هزری توندڕۆیی و پەروەردەكردنی گەلەگورگی خۆماڵی لە كوردستاندا

هزری توندڕۆیی و پەروەردەكردنی گەلەگورگی خۆماڵی لە كوردستاندا
كاتێك مەلا شوان لە هەولێرەوە بەیعەتی بە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیی داعش دا، هەولێری بەجێهێشت و خۆی گەیاندە ناوچەكانی خەلافەت، چونكە دەیزانی ژینگەی لەبار بۆ بەرهەمهێنانی تیرۆریستی خۆكوژ (Homegrown terrorism) لە كوردستاندا بوونی نییە، ئەمەش راشكاوانە بەو مانایەی ئەگەر هاووڵاتییەكی كوردستان بە رێگەی دینداری لە بیروبۆچوونیشدا بگاتە ئەو پەڕی رادەی توندڕەوی، ئەوا ئەو هزرە توندڕەوەییە لای تاكێكی ئەم وڵاتە نابێتە هۆكاری ئەوەی بەو ئاستە رقی لە كوردستان بێت و كردەوەی خۆكوژی دژی دامەزراوەكانی ئەنجام بدات.
لەگەڵ ئەوەی حوكمڕانیی كوردستان بێ كەموكوڕی و رەخنە نییە، بەڵام هێشتا كەموكوڕییەكانی ئەم حوكمڕانییە بەو ئاستە خەڵكی بێ ئومێد نەكردووە كە تیرۆریستی گوركی تەنیا (Lone Wolf terrorism)ی لێ بكەوێتەوە، دیارە تیرۆریستی گورگی تەنیا ئێستا لە جیهاندا بۆتە دیاردەیەكی باو و بە كەسێك دەگوترێت كە لە بێئومێدبووندا گۆشەگیری هەڵدەبژیرێت و پاشانیش پەنگخواردنەوەی نائومێدییەكەی لەو گۆشەگیرییەدا لە ساتێكدا دەتەقێتەوە و ئەو تاكە دەبێتە گورگێكی هار و هەر شتێكی بەردەست بكەوێت، دەیكاتە چەك و بەكاری دەهێنێت و دەیەوێت وڵات و كۆمەڵگەكەی خۆی پێ كاوڵ بكات و هاووڵاتیانی كۆمەڵكوژ بكات. كەواتە لەگەڵ ئەوەی لە كوردستانیشدا هەندێك هۆكار بۆ نائومێدبوونی گەنجان بوونی هەیە، گەنجەكان لە ئاكامی ئەم بێئومێدبوونەیان وەك كاردانەوە تووڕە دەبن و رەخنە لە حكومەت و دامودەزگاكانی دەگرن، بەڵام ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان ئەو ژینگەیە نییە كە ئەو گەنجە تووڕەیە بگۆڕێت بۆ گورگێكی تەنیا و لە ساتێكدا بتەقێتەوە و هەرچی بەردەست بكەوێت، بیكاتە چەك و وڵاتی خۆی پێ كاول بكات، یان براكانی خۆی پێ كۆمەڵكوژ بكات.
ئەگەر لێرەوە هەڵوەستەیەك لەسەر كردەوە تیرۆریستییەی هەفتەی رابردوو بكەین كە سێ تیرۆریستی گەنج هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، ئەوا هەڵوەستەیە دەبێت لەو خاڵەوە سەرچاوە بگرێت كە ئەو كردەوە تیرۆریستییە خاڵی وەرچەرخانە لە ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستاندا و ناكرێت بە كردەوە تیرۆریستییەكانی پێشتری هەولێر، یان شارەكانی دیكەی كوردستان بەراورد بكرێت.
بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا دوای ئەو رووداوە رایگەیاند، لە ماوەی ساڵانی 2007-2018، تەنیا پێنج كردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر ئەنجامدراوە، بەو هێرشە تیرۆریستییەشی كراوەتە سەر پارێزگای هەولێر، ئەم ئامارەی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بۆ رای گشتی ئاماژەی پێكردووە، لەگەڵ ئەوەی ئاماژەیە بۆ لێهاتوویی دەزگاكانی ئاسایش و دژە تیرۆر و پۆلیس لە كوردستاندا، بەڵام ئەگەر چوار كردەوە تیرۆریستییەكەی پێشتر بەم هێرشە تیرۆریستییەی سەر پارێزگای هەولێر بەراورد بكەین، ئەوا دەبینین كە شێواز و ئامانج و كاراكتەرەكانی ئەنجامدەرانی ئەو كردەوە تێرۆریستییانە جیاوازییەكی تەواوی لەگەڵ هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر پارێزگای هەولێر هەیە، دەكرێت بە چەند خاڵێك ئاماژەیان پێبكەین:

