دامـەزرانــدنـەوەی بارەگای بارزانی، چەترێك بۆدروست بوونەوەی ئیرادەی خێر و رێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ لە كوردستاندا

دامـەزرانــدنـەوەی  بارەگای بارزانی،  چەترێك بۆدروست بوونەوەی ئیرادەی خێر و رێزگرتن لە كەرامەتی مرۆڤ لە كوردستاندا
بارەگای بارزانی، هێمایە بۆ بارەگای مستەفا بارزانی لەناو شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەم بارەگایە هەمووكات شوێنێك بووە بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان و شوێنێك بووە بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان بیروبۆچوونە جیاوازەكانی حزبە سیاسییەكان، راشكاوانەتر بارەگای بارزانی تەنیا بارەگای سەركردەیەكی سیاسی نەبووە، بەڵكو بارەگای رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بووە و هەر چوارپارچەی كوردستانیش ئەو بارەگایەیان بە مەرجەعی خۆیان زانیوەو ئەركەكانی پەیوەندی بە كۆی بوارە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستانەوە هەبووە و، فاكتەرێك بووە بۆ چەسپاندنی یاسا و دادپەروەری لە كۆی بوارەكانی ژیان لە كوردستاندا، لەرووی سیاسیشەوە، ئەگەر مێژووی شۆڕشی ئەیلوول بخوێنینەوە، دەبینین زۆر جاران لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی عێراقدا كێشەو گرفتی سیاسی هەبووە، بەڵام لەناو «بارەگای بارزانی»-دا، سكرتێری حزبی شیوعی عێراق خوالیخۆشبوو عەزیز محەمەد شانازی بەوە كردووە كە بارزانی نوێنەرایەتی حزبی شیوعی بە تەنیا بكات، هەروەها زۆر جاران لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (كاژیك) كێشەو گرفتی سیاسی هەبووە، بەڵام لەناو بارەگای بارزانی، مستەفا بارزانی خۆی بە ئەندامی كاژیك زانیوەو ئەوانیش شانازییان بەوە كردووە كە مستەفا بارزانی هەم سەرۆكی كاژیك بێت و هەمیش رێبەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بێت.
بارەگای بارزانی ئەو شوێنە بووە كە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ تەواوی رێكخراوە مەدەنییەكانی كوردستان وەك (هونەرمەندان، نووسەران، زانایانی ئایینی ئیسلام و تەواوی زانایانی ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، نوێنەرانی هەموو نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان و...هتد) هەبووە، لەمەش زیاتر بارەگای بارزانی دەرگای واڵا بووە بۆ هەر تاكێكی كوردستان بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی، كە راستەوخۆ گلەیی و گازندەی خۆی لەسەر هەر پرسێك كە پەیوەندی بە ژیانی رۆژانەیەوە هەبێت، گەیاندوویەتە ئەو بارەگایە و وەڵامی دراوەتەوە و كێشەكەی بەپێی یاسا بۆ چارەسەر كراوە.
كەواتە ئەگەر لێرەوە ئەو بنەمایانە دەستنیشان بكەین كە بارەگای بارزانی لەسەری دامەزراوە، ئەوا دەكرێت بڵێین:
1- لە «بارەگای بارزانی»دا رێز لە كەرامەتی مرۆڤ دەگیرێت، بە جیاوازی ئایین و نەتەوە، ئەوجا ئەو مرۆڤە سەر بە هەر نەتەوە و ئایینێك بێت.
2- لە «بارەگای بازرانی»دا رێز لە كەرامەتی مرۆڤ دەگیرێت، ئەوجا ئەو مرۆڤە هەر بیروبۆچوونێكی جیاوازی مرۆڤایەتی و نیشتمانییانەی هەبێت، یان سەر بە هەر حزبێكی سیاسی نیشتمانی و نەتەوەیی بێت.
