكات، ئەم تایبەتمەندییانە بێجگە لە پارتی لە ناو هیچ حزبێكی دیكەی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی نییە، بۆیە دەبێت ناوی پارتی هەر (پارتی) بێت و نابێت هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا بێت.
Top