1- ئەگەر سەیری ئەو دوو هێرشە تیرۆریستییە بكەین كە لە دوو كاتی جیاوازدا كراوەتە سەر باڵەخانەی ئاسایشی هەولێر، ئەوا دەبینین ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییانە خەڵكانێكی تیرۆریست بوون كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان دزەیان كردبوو و هاتبوونە ناو هەرێمەوە، لەمەش زیاتر زۆر ئاساییە تیرۆریستانی بیانی چاویان بە ئاسایش و سەقامگیریی كوردستاندا هەڵنەیەت و ئەو دامەزراوەیە بكەنە ئامانج كە شكۆی ئارامی و سەقامگیریی كوردستان دەپارێزێت.
2- سەبارەت بەو دوو هێرشە تیرۆریستییەی دیكەش كە ئامانج لێیان ئەوە بووە بگەنە كونسوڵخانەی ئەمریكا، ئەمەشیان وەك هەر كارێكی تیرۆریستی شتێكی ئاساییە، لەبەر ئەوەی ئاسانە خەڵكانێك تەنانەت هەتا خەڵكی كوردستانیش بن، بە رێگەی ئەو هزرە توندڕۆیە رقێكی ئەوتۆی لە ئەمریكا بۆ دروست بكرێت كە بەكاری لەو شێوەیە هەڵبستێت، ئاشكراشە لەناو هزری توندڕۆیی ئیسلامیدا، سەدان هۆكار هەن كە ئەو خەڵكانە وا لێ بكەن كە رقلێبوونەوەیان بگاتە ئەو ئاستەی هێرش بكەنە سەر كونسوڵخانە و باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە وڵاتە جیاوازەكانی جیهاندا. بۆیە ناكرێت بەم تیرۆریستانەش بگوترێ، تیرۆریستی پەروەردەی ژینگەی خۆماڵی.
3- ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم هێرشە تیرۆریستییەی كە كراوەتە سەر پارێزگای هەولێر ئەوەیە كە ئەم گەلە گورگەی بوونەتە تیرۆریست و هەڵدەكوتنە سەر دامەزراوە مەدەنی و خزمەتگوزارییەكانی وڵاتی خۆیان، خۆیان كوردن و هاووڵاتی كوردستانن و لەمەش زیاتر خەڵكی شاری هەولێرن، ئەم حاڵەتە بە وەرچەرخانێك لە ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان دادەنرێت كە بووەتە ژینگەیەكی لەبار بۆ پەروەردەكردنی گەلەگورگی تیرۆریست و هەمیش ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەكە بە جۆرێك ژینگەی كۆمەڵایەتی تێكداوە كە ئەم گورگانە لەناو ماڵ و گەرەكانی خۆماندا شاردراوە بن. ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر پێشتر بۆ رێگرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان بۆ ناو شارەكانی كوردستان، دەزگاكانی ئاسایش پشتێنەی ئاسایشیان بەدەوری شارەكاندا دروست كردبێت، ئەوا ئێستا لەناو ئەو پشتێنەیەی ئاسایشی شارەكاندا ژینگەیەك دروست بووە كە خۆی تیرۆریستی خۆماڵی بەرهەم دەهێنێت، ئەم تیرۆریستە خۆماڵیەش وە نەبێت، گرووپێك لە عەرەبی شارەكانی دیكەی عێراق سوودیان لە ژینگەی ئازادی كوردستان وەرگرتبێت، نەخێر بەپێچەوانەوە هاووڵاتی كوردستان و خەڵكی شاری هەولێر لەو ژینگە سیاسییەدا بوونەتە تیرۆریست و پەلاماری دامودەزگا مەدەنی و خزمەتگوزارییەكانی شارەكەی خۆیان داوە..
ئەگەر لەسەر ژینگەی سیاسی بۆ دروستكردنی تیرۆریستی خۆماڵی زیاتر قسە بكەین و دەوڵەتانی رۆژئاوا وەك نموونە وەربگرین، دەبینین ئەو تیرۆریستانەی ژینگەی سیاسیی وڵاتانی رۆژئاوا بەرهەمی دەهێنێت، هەموویان ئەو خەڵكە بیانییانەن كە وەك پەنابەر چوونەتە ئەو وڵاتە و دوای وەرگرتنی رەگەزمانەی ئەو وڵاتە بوونەتە هاووڵاتی ئەو وڵاتە، بەڵام هاوڵاتی رەسەنی وڵاتەكە، ئەگەر بۆ نموونە هاوڵاتیەكی هۆڵەندی وەربگرین، دەبینین بەشی هەرە زۆری ئەو هۆڵەندییانەی پەیوەندییان بە رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعشەوە كردووە، لە بنەڕەتدا هۆڵەندی نین و بە رێگەی پەنابەری بوونەتە هاووڵاتیی هۆڵەندا، دیارە ئەمە بۆ تەواوی وڵاتانی رۆژئاوا بە شێوەیەكی رێژەیی راستە.