3- لە «بارەگای بارزانی»دا گیانی لێبوردەیی و پێكەوەژیان بەرجەستە دەبێت و، جیاوازیی نێوان نەتەوە و ئایین توندوتیژی دروست ناكات، بۆیە ئەگەر لەسەر بنەمای جیاوازیی نێوان نەتەوە و ئایین جۆرێك لە توندوتیژی دروست بێت، ئەوا پێڕەوانی ئایینە جیاوازەكان و نەتەوە جیاوازەكان هەموو لایەكیان دەبێت دان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن و جیاوازییەكان بە زیندوویی و ئاشتەوایی بهێڵنەوە، بێگومان ئەمە بۆ كێشەوگرفتی ئایدیۆلۆژیەتە جیاوازەكانی نێوان حزبە سیاسییەكانیش راستە، كاتێك حزبە سیاسییەكان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز كێشەكانیان دەگەنە بنبەست و زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن بوونی نامێنێت، ئەوا لە «بارەگای بارزانی»دا دەبێت هەموو حزبە سیاسییەكان دان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن و یەكتری قبووڵ بكەن و دیسان جیاوازییەكان بە زیندوویی لە چوارچێوەی رێزگرتنی بەرامبەر بهێڵنەوە.
4- لە «بارەگای بارزانی»دا، مرۆڤ هەر ناسنامە و ئایین و ئایدیۆلۆژیەتێكی هەبێت، خۆی ئامانجە، ئەمەش بەو مانایەی لەسەر هەر پرس و جیاوازییەك غەدر لە مرۆڤ بكرێت، ئەوا لە بارەگای بارزانی ئەو غەدرە لادەبرێت و دووبارە ئیعتوبار بۆ كەرامەتی دەگێڕێتەوە.
كەواتە بارەگای بارزانی، تەنیا بارەگایەكی سیاسی نییە بۆ كۆكردنەوەی حزبە سیاسییەكان، یان چارەسەركردنی كێشەوگرفتە سیاسییەكان، بەڵكو ئەم بارەگایە چەترێكە بۆ گێڕانەوەی ئیعتوبار بۆ كەرامەتی هەر تاك و گرووپ و نەتەوە و ئایین و هۆزێك كە لەلایەن بەرامبەرەكەیەوە غەدری لێ دەكرێت، تەنانەت چەترێكە بۆ گێڕانەوەی ئیعتوبار بۆ ئەو تاكەی لە كاتی جێبەجێكردنی یاساشدا ئیهانەی كەرامەتی دەكرێت. بۆیە ماناو مەغزای بارەگای بارزانی سنووری پرۆسەی سیاسەت تێدەپەڕێنێت و هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگە دەگرێتەوە و ئامانجی دابینكردنی سەقامگیری سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتییە.
بۆ ئێستای كوردستان كە لەلایەك پرۆسەی سیاسی جۆرێك لە ئاڵۆزی پێوە دیارە، لەسەر ئاستی ئاشتیی كۆمەڵایەتی هەوڵێك بۆ پاشاگەردانی و تێكدانی ئەو ئاشتییە بە راشكاوی بوونی هەیە، لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی حكومەت جیا لەوەی گەندەڵییەكی بەرچاو هەیە، لە هەمان كاتدا دیاردەی خزم خزمێنە و خۆرەپێشكردن بوونی هەیە، لەسەر ئاستی ژیانی رۆژانەی خەڵك و دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستەكان كەموكورتیی بەرچاو هەیە، ئەوا بڕیاری دووبارە دامەزراندنەوەی بارەگای بارزانی لەلایەن بەڕێز «مسعود بارزانی»یەوە، پێش ئەوەی بە بڕیارێكی خەمخۆرانە و بوێرانە وەسفی بكەین، دەكرێت بە ویژدانێكی زیندووی عارفانەی دابنێین كە لە «شیخ عەبدولسەلامی بارزانی»یەوە سەرچاوە دەگرێت و لەسەر دەستی «مستەفا بارزانی» ناسنامەی كوردستانیبوونی بە بەردا دەكرێت. ئەم ویژدانە زیندووە عارفانەیە گەیشتووەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت هێزی مەعنەویی «بارەگای بارزانی» بخرێتە خزمەت كۆی بوارەكانی ژیانی خەڵكی كوردستانەوە، ئەم هێزە مەعنەوییە دەبێتە پاڵپشت بۆ هەموو ئەو نەتەوە و ئایین و حزب و گرووپ و تاكانەی غەدریان لێدەكرێت و ئەو غەدرەی لەسەر لادەبات كە لەبەر هەر هۆیەك بەرامبەری كراوە.
بۆ ئێستای كوردستان چارەسەری هەموو كێشەكانی بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردستان بە كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكانیشەوە، پێویستی بەو ئیرادە خێرەیە كە لە ویژدانی زیندووی «مسعود بارزانی»یەوە بە بڕیاردان بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی بارەگای بارزانی لە كوردستاندا دروست دەبێتەوە.
Top