كاتێك ژینگەی سیاسی دەبێتە نەوایەك بۆ گەشەكردنی تیرۆریستی خۆماڵی
August 1, 2018
راپۆرتەکان
سەبارەت بە ئیسماعیل سوسەیی، دیارە بەپێی لێدوانەكانی وەزارەتی ئەوقاف چەند ساڵێك پێش سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر وتارە توندەكانی لە وتارخوێنی رۆژی هەینی لابراوە و، دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش موسڵ دەگرێت و خەلافەت رادەگەیەنێت، ئەوا ئیسماعیل سوسەییش وەك مەلا شوان بەیعەتی بە خەلافەت داوە.
ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ئەم هەڵكۆڵینە مێژووییە چیمان پێدەڵێت؟ بێگومان ئەو راستییەمان پێدەڵێت كە پێش ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە (لقی عێراق) بیروبۆچوونی خۆی بگۆڕێت و بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بكاتەوە، ئەم بیروبۆچوونە لە مزگەوتەكانی كوردستاندا زەمینەی لەبار بۆ گەشەكردنی هەبووە،هەر بۆیە لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، ئەو بەناو مەلایانە بەیعەتیان پێداوە. بێگومان راگەیاندن تەنیا ناوی ئەوانە دەزانێت كە ئاشكرا بوون و لەوانەیە خەڵكانی دیكەش هەبن بەیعەتیشیان دابێت و لەناو ئەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەی كوردستاندا شاراوە بن. لەسەر كەیسی ئیسماعیل سوسەیی حزب و میدیاكانی دەڤەری سلێمانی راستەوخۆ بەرگرییەكی ئەوتۆیان لەو كەیسە نەكردووە، بەڵام ناڕاستەوخۆ و بە ئاشكرا ئەوەیان گوتووە كە لە هەولێر ئازادی نییە و دەنگە ئازادەكان سەركوت دەكرێن، دیارە مەبەستیشیان لە دەنگە ئازادەكان، ئەو دەنگانەیە كە بەیعەتیان بە دەوڵەتی خەلافەتی داعش داوە.
دەربارەی كەیسی پەیوەندیی سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی بە داعشەوە، ئەوا ماوەی هەفتەیەكە لە تەلەفزیۆنی كۆمەڵ و بە رێگەی پەرلەمانتارەكانیان لە رێگەی تەلەفزیۆنەكانی سلێمانییەوە، زۆر بە توندی و بە زمانێكی ئیرهابی فیكری هێرش دەكەنە سەر دامەزراوەكانی ئاسایشی پارێزگای هەولێر و سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و، لەبری ئەوەی سەلیم شوشكەیی رادەستی دادگا بكەن و بە رێگەی یاسایی بەرگری لێ بكەن، زۆر بە ئاشكرا ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی NRTیەوە دەڵێت: «ئێمە سەلیم شوشكەیی تەسلیمی دادگاكانی هەولێر ناكەین»، ئەمەش مانای ئەوەیە حزبێكی سیاسی ئیسلامی بە ئاشكرا خۆی بە سەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستاندا فەرز دەكات.