كاتێك ژینگەی سیاسی دەبێتە نەوایەك بۆ گەشەكردنی تیرۆریستی خۆماڵی


هەفتەی رابردوو، هاوكات لەگەڵ هێرشە تیرۆریستییەكە بۆ سەر پارێزگای هەولێر، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ماوەیەك پێش ئێستا ئیسماعیل سوسەیی كە پێشتر وتارخوێنی یەكێك لە مزگەوتەكانی هەولێر بووە، دەستگیریان كردووە و لەبەردەم دادگا دانی بەوەدا ناوە كە بەیعەتی بە داعش داوە، هەروەها رایگەیاند كە بەڵگەی تەواویان داوەتە دادگا لەسەر سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق كە پەیوەندی بە رێكخراوی تیرۆریستیی داعشەوە هەیە و دەبێت بە رێگەی یاسایی دەستگیر بكرێت.

سەبارەت بە ئیسماعیل سوسەیی، دیارە بەپێی لێدوانەكانی وەزارەتی ئەوقاف چەند ساڵێك پێش سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەسەر وتارە توندەكانی لە وتارخوێنی رۆژی هەینی لابراوە و، دوای ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش موسڵ دەگرێت و خەلافەت رادەگەیەنێت، ئەوا ئیسماعیل سوسەییش وەك مەلا شوان بەیعەتی بە خەلافەت داوە.
ئەگەر ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ئەم هەڵكۆڵینە مێژووییە چیمان پێدەڵێت؟ بێگومان ئەو راستییەمان پێدەڵێت كە پێش ئەوەی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە (لقی عێراق) بیروبۆچوونی خۆی بگۆڕێت و بیر لە دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بكاتەوە، ئەم بیروبۆچوونە لە مزگەوتەكانی كوردستاندا زەمینەی لەبار بۆ گەشەكردنی هەبووە،هەر بۆیە لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لەلایەن داعشەوە، ئەو بەناو مەلایانە بەیعەتیان پێداوە. بێگومان راگەیاندن تەنیا ناوی ئەوانە دەزانێت كە ئاشكرا بوون و لەوانەیە خەڵكانی دیكەش هەبن بەیعەتیشیان دابێت و لەناو ئەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەی كوردستاندا شاراوە بن. لەسەر كەیسی ئیسماعیل سوسەیی حزب و میدیاكانی دەڤەری سلێمانی راستەوخۆ بەرگرییەكی ئەوتۆیان لەو كەیسە نەكردووە، بەڵام ناڕاستەوخۆ و بە ئاشكرا ئەوەیان گوتووە كە لە هەولێر ئازادی نییە و دەنگە ئازادەكان سەركوت دەكرێن، دیارە مەبەستیشیان لە دەنگە ئازادەكان، ئەو دەنگانەیە كە بەیعەتیان بە دەوڵەتی خەلافەتی داعش داوە.

دەربارەی كەیسی پەیوەندیی سەلیم شوشكەیی پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی بە داعشەوە، ئەوا ماوەی هەفتەیەكە لە تەلەفزیۆنی كۆمەڵ و بە رێگەی پەرلەمانتارەكانیان لە رێگەی تەلەفزیۆنەكانی سلێمانییەوە، زۆر بە توندی و بە زمانێكی ئیرهابی فیكری هێرش دەكەنە سەر دامەزراوەكانی ئاسایشی پارێزگای هەولێر و سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و، لەبری ئەوەی سەلیم شوشكەیی رادەستی دادگا بكەن و بە رێگەی یاسایی بەرگری لێ بكەن، زۆر بە ئاشكرا ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی NRTیەوە دەڵێت: «ئێمە سەلیم شوشكەیی تەسلیمی دادگاكانی هەولێر ناكەین»، ئەمەش مانای ئەوەیە حزبێكی سیاسی ئیسلامی بە ئاشكرا خۆی بە سەر دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی كوردستاندا فەرز دەكات.

ئەوجا ئەگەر بێینە سەر گوتاری ئەو پەرلەمانتار و چاودێرە سیاسییانەی لە سلێمانییەوە قسە لەسەر هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر پارێزگای هەولێر دەكەن، دەبینین بە ئاشكرا و بە بێ شەرم هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە رووی ئەو هێرشە تیرۆریستییە سپی بكەنەوە و دەڵێن: ئەوە سیناریۆیە و پارتی دیموكراتی كوردستان بۆخۆی ئەو سیناریۆیەی دروستكردووە.

لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان و لەسەر بنەمای ئەو مێژووە ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین، ئایا ژینگەی سیاسیی ئێستای كوردستان سەبارەت بە پەروەدەی تیرۆریستی خۆماڵی چیمان پێدەڵێت؟ بێگومان ئەو مێژووە پێمان دەڵێت: لە سەرەتای دەستپێكردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، جاشایەتی، یان خیانەتكردن لە نیشتمان چەند حاڵەتێكی دیاریكراو بووە و لەوانەیە سەرۆك هۆزێك لەبەر بەرژوەندییەكی تایبەت جاشایەتی كردبێت، بەڵام كاتێك ژینگەی سیاسیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان ئاڵۆزی تێدەكەوێت و زمانی لێكتێگەیشتن بوونی نامێنێت و بزووتنەوەكە درزی تێدەكەوێت، ئەوا وەك هەموو لایەك دەزانێت، جیا لەوەی جاشایەتی و خیانەتكردن دەبێتە دیاردە، لە هەمانكاتدا لە رووی هزری و ئایدیۆلۆژیشەوە تەنزیری بۆ دەكرێت و شانازی پێوە دەكرێت، لەم ژینگە سیاسییەی ئێستای كوردستانیشدا، كە تاكو ئێستا بوونی خەڵكی كوردستان بە تیرۆریست تەنیا حاڵەت بووە و لەوانەیە چەند گەنجێك هەڵخەڵەتابن و چووبنە ناو یەكێك لە رێكخراوە تیرۆریستییەكان لە عێراق و سووریا، كە لەناو ژینگەی كۆمەڵایەتیی كوردستانیشدا جێگەیان نەدەبووەوە، تەنانەت هەتا ئەگەر بشكوژرانایە پرسەیان بۆ دانەدەنرا، ئەوا لەدوای هێرشە تیرۆریستییەكەی سەر پارێزگای هەولێرەوە هەست دەكرێت دەنگێك هەیە كە بە ئاشكرا بیانوو بۆ كاری تیرۆریستی دەهێنێتەوە و رووی تیرۆریستان سپی دەكاتەوە و دەڵێت: «ئەمە كاری تیرۆریستی نییە و سیناریۆیە»، ئەمەش مەترسییەكی گەورەی لە ناخی خۆیدا هەڵگرتووە و ژینگەیەكی لەبارتر بۆ پەروەردەی تیرۆریستی خۆماڵی دەرەخسێنێت.