ئەوجا ئەگەر بێینە سەر گوتاری ئەو پەرلەمانتار و چاودێرە سیاسییانەی لە سلێمانییەوە قسە لەسەر هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر پارێزگای هەولێر دەكەن، دەبینین بە ئاشكرا و بە بێ شەرم هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە رووی ئەو هێرشە تیرۆریستییە سپی بكەنەوە و دەڵێن: ئەوە سیناریۆیە و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆخۆی ئەو سیناریۆیەی دروستكردووە.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و لەسەر بنەمای ئەو مێژووە ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ژینگەی سیاسیی ئێستای كوردستان سەبارەت بە پەروەدەی تیرۆریستی خۆماڵی چیمان پێدەڵێت؟ بێگومان ئەو مێژووە پێمان دەڵێت: لە سەرەتای دەستپێكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، جاشایەتی، یان خیانەتكردن لە نیشتمان چەند حاڵەتێكی دیاریكراو بووە و لەوانەیە سەرۆك هۆزێك لەبەر بەرژوەندییەكی تایبەت جاشایەتی كردبێت، بەڵام كاتێك ژینگەی سیاسیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان ئاڵۆزی تێدەكەوێت و زمانی لێكتێگەیشتن بوونی نامێنێت و بزووتنەوەكە درزی تێدەكەوێت، ئەوا وەك هەموو لایەك دەزانێت، جیا لەوەی جاشایەتی و خیانەتكردن دەبێتە دیاردە، لە هەمانكاتدا لە رووی هزری و ئایدیۆلۆژیشەوە تەنزیری بۆ دەكرێت و شانازی پێوە دەكرێت، لەم ژینگە سیاسییەی ئێستای كوردستانیشدا، كە تاكو ئێستا بوونی خەڵكی كوردستان بە تیرۆریست تەنیا حاڵەت بووە و لەوانەیە چەند گەنجێك هەڵخەڵەتابن و چووبنە ناو یەكێك لە رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە عێراق و سووریا، كە لەناو ژینگەی كۆمەڵایەتیی كوردستانیشدا جێگەیان نەدەبووەوە، تەنانەت هەتا ئەگەر بشكوژرانایە پرسەیان بۆ دانەدەنرا، ئەوا لەدوای هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر پارێزگای هەولێرەوە هەست دەكرێت دەنگێك هەیە كە بە ئاشكرا بیانوو بۆ كاری تیرۆریستی دەهێنێتەوە و رووی تیرۆریستان سپی دەكاتەوە و دەڵێت: «ئەمە كاری تیرۆریستی نییە و سیناریۆیە»، ئەمەش مەترسییەكی گەورەی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە و ژینگەیەكی لەبارتر بۆ پەروەردەی تیرۆریستی خۆماڵی دەرەخسێنێت.
لێرەوە ئەگەر رۆبچینە ناو ئەو فاكتەرانەی كە بوونە هۆكاری ئاڵۆزیی ژینگەی سیاسیی كوردستان و هۆكارێك بۆ دروستكردنی نەوایەك بۆ گەشەی هزری توندڕۆیی ئیسلامی لە كوردستاندا، ئەوا مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان راشكاوانە ئەو فاكتەرانە دەستنیشان دەكات و پێمان دەڵێت: هەتا ئەو كاتەی حزبی سیاسیی ئیسلامی لە كوردستاندا بوونی نەبووە، توندڕۆیی سیاسیی ئیسلامییش لە كوردستاندا بوونی نەبووە، بەڵام كاتێك حزبی سیاسیی ئیسلامی دروستبوو، ئیدی وردە وردە هزری توندڕۆیی ئیسلامی سیاسی لە كوردستانیشدا سەریهەڵدا.
حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان، هیچیان وەك پەیڕەو پڕۆگرام بڕوایان بە كاری توندڕۆیی نییە، بەپێچەوانەوە هاتوونەتە ناو پرۆسە سیاسییەكە و بەشداریی حكومەت و پەرلەمان دەكەن و بە ئاشكرا كار و چالاكی سیاسی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام كێشەی حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان ئەوەیە لە كاری رێكخستن و پەروەردەكردنی كادر و ئەندامەكانیاندا، میتۆدێك پێڕەو دەكەن كە ئەو میتۆدە پشت بە تێگەیشتی كوردانە بۆ ئیسلام نابەستێت، بەڵكو پشت بە تێگەیشتن لەو سەرچاوانە دەبەستن كە لە وڵاتانی خۆیاندا سەرچاوەی دروستكردنی ژینگەی لەبارن بۆ هزری توندوتیژیی خۆماڵیی خۆیان، بۆیە كاتێك ئەو میتۆدە لە كوردستان دووبارە دەكرێتەوە، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ژینگەی سیاسیی كوردستانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان دەگۆڕێت بۆ ژینگەی سیاسیی بەرهەمهێنانی هزری توندوتیژیی خۆماڵی، كاتێكیش ئەم هزرە توندڕەوییە خۆماڵییە لەناو رێكخستن و پەروەدەی ئەندام و كادرانی ئەو حزبانە گەشە دەكات و هەستی پێدەكرێت، حزبە ئیسلامییەكان لەبری ئەوەی بە پڕۆگرامێكی باش هەوڵبدەن سەرچاوەی ئەو هزرە توندڕەوییە بسڕنەوە، دێن بەرگرییان لێ دەكەن و توندڕەوەكان دەشارنەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو حزبە ئیسلامییە سیاسییانە خۆیان بڕوایان بە توندوتیژی هەیە، یان بە ئامانجی توندڕەویی كادر و ئەندامەكانی خۆیان پەروەردە دەكەن، نەخێر، ئەوان بە حیساب بۆ گەشەی جەماوەریی خۆیان ئەو جۆرە میتۆدە لە پەروەردەكردنی كادر و ئەندامەكانیان پیادە دەكەن، بەڵام یەكێك لە دەرهاویشتە خراپەكانی سەرهەڵدانی ئەو هزرە توندڕۆییە كە هەندێك لە ئەندام و كادر و هەوادارانیان بە لاڕێدا دەبات و بەرەو كاری تیرۆریستی هەنگاویان پێ هەڵدەگرێت.
بۆیە دەكرێت بە راشكاوی بڵێین: ئەو میتۆدەی تێكڕای حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان كاری رێكخستن و پەروەردەی كادرانی خۆیانی پێدەكەن، بە شێوەیەك لە شێوەكان ژینگەیەكی بۆ بەرهەمهێنانی هزری توندڕۆیی خۆماڵی فەراهەم كردووە، لە ناویاندا كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە بە حیسابی بەرنامەی حزبی خۆیان دەیانەوێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی رادیكاڵ و سەرسەخت بگێڕن و، لاسایی حزبە ئیسلامییەكانی وڵاتانی عەرەبی بكەنەوە، ئەوا لە كۆمەڵی ئیسلامیدا ژمارەی ئەو كادر و ئەندامانەی دەبنە قوربانی دەرهاویشتە خراپەكەی میتۆدی ریكخستن و پەروەردەی ئەندام و كادرەكانیان لە حزبە ئیسلامییەكانی دیكە زیاترن و هەر رووداوێكی تیرۆریستی لە كوردستاندا دەكرێت، دەبینین بە شێوەیەك لە شێوەكان خەڵكانێك كە پەروەردەی دەستی ئەو مەلایانەن كە سەر بە كۆمەڵی ئیسلامین، تیوەگلاون.
ئەم حاڵەتە كە لەناو ئەندام و كادری حزبێكی سیاسی روودەدات، لەوانەیە حزبەكە وەك حزبێكی سیاسی لێی بەرپرسیار نەبێت و، لەناو هەموو حزبێكی سیاسیشدا ئەوە كارێكی ئاساییە كە چەند ئەندام و كادرێك لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكەی خۆیان لابدەن و سنووری یاسا ببەزێنن، بەڵام كاری نائاسایی و ناسرووشتی ئەوەیە كە حزبە سیاسییەكە بەرگرییەكی كوێرانە لە كادر و ئەندامەكەی خۆی بكات و رێگەنەدات یاسا رێوشوێنی پێویستی لەگەڵ بگرێتەبەر و پرسەكە لە پرسێكی یاساییەوە بگۆڕێت بۆ پرسێكی سیاسی، ئاشكرایە كاتێك كەیسی تیرۆریستێك لە كەیسێكی یاساییەوە دەگوڕێت بۆ كەیسێكی سیاسی وەك ئەوەی ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی لە كەیسی سەلیم شوشكەیی هەوڵی بۆ دەدات، ئەمە هێندەی دیكە ژینگەی سیاسی ئاڵۆزتر دەكات و ژینگەش بۆ گەشەی هزری توندڕۆیی خۆماڵی لەبارتر دەكات.