لێرەوە ئەگەر رۆبچینە ناو ئەو فاكتەرانەی كە بوونە هۆكاری ئاڵۆزیی ژینگەی سیاسیی كوردستان و هۆكارێك بۆ دروستكردنی نەوایەك بۆ گەشەی هزری توندڕۆیی ئیسلامی لە كوردستاندا، ئەوا مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان راشكاوانە ئەو فاكتەرانە دەستنیشان دەكات و پێمان دەڵێت: هەتا ئەو كاتەی حزبی سیاسیی ئیسلامی لە كوردستاندا بوونی نەبووە، توندڕۆیی سیاسیی ئیسلامییش لە كوردستاندا بوونی نەبووە، بەڵام كاتێك حزبی سیاسیی ئیسلامی دروستبوو، ئیدی وردە وردە هزری توندڕۆیی ئیسلامی سیاسی لە كوردستانیشدا سەریهەڵدا.

حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان، هیچیان وەك پەیڕەو پڕۆگرام بڕوایان بە كاری توندڕۆیی نییە، بەپێچەوانەوە هاتوونەتە ناو پرۆسە سیاسییەكە و بەشداریی حكومەت و پەرلەمان دەكەن و بە ئاشكرا كار و چالاكی سیاسی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام كێشەی حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان ئەوەیە لە كاری رێكخستن و پەروەردەكردنی كادر و ئەندامەكانیاندا، میتۆدێك پێڕەو دەكەن كە ئەو میتۆدە پشت بە تێگەیشتی كوردانە بۆ ئیسلام نابەستێت، بەڵكو پشت بە تێگەیشتن لەو سەرچاوانە دەبەستن كە لە وڵاتانی خۆیاندا سەرچاوەی دروستكردنی ژینگەی لەبارن بۆ هزری توندوتیژیی خۆماڵیی خۆیان، بۆیە كاتێك ئەو میتۆدە لە كوردستان دووبارە دەكرێتەوە، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی ژینگەی سیاسیی كوردستانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان دەگۆڕێت بۆ ژینگەی سیاسیی بەرهەمهێنانی هزری توندوتیژیی خۆماڵی، كاتێكیش ئەم هزرە توندڕەوییە خۆماڵییە لەناو رێكخستن و پەروەدەی ئەندام و كادرانی ئەو حزبانە گەشە دەكات و هەستی پێدەكرێت، حزبە ئیسلامییەكان لەبری ئەوەی بە پڕۆگرامێكی باش هەوڵبدەن سەرچاوەی ئەو هزرە توندڕەوییە بسڕنەوە، دێن بەرگرییان لێ دەكەن و توندڕەوەكان دەشارنەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو حزبە ئیسلامییە سیاسییانە خۆیان بڕوایان بە توندوتیژی هەیە، یان بە ئامانجی توندڕەویی كادر و ئەندامەكانی خۆیان پەروەردە دەكەن، نەخێر، ئەوان بە حیساب بۆ گەشەی جەماوەریی خۆیان ئەو جۆرە میتۆدە لە پەروەردەكردنی كادر و ئەندامەكانیان پیادە دەكەن، بەڵام یەكێك لە دەرهاویشتە خراپەكانی سەرهەڵدانی ئەو هزرە توندڕۆییە كە هەندێك لە ئەندام و كادر و هەوادارانیان بە لاڕێدا دەبات و بەرەو كاری تیرۆریستی هەنگاویان پێ هەڵدەگرێت.

بۆیە دەكرێت بە راشكاوی بڵێین: ئەو میتۆدەی تێكڕای حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان كاری رێكخستن و پەروەردەی كادرانی خۆیانی پێدەكەن، بە شێوەیەك لە شێوەكان ژینگەیەكی بۆ بەرهەمهێنانی هزری توندڕۆیی خۆماڵی فەراهەم كردووە، لە ناویاندا كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە بە حیسابی بەرنامەی حزبی خۆیان دەیانەوێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی رادیكاڵ و سەرسەخت بگێڕن و، لاسایی حزبە ئیسلامییەكانی وڵاتانی عەرەبی بكەنەوە، ئەوا لە كۆمەڵی ئیسلامیدا ژمارەی ئەو كادر و ئەندامانەی دەبنە قوربانی دەرهاویشتە خراپەكەی میتۆدی ریكخستن و پەروەردەی ئەندام و كادرەكانیان لە حزبە ئیسلامییەكانی دیكە زیاترن و هەر رووداوێكی تیرۆریستی لە كوردستاندا دەكرێت، دەبینین بە شێوەیەك لە شێوەكان خەڵكانێك كە پەروەردەی دەستی ئەو مەلایانەن كە سەر بە كۆمەڵی ئیسلامین، تیوەگلاون.

ئەم حاڵەتە كە لەناو ئەندام و كادری حزبێكی سیاسی روودەدات، لەوانەیە حزبەكە وەك حزبێكی سیاسی لێی بەرپرسیار نەبێت و، لەناو هەموو حزبێكی سیاسیشدا ئەوە كارێكی ئاساییە كە چەند ئەندام و كادرێك لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەكەی خۆیان لابدەن و سنووری یاسا ببەزێنن، بەڵام كاری نائاسایی و ناسرووشتی ئەوەیە كە حزبە سیاسییەكە بەرگرییەكی كوێرانە لە كادر و ئەندامەكەی خۆی بكات و رێگەنەدات یاسا رێوشوێنی پێویستی لەگەڵ بگرێتەبەر و پرسەكە لە پرسێكی یاساییەوە بگۆڕێت بۆ پرسێكی سیاسی، ئاشكرایە كاتێك كەیسی تیرۆریستێك لە كەیسێكی یاساییەوە دەگوڕێت بۆ كەیسێكی سیاسی وەك ئەوەی ئێستا كۆمەڵی ئیسلامی لە كەیسی سەلیم شوشكەیی هەوڵی بۆ دەدات، ئەمە هێندەی دیكە ژینگەی سیاسی ئاڵۆزتر دەكات و ژینگەش بۆ گەشەی هزری توندڕۆیی خۆماڵی لەبارتر دەكات.


قەلاچۆكردنی تیرۆر وەك جەستەی مرۆڤ پێویستی بە ئامێری بەرگری هەیە


ژەنڕال ستانلی ماك كریستاڵ كە فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا بوو لە ئەفغانستان، یەكێكە لەو توێژەرانەی كە شارەزاییەكی گەورەی مەیدانی و ئەكادیمی لە بواری چۆنیەتی قەڵاچۆكردنی تیرۆر و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەیە، ئەم ژەنڕاڵە دوای ئەزموونێكی زۆری مەیدانی و ئەكادیمی، گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی چۆن ناتوانرێت هیچ ژینگەیەك لە ڤایرۆس و بەكتریای زیانبەخش پاك بكرێتەوە، بۆ ئەوەی مرۆڤ لە نەخۆشییەكان بپارێزرێت، بە هەمان شێوە ناتوانرێت ژینگەی سیاسیی هیچ دەوڵەتێكیش لە ڤایرۆسی تیرۆر و توندڕۆیی پاك بكرێتەوە، لەم روانگەیەوە ئەو پرسیارەی ورووژاندووە، كە نەتوانرێت ژینگەی هیچ كۆمەڵگەیەك لە ڤایرۆس و بەكتریای زیان پاك بكرێتەوە، ئەی چۆن مرۆڤەكان بە ئاسانی نەخۆش ناكەون و نامرن؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەنای بردۆتە بەر پزیشێكی زانكۆی هارڤارد بۆ ئەوەی لەوە تێبگات، چۆن ئامێری بەرگری لەناو جەستەی مرۆڤ رێگە لەوە دەگرێت ڤایرۆس و بەكتریای زیانبەخش نەبێتە هۆكاری نەخۆشكەوتنی مرۆڤەكان، پاشان هەوڵی داوە لەسەر شێوازی ئامیری بەرگریی مرۆڤ، ئامێری بەرگریی كۆمەڵگە لە ڤایرۆسی تیرۆر دروست بكات.
بێگومان بەپێی زانستی بایۆلۆژی ئامێری بەرگریی جەستەی مرۆڤ، خڕۆكە سپییەكانی ناو خوێنی مرۆڤە، ئەم خرۆكە سپییانە كە ژمارەیان ملیۆنەها خڕۆكەیە، هەڵدەستن بە لەناوبردنی ئەو ڤایرۆس و بەكترییانەی كە دێنە ناو لەشی مرۆڤەوە و، هەر كاتێك ئەم ئامێری بەرگرییە تێكبچێت، یان خڕۆكە سپییەكان كەم بوونەوە، ئەوا جەستەی مرۆڤ توانای بەرگەگرتنی نامێنێت و بەئاسانی تووشی هەموو نەخۆشییەك دەبێت و نەخۆشییەكەشی چاك نابێتەوە و گیانی لەدەست دەدات.

لەسەر ئەم بنەمایە كە ژینگەی سیاسیی هیچ كۆمەڵگەیەكیش لە ڤایرۆسی توندڕەوی و تیرۆر پاك ناكرێتەوە، ئەوا بیر لەوە كراوەتەوە بە هەمان شێوە ئامێری بەرگریی كۆمەڵگە دروست بكرێت، بەڵام ئەم ئامێری بەرگرییەش دەبێت تاكەكانی وەك خڕۆكە سپییەكانی ناو خۆێنی مرۆڤ هەموو پێكەوە ئەركی بەرگریكردنی ژینگەی سیاسیی كۆمەڵگە بگرنەئەستۆ، هەروەها دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكانی وڵات لە كاتێكدا هەست بەوە دەكەن كە ئامێری بەرگریی كۆمەڵكە وەك پێویست كاری خۆی ناكات، دەبێت بە زوویی چارەسەری بكەن.
بۆ ژینگەی سیاسیی ئێستای كوردستان، سەرچاوەی هزری توندڕۆیی، یان ئەوەی پێی دەڵێن تیرۆری هزری، تەنیا «ئایدیۆلۆژیای رادیكاڵی ئیسلامی سیاسی» نییە، بەڵكو رادیكاڵیەتی هەموو ئەو ئایدیۆلۆژییانەیە كە دەیانەوێت لە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا بە حیساب رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لەناو پرۆسەی سیاسیدا بگێڕن، هەر بۆیە ئەگەر سەرنجی گوتاری بەشێك لەو حزبە سیاسییانە بدەین كە بەحیساب خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەم دەدەن، دەبینین زۆر بە راشكاوی بەرگری لە تیرۆریستان دەكەن و رووی تیرۆریستان سپی دەكەنەوە، ئەم حاڵەتە ئەو حاڵەتە ترسناكە كە چیدیكە ژینگەی سیاسیی كۆمەڵگە بەرگەی ڤایرۆسی توندڕەویی و تیرۆر ناگرێت و كۆمەڵگە بەرەو لەناوبردن دەبات، لەمەش زیاتر ئەو ژینگە ئاڵۆزەیە كە بە ناوی ئازادیی رادەربڕینەوە دەگۆڕێت بۆ ژینگەی لەبار بۆ بەرهەهێنانی توندڕۆیی و تیرۆری خۆماڵی، لە ئێستادا بە دەیان كەناڵی تەلەفزیۆنیی خۆماڵی هەن كە نەك هەر گوتاری مەلا توندڕەوەكان دەگوازنەوە، بەڵكو بەشێكیان گوتاری ئەو مەلا سەلەفییە توندڕەوانەی وەك (زاكر نایك)یش دەكەن بە كوردی و دەرخواردی مێشكی لاوەكانی كوردستانی دەدەن.
بۆیە ئەركی سەرەكیی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ رێگرتن لە دروستبوونی ژینگەیەكی سیاسی بۆ بەرهەمهێنانی توندڕۆیی و تیرۆری خۆماڵی ئەوەیە كە ئەو سەرچاوانە وشك بكەن كە ژینگەی لەبار بۆ بەرهەمهێنانی توندڕۆیی و تیرۆر دێنێتەئاراوە، لەم حاڵەتەدا ئەگەر خەڵكی كوردستان گەیشتە ئەو قەناعەتەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر هەموو ئاستەكانی ژیانی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەی كوردستان خەریكی پڕكردنەوەی ئەو زۆنگاوانەیە كە هزری تیرۆر و توندڕۆیی بەرهەم دەهێنن، ئەوا هەر تاكێكی كۆمەڵگەش وەك خڕۆكە سپییەكانی خوێنی مرۆڤ، رۆڵی ئەو ئامێری بەرگرییە دەگێڕێت و كۆمەڵگەی خۆی لە ڤایرۆسی توندڕۆیی و تیرۆر دەپارێزێت، بەبێ ئەم ئامێری بەرگرییەش هیچ دەزگایەكی دەوڵەتی ناتوانێت ڤایرۆسی توندڕۆیی و تیرۆر قەڵاچۆ بكات.
